رۆژنامەنوس و مونتێر ھاوڕێ کەریمی وەک یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مناڵان لە شاری بەنگلۆر لە وڵاتی ھیندستان دەستنیشان کرا.
فێستیڤاڵی فیلمی مناڵان لە بەنگلۆر کە ساڵانە بە بەشداری دەیان دەرھێنەر لە ولاتە جیاوازەکانەوە بەرێوە دەچێت و ئامانج لەو فێستیڤاڵە گرنگیدانە بە سینەمای مناڵان لە وڵاتی ھیندستان.
ھاوڕێ کەریمی مۆنتێر و رۆژنامەنوسی کورد ئەمساڵ وەک یەکێک لە ناوبژیوانانی ئەو فێستیڤاڵە دەست نیشان کراوە کە رۆژانی ٩ تا ١٣ ئەم مانگە لە شاری بەنگلۆر بەرێوە دەچێت.
ھاوڕێ سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەو وەک ناوبژیوان وتی “بەرێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە دوای بینینی cv و ئەو ھەندێک لەو کە مونتاژم کردبوو، داوایانلێکردم وەک یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانی ئەمساڵ ھاوکاریان بکەم، فێستیڤاڵی ئەمساڵ بە بەشداری دەرھێنەرانی زیاتر لە ٢٥ وڵاتی جیاواز بە رێوە دەچێت”
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو پێشتر لە سەردانیدا بۆ یەکێک لە شارەکانی دیکەی ھیندستان بە یارمەتی یەکێک لە دەرھێنەرەکان ھەستاوە بە نمایش کردنی چەند فیلمی کوردی، لە چەندین خوێندنگای جیاواز و و وتی” من لەو خوێندنگایانە لەسەر فیلمەکان و کوردستان و کلتوری و زمان و نەتەوەی کورد بۆ خوێندکارەکان قسەم کرد و ئەمە سەرەتای ئەو پیوەندیە بوو”
وڵاتی ھیندستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە گرنگی تایبەت بە ھونەری سینەما دەدات و ساڵانە زیاتر لە ھەزار فیلمی سینەمایی تێدا بەرھەم دێت و بە سەدان فێستیڤاڵی جیاوازی تێدا بەرێوە دەچیت.
کەریمی ھیوای خواست سینەماکارانی کورد بتوانن سود لە پەیوەندی و ئەزمونی ھیندستان وەربگرن و وتی”سینەمای ھیندستان جیاوازە لەوەی کە ئێمە لە دورەوە دەیبینین و ئەزمونەکانیان جێگەی ھەڵوێستە لەسەر کردنن بینەری کورد تەنھا توانیویەتی کە بەشێکی کەم لەو فیلمانە ببینێت، سینەمای ھیندستان گەورەتر لەوەیە”.
ھاوڕێ کەریمی رۆژنامە نوس و مۆنتێر ، لە دایک بووی شاری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستانەء ئێستا خوێندکارە لە ولاتی ھیندستان.