هاوتا ئەسعەد ئەو هونەرمەندەی تێڕوانینی عەرەبی بەرانبەر کورد گۆڕی .. دوای ئەوەی گەورە هونەمەندی کورد (هاوتا ئەسعەد) لە ماوەکانی ڕابردوو و لە کاتی بۆردومانی فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا بۆسەر غەززە بە سروودێک هەستی خۆی وەکوو هونەرسازێکی کورد دەربڕی، ئەوە بووە مایەی سەرنجی لایەنی عەرەبی و لە مێدیاکانی خۆیاندا بە بایەخەوە ئەو هەواڵەیان وەشان کرد. هەر چەندە لە زۆربەی مێدیای عەرەبییەوە، زۆر لە بارەی ئەو سروودەی هاوتاوە وترا، بەڵام پێویستمان زانی نووسینی یەکێک لەو بنووسانە بخەینە ڕوو، کە لەو بارەیەوە بۆچوونی خۆی لە یەکێک لە سایتە بەناوبانگەکانی میسڕدا دەربڕیوە.
ئەو کەسە وەهای نووسیوە: عێراقییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا و لە هەموو 16ـی 3ـیەکدا بە بۆنەی یادی کیمابارانکردنی هەڵەبجەی (کوردی)ـیەوە 5 خولەک دوەستن، بەوەیش وەفای خۆیان بۆ ئەو شەهیدە بێتاوانانە دەردەبڕن کە لەو کاتەدا بە ناهەق گیانیان لێ سەندرایەوە.لەو کاتەیشدا و لە ساڵی ڕابردوو بە هەمان بۆنەوە دەیان کوردی سووریا بۆ گیانی ئەو شەهیدانەی نەتەوەکەیان بۆ ماوە 5 خولەک وەستان و ئەو کاتەیان بە خامۆشی بە ڕێ کرد، ئەوەیش بۆ ئارامبوونی گیانی ئەو شەهیدانە بوو، بەڵام دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتە چەندین کەسیان لەوانە دەستگیر کرد و بە شێوەیەکی زۆر توندیش مامەڵەیان لەگەڵ خامۆشکاران و وەستاوانی ئەو یادەدا کرد. ئەو یادەیش بە زۆری لە لایەن حزبە کوردییەکانی ئەو وڵاتەوە ڕێک خرا و هانی خەڵک دەدرا کە ڕێز لە قوربانیانی بەکیمیاکوژراوی هەڵەبجەی کوردستانی بگرن، کاردانەوەی پیاوانی ئاساییشی بەعسی سووریایش هاوشێوەی بەعسی عێراق بوو دژ بەوانەی ڕێزیان لە هەڵەبجە نا.
ئەو نووسەرە لە درێژەی بابەتەکەیدا دەبێژێت: “لەو کاتەدا کە ئەو ڕووداوە گەورەیە بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا قەوما و 5 هەزار کەسیان لێ شەهید کرا، هیچ کام لە هونەمەند و گۆرانیبێژە ناسراو و بەناووبانگەکانی ئەو کاتی عێراق و عەرەبی و جیهانی، کە گوایە بۆ ئاشتی و مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی گۆرانی دەچڕن، ورتەیان لە زار نەهاتە دەر و گوێی خۆیان لەو بابەتە کەڕ کرد و هیچ جۆرە هەڵوێستێکی وەهایان نیشان نەدا، کە بیسلەمێنن ئەوان مرۆڤدۆست و یەکسانخوزان، بە تایبەتی لەو کارەساتەدا کە ژن و منداڵ و پیر و بێتاوان بە یەکەوە هاتنە شەهید کردن و قەسابخانەیەکیان بۆ دروست کرا، ئامانجی هونەر تەنیا ئەوەیە لە بارەی مرۆڤدۆستییەوە بێتە گۆ، کە وا نەکرا، واتە هونەر تەنیا شتێکی وشک و کوێر و کەڕ و بێسوودە و دەستی لێ هەڵبگری باشترە.
بەڵام کاتێک کە فڕۆکە ئیسڕائیلییەکان غەززەی فەلەستینییان بۆمباران کرد و ژن و منداڵیان پێکەوە بە بێ تاوان کوشت، خەڵکی کوردستان بەوپەڕی ڕاستگۆیی و بەهێزییەوە خۆیان دەرخست و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو گەلە ستەمدیدەیەی فەلەستین دەربڕی و لەو نێوەندەیەشدا گەورە هونەرزانی گۆرانیبێژی کورد (هاوتا ئەسعەد) بە گۆرانییەک (سروودێک) کە کچە بچووکەکەی (کەژێ) خان دەیڵێت و لەو ڕێگەیەوە بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر و هەستیار پشتگیریی لە خەڵک و قوربانیانی غەززە کرد، ئەوەیش وای کرد کە دەنگ بداتەوە و کەناڵی (ئەلجەزیر و ئەلعربیە و ئاژانسی دەنگ و باسی رۆیتەرس) لەگەڵ چەند رۆژنامە و مالپەرێکی ئەلیکترۆنی بەو بۆنەیەوە دیمانەیەیان لەگەڵدا سازاند، دواتر ئەو باسە بە نێو عەرەبدا بڵاو بووەوە و بە هۆی (هاوتاو)ە ڕای بەشێکی زۆر لە عەرەبەکان بەرانبەر کورد گۆڕرا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە و باس دەکرێت، کە گۆرانیبێژی بەناووبانگی عێراقی (کازم ساهیر) لە کاتی ئەو کارەساتە جەرگبڕەکەی کە لە هەڵەبجە بەسەر کورددا هات، وشەی لە زار نەهاتە دەر و هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، ئەو کە بە (قەیسەر)ـی گۆرانیی عەرەبی دادەنرێت، دەبوو لانی کەم بە گۆرانییەک سۆزی خۆی بۆ ئەو بێتاوانانەی لە هەڵەبجە شەهید کران دەربڕیبا، بەڵام ئەو نە لە بارەی هەڵەبجەوە، نە لە بارەی هیچ ڕووداوێکی دیکەوە کە بە ناهەق بەسەر کورددا هات، هیچ نەگوت و بە لایەوە نە با بوو، نە بارزان”.
وەرگێڕانی لە عەربیەوە: ساکار ئەحمەد کۆیی