تایبەت بە چرا تیڤی : هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد) لە ئێستادا خەریکی بەرهەم هێنانی گۆرانییەکی تازەیە بەناوی (چریکستان) ئەو گۆرانییە بەشێوەیەکی چاک ئامادەکاریی کاری تۆمار کردن و کلیپ کردنی بۆ ئەنجام دراوە، ئەو گۆرانییە جیا لەهەموو بەرهەمەکانی پێشووتری (هاوتا) ناوەرۆکی باس لە بابەتێکی گرنگی کۆمەڵایەتی دەکات، ئەویش توندو تیژیە دژ بە ئافرەتان و کوشتنیان بەناهەق، ئەو گۆرانییە لەلایەن یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت.
دەربارەی بەرهەم هێنانی ئەو گۆرانییە هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد) لە لێدوانێکی دا راگەیاند : “من وەک (هاوتا) هەمیشە خیتابی هونەریی خۆم لەلا لە هەموو شتێک گرنگتر بووە، هەمیشە هەوڵی من بۆ ئەوەیە لە نێو گۆرانییەکانمادا هەموو جۆرە دەنگدانەوەیەکی (نیشتمانی، مرۆڤایەتی، تەسوف، جوانی) هەبێت، گۆرانی بە تەنها بریتی نیە لە پیاهەڵدان بۆ کچێک و یاخوود هەڵپەرکێ و سەماکردن، بەڵکو زۆر بابەتی پەردەپۆش هەیە لە نێو کۆمەڵگادا پێویستە بەزمانی گۆرانی دەستی بۆ درێژ بکرێت و نیشانی خەڵک بدرێت، گۆرانی (چریکستان) ماوەی زیاتر لە شەش مانگە خەریکی ئامادەکارییم بۆی، لە رووی ناوەرۆکی تێکستی گۆرانییەکەوە، تادەگاتە دانانی ئاوازەکەو دابەشکردنی کاری موزیکی گۆرانییەکە ئامادەکارییەکی زۆر چاکم بۆ کردووەو، پێم وایە کاری لەو شێوەیە بۆ کێشمە کێشی مافی ئافرەتان و نیشاندانی جوانییەکانی ئافرەت نەکراوە”.
(هاوتا ئەسعەد) دەربارەی ناوەرۆکی گۆرانییە تازەکەی گوتیشی : “ئەو گۆرانییە لەلایەن یەکێتی ئافرەتانی کوردستانەوە بەرهەم دەهێندرێت و خەرجیەکەی لە ئەستۆی ئەواندابووە، تێکستەکس گۆرانییەکە لەلایەن شاعیری ناوداری کورد مامۆستا (شەفیق بەیاد) نووسراوە، ئاوازەکەشی خۆم دامناوە، کاری دابەشکردنی موزیکی لەلایەن (توانا خالە حەمرین) ئەنجام دەدرێت بەهاوکاری چەندیین موزیکژەنی دیکە، من و (کەژێ) بەیەکەوە ئەم جارە پەیامێکی تازەی مرۆڤانە پێش کەش کۆڕی گۆرانی کوردی دەکەین”.
هونەرمەند دەربارەی کاری کلیپ کردنی گۆرانی (چریکستان) رایگەیاند : “ئەو گۆرانییە لەلایەن یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئەرکی بەرهەم هێنانی لە ئەستۆ گیراوە، لەلایەن هەریەک لە وێنەگران و دەرهێنەرانی شارەزا (بۆتان عەبدوڵڵا، سامان عەدنان، دلێر عومەر)، کاری کلیپ کردنی گۆرانییەکە ئەنجامدەدەن، (عەبدولوەهاب شوانی) سیناریۆی کلیپی گۆرانییەکەی نووسیووە، کۆمپانیای (هۆڵی کورد) هاوکاریی و بەشدارییەکی کاریان هەبوو بۆ بەرهەم هێنانی گۆرانییەکە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە خەریکی کاری تۆمار کردن کلیپی ئەو گۆرانیەن، کە تا ئێستا لە 75% کارەکانی تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا خەریکی دەبین تاوەکو لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەکان تەواو بکەین”.
وابڕیارە ئەو گۆرانییە لە هەفتەی توندو تیژی ئافرەتاندا لەلایەن یەکێتی ئافرەتانی کوردستانەوە، لە مەراسیمێکی شایستەدا رابگەیندرێت و کلیپەکە لە پرێس کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی دا رابگەیندرێت.
تایبەت بە چرا تیڤی