نووسینی – هونەرمەند هاوتا ئەسعەد
بەشی یەکەم
جیهانە بەرینەکەی “هونەر” مەودایەکی بێسنووری هەیە، زمانی “هونەر” زمانی بێسنوورەو بۆ هەموو خەڵکی سەر زەوی ئەگەر لە زمانی یەکگرتوو بپرسین تاکە زمان زمانی “هونەر”ـە. چونکە هەموو نەتەوەیەک ئەوەی بە “هونەر” ئاشنا بێت، کە باسی گۆرانی و مۆسیقا کرا لە هەموو رووەکانەوە وەک بڵێ ی موڵکی سولێمانە هیچ جۆرە گرفتێکی تێدا نیە.
دیسان (دراما و شانۆ و سینەما و شێوەکار….هتد) ئەمانەش باڵی جیا جیای رەخساو و پێویستی هونەرن، لە هەر نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی دیکە، پانتایی ئەم جیهانە دەگۆڕێت، ئەوەی هونەری رەسەن و کەللتوری خۆی پارستبێ و لە رووی راژە کردنەوە بۆی لەسەر پێ بێت، مانایی وایە هەنگاوی زۆرتر و زیاتری لەم رووەوە هاوێژراوە و تواندراوە بەو جیهانە بێسنوورە خزمەت گوزار بێ و توانیویەتی بەردێکی زیاتر لە سەر بنیاتی باڵەخانەی هونەر دابنێت خۆشی و دەست خۆشی و دڵ خۆشی بۆ ئەو نەتەوەییە کە توانیویەتی پوختەی هونەریی خۆی، بکاتە پێناسەی خۆی و لە دەستی دەرکی بیان پارێزن و لە خاپەڵۆکی دەسکار لە بێژینگی بدات. هونەری کوردیی هونەرێکە ئەگەر وەک خۆی بە خڕو پڕی هەڵیسەنگێنین دەتوانم بڵێم نەتەوەی کورد گەنجینەی لەبن نەهاتووی هەیە، بەڵام ئەفسوس سەد ئەفسوس ئیمڕۆ کار بە پێچەوانەیەو قەیڕانی هونەریی تاراماییەکی زەق و زەبەلاحە ئەگەر خۆمان لە خوا نەکەین، هەموو هونەرمەند و هونەر دۆست و هونەر پارێزێک دەرک بەو دێوە زمەیە دەکات.
جا ئەگەر رووی پرسیار بکەینە هەر کەسێک دیارە هەر کەس وەڵامی خۆی پێیە، باسی قەیرانی هونەرییمان کرد، باتاوێ لە باسەکەمان هەنگاو دوور بکەوینەوە، بۆ نموونە لە نێو سیاسەت مەدار هەمانە. چەند بابەتێکی خوێندۆتەوە و وەیان لەمەو لەو گوێ بیستی بووە، ئەوەتانێ تووتی ئاسا تەنها دووبارە و چەند بارەی دەکاتەوە، لە نێو هەر کۆڕو کۆمەڵێک ئەم چەند زاراوەیە بەخەڵک دەفرۆشێ و وەک پسپۆرێکی لێزان خۆی نیشان دەدات، خۆ خوانەخواستە ئەگەر بکەوێتە تەڵەی پرسیار و وەڵام لەوانەیە وەک رێویەکەی گەرمیان و کوێستان تەنها هەڵهاتنەکەی بەهانای بێت.
هونەریی خۆشمان بەهەندێ زانای نەزان خەریک وەک ئاردی نێو زەمەندی لێدێ موتربەکردنی “ئاوازی دەرکی” هێنانی دەقی راستەو خۆی بیانی و ژەنینی ئامێری مۆسیقا، گوایە لەسەر ئاستێکی نوێ خوازی بەڵام قرپۆکتر لەهەناری قڕپۆک کە بەکەڵکی بەکارهێنان نایەت. گوایە خزمەتی “هونەری کوردیی” پێدەکرێت !! هاوار هاوار و سەد هاوار بۆ هونەرە رەسەنەکەی خۆمان، کە ئەوتانێ بۆتە بەردی بنگۆمی لیخن، لەگەڵ ئەوەشدا دەست خۆشیان لێدەکرێ و بگرە خەڵاتی گەورە گەورەش دەکرێن، بەبێ ئەوەی چاوی پوختە کردن و چاودێری کردنی بەسەریدا بخشێندرێ دەبا سەرێک لە راگەیاندن و میدیایەکانی خۆشمان بدەین، گوایە هەوڵی بێوچانیان بەردەوامە. بۆ خزمەتکردن و زیندوو کردنەوەی هونەری کوردی هێنانی دەقی بیانی و وەرگێرانی بە پارەیەکی ئەندێشەیی وە هەروەها هێنانی کادیری دەرکی بۆ رێکخستن و جێ بەجێکردنی کارە هونەرییەکان، هەروەها سەپاندن و شەتەکدانی لە ئەستۆ و حەزی بینەر کە لەهەموو ماڵێک وایان لێدەکرێ تەنها ئاشنابن بە دەقی خوازراو لەگەڵ ئەوەشدا چەندان دەقی خۆماڵی و زۆر داستانی سەرنج راکێشی خۆمان ئەوەتانێ بە ئیفلیجی لە پەناو پەسیوان خەریکی گیانەڵایە و دەبێ وەڵامی هونەریی خۆمان چۆن بدرێتەوە و ئایا زیندوو کردنەوە و نوێکردنەوەی وەک داستانی (خەج و سیامەند و شیرن و فەرهاد و وەلی دێوانە و قەڵای دم دم و سمکۆی شکاک) چەندها دەقی بێنازی دیکە، کە لە راستی دا گەنجینەکن لە شۆرشگێری و ئەوینێکی پاک، کە ئەوتانێ ئەو نموونانەی باسمان کرد، سەدان نموونەی دیکە خەریکە گۆڕ غەریب دەبن، لەبیری وەچەی کورد دەچنەوە، ئایا ئەمە دەستێکی رەش نیە ؟؟؟!!!.
کە ئەوەتا چەندان پسپۆڕ و لێزانی خۆماڵی لە هەموو بوارەکانی دیکە، لە چوار دیواری نێو ماڵ فەرامۆش کراون و چونکە ئەوان خاوەنی عیزەت و خۆ نەدۆڕاندنن، نەک کەس لێیان دەپێچێتەوە و نە ئەوانیش بوار بەخۆیان دەدەن بێنە سەر شانۆی دەستکار.
ئێمە باسی دارییمان کرد، زۆر کلیپی رووشێنەر و زۆر زنجیرە درامای رووخێنەری دەروونی ئێستا بازاڕ گەرمییان پێدەکرێ و چۆن ئەو درمان و چارەسەرە شۆکەکان ئەمڕۆ دەرمان خانە و ئەجزاخانەکانیان پڕکردووە و نەخۆشی بێ ئاگا زیاتر و زۆرتر تووشی دەرد و مەینەتی دەبێت، ئەوتانێ هونەری کوردیش خەریکە دەستی بێ بەزیانە گەرۆمەی گرتووە و دەیانەوێ هەناسە لێ ببڕن، خۆکەسیش لە دکتۆرەکانی، گفتارێک وەرناگرن و لەوانەیە بڵێن دەنگی دەهۆڵ لە دوور خۆشە و وەیان بلێن گڵی دوور دەرمانە !!.
ئێمە چەند کەناڵێکمان هەن کە دەم دەکەنەوە خۆیان بە کەناڵیکی هونەریی دەناسێنن نموونەی بەرچاو و دیاریش هەردوو tvی (کۆرەک کەناڵ 4)ـە، گەر لەمن دەپرسی کەناڵی هونەری دەبێ پەیامی هونەری پێبێ و هەروەها پێویستە چەند هونەرمەندێکی دیار و بەرچاوی ئەم وڵاتە سیمای کەناڵی هونەریی بن،
جانازانم هەندێ بەنێو گۆرانی و وەیان سەمای رۆژ ئاوایی و هێنانی کەللوتری بەکار هاتووی، کە لە رۆژئاواو دەستیان لێشۆریوەو بەکەڵکی هۆشیاری و ئەقلی سەردەمیانەی ئەوێ نایەن. کەچی ئێمە تازە بەتازە بە بابەتی نوێخوازی و شتی تازە بابەت وەرمان گرتووە و بگرە بەپارەی خەیاڵیش کڕیومانە!!
من دەپرسم هونەرێک کە لە هەشتاکان تام و بۆی لە رۆژئاوا پێ نەمابێ و ئیمرۆکە هەزارەی سێهەمە و بۆ دەبێ ئێمە بۆ رووخان و داڕزان و لێک هەڵوەشانەوەی داب و نەریت و رەوشتی کوردەوارییمان باوەشی بۆ بکەینەوە و بیکەینە بەرگێک بە بەر دەروونی وەچەی ئێستا و داهاتوومانی دا بکەین !!
ئێمە باسی دوو کەناڵی تەلفزیۆنی وەک (کۆرەک tv و کەناڵ 4)ـمان کرد، کە ئەوانیش خۆیان بەکەناڵیکی هونەری تەرفیهی ناساندووە، بەڵام حەیف و سەد مخابن بیرۆکەی دامەزارندی ئەو دوو کەناڵە ئەگەر بۆ خزمەتی هونەر و کەللتووری کوردە، دەبوایە گوێرایەڵی و پرسی کەسانی شارەزا لەو بوارەدا بکرابوایە، بۆ ئەوەی کەرستەی پێویستی خەڵک و خوایشتیان پێبا، ئێستا من و هەموو چین توێژێکی ئەو خەڵکە، سیمای هونەریی لەم دوو کەناڵە نابیندرێ و تەنها خەریکە وەک دوو کەناڵی قێزەون ناوبانگ دەردەکەن، دوکان و دەزگایەکانی کۆپی کردنی سەتەلایت شایەدی ئەو راستیە دەدەن !!
خەڵکانێکی زۆر کاتێک بۆ کۆپی کردنی سەتەلایتەکانیان روو دەکەنە بازاڕ، یەکەم ئاگادار کردنەوە و راسپاردەیان بۆ خاوەنی کۆپیەکان ئەوەیە، تکایە هەریەک لە کەناڵەکانی (کۆرەک و کەناڵ4)ـمان بۆ کۆپی مەکەن !!
چۆن بڵێ ی خەڵکانی خاوەن رەوشت، کێوماڵی کەناڵە سێکسی و ئابوور بەرەکان قەڵاچۆ دەکەن و لەناخی دەزگای خۆیان دەیانسڕنەوە، بەڵێ ئەم (2) کەناڵەش لە ریزی سەرەوەن، بۆ بێز لێوبوونەوە و دیسان دەڵێم بە قێزەوەن لە قەڵەم دەدرێن !!
خۆ ئەگەر ئەم دوو کەناڵەش لەم راستیەی من دڵنیا نین، دەبا راپرسیەکی کۆمەڵگای کوردەواری هەر لە شارستانەوە تا دەگاتە دێهاتەکانیش ئەنجام بدەن و رای خەڵک لەمبارەیەوە وەر بگرن.
کەوابێ ئەم دوو کەناڵە با بەخۆیان دابچنەوە و ئەگەر نا درەنگی نەکردووە، بادەرگای کەناڵەکانیان دابخەن و لە نەفرەتی دەستە و توێژەکانی گەل خۆیان رزگار بکەن.
نەک من بەڵکو هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان و هۆشمەند دەتوانێ بە خراپ بڵێ خراپ و بە چاکیش بڵێت چاکە، من کە رەخنە دەگرم لە tv یەکان هەروەها بابەتە باش و جوانەکانیش باسدەکەم، بۆ نموونە ماوەیەکە زنجیرە درامای (نامەکانی ئەشرەف) لە کەناڵی ئاسمانی کوردستان tv پەخش دەکرێت، جامنیش لەلایەن خۆمەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبای لە کەناڵی ئاسمانی کوردستان tv دەکەم، کە بەڕاستی بابەتێکی بە پێز و سەرنج راکێشی بۆ پەخشکردن هەڵبژاردووە، هەروەها دەمەوێ دەست خۆشی لە هونەرمەندی کارامە و شارەزا لە بواری دەرهێنانی درامی کاک (لوقمان غەریب) دەکەم، کە بەڕاستی وەک “هونەر خواز و هونەر دۆست و هونەر ویست”ـو هونەرمەندێکی بە ئەمەک لەم کات وساتەدا ئەم دەقە جوانەی هەڵبژاردووە، کە بەڕاستی پسپۆرانە بۆ ئەمڕۆی کوردستان کارێکی پێویست بوو ئەو زنجیرە درامییە، هەروەها پیرۆزبای لە یەکە یەکەی هونەرمەندانی بەشدار بوو دەکەم بەتایبەتی هەریەک لە هونەرمەندانی بە ئەزموون و لێهاتوو کاکە (ماهیر حەسەن، مامۆستا تەها خەلیل، ئەحمەد جۆڵا، کەمال چالاک، بەکر مستەفا، ئەحمەد رەوئوف، حمە سەعید ئیبراهیم، رێزان فەرج و بەیان زەریفی) و سەرجەم بەشدار بووانی ئەم شاکارە درامییە جوانە دەکەم، لە راستی دا بە شێوازێکی زۆر جوان نواندیان ئەنجامداوە.
لە راستی دا (نامەکانی ئەشرەف) تەنها ئەم زنجیرە درامایە نیە کە بیەوێ بوونی خۆی بسەلمێنێت، بەڵکو کارێکی لەمە گەورەتری لە ئەستۆیە ئەویش دەست نیشان کردن و هەڵدانەوەی سەدان رووبەندە، لەسەر سەدان (ئەشرەفی) شاراوە، لە کوردستان ئەمڕۆ نانی ئەم (ئەشرەفە) دەخۆن، گوایە کەس دەرکیان پێناکا و توانیویانە لە شوێنی خۆیان لە ژێر سایە و سێبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام ئێمە هەموو ئەشرەف و ئەشرەف پارێزەکان ئاگادار دەکەینەوە، گەلی کورد کەسانی هۆشیار و دەرک کارییان زۆرە و ئیدی باوا نەزانن، دڵسۆزی ئەم نیشتمانە خەوتوون.
سپۆت :
خەڵکانێکی زۆر کاتێک بۆ کۆپی کردنی سەتەلایتەکانیان روو دەکەنە بازاڕ، یەکەم ئاگادار کردنەوە و راسپاردەیان بۆ خاوەنی کۆپیەکان ئەوەیە، تکایە هەریەک لە کەناڵەکانی (کۆرەک و کەناڵ4)ـمان بۆ کۆپی مەکەن !!
من لەلای خۆمەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبای لە کەناڵی ئاسمانی کوردستان tv دەکەم، کە بەڕاستی نیشاندانی (نامەکانی ئەشرەف) بابەتێکی بە پێز و سەرنج راکێشی بۆ پەخشکردن هەڵبژاردووین !!