قادر سدیق مەحموود ئاغا
دیارە مەسەلەی هاتوچۆ لە جیهاندا لە لایەن لێپرسراوانەوە بایەخێكی زۆری پێ دراوە، لەبەر ئەوەی هاتوچۆ چ بە پیادە و چ بە ئۆتۆمبێل یان بە فڕۆكە و یاخود بە شەمەندەفەر بۆ پێشكەوتنی ژیانە و، بۆ دەستهێنانی بژێویی ژیانی هەر تاكێكە لەسەر گۆی ئەم زەویەدا، چونكە بە بێ هاتوچۆكردن ژیان بەرەو پێشكەوتن ناڕوات و بژێویی ژیان مسۆگەر نابێ، لەبەر ئەو هۆكارە گرنگانە هاتوچۆ لە جیهاندا یاسایەكی گرتووەتە خۆی و دەبێ بەوپەڕی شارستانییەتەوە پێڕۆ بكرێ. دیارە لە عێراقی فیدراڵدا یاسای ژمارە (86ـی ساڵی2004) دەرچووە و، لە كوردستانی ئازیزدا ئەو یاسایە پیادە دەكرێ و كارمەندانی هاتوچۆ وەك ئەداتێكی تەنفیزی لەسەر شەقامەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ جێبەجێی دەكەن بۆ ئەوەی ژیان و سامانی هاووڵاتیان بپارێزن و، هاتوچۆ خنكاندنی پێوە دیار نەبێ و نەبێتە گرفتی پێشكەوتنی ژیانی هاووڵاتیان.
دیارە لە كوردستاندا بە ڕێژەیەكی بەرچاو ئۆتۆمبێل ڕژاونەتە سەر شەقامەكان، بۆیە دەبێ سەرجەم شۆفێرە بەڕێزەكان و هاووڵاتیانی پیادە بە گشتی هاوكاریی براكانیان لە هاتوچۆ بكەن. ئەگەر ئێمە توانیمان بە هەمووان یاساكانی هاتوچۆ پێڕۆ و جێبەجێی بكەین، دیارە زیاتر بەرەو شارستانییەت دەچین و گیان و سامانمان دەپارێزین. ئەوەی ڕاستی بێت لە هەر كۆمەڵگەیەكدا پێكدادانی ئۆتۆمبێل و وەرگەڕان و سەرپێچی لە یاسای هاتوچۆدا كەم بێت، یاخود نەبێت، ئەوا ئەم كۆمەڵگەیە بە كۆمەڵگەیەكی شارستانی هەژمار دەكرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر سەرپێچییەكانی هاتوچۆ زۆر بن و هاووڵاتیان گوێ بە پیادەكردنی یاساكانی هاتوچۆ نەدەن، دیارە ئەم كۆمەڵگەیە بێجگە لەوەی شارستانییەت بە خۆیەوە نابینێ، زیانی گیانی و سامانییشی بەردەكەوێت. وتەیەكی ستاندەری جیهانی هەیە دەڵێت: (شۆفێری، هونەر و زەوق و ڕەوشتە)، كە ئومێدەوارم شوفێرە بەڕێزەكانی كوردستان ئەو سێ خەسڵەتە بە هەند وەربگرن و، بۆ پاراستنی ژیان و سامانیان بۆ ئەوەی نەمرن و منداڵەكانیان بێباوك پەروەردە نەبێ، ئەم ئامۆژگاریانە ڕەچاو بكەن.
دیارە هەموو گرفتێك یاخود ڕووداوێكی هاتوچۆ كە ڕوو دەدات، مرۆییە (عامل بشری)، یان بە هۆی تێكچوونی كەشوهەوا و خراپیی جادەوەیە، یاخود نەبوونی مەرجەكانی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەكاندا هۆكارە، بۆیە دەكرێ بڵێین ئەم سەرپێچیانەی خوارەوە بۆ پێكدادان و
وەرگەڕان هۆكاری سەرەكین:
1ـ تیژلێخورین كاریگەریی خراپی لەسەر شوفێر هەیە.
2ـ نابێ لە كاتی لێخوڕیندا مۆبایل بە كار بهێندرێت.
3ـ شوفێر دەبێ پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكەی بكات تا كەموكورتی تێدا نەمێنێت.
4ـ پێچكردنەوە لە شوێنی نادیار قەدەغەیە.
5ـ شوفێر نابێ بە پێچەوانەی هاتوچۆ بڕوات.
6ـ لە كاتی لێخوریندا دەبێ شوفێر وریا بێ و سەیری بەردەمی خۆی بكات و خۆی لە بیر نەچێتەوە.
7ـ شوفێر دەبێ لە هەڵەی شوفێری دواوە و پێشەوەی خۆی بپارێزێ.
8ـ شوفێر دەبێ پشتێنی دڵنیایی بە كار بهێنێ و خۆی بپارێزێ.
9ـ دەبێ ئیشارەتی مرووری و ڕووناكی لە ئۆتۆمبێلدا هەبێ.
10ـ شوفێر دەبێ باری ئۆتۆمبێلەكەی ببەستێتەوە بۆ ئەوەی نەفڕێ.
11ـ شوفێر دەبێ پابەندی پێشینەی هاتوچۆ (اسبقیە المرور) بێت.
12ـ نابێ لاسارانە پێشبڕكێ بە ئۆتۆمبێلەوە بكرێ.
13ـ لە كاتی لێخورینی ئۆتۆمبێلدا نابێ شوفێر مەی بخواتەوە و دەرمانی بێهۆشكەر بە كار بهێنێت.
14ـ نابێ شوفێر لە لای ڕاستەوە دەربچێ.
15ـ شوفێری ماتۆڕسكیل دەبێ كڵاوی لەسەر بێ و چاویلكە بە كار بهێنێت.
ئومێدەوارم برای شوفێر و برایانی پیادە ئامۆژگارییەكانی كارمەندی هاتوچۆ بۆ پاراستنی ژیان و سامانیان جێبەجێ بكەن و، لەم جەژنەدا هیچ ڕووداوێكی دڵتەزێن ڕوو نەدات.
*بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی هاتوچۆی گشتی
س : رۆژنامهی ههولێر