زانا دڵشاد دزەیی : ھونەرمەندی بەناوبانگی فارس شەکیلا لەرۆژی نەورۆزدا دێتە ھەولێر و کۆنسێرتێکی گەورە لەیاریگای شەھید فەرەنسۆ ھەریری ئەنجام دەدات.
بەپێی ھەواڵێکی گۆڤاری (سڤیل) کۆمپانیای تیکۆ لەھەولێر گرێبەستێکی لەگەڵ ھونەرمەندی بەناوبانگی فارس شەکیلا ئیمزا کردووە، بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێک لەھەولێر لە سێیەم رۆژی نەورۆزدا، ئێستا کۆمپانیای تیکۆ ئامادەکاری کۆنسێرتەکە دەکەن، کە بڕیارە لەیاریگای شەھید فەرەنسۆ ھەریری ئەنجام بدرێ.
شڤان بارزانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تیکۆ بە(سڤیل)ـی راگەیاندووە “ساڵی پار بەنیازبووین شەکیلا بێنین بۆ ھەولێر، بەڵام ئەوکات لەبەر چەند کۆنسێرتێکی دیکە نەیتوانی بێتە کوردستان، بۆیە ئێمە نەورۆزی ئەمساڵمان بەباشزانی”. “. شڤان بارزانی گوتیشی “گۆرانیبێژ فرمسێک وەک ھونەرمەندێکی کورد بەشداری لەکۆنسێرتەکە دەکات”.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای تیکۆ لەلێدوانەکەیدا بۆ گۆڤاری (سڤیل) ئاماژەی بەوەشداوە ئەوان ویستیان دوو کۆنسێرت لەھەولێر و سلێمانی ئەنجام بدەن، بەڵام ھیچ لایەنێکی ئەمنی سلێمانی ھاوکاری ئەوانی نەکردووە، “لەبەرئەوە کۆنسێرتەکە تەنیا لەھەولێر دەبێت و گلەیمان لەدەزگا پەیوەندیدار و ئەمنییەکانی سلێمانی ھەیە”. شڤان بارزانی ئەو ھەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن شەکیلا بەنیاز بووە بێتە سلێمانی بەڵکو ئەو دەڵێت “ئەو شتە مەبەستی سیاسی لەپشتەوە بوو، ھێرۆ خان ویستی داوەتی سلێمانی بکات، بەڵام شەکیلا رەتی کردەوە، چونکە بەڵێنی دابوو تەنیا لەڕێگەی ئێمەوە بێتە کوردستان، ئەوەش وایکرد لەسلێمانی کەس ھاوکاری ئێمەی نەکرد تاوەکو لەوێش کۆنسێرتی بۆ بکەین”.
شەکیلا بەرەگەز فارسە و تائێستا سێ گۆرانی بەزمانی کوردی گوتووە، کە بەھۆیەوە جەماوەرێکی زۆری لەکوردستان بۆخۆی دروستکردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای تیکۆ دەڵێت “لەبەرئەوەی شەکیلا لەکوردستان جەماوەری زۆرە، بۆیە پێمان باشبوو بێتە کوردستان، جگە لەوەش شەکیلا خۆی زۆر حەزدەکات بێتە کوردستان، داواکاری چەند کۆمپانیایەکی ئەوروپای رەتکردەوە کۆنسێرت بکات، بەڵام داواکارییەکەی ئێمەی قبوڵ کرد، تەنیا بۆئەوەی بێتە کوردستان.
شڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا کۆمپانیای تیکۆ جگە لەکۆنسێرت، بەنیازە لەکوردستان گۆرانییەک بۆ شەکیلا کلیپ بکات.