نووسینی: بورھان شێخ ڕەئوف نەوت کە شادەماری ژیانی وڵاتانی گەورەی پیشەسازی جیھانە، ھەروەھا نەوت مەزنترین سەرچاوەی وزەیە و چاکترین سەرچاوەیە بۆ گۆڕینی بۆ شتی تر وەک بەنزین – گازوایل)و دروستکردنی گەلیک شتی تر، پاکترین و ھەزانترین جۆری وزەیە تائێستاش لەچاو سەرچاوەکانی تری وزە وەک غازی سروشتی و خەڵوز و وزەی ئەتۆمی و ھایدرۆپاوەر، چونکە غازی سروشتی و ھایدرۆپاوەر کەمن یان زۆری تێدھچێت ئەگەر بە ھۆی با یان ھەتاوەوە وزە دابین بکرێت, یان زیانبەخشە وەک خەڵوزو وزەی ئەتومی و ھایدرۆ پاوەر کە دوائۆکسید دەداتەوە یان لە بەکارھێنانی وزەی ئەتۆمی (ریدیوتیف ویست) بەرھەم دەھێنێت.
بەڵێ نەوت ئەو نیعمەتە گەورەیەیە کە بۆ کوردلە باشووری کوردستان ھەر لە سەرەتاوە بوو بە سەرچاوە ی ھەموو نەھامەتی و ماڵوێرانیەکان ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٢٧ ەوە بۆ یەکەمجار نەوت لە کێڵگەی بابەگوڕگوڕ بەرھەم ھێنراو بە داھاتەکەی سوپای عێراقی پێ پڕ چەک کراو و بنەما و ژێرخانی دەوڵەتی عێراقی پێ دامەزرێنرا دواتریش ئەو دەوڵەتە و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی جگە لە نکووڵی کردن لە مافە ڕەواکانی کورد و دەرەتانێکیان بۆ پێکەوە ژیان و مافی یەکسان ھاوچارەنووسسی نەھێشتەوە و دەستیان دایە قڕکردن و لە ناوبردن و کیمیا باران و ئەنفالکردن ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا بوو کەنەوت لە پێش ھەموو شوێنەکانی تری عێراقەوەلە کوردستاندا دۆزرابووەوە کە دواتر لە ساڵی ١٩٤٩ نەوت بە دیاری کراوی لە بەسرە شوێنەکانی تر دۆزرایەوە .
لە دوای ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ یشەوە کە خەڵکی کوردستان ھێز داگیرکەرەکانی عێراقیان لەبە شێکی زۆری کوردستان وەدەرنا و پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم دامەزرێنرا حکومەتی ئەوسای عێراق ئابڵووقەی ئابووری توندی خستە سەر ھەرێمی کوردستانی لە یەک لایەنەوە ڕاگەینراو وە کو دیفاکتۆیەک کە ھێزە ھاوپەیمانەکان بە ناوچەی دژە فڕینیان ڕاگەیاندبوو پارێزگاریان لێدەکرد لەو کاتەشدا گەلی کورد بێبەری کرابوو لە داھاتی نەوت کە بە شێکی زۆری نەوتی عێراق لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستاندا بوو .
لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقیشەوە لە نیسانی ٢٠٠٣ بە دواوە لە ئەنجامی ئەو باروودۆخە تازەی کە ھاتە ئاراوە بۆ یەکەمجار کورد لە ئاستێکی بڵند و کاریگەر بەشداری دامودەزگاکانی حکومەتی ناوەندی عێراقی کرد دەکرێت بە سەردەمی زێڕین ناوببرێت لە مێژووی نوێ ی عێراقدا و لە مێژووی پێکەوەژیانی کوردو عەرەب و پێکھاتەکانی تر چونکە رێژەی ١٧%ی بوودجەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکرا و توانرا بزوتنەوەیەکی گەورەی بنیاتنانەوەی پێئەنجامبدرێت لە ھەموو سکتەرەکانی پەروەردەو کارەباو ڕێگاوبان و تەندروستی و ڕۆشنبیری و کەمتر کشتوکاڵی و …..تد
بەڵام لە دوای ئەوەی حکومەتی ناوەندو ھەرێم لە سەر یاسای نەوت و غاز ڕێکنەکەتن و حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلایەنە نەوتی دەرھێناو دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوت کێشەو ململانێکانی ھەردوو لا قووڵتر بووەو کار گەیشتە ئەوەی بەشە بوودجەی ھەرێم لە لایەن بەغدادەوە ببڕدرێت .
لەوە کاتەوە قەیرانێکی گەورە ڕووبەڕووی ھەرێمەکەمان بووەوە کە ھەموو پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریو بنیاتنانەوەو وەبەرھێنان وەستان و لەوە خراپتریش مووچەی کارمەندانی دامودەزگاکانی حکومەت و و پێشمەرگە خۆشەویستەکانی گەل و وڵات کە حالی حازر لە بەرەکانی بەرگری لە خاکی نیشتمانن بەرامبەر تاریک پەرستەکانی داعش دوابکەوێت بۆ چەند مانگێک و دواتریش داببەزێت بۆ نیوە .
لە کاتێکدا حکومەتە تائیفیەکەی بەغداش بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان لە ساڵی ٢٠١٦ دا ھەموو مووچەکان لە کاتی خۆیدا دەدەنە فەرمانبەرانی حکومەت بە تەواوی و دەست بۆ پارەی یەدەگیش نابەن بەڵی ئەمە لە کاتێکدایە ئەوانیش لە شەڕی تیرۆرو داعشدان لای ئەوانیش نرخی نەوات دابەزیووە , لێرەدا پرسیارە گرنگە کە خۆی قووت دەکاتەوە و دەپرسێت خێرە ئەم ھەرێمی کوردستانە وای بەسەرھاتووە ؟؟؟؟؟
ھەروەھا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیش لە دوا لێدوانیدا دان بەوەدا دەنێت کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە تاوەکو ئێستە ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی وا قورس نەبووەتەوە لە ھەمانکاتیشدا دان بەوە دا دەنێت کە کەموو کوڕی دارایی و کارگێڕیش ھەیە دەڵێت دەبێت بڕیاری قورس بدەین .
بەڵی ئەوانە ڕاستیگەلێکن کە ئەگەر درەنگیش دانی پێدا نرابێت ھێشتا ھەرباشە و ھەرچەندە زۆرکەس و لایەن پێشتر ئاماژەیان پێداوە بەڵام ئێستا ھەموو ھەڵە کەمووکورتیەکان ڕوویان داوەو بوونەتە بە شێک لە ڕابردوو لە وڵاتێکدا یاساو دادگا کان وەکو پێویست کاراو کاریگەر نین بە دواداچوون و لێپێچینەوە لەو کەیسانە بکەن بۆیە تانەو لۆمەو تۆمەت خستنە پاڵ یەکتر نامان گەیەننە ھیچ ئاکام و ئەنجامێک بۆ دەرچوون لە م قەیرانە .
بەڵکو دەخوازێت وەکو عەرەب دەڵێت عقلا ْ القوم واتە بوار بدرێت خەڵکانی پسپۆرو بیرمەندو لایەنەکان و دامودەزگا فەرمیەکانی ئەم وڵاتە لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵبدەنەوەو چارەسەر بۆئەم قەیرانانە بدۆزنەوە و چونکە کوردستان زۆر سەرچاوەی سرووشتی و فاکتەری تری گرنگی ھەن کە دەکرێت کەڵکیان لێوەربگیرێت بۆ بوژانەوەو گەشەکردنی وڵات و کۆتایی ھێنان بەم نەھامەتی و بەدبەختیەی کە ڕووی لە وڵاتەکەمان کردووە .