د.محمهد ڕهفعهت(د.ئارام ڕهفعهت)
لەهەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠/٦/٢٠١٣ دا بەپێی یاسایەک ماوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی بۆ دوو ساڵی تر درێژکردەوە و لەئەنجامدا هەرێم خرایە ناو قووڵترینو مەترسیدارترین قەیرانی سیاسی لە ١٠ ساڵی رابردوویدا. یەکێک لە دەرهاویشتە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە زەقبوونەوەی رۆڵی نەوتە لە ململانێ سیاسییەکانی کوردستاندا.
هەندێک لە میدیاکان ئاماژە بە رۆڵی نەوت لە سەفقەیەکی نهێنیی نێوان پارتیو یەکێتیدا دەکەن کە بۆتە هۆی رێگا خۆشکردن بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی. سەفقەکە دەکرێت لە سێ خاڵدا کورتبکرێتەوە: یەک، بەشێک لە مەلەفی ئیدارەکردنی نەوت دەدرێتە دەست یەکێتیو بەدیاریکراویش قوباد تاڵەبانی؛ دوو، بەشێک لە داهاتی نەوت (شیرینی گرێبەستەکان) دەدرێتە کەسە دەست رۆیشتووەکانی ناو یەکێتی. سێ، لەبەرامبەردا یەکێتی پشتگیری درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵی داهاتوو بکات. ئەگەر دەنگۆی ئەم سەفقەیە راست بێت، دەکرێت بە سەفقەی “نەوت بەرامبەر بە بەیعەت بۆ بارزانی” لەقەڵەم بدرێت.
لە غیابی دەزگا چاودێرییەکانو ناکارایی پەرلەمانو نەبوونی داتا و زانیاریەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوت، ناکرێت ئەم سەفقەیە بسەلمێنرێت یان رەتبکرێتەوە. بەڵام کۆمەڵێک بەڵگە پشتیوانی لەگریمانەی “نەوت بەرامبەربەیعەت” دەکەن، لەوانەش:
یەکەم؛ لەچەند ساڵی ڕابردوودا نەوت چەقی ململانێی نێوان یەکێتیو پارتی بووە. یەکێتی بە ئاشکرا و لەبەرزترین ئاستدا نارەزایەتی بەرامبەرقۆرخکردنی سامانی نەوت لەلایەن پارتییەوە دەربڕیوە. مەلەفی نەوت رێکەوتنە ستراتیژییەکەی نێوان دوو حیزبەکەی خستبووە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ئەستەمە بێ چارەسەرکردنی مەلەفی نەوت هیچ رێکەوتنێک لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا بکرێت، بەتایبەت رێکەوتنێکی مەترسیدار و چارەنوسازی وەک درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی.
دووەم؛ هەرچەندە پارتی سودمەندی یەکەمە لە یاساکەدا، بەڵام هەروەک لە زاری وتەبێژەکەیەوە رایگەیەنرا ئەوە یەکێتی بوو نەک پارتی کە ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی درێژکردەوە. لەراستیدا یاساکە خواستی سەرەکی پارتییە، بەڵام پەرلەمانتارانی یەکێتی شەڕییان لەپێناو تێپەڕاندنیدا کرد. ئەمەش گومانی ئەوەی یەکێتی لەبەرامبەر هەندێک ئیمتیازدا ئەو “نەبەرد”ەی بۆ پارتی کردووە زیاتردەکات.
سێیەم؛ بەهێزی گریمانەی “نەوت بەرامبەر بە بەیعەت” لەوەدایە جگە لە چەند ئەندامێکی دەسترۆیشتوی ناو مەکتەبی سیاسی زۆرینەی سەرکردایەتیو قائیدەی یەکێتی لە رێکەوتنەکە ئاگادار نینو ئەمەش تا ئاستانەی لێکترازان پشێویو نارەزایەتی خستۆتە ناو ریزەکانی یەکێتییەوە. جگەلەوە، پاساوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، نەک هەر گومانو نارەزایەتییەکانی خەڵکی دەرەوەی یەکێتی کەمنەکردۆتەوە، بەڵکو نەبۆتە هۆی قەناعەت پێهێنانی ئەندامانی سەرکردایەتیو قاعیدەی ئەو حیزبەش.
چوارەم؛ ئەگەرێکی تری رۆڵی نەوت لە رێکەوتنەکەدا ئەو وەرچەرخانە بنەرەتییە کتوپڕەیە کە لەکردار و گوتاری یەکێتیدا رویداوە. لەچەند ساڵی رابردوودا هەر یەک لە کۆسرەت رەسولو ئەرسەلان بایز بەئاشکرا هەم نارەزایەتییان بەرامبەر سیاسەتی نەوتی پارتی دەربڕیوە و هەم پێداگرییان لەسەر سازانی نیشتیمانی کردۆتەوە. بەڵام ئەو دوو کەسایەتییە رۆڵی سەرەکییان لە یاساکەی ٣٠/٦/٢٠١٣هەبووە. جێگای سەرنجە، ئەو یاسایەی یەکێتی لەسەر حیسابی موجازەفەکردن بە قائیدەی جەماوەریو یەکریزی حیزبەکەی سەپاندی، جگە لەوەی پێچەوانەی بانگەوازی سازانی نیشتیمانیی ئەو دوو بەرێزەیە، هیچ ئاماژەیەکیشی بۆ چارەنووسی داهاتی نەوت تێدانییە، ئەمەش گومانی سەفقەیەکی نهێنی بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی بەرامبەر بەدەستهێنانی ئیمتیازی نەوت زیاتردەکات.
بەکورتی، سیناریۆی “نەوت بەرامبەر بە بەیعەت بۆ بارزانی” لە بارودۆخێکدا کە نهوت بهگشتی له دهرهوهی دامهزراوهكانی ههرێمو بێ ئاگاداری پهرلهمان بریاری لهسهر دهدرێتو بهڕێوه دهبرێتو سەرۆکی هەرێمو حیزبەکەی قۆرخی ئیدارەکردنی ئەو سامانەیان کردووە سیناریۆیەکی بەهێزە. ئەگەر نەوت دوور و نزیک رۆڵێکی لەو رێکەوتنەدا هەبێت ئەوا دەبێتە پێشینەیەکی ترسناکو زەمینە بۆ تێکەڵ بوونی نەوتو سیاسەت لە ناشرینترین شێوەدا دەڕەخسێت، بەجۆرێک سیاسییەکان رۆڵی بازرگانی نەوت بگێڕنو بازرگانانی نەوتیش کار لەسەر ئاراییشدانەوەی کایە سیاسیو کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی بکەن. لەم حاڵەتەشدا نەفرەتی نەوت دەبێتە مەترسییەکی راستەقینە.