نووسینی:بورھان شێخ رەئوف
ئەگەرچی نەوتی کەرکوک ھەر لە سەردەمی عوسمانیەکانەوە بە شێوەیەکی سەرەتایی دەرھێنراوە لەچاڵە نەوتی باباگوڕگوڕی نزیک شاری کەرکوک ,دواتر لەساڵی ١٩٢٧ نەوتی ئەم کێڵگەیە تەقیەوەبەشێوەیەکی زۆر ئیتر ئنگلیزەکان ناچاربوون ژیچرخانی تایبەتی بۆ بنیات بنێن و تاوەکو لە ساڵی ١٩٣٤ توانیان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک نەوت دەربھێنن ,لە پاش ئەمەش گەلێک کێڵگەی نەوتی گرنگ دۆزرانەوە و چوونە پاڵ کێڵگە زەبەلاحەکەی باباگوڕگوڕ
لەوانە جمبور و بای حەسەنی باشور و بای حەسەنی باکور وئافانا و خەبازو جەبەل بۆرو خرمالە ,بەڵام بابە گوڕگوڕ وەکو یەکێ لە گەورەترین کێڵگەکانی نەوت مایەوە لە جیھاندا تا ئەو کاتەی نەوت لە عەرەبستانی سعودیە دۆزرایەوە کەڕێژەی یەدەکی عەمبارکراوی بە زیاتر لە ١٣ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت کە بتوانرێت لە رۆژێکدا ٧٥٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم بھێنێت ھەروەھا نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک بەوەناسراون بەزۆری بەرھەم وبە باشی جۆرەکەی کە لە نەوتە سووکە قیاسیەکانە ئەمە لەسەر نەوتی کەرکوک کە پێ ی دەڵین نەوتی باکوور ,بەڵام ئەگەر سەیرێکی مێژووی دەرھێنانی نەوت لە باشووری عێراق بکەین کۆنترین کێڵگەی نەوت کێڵگەی رومێلەی باشوورو زوبێرە لە پارێزگای بەسرە کەلەساڵی ١٩٤٩ بەرھەم ھێنان تێیدا دەستی پێکردووە بە توانای ٢٢٠ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دواتر لە ساڵی ١٩٧٢ کیڵگەی تر لە خۆرئاوای بەسرە دەستیان بەبەرھەم ھێنان کرد .
ئەوەی سەرەوە کورتە مێژوویەکی دەرھێنانی نەوتە لە عێراقدا کە مێژوویەکی زۆر کۆن و درێژی نیە و سەرەتایەکی کورتە بۆ ئەم ووتارەی من کەتایبەتە بە پرسی نەوت و دان وسانەکانینێوان ھەرێم و بەغداد لەسەر بوودجەو…..تد
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ھەرچەندە من زانیاری تەواوم لەسەر تەواوی دان وسانەکانی نێوان ھەردوولای شاندی ھەرێم و حکومەتی ناوەندی نیە جگە لەوەی لە میدیاکانەوە دەیبینم و دەیبیسم کە مالکی و شەھرستانی مەرجی ئەوەیان بۆ حکومەتی ھەرێم داناوە کە رۆژانە لە نەوتی ھەرێم ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت ئنجا بڕە بوودجەی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکەن بێ ئەوەی ھیچ حسابێک بۆ ئەوەبکەن کەنەوتی کەرکوک و ھەمووناوچە قرتێنراوەکانی تری کوردستان موڵکی خەڵکی کوردستانە بە گوێرەی ھەموو دۆکۆمینت و بەڵگە مێژووییەکان بەڵام ئەوە خەمساردی سەرکردایەتی کوردو نوێنەرەکانیەتی لە بەغداد کە کەرکوک و ھەمووئەوناوچانەی بەو بارودۆخەوە ھێشتوەتەوە کە داھات و سامانەکەی حەرام بێت لە خەڵکی کوردستان .
ئەوەی لە کۆتاییدا دەمەوێت بیڵێم جێگەی ھەڵوێستەو سەرنجە بۆ من و ھەرچاودێرێکی بارودۆخی ناوچەکە ئایا شاندی دان وسان کاری ھەرێم کە سەرۆکی وەزیران سەرۆکایەتی دەکات ھیچ ئاماژەی بەوە نەداوەلە دان وسانەکاندا کە ئەو نەوتەی لە کەرکوکیشەوە دەفرۆشرێت رۆژانە ولە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکوک_ جیھان بۆ تورکیا دەفرۆشرێت نەوتی کوردە و بۆریەکەشی زۆری بەخاکی ھەرێم و لەدەروازەی ھەرێم لە زاخۆوە گوزەردەکات و ئەی ئەوەش کارتێکی گرنگ و ھەستیار نیە بە دەستی ھەرێمەوە لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی مالیکی و شەھرستانی بە بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێم و بەکاری بھێنێت لەکاتی پێویستدا بە وەستاندنی نەوتی کەرکوک ئەگەر پێویست بکات .