نەسرین تەنیا: قوڵبوونەوە لە ژانی مێبوون منی ئاوێتەی جیھانی شیعر کرد
نەسرین تەنیا: کاریگەری قوتابخانەی کلاسیک زیاتر لەسەر من ھەیە چێژ لەدەقی کلاسیک دەبینم
خاتوو نەسرین حسێن ناسراو بە (نەسرین تەنیا) شاعیرێکی ھەست ناسکی نێو بواری ئەدەبە، لە شاری سەقزی ڕۆژھەڵات لە دایکبووە ، قۆناغەکانی خوێندنی ھەر لەو شارە تەواو کردووە . خانمە شاعیر (نەسرین تەنیا)، لە ساڵی ١٩٩٧دەستی بە نوسین کردووە، ساڵی٢٠١٥ بۆ گەیشتن بەخەونەکانی لەبواری شیعر و ئازاد بوونی بیروباوەڕەکانی و قەڵەمەکەی وەکو ئافرەتێک لە ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو باشور سەفەری کرد و لەئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دووکتێبی شیعری چاپکراوی ھەیە دووکتێبی تریشی ئامادەیە بۆچاپکردن .ئەم خاتوونە لە شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و کەرکووک و دھۆک و شارەکانی دەورووبەر بەشداری چەندین سمینار و کۆڕ و دیبەیت کردووە ، چەندین دیداری لە تیڤیەکانی ئەنجام داوە خاوەنی دەیان خەڵاتی ڕیزلێنانە ھەروەھا وەکو چالاکوانێک لە ساڵی ٢٠١٦وە خۆبەخشانە لە ڕێکخراوە مەدەنیەکاندا کاری کردوە . یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی شاعیران ، لە ئێستا ھاوسەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد بریتانیایە بەباشمان زانی لە نزیکەوە بەچەند پرسیارێک بەسەری بکەینەوە.
*سەرەتا بابزانین چۆن ئاوێتەی جیھانی شیعر بوویت ؟
– مرۆڤ زۆرجار پێویستی بەھاوارێکە تاڕێچکەیەک بۆ بەنداوی پەنگخواردووی ناخی بکاتەوە ، من ئەو ھاوارەی خۆم بەنووسین دەربڕی تا ھاوئازارەکانم لەمەترسیەکانی ستەمکار ئاگاداربکەمەوە ، ستەمکار ھەر داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان نین زۆرجار مەعشووق بەستەمێک یان بە خافڵبوونێک ڕێڕەوی ژیانت بەرەو بیابانی ئازار دەگۆڕێ . نەگەیشتن بە خواستەکەسیەکانم و ھەستکردن بە نادادیەگشتیەکانی وڵاتەکەم و قوڵبوونەوە لە ژانی مێبوون منی ئاوێتەی جیھانی شیعر کرد.
*زۆر جار ناونیشان شیعرێک سەرەنجی خوێنەران بۆلای رادەکەێشێت تاچەند گرنگی بە ناونیشانی شیعرەکانت دەدەی؟
– بەڵێ سیمۆلۆژیان ( ناونیشان )، لە ھەر شیعرێکدا کاریگەری و ھاندەری خوێنەردەبێت بۆ تێگەیشتن لە دەقی شیعر ، زۆرجار جوانترین و پڕ ماناترین وشەی ناو دەقەکەم کە دەبێتە لوتکەی ئەو شیعرە و ھەڵبژاردەی من دەبێت بۆ ناونیشانی شیعرەکانم.
*لەگەڵ دەرکەوتنی تەکنەلۆژیا وتۆڕەکۆمەڵاتییەکانی سۆسیال میدیا زۆر ێک لە ئارەزوومەندان شیعر دەنووسن وبڵاویدەکەنەوە بۆچوونت لەسەر نووسینەکانیان چیە؟
– سۆشیال میدیا ئازادییەکی زۆری فەراھەم کردووە و من ھەمیشە گوتوومەو دەڵێم ھەموو کەس بەھرەیەکی شاراوە لە ناخیدا ھەیە کە دەبێ نەترسانە بۆ لە دایک بوونی ئەو بەھرەیە ھەوڵ بدات و بەرگەی ھەر رەخنەو شکست و کەوتنێک بگرێ ، دیارە ئەو کەسانەیش بەھرەی نووسینی شیعریان تێدا ھەیە کە دەنووسن و بڵاوی دەکەنەوە ،ڕاستە کۆمەڵێ شیعری لاواز دەبینین و ڕەخنەیان لێ دەگیرێت ،
بەڵام من ئەڵێم کەسێک بوێری ئەوەی ھەبێت قەڵەم بەدەستەوە بگرێ ، تەنانەت یەک دێڕیش بنووسێ جێگەی دەستخۆشیە و ئەبێ کەسانی شارەزا ھاوکارو ھاندەریان بن ، نەک بە رەخنەی ڕووخێنەر بێ ھیوایان بکەن .
* کۆمەڵی لە شاعیرانی کورد شوێن پەنجەیان لە نێو ئەدەبی کوردی دیارو بەرچاوە کامەن ئەو شاعیرانەی کاریگەریان لەسەر بەرێزت ھەبووە،یاخود سەرسامی بە شیعرەکانیان؟
– پێم وانیە شیعری ھیچ شاعیرێک لە سەر نووسینەکان و ھزری من کاریگەرییان ھەبووبێ بەڵام بەردەوام شیعری شاعیرە کۆنەکانی کلاسیک و شاعیران شێرکۆ بێکەس و لەتیف ھەڵمەت و قوبادی جەلیزادو مامۆستا پەشێو دەخوێنمەوەو سەرسامم بە نووسینەکانیان ، دەکرێت بڵێم کاریگەری قوتابخانەی کلاسیک زیاتر لەسەر من ھەیە و خۆم چێژ لەدەقی کلاسیک زیاتر دەبینم .
*شیعرەکانی تۆ چۆن لەدایک دەبن؟ بەمانایەکی تر ھەوێنی شیعرەکانی تۆ چین؟
– شیعر خۆ نوسینەوەی خودی شاعیرە کە بریتیە لە “شکست، تەنیایی ڕۆح، لەدەستدانی ئازیزان، غوربەت، ھەست کردن بە ئازارەکانی کۆمەڵگە و کەسانی دەورووبەر و جوانیەکان” ھەرکامێکیان دەتوانن کاریگەری نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر شاعیر دروست بکەن بۆ دەربڕینی ھەستەکان و لە دایک بوونی شیعر ، منیش شیعرم لەسەر ھەموو ئەو دیمەنانە ھەیە کە شایانی ھەڵوەستەن .
* خاوەنی دووکتێبی شیعری چاپکراون، یەکێکیان بەناوی (پێکەنین بە تەمامی گریان) ، ئەگەر باس لە ناوەڕۆکی کتێبەکە بکەیت مانشێتەکەی زۆر سەرنج راکێشا؟
– من دوو کتێبی چاپکراوم ھەیە بە ناوەکانی ( ڕووان بە لاپاڵی غوربەتەوە) کە لەساڵی ٢٠١٧ دا چاپ کراوە لەگەڵ (پێکەنین بە تامی گریان)، لەساڵی ٢٠٢٠دا چاپ کراوە ، ھەر دوو کتێبەکە لە ھۆڵی نووسەرانی کورد لقی سلیمانی ناساندنیان بۆ کراوەو خراوەتە بەر دیدەی خوێنەر. ھەروەھا سیدیەکی دەنگیشم لە شیعرەکانی کتێبی (ڕووان بە لاپاڵی غوربەتەوە) تۆمار کردوەو لە ئێستادا لە سەنتەری ئەیاد بەردەستە.
ناوەڕۆکی ھەردوو کتێبەکەم بریتیە لە کۆمەڵێ شیعری خۆشەویستی و نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی کە بە ستایلی کلاسیک و ئازادو ھایکۆ و قەسیدە نووسراوە زۆر جار ناونیشانی کتێب یا شیعرێک ئەتوانێ ببێتە مانشێت و خوێنەر بۆ خوێندنەوە ڕابکێشێت ،بە ڕای خۆم مانشێتی کتێبی (پێکەنین بە تامی گریان)
لە پێشدا ناونیشانەکەیەتی و دواجار شیعرە ئاشقانەکانیەتی کە ڕاستگۆیانە بە ھەستێکی پاکی ژنانەوە نووسراوە.
*چۆن دەڕوانیتە رەخنە ئایا بەرێزتان روبەرووی رەخنە بوویتەوە؟
– بێگومان ھەموو کەس ناتوانێ رەخنەگربێت ئەگەر لەو بوارەدا نەیخوێندبێ و دراسەی نەکردبێ،
رەخنەی دروستکەر و ڕووخێنەرمان ھەیە ئەگەر کەسێکی خوێنەرو شارەزا لە بواری رەخنەدا بە دڵسۆزی بۆ دروست کردن و بەرەوپێش چوونم رەخنەم لێبگرێت، بە دڵێکی گەورەوە وەری دەگرم و ھەوڵ ئەدەم سوود لە زانیاریەکانی وەر بگرم و سپاسی دەکەم ،بەڵێ بە دڵنیایەوە ڕوبەڕووی رەخنە بوومەتەوە کە توانیومە بەم ئاستە بگەم .
* چیت ھەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی بەھرەکانیان دەرناخەن و دەیشارەنەوە؟
– نووسین و دەر بڕینی ھەستەکان جۆریکە لە یاخی بوون ، کە یاخی بووی نابێ سڵ بکەیت و سەیری دواوە بکەیت، ” دەنگەکەت، قەڵەمەکەت، ھونەرەکەت” چەکی تۆیە بۆ سەرکەوتنت، بەو چەکە شەڕ بکە و بەرەو لوتکەھەنگاو بنێ، ئێمە ئافرەتین ئافرەتیش جوانترین و بەنرخترین بوونەوەری سەر زەوییە، تکایە با خۆمان بین
*پرۆژەی داھاتوون چیە؟
– دوو کتێبم ئامادەی چاپن، یەکێکیان شیعرەو یەکێکیان کۆمەڵێ چیرۆکی ڕاستەقیینە لە ژنانی زوڵم لێکراو کە لە ئارایشتگاکەم لە کاتی جوانکاری، ئازارەکانی ژیانی خۆیان باس کردووەو لە گەڵیان گریاوم و لە گەڵم گریاون .
ھەڤپەیڤین – کامەران حاجی ئەلیاس
Discussion about this post