(نەریمان بابان) : “ھونەر وەک چەکێک وایە دوو سەری ھەبێت دەتوانی بۆ پێشەوە کاری باشی پێ بکەیت، بە پێچەوانەوەش ڕەنگە خۆت و میللەتەکەتی پێ بکوژی!”.
ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (نەریمان بابان) ساڵانێکی زۆرە خەریکی کاریی ھونەریی گۆرانی گوتنە، خاوەنی چەندیین بەرھەمی گۆرانییە، ماوەی (١٧) ساڵە لە دەروەی وڵات ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی (٣) ئەلبومی گۆرانییە، دوایین ئەلبوی لە ئەم ساڵدا لە ژێر ناونیشانی (٢٢/٧) بڵاو کرایەوە، لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی و رەوشی ئێستای گۆرانی کوردیی.
تۆ ساڵانێکی زۆرە لە ھەندەران ژیان بەسەر دەبەی و خەریکی کاری ھونەریی، بۆچی تا ئێستاکە نەگەڕایتەوە بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی چەند کارێکی ھونەریی بە ئەنجام بگەینیت لەوانە سازدانی کۆنسێرت ؟
راستە من دەمێکە لە کوردستان دوورم، ھۆکاری ئەو دووریەشم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، من دەمەوێ بە شێوازێک بگەڕێمەوە، کارێکی باش و بەرچاو بەئەنجام بگەینم، نەک تەنیا گەڕانەوەیەک بێت بە بێ ھیچ ئاکامێک، بە تایبەتی کە باسی کۆنسێرت دەکەرێ، ئەو کارە پێویستە لایەنێکی پەیوەندی دار پشتکگیرییم بکات، ئینجا دەتوانم بگەڕێمەوە”.
واتە تا ئێستاکە ئەو پشتکگیریەت بۆ نەکراوە لەلایەن ھیچ کۆمپانیایەک یاخوود لایەنێکی پەیوەندی دار ؟
نەخێر تا ئێستا ھیچ کۆمپانیایەکی ئاوا نەبووە، کە داوای لێم کردبێت و بڵێت وەرەوە بۆ کوردستان و کۆنسێرت ساز بکەم ئێمە کارت بۆ دەکەین، منیش بە دوای ئەو شوێنە یاخوود ئەو کۆمپانیایە دەگەڕێم بۆ ئەوەی بتوانم ئەو گروپە مۆسیقیەی کە لەگەڵ خۆمن و دەتوانن ئەو کارە بۆ من بە شێوازیکی جوان ئەنجام بدەن، ئیتر ئەو گروپە نزیکەی (١٥) کەسێکە پێویستە پاڵپشتیەک ھەبێت، لێتان ناشرمەوە چەند ھەوڵێکم داوە ھیوادارم ئاکامێکی ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانم لە کوردستان کارێکی جوان پێش کەشی جەماوەری ھونەردۆست بکەم”.
واتە ئەگەر دەزگایەک ئەو پاڵپشتیە لە (نەریمان بابان) نەکات تۆ ناگەڕیتەوە بۆ کوردستان ؟
من ماوەی (١٧) ساڵە نەھاتومەتەوە بۆ کوردستان، ئەگەر بۆ ئەنجامدانی کارێکی ھونەریی نەبێت، باوەڕناکەم ھاتنەوەکەم مانایەکی تەواو ببەخشێت، دەمەوێ لەو سەردانەمدا کارێکی جوان پێش کەش بکەم، ئیتر ئەگر دەزگایەکی پەیوەندی دار نەبێت، کە بەداخەوە تا ئێستاکە لە کوردستان ئەو جۆرە کۆمپانیانە دروست نەبوون، ئێمەش ناتوانین ھەموو جولەیەکی ھونەریی لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆمان بە ئەنجامی بگەینین!”.
ئەی لەلایەن وەزارەتی رۆشنیبیری یا دەزگایەکی پەیوەندی دار بۆ کار ھونەرییەکانت و یاخوود داوەتنامەیەک بۆ گەڕانەوەت پاڵپشتی نەکراوی؟
نەخێر من بە درێژایی ئەنجامدانی کارە ھونەرییەکانم کە دەکاتە (٢٨) ساڵە من بە بێپچڕان کارم کردووە، ھیچ ھاوکارییەک نەکراوم نە لەلایەن وەزارەتی رۆشنیبیری، نە لەلایەن ھیچ حیزبێک و حکومەتێک، بەڵکو سەرجەم کارە ھونەرییەکانم لەسەر ئەرک گیرفانی خۆم بە ئەنجامم گەیاندوون، من خەفەت بۆ ئەوە ناخۆم کەمن یا ھونەرمەندانی وەک من ئاوا بووین و کەس پاڵپشتی نەکردوین، بگرە زۆریش سەرم بەرزەو ئاسوودەم، بەڵام ھیوادارم بۆ ئەوانەی دوای ئێمە وا نەبێت”.
دوایین ئەلبومی گۆرانیت لەم ئەم ساڵدا بڵاو کرایەوە، ھەروەک راتگەیاندووە سەرجەم کارەکان لەسەر گیرفان و ماندوو بونی خۆت بووە، ئایا ئەو ئەرک مافە ھیچت بۆ گەڕایەوە لەلایەن بازاڕەکانی سیدی فرۆشەکان ؟
ئەلبومی “بیست و دوو لەسەر حەوت” واتە رێژەی نەگۆڕ، بەڵی لەسەر ئەرکی خۆم بەرھەمم ھێناو تەنانەت خۆم کاری چاپ و دیزان و ناردنەوەی بۆ کوردستان بە ئەنجامم گەیاند، بەڵام سوپاس بۆ خوا و پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا لەلایەن جەماوەرەوە لەماوەی دوو مانگدا (٠٠٠ ٢٢) دانەی لێفرۆشرا، جگە لەوەی کە کۆپیان کردون، بەڵام من ھیچ زەرەرمەند نەبووم لەرووی ماددیەوە، من خۆم چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد، سوپاسی جەماوەرو گوێگری کوردستان دەکەم پاڵپشتی ئەوان وایکرد بێ خەم بم لەبەرھەمی ئەم جارەم”.
تۆ کە زۆر باسی پاڵپشتی دەکەی بۆ ھونەر و ھونەرمەندان، پێت وایە ئەو ماف و ئەرکە ئەبێ تەنیا حکومەت دابینی بکات یا پێویستە دەزگایەکی تایبەت ھەبێت بۆ پاڵپشتی ئەو کارە ؟
ئێمەش حەزمان دەکرد، ئەو دەزگایە ھەبوایە و ئەو خەمە لەکۆڵ حکومەت ببێتەوە، بەڵام کامە دەزگا کامە شوێن ھەیە لە کوردستان ھونەرمەندی کورد رووی تێبکات؟!، وەزارەتی رۆشنبیری کە گوایە پێویستە ئاگای لە ھونەرمەند بێت، بەڵام بۆ ھەندێک بەردەوام پاڵپشتی ھەیە بۆ ھەندێکیش ھیچ نابینین و نابیستین، من پێم وایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەی ئەو کابینە تازەی کە لە ئێستادا دەست بەکار بووە، پێویستە ئەو راستیە بزانن ئێمەی کورد تەنیا دەتوانین بە ھونەر و وەرزش پەیام و ناسنامەی خۆمان بە جیھانی دەروەوە بناسێنین، بۆیە من ھیوادارم حکومەت ئاگاداری ئەو دووانە بێت و پلانی باشی بۆی ھەبێت”.
زۆر لە ھونەرمەندانی کورد باس لە ناساندنی ھونەریی کوردیی و تەنانەت جار بەجارێک گوێبستی بەجیھانی بوونی ھونەریی کوردی دەبین، ئایا بەرای تۆ ھونەری کوردیی ھەنگاوی لەو جۆرەی ھاویشتووە بۆ ئەوەی بە جیھان بناسرێت ؟
ھەر چەندە من نامەوێ ڕەشبین بم، بەڵام لەسەر ئاستی جیھان نەمانتوانیووە یەک ھەنگاو بچینە پێشەوە، من رێزم بۆ ئەو ھونەرمەندانەی ئەو جۆرە بۆچوونەیان ھەیە، وەرن سەیر بکەن لە جیھانی دەرەوە لە نێو دونیای ھونەردا چی دەگوزەرێت و ھونەر گەیشتۆتە چ ئاستێک، ئێمە لەچاو ھونەر و ھونەرمەندانی دونیا ھیچ کارێکمان نەکردووە تاوەکو بەراوردی پێ بکەین، ھونەرمەندێک کۆنسێرتێک لە وڵاتێک یا کلیپێکی لە کەناڵێکی بیانی بڵاو دەبێتەوە، ئەگەر وا بزانێت ئەوە بەجیھانی بوونە لەگەڵ رێزم وانیە، بەڵکو بە جیھانی بوون جۆرێک دیکەیە، لە جیھانی ئێستای ھونەریی دونیادا تا ئێستاکە سووچێکی بچووکیشمان نیە!”.
ھەبوون و پەیدا بوونی چەند ستایلێک لە گۆرانی گوتندا تا چەند پێویستە بۆ نموونە ستایلی (راپ و جاز و رۆک) چەند جۆرێکی دیکە، ئایا ئەوانە خزمەتێک دەکات بە گۆرانی کوردیی ؟
من پێم وایە دەبێ ھەموو جۆرێکمان ھەبێت باشە، بۆ ئەوەی جەماوەر و گوێگریش بۆ خۆی چێژ لە گوێگرتنی ئەو ستایلانەش وەربگرێت، بەڵام ئەو جۆرە کارانە پێویتسە بەشارەزایەکی چاکەوە بکرێت، نەک ھەر کەسێک ھەستێتەوە سەرپێ بڵی من راپ دەڵێم یا جاز یا جۆرێکی دیکە دەڵێم، ئەوەی لە ناو ھونەرمەندانی ئێمە تا ئێستاکە پۆلین نەکراوەو جیا نەکراوەتەوە دیار نیە ھونەرمەندانمان لە چ جۆرێک و ستایلێک گۆرانی دەڵێن، بەو تێکەڵی و بێ سەر و بەرییە کاری ھونەریی ناچێتە پێشەوە!، بیرمان نەچێ ھونەر وەک چەکێک وایە دوو سەرە لوولەی ھەبێت دەتوانی بۆ پێشەوە کاری باشی پێ بکەیت، بە پێچەوانەوەش رەنگە خۆت و میللەتەکەتی پێ بکوژی بۆیە پێویستە بە ووریایەوە ئەو کارانە بکرێت، پێویستیشە ئەو ھونەرمەندانەی کار بۆ بەرھەمی ڕەسەن و کەللتوری دەکەن پشتکگیری بکرێن، چونکە کارەکەی ئەوانیش جوانییەکی خۆی و ھەیە، پارێزگاری لە بەرھەمە ڕەسەنەکان دەکەن و ئەو ھونەرمەندانە پێویستە رێزیان لێبگیریت”.
لە کۆتایی ساڵەکانی نەوەدەکان و لەسەرەتای ساڵانی (٢٠٠٠) لەلایەن ھونەرمەندانی کوردەوە، جوجۆلێکی ھونەریی زۆر باش ھەبوو لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی لەوڵاتی سوید، ئێستاکە ئەو جوجۆڵە بۆچی بەرەو کزی رۆیشتووەو نەماوە ؟
ئەو ھونەرەی لەو مێژووەوە تۆ باسی لێوەدەکەی، بەڵێ منیش دەڵێم لەو ساڵانەدا جموجۆلێکی زۆر باش ھەبوو، دەکرێ بڵێم شۆرشێکی تازەی ھونەریی لە تاراوگەوە بەتایبەتی لەوڵاتی سویدەوە رووی کردەوە کوردستان و جەماوەری ھونەریی کوردیان جارێکی دیکە ئاشنا کردەوە بە کۆمەڵێک بەرھەمی جوان، تا ساڵی (٢٠٠٦) ئەو جموجۆڵە زۆر باش بوو، کاری زۆر جوان و ئەرک و ماندوو بوونێکی زۆریان چێشت، بەڵام زۆر بەداخەوە ھیچ ئومێدێک پاڵپشتیەک نەبوو، بۆیە تووشی نا ئومێدی و رووخان بووین ئیتر دوورکەوتنەوەیان بە باشتر زانی، ناحەقیشیان نیە و بەڵکو حەقی خۆیانە بێدەنگ بن، چونکە ئەو ماندوو بونەیان بە فیرو چوو بەداخەوە بۆ ھەندێک ھونەرمەند بوو بەھار و بۆ ھەندێکیش بوو بە پایزێکی بێ بەرھەم!”.
باواز لەو ھەموو نەھامتیەی ھونەر بێنین و بزانین (نەریمان) لەگەڵ وەرزش نێوانی چۆنە ؟
من زۆر حەز بە وەرزش دەکەم و ساڵانێکی زۆر یاری لەش جوانیم کردووە، بەتایبەتی لە تەمەنی لاوی دا، ئێستاکەش لە تەلەفزیۆن سەیری ئەو یاریانە ھەر دەکەم، ئەو لەشی ئێستاشم بەرھەمی ئەنجامدانی ئەو وەرزشەیە”.
لە یانەکان ھاندەری کام یانەی و سەیری یارییەکان دەکەی ؟
سەیرکردنی یاری تۆپی پێ چێژێکی تایبەتی ھەیە، سەیری ھەموو یارییەکی بەھێز دەکەم و ھاندەری یانەی بەرشلۆنەم و سەرسامم بە یاری کردنی ئەو یانەیە، بەداخەوە ئەم ساڵ باشی بۆ نەھات و بە دۆڕاندنی بەرامبەری یانەی ریاڵ مەدرید و چێڵسی لە یاری پێش کۆتایی خەفەتی زۆرم بۆ خوارد، چونکە ئەو دوو دۆڕانەی چاوەڕوان نەکراو بوو، بەداخەوە ئەم ساڵ شانس لەگەڵ بەرشە نەبوو!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا