نەریمان ئەلفوبێ ی گەنجانی سلێمانیە دەبێت بخوێندرێت
مەبەست هەڵەبجەیی : نەریمان بابان دیوێکی تری سلێمانیە، یەکێکە لە دەنگە ناوازەکانی سلێمانی و بەشێکە لە کلتوری ئەو شارە، ئەو هونەرمەندە خاوەنی دەنگ و شێوازی تایبەتی خۆیەتی و پڕاو پڕ حەسرەت کە لە گەرویەوە دەچۆڕێت، ئاستەمە ئەو گەنجانەی لە سلێمانیدا ژیاناییان گوزەراندوە و بەشێک لە معاناتی ئەو شارەیان لە بیرەوەریاندا هەڵگرتوە، شەوگارێکیان لە گەڵ دەنگی نەریماندا بە سەرنەبردبێت، چونکە زۆربەی گەنجان لە کاتی گیرۆدەبون بە عەشق و دورکەوتنەوە لە ئەویندارەکانیان، پەنا دەبەنە بەر دەنگی نەریمان کە لێوانلێوە لە فەنابون.
جیا لەهەموو کارە جوان و دەگمەنەکانی بە ئەلبومی ئەجارەی، نەریمان ڕیفرێشێکی بە هونەری کوردی کردەوە و لە ئێستەدا لە نێوانی عیشق و شەڕدا سەر بە هەر کوچەو کۆڵانێکی شاردا دەکەیت، هەر بەتەنها دەنگی نەریمان زاڵە بەسەر دەنگەکانی تردا، کاتێک پڕ بە گەروی هاوار دەکات ‘‘ وەرە ئەی دڵ تەنیا ئەمشەو ، تۆ لەجێی من بە ‘‘ ، عاشقەکان لە دڵەوە ڕادەچڵەکن،
ئەوەتا خۆی لەیەکیک لە تێکستەکانیا زۆر بە پەنهانی و لەودیو سنورەکانی خۆشەویستی و دەنگێکی لێوانلێو لە غەریبی ئەڵی :
(بەبێ وڵات بێ هاوڕێو شار ..
خۆم و یەک کورسی و چوار دیوار،
لەگەڵ وێنەکەی ساڵی پار ، شیوەن ئەکەین ..)
نەریمان بەتەنها هونەرمەندێکی گۆرانی بێژ نییە، ئەو نمونەیەکە لە وەفا بۆ وڵات بۆ سلێمانی، بۆیە من پێم وایە نەریمان ئەلفوبێ ی گەنجانی سلێمانیە، دەبێت بخوێندرێت.
نەریمان بە دەنگ کە باگراوەندەکەی راستی و رۆحانی بونە. لەدورەوە بە نیشتیمان بڵی ؛ من دورم لێت ، بەڵام تۆ لە ڕۆحی مندایت.
ئێمەش وەک کوڕانی شار پێی ئەڵێین، ڕێگامان بدە تەنیا ئەمشەو کەمێ بەدیار بیر کردنەوە لە غەریبیەکەی تۆ و چرا کزەکەمانەوە، تاوێ لەگەڵ تارمایی تۆ بەنێو کۆڵانەکانی مەڵکەنی و بەدەم پیاسە کردنەوە لەژێر لێوەکانمانەوە گۆرانی بۆ سلێمانی بڵیینەوە و بڵیین، تازە ئێمەش چنگێ خۆڵە مێشین، وەک ئەوەی ئەمشەو من بە بیستی گۆرانییەکانی تۆوە بەخەیاڵ کردم، دواتر بە نەرمی ڕوە و سالم ڕێ بکەین، تا ئەوکاتەی یەک یەک پۆستەرەکانی خۆت بەسەر ئەکەینەوە و پاش هیلاکیەکی زۆر تاوی پشوو بدەین بۆ چا خواردن لەگەڵ ئەو تارماییەی تۆ کە بەردەوام وەک فریشتەیەکی دەنگ ساز لەگەڵمانە ڕوو لە چایچیەکانی سالم ئەکەین، تارمایەکەی تۆش لەگەڵمان دەست بۆ پیاڵەیەکی پڕ لە چایەکی تازە دەمگرتوو دەبات، هاوڕێ ئاگاداربە نەجیبە خانی چایچی ئەڵێ، شەکرم زۆر تێنەکردووە، چونکە نەریمان خۆی شیرینە! دەی چاکەت بخۆرەوە با سارد نەبێتەوە، ئەمشەو من و تۆ پلانی زۆرمان بۆ گەڕان بەناو شاردا هەیە، خەم مەخۆ ئەزانم چاوەکانت چەندە تینون بەس توخودا مشکیەکەت ببەسەرەوە لەسەرت، ئاخر ئازیز خۆت ئەزانی سلێمانی لەمکاتەدا زۆرساردە، نەبادا هەڵامەتێ نەفرەتی زەفەرت پێ ببا، ئا توخوا نەریمان گیان دەمێکە شتێک لە دڵما پەنگی خواردۆتەوە ڕێگەمبە بڵیم، تۆ هەر لە ئێمە دور نیت هەموو دارو دیوار و تەنانەت ئەو باران و تەرزانەشی ئەم زستانە باریون هەواڵی تۆیان پرسیووە، هەموشت غەریبیت ئەکات ئێستە هەموشت.