خانمە هونەرمەندی بواری شانۆ و دراما (نەرمین ئەحمەد کاوانی) لەمیانەی روونکردنەوەیەکی دا، لەرێگەی رۆژنامەی “چراtv”ـەوە روونی دەکاتەوە هیچ لاپەرەیەکی لە ماڵپەری (facebook)ـدا نیە. لەو روونکردنەوەیەدا (نەرمین کاوانی) دەڵێت : “بەداخەوە زۆر جار لە تەکنەلۆژیەکانی سەردەم بەهەڵە سوودی لێوەردەگرین و بەکاری دەهێنین، ئیتر هەر مۆبایل و ئینتەرێنێتەوە بگرە تادەگاتە چەند شتێکی تر، کە بۆ ئاسنکاریی و خزمەتی مرۆڤایەتی کراوە نەک شێواندن و ناشرین کردنی ئەو بابەتانە.
(کاوانی) هەروەها دەڵێت : “ماوەیەک بەناوی منەوە لە ماڵپەری (فەیسبووک) لاپەرەیەکیان کردۆتەوە و وەڵامی جەماوەر دەدەنەوە بەناوی منەوە، بۆیە من لێرەوە روونی دەکەمەوە، تائێستا من ماڵپەری (facebook) بەشدارییم نەکردووە و بگرە بەکاریشم نەهێناوە، هیوادارم ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە بەخۆیاندا بچنەوەو ئەو لاپەرەیەک بەناوی من لاببەن”.
لە کۆتایی دا (نەرمین کاوانی) گوتیشی : “بەداخەوە لەوڵاتی ئێمە ئەوەندەی قسە و بابەتی جۆراو جۆر بۆ هونەرمەندان رێکدەخرێت، باوەڕناکەم هیچ چین و توێژێک بەقەدەر ئێمەی هونەرمەند ئەو کارانەیان لەبەرامبەردا بکرێت، داوای لێبوردن لەو بەڕێزانە دەکەم، کە لە رێگەی ئەو ماڵپەرەوە لەمنیان پرسیووە بەناوی من کەسێکی دیکە وەڵامی ئەوانی داوەتەوە.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە تائێستا چەندین هونەرمەند بەناوی ئەوان لاپەرە دروست کراوە، بەبێ ئەوەی ئاگایان لێبێت لەوانەش هەریەک لە هونەرمەندان (زیاد ئەسعەد، ئەژدەر وەهبی، چۆپی فەتاح) چەند هونەرمەندێکی دیکەش.
تایبەت بەچراtv