حەیدەر عەبدولڕەحمان: لە سەردەمی ئەمڕۆکەدا چمکی نەخوێندەواری و کۆلەواری ھەر ئەوەندە نیە وەک جاران نابەڵەد بە خوێندن و نووسین بیت و کورد گوتەنی خاوەن دوو چاوی گەش و رۆشن بیت کەچی لە کەسێکی نابینا بچیت , ئەم چمکەی نەخوێندەواری ئەمڕۆکە بە پێی
تیپەڕبوونی زەمەن گۆڕاوە ئێستا نەخوێندەوارەکان ئەوانە نین کە لە جوغزی بازنەیەکی داخراودا بسوڕێنەوە و ئەقڵو مەعریفەو زانیارییەکانیان لەو سنوورە دیاری کراوەدا زێتر بڕ نەکات , ئەدی ئەوە نیە دەبینین سنوورەکانی بنیادەم ئەو بازنەیەی چەند بەزاندووە و مەوداکانی چەند بەرفرەوان و دوورو درێژو پان و بەرین بوونە , کە لە ھیچ پنت و خاڵێکیدا کۆتاییان نەیێت ؟ بۆیە وای لێھاتووە ئەگەر بنیادەم چارەیەک لە خۆی نەکات و ھەزمی دەرھاوێشتەکانی ئەو زەمەنە نەکات و ئامرازەکانی دەستەبەرنەکات , ئەوە زۆر بە ئاسانی لە زەمەن دادەبڕێت و خۆی لە دواوەی پەیژەکانی شارستانیەت و پێشکەوتندا دەدۆزێتەوە ..
کە لە محەمەد حەسەنێن ھەیکەلی رۆژنامە نووس دەپرسن بەلای تۆوە نابیناکان کێن ؟ ئەو دەڵێت : ئەو نابینایانە ئەو بنیادەمە نەخوێندەوارانەن کە لە زمانی سەردەم ناگەن و ناتوانن ئاوێتەی سەردەم بن , ھەر ئەوەندە لە سنووری ئیقلیمییەتی خۆیاندا ئاودیو بوون دەبن بەو کەسەی بە درێژایی تەمەنییان حەرفێک فێر نەبووبن ..
بیل گیتس – ی خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت –یش دەڵێ من خەڵکیم لە زمانی سەردەم راھێناو تێم گەیاندن کە دنیا گوندێکی چەند گچکەلانەیە , ئەوانەی تا ئێستا لەو ئامرازە رانەھاتوون لە سەردەمە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتی رزگارییان نەبووە , بۆیە ناتوانن ببن بە کەسانی مەدەنی ..
دەبێ پێگەی ھەندێ لە ئێمە مانان لە نێوان ئەو دوو ھاوکێشەیەی محەمەد حەسەنێن ھەیکەل و بیل گیتس لە کوێ دابێت کە
ھەندێ لە ئێمە نازناوی گەورەو زەبەللاحی زانستی و مەعریفی ھەڵدەگرین , کەچی ناتوانین رۆژباشێک لە غەیرە کوردێک بکەین !
کۆمپیۆتەرێکی رەونەقدارمان بۆ دیکۆر لە سەر مێزەکانمان داناوە , کەچی داوا لە منداڵەکانمان دەکەین نامەیەکمان بۆ بنووسن ..