بورھان شێخ ڕەئوف
وا لە کۆتایی دوو مانگ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە پان و بەرینەکانی خەڵکی عێراق کە بە دروشمی ھاتوومەتە سەرشەقام و مافی خۆمم دەوێت نزیک دەبینەوە , بێ ئەوەی ھیچ تروسکاییەک لە ئاسۆەوە دیاربێت بۆ کۆتایی ھاتن بەو بارو دۆخە لە بەر نەمانی متمانەی خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەو تاقم و دەستە تائیفی و میلیشیاویانەی کە ئەوەی لە توانایاندا بێت کردوویانە بۆ \بە فیڕۆدانی سامان و داھاتی وڵات و بەکارھێنانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حزب و میلیشیاتەکانیان .
ئەوەی جاران و ساڵانی پێشوو ڕەوتە تائیفیەکان بەکاریان دەھێنا بۆ خەڵەتاندنی خەڵک و بەلاڕێدا بردنیان بۆ مەبەستە نەگریسەکانی خۆیان , ئەوا ئێستا یەک قروشی قەڵب ناکات , ئێستا ئەم خۆپیشاندانانە بەرگی تائیفیەت و ئتنیکی لە بەر خۆی داماڵی , ھەموو ھەوڵ و بەڵێن و کۆبوونەوەو ڕیفۆرمەکانی دەستەڵاتدارە گەندەڵەکان کە لە ڕوخساردا چاکسازییەو لە ناوەڕۆکدا بە گەندەڵیەکی ڕێکخراوە دەزانن .
ئێستا وەکو ئاژانسەکانی ھەواڵ و میدیاکان تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی کە ھەرچەندە زوو زوو تۆڕی ئەنتەرنێتیشیان لێ دەبڕن چالاکوانانی مەدەنی باسی دەکەن گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان بووەتە تابلۆیەکی مەزن لە ھەموو پارێزگاکانی عێراقدا لەسەر ھاوپشتی و یەکگرتوویی ھەموو چین و توێژەکانی گەل لە بەرامبەر تاقمێکی دزو گەندەڵ کە وەکو خۆپیشاندەرەکان خۆیان دەڵێن , ئێستا ناڕەزایەتیەکان گۆڕاوە بۆ شۆڕشی تشرین و بووەتە مۆدیلێکی نوێ ی خەبات بۆ یەکسانی و داد پەروەری و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و دژی پاشکۆیەتی و وابەستەیی بۆ وڵاتانی تر .
ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەکرێت نەمانی متمانەیە بە ھەموو بەڵێنەکانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق ھەر لە گۆڕینی دەستوورو یاسای نوێ ی ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی نوێ ی ھەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە وەزارەتەکانی حکومەتدا کە ھەموو ئەمانە بە فێڵ و خەڵەتاندنی خۆپیشاندەران دەزانن .
لە ئاوا بارودۆخێکدا چ بکرێت چارەسەر چیە ؟
دەست لە کارکێشانەوەی حکومەت یان کوشت و بڕی خۆپیشاندەران وەکو ئەوەی تا ئێستا باس لە کوژرانی ٨٥٠ کەس دەکرێت و ھەزارانی تر بریندارن ,ھەڵبژاردنی پێشووەختە لە ژێر چاودێری نێوە نەتەوەیی ھەڵوەشانەوەی ھەموو حزب و تاقمە تائیفی تێوە گلاو ەکان بە گەندەڵی و دادگاییی کردنیان و گێڕانەوەی ماڵی گشتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت .
ھەرچەندە تا ئێستا سەرکردەکانی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە کە ناوەڕۆک و دروشمی نیشتمانی مەزنیان ھەڵگرتووەو قوربانیان بۆ داوەو ئامادە نین سازشی لە سەربکەن , ئیتر لە بەر دۆخی ئەمنی بێت کە واش دەخوازێت بۆ ئەوەی بەردەستی میلیشیاکان نەکەون , بەڵام پێویستە نامەو بەڵێن و مەسجی جدی و جێ متمانە بۆ ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بنێرن بە کوردو تورکمان و کریستیان و شیعەو سوونە کە ئەم بزاڤە بزاڤێکی نیشتمانی یە کار بۆ ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دەکات لە پێناو یەکسانی و داد پەروەر ی حکومەتێکی ڕەشید کە ھەموو مافە سەرەتاییەکانی ھاونیشتمانانی عێراق دابین بکات دوور لە ئینیمای تائیفی و نەتەوایەتی , تاوەکو ئەوانیش ببنە پاڵپشتی ئەو بزاڤە .
لە کۆتاییدا
١. ھەر چەند عبدولمھدی بڕیاری دا دەست لەکار بکێشێتەوە , بەڵام پێناچێت ئەم ھەنگاوەی ناوبراو کۆتایی بە گرژی و ناڕەزایەتیەکان بھێنێت , بەڵکو وەکو پیچشتر ئاماژەم پێداوە ئەوەی ئێستا بووەتە خوازیاری سەرەکی ھەموو گۆڕەپانەکان ئەوەیە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی بەڕێوەبردن و دوورخستنەوەی ھەموو ئەو کەس و تاقم و حزبانەی کە بە دۆسیە زەبەلاحەکانی گەندەڵیەوە تێوەگلاون لە کارو چالاکی سیاسی لە عێراقدا ,
٢. کێ ئەو ئازایەتیەی بەردەکەوێت لە عێراقدا بەر لە ڕشتنی زیاتری خوێنی خەڵک بگرێت و زەمینە ساز بکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات و بە کەمترین زیان ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ وڵات , چونکە ھەمووان دانیان بەوە دا ناوە کە گەندەڵی ھەیە نادادپەروەری ھەیە پێشێلکاری گەورە بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی عێراق لە سەرەوە تا خوارەوەی کراوە , تەنانەت ھەندێک لە سەرکردەی میلیشیاو تاقمە چەکدارەکان بە ئاشکراو لە سەر شاشەی تیڤیەکانەوە داوای لێبوردن و بەخشینیان لە خەڵکی وڵات کرد , بەڵام زۆر درەنگ بوو .