ھەموو ساڵێک لەگەڵ ھاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ڕاگەیاندنی بیندراو کێبڕکی لەسەر نیشاندانی بەرنامەی جۆراو جۆر، ھەوڵی تەواویان بۆ ئەوە دەخەنە کار، زۆرترین بینەر لەو مانگەدا بۆ لای شاشەکانیان کەمەندکێش بکەن.
یەکێک لەو کایە ھەرە گرینگانەی بینەر چاوەڕێی دەکات، ھەبوونی بەرھەمێکی درامی تازەیە، دیارە ئەوەشیان لەکۆمەڵگای رۆژھەڵاتی ناڤیندا بووە بە نەریتێکی ساڵانە، بەتایبەتی لەنێو تیڤییە عەرەبیەکان و وڵاتانی دیکەی ئەو دەڤەرە بینەرانی خۆیان لەسەر راھێناوە.
ھەرچەندە من بۆچوونەکانم لەوە کۆناکەمەوە، بەتەنیا لەگەڵ ھاتنی مانگی ڕەمەزاندا ساڵی جارێک لە بیری ھەبوونی درامایەکی کوردیدا بین، بە پێچەوانەوە دراما و فیلم لە ھەموو دنیادا وەک پیشەسازییەکی سپی لێھاتووە، کەچی بەداخەوە ئێمە لەوەشیان ھەر بێ بەرھەمین!. وەک ھەموو ئەو کاڵاو کەلوپەلانەی کە لەوڵاتانی دەوروبەر رۆژانە بۆمان نەیەت، وابزانم بە شێکی زۆرمان بێ نان و چێشت دەمێنینەوە.
ئەو بنێشتەی جاران لەسەر سینییەک لە نێو بازاڕەکاندا بە تۆپەڵی بچووک لە نێو نایلۆنێکی سپی دەستکردی خۆمان لە ژێر ناونیشانی وەرە بۆ بنێشتی کوردی دەفرۆشرا، کە ژنان و خانمان ھەر کاتێک دەکەوتە بەرچاویان بێ یەک و دوو چەند تۆپەڵێکیان دەکڕی، بەڵام ئێستاکە ئەوەشیان گۆڕیوە، لەو ئێرانەی دراوسێمان لەنێو پارچەیەکی بچوکی داخراودا بۆمان دەنێرن و ناوەکەشیان گۆڕیوە لە بنشێشتی کوردیەوە بۆ بنێشتی (وەن)!
ئاخر چۆن سەیر و سەمەرە نییە ئێمە نەخاوەنی بەرھەم نەخاوەنی کاڵای خۆمانین، دەممان کردووەتەوە داوا دەکەین زەردەلوو بێتە گەروو!، ئەوەتا لەبابەتی درامای کوردیشدا ھەر دەبێ چاوەڕێ بین لەدەرەوە بۆمان بێت وەک ھەموو شتەکانی تر!
ئەی ئەو شەپۆلە دراما دۆبلاژ کراوەی ساڵانێکە رووی تێکردووین، پێم ناڵێن لەکامە عەلوەی دراما فرۆشاندا بەسەر ئەو ھەموو تەلەفزیۆنە کوردییە ساغی دەکەنەوە!
لەو سەیر تر ھەیە، لە نێو زیاتر لە (٢٠) کەناڵی ئاسمانی و چەند دەرزەنێک لە تەلەڤزیۆنی لۆکاڵی، تا ئێستا ساڵانە خاوەنی (٢) درامای کوردی نەبین، لەکاتێکدا درامایەک لە تورکیا سانسۆر کراوەو یەکێکی دیکەشیان ھێشتا بەشی دووەمی بەرھەم نەھاتووە، کەچی لێرە بە کوڵاوی بە برژاوی دەرخواردی بینەری کوردی دراوە، لە جیاتی کەناڵە تورکییەکان، کەناڵە کوردییەکانی دەڤەری خۆمان زۆر بەچاکی دەزانن، کەی بەشی دووەمی وێنەی بۆ دەگیرێت و دەزانن ئەکتەرە پاڵەوانەکانی دراماکانی (ئیفی و خەمی ھیجران و حەریمی سوڵتان و کارادای) ئەو جارەیان چیان بەسەر دێت و کامەیان سوپرایزی گەورەی پێیە!
جێگەی نیگەرانییە بۆ ئەو ھەموو ھەوڵ و ماندوو بوونەی ئەو ھونەرمەندانەی کورد، کە ساڵانێک لە ژێر زوڵم و ستەمی دیکاتۆرێکی خوێنمژدا بوون، بەڵام بەرھەممان لە ئێستا زۆرتر و بە بەرەکەتر بوون! ئەو کات کورد خاوەنی یەک کەناڵی چەند کاتژمێری کوردی بوو، کەچی درامای کوردی حاڵی لە ئێستاکەی ئەو ھەموو کەناڵە خۆماڵییە کوردییە باشتر بوو!، پێم ناڵێن ئەو ھەموو کەناڵە ھەواڵییە سیاسیە بۆ تەنیا (٥) پارێزگای کوردستان بەس نییە؟ ئەرێ ئەو ھەموو شەنوکەوەی سەری ھەموو کاتژمێرێک دەبێ چی تێدا بێت ئێمە نەتوانین سەری لێدەر بکەین؟
لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە ھونەرمەندان لە نێو ستۆیۆیەکی تاریک و بە کامێرای رەش و سپی چەندین بەرھەمی شانۆیان بە بەرگێکی درامی ھێنایە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن، ئەی ئەو کاتە بینەری کوردی لە ئێستا زیاتر بەرھەمی پێشکەش نەدەکرا؟ یانی ئەو کاتە سەردەمەکە لە دنیای ئەمڕۆ پێشکەوتوو تر بوو؟!
بەھەرحاڵ، نەبوونی درامای کوردی، کە دەکرێ وەک قەیرانێک باسی لێ بکرێت، بەو ریتمە لەسەرخۆیەی ئێستە ھەیەتی، پێم وانییە بتوانێ ھەنگاوێکی ئەرێنی بھاوێژێت، چونکە بە تەنیا لە رێگەی ئەو چەند بەرھەمە درامییانەی دێتە بوون، پێم وانییە لە بەرانبەر ئەو لێشاوە دراما دۆبلاژکراوانەدا ببین بە خاوەنی بەرھەمی درامی چاک.
ڕەنگە ئەوەی لە ئێستادا بە بۆنەی ھاتنی مانگی رەمەزان وەبیرمان ھاتووەتەوە، کە درامای کوردیمان بۆچی کەمە، لەوانەیە لە داھاتوودا تەنیا وەک یادەوەرییەک باسی بکەین!
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا