دزینی دەمانچەکە
نێچیر دەمێکە بیر لهکوشتنی باوکی ئەکاتەوە، ئەو کاتانەی باوکی دوای گەڕانەوەی لهدوکان دەمانچەکەی بە رووتی لەسەر مێزی تەلەفزیۆنەکە دائەنێت، چەندان جار خهیاڵی ئهوه ئهکات لهپڕ دهست بداته دەمانچەکەو هەموو خێزانەکەی لەسەر مێزی نانخواردن بکوژێت، بەڵام دزینی دەمانچەیەکی تر پلانی ئەم کوشتنە خێراتر ئەکات. وەک سهرچاوهیهکی پۆلیس لەزاری نێچیرەوە گێڕایەوە: ئێوارەیەک پێش ئەم رووداوە، کاتێک نێچیر سواری سەیارەی هاوڕێکەی ئەبێت، کلکی دەمانچەکەی باوکی هاوڕێکەی لهژێر کوشنەکەدا ئەبینێت، بۆ دەستکەوتنی ئەم دەمانچەیەش، بەبیانووی ئەوەی حەزی لهئەزبەریدەو پارەی پێ نییە، هاوڕێکەی دائەبەزێنێت تا ئەزبەریدی بۆ بکڕێت، تا هاوڕێکەی دێتەوە دەمانچەکە ئەدزێتو ئەیکات بە پشتیداو ئەیشارێتەوە.
ماڵەکەى حەمە شاهـ
هەرگیز بەخەیاڵى ئەم باپیرەیەدا نایەت، ماڵەکەی کە جێگای حەوانەوەی کاتیی ئاراس-ی کوڕیو بوکەکەیەتی تا خانووە نوێکەیان لهگەڕەکی کانی سپیکە تەواوبکەن، لەلایەن کوڕەزاکەیەوە ببێتە مەیدانی کارەساتی کۆتایهێنان بە ژیانیان. لەگەڕەکی بەختیاری، کاتێک لەدەرگای ماڵەکەی ئەچیتە ژوورەوە، چاوت ئەچێتە سەر ئەو باخو چیمەنە بچوکەی کە کەوتۆتە دەستە چەپەوە، دواتریش ئەچێتە بەردەم ئەو مەدخەلەی کە ئەتباتە سەر ژوورێکی میوان. لەدەستە راستی دەرەوەی دەرگای مەدخەلەکەوە کۆڵانێکی بچکۆلەی چەند مەتری هەیەو بەدەستە چەپدا ئەتباتە سەر ئەو ژووری نووستنەی کە وەک ژووری دانیشتن بەکاردێتو تاوانی کوشتنەکەی تیادا ئەنجامدراوە، چێشتخانەکەش کەوتۆتە دەستە چەپی ئەو ژوورەوە.
رۆژى روداوەکە سەعات چواری پاش نیوەڕۆ
کاتێک نێچیر داوا لهخوشکە بچوکەکەی ئەکات کە لهتەنیشت “شیلان”ی دایکیدا لهژووری دانیشتنەکە دانیشتووە، بچێت لهدوکانەکەی تەنیشتیان فستقی بۆ بکڕێت، بەڵام “سۆزیار”ی خوشکی داواکهی به گوێ ناکاتو لهتهنیشت دایکیدا ههڵناستێت. نێچیر هەوڵی ئەوە ئەدات هەرچۆنێک بێت خوشکەکهی دووربخاتەوە، دووبارە داوایەکی تری لێ ئەکات شتێکی لهسەربان بۆ بێنێت، بەڵام ئەمجارەشیان بەگوێی ناکات. نێچیر وەک لهلێکۆڵینەوەکەدا هێمای بۆ کردووە: ئەچێتە تهوالێتەکەو شانەی دەمانچەکە دەرئەهێنێتو ئەیخاتە سەرپێو دەیچرکێنێت، دوای ئەوەی کە تەواو دڵنیائەبێت لهکارکردنی دەمانچەکە، شانەکەی تێ ئەکاتەوەو ئەیهێنێتەوه سەرپێ، ئەو کاتەی نێچیر ئەگاتە بەردەم دەرگای ژووری دانیشتنەکە، گوێی لهدەنگی ئهو قورئانه ئهبێت که لهتهلهفزیۆنهکهوه بڵاوئهبێتهوه. لەبەردەمی دەرگاکەدا ئەوەستێت، بەهەردوو دەست توند دەمانچەکە ئەگرێتو تەقە لهخوشکەکەیو دایکی ئەکات. نێچیر لهگێڕانهوهکهیدا وتویهتی: “نەمئەزانی فیشەکەکان بەرکوێیان ئەکەوێت، تەنها ئەمویست چەندە ئەتوانم تەقەیان لێ بکەم”. بەپێی سەرچاوەکە چوار فیشەک بەر سۆزیاری خوشکی ئەکەوێت کە یەکێک لهفیشەکەکان بەر لەپی دەستی کەوتووەو کوناودەربووە، دیارە ویستویهتی لەوکاتەدا بیخاتە بەرچاویو خۆی لهگوللەکان بپارێزێت. سێ فیشەکیش بەر دایکی کەوتووە، هەردووکیان لەویادا دەمودەست گیانیان دەرئەچێت.
دوای ئەوە نێچیر ئەچێت باوەش بە خوشکەکەیدا ئەکاتو هەڵیئەگرێتو ئەیخاتە سەر ئەو جێگا راخراوەی ژووری نوستنەکە کە هەمیشە بۆ میوانە ناوهختهکانیان لهویادا دایان نابوو، لەبەر قورسی دایکی بۆ هەڵناگیرێتو ناچار بەدەست رایئەکێشێت بۆ سەر هەمان ئەو جێگایەی خوشکەکەی لەسەر داناوە، پاشان دایان ئەپۆشێتو دەرگایان لێ دائەخات.
کاتێک کە ئەچێتەوە ژووری دانیشتنەکەو ئەزانێت خوێنی پیا رژاوی سەر قەنەفەکەی بۆ پاکناکرێتەوە، ئەچێت هەندێک نوێنی لەسەر دائەنێت، نێچیر وەک تەبیعەتی زیتو شپرزەی خۆی بەپەله بەو پەڕۆو خاولیانەی بەردەستی ئەکەون، ئەکەوێتە سڕینی خوێنی سەر زەوییەکە، دوای پاکردنەوەی زەوییەکە، چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکی ئەکات بۆ ماڵەوە.
سەعات شەشو نیوى دوا نیوەڕۆ
باوکی نێچیر لهدەرگای دەرەوە دێتە ژوورەوە، بەدەستە راستدا ئەڕواتو سەرئەکەوێت بۆ بەردەرگای ئەو راڕەوەی ئەکەوێتە نێوان ژووری دانیشتنو نووستنەکە، لەگەڵ چوونە ژوورەوەیدا نێچیر ئەکەوێته تەقەکردن لێی. نێچیر لهلێکۆڵینەوەکەیدا وتوێتی “چوار فیشەکم بەباوکمەوە نا، بەڵام هەر نەئەکەوتو بەماڵەکەدا رای ئەکردو جرتوفرتی بوو، تا دواتر لهچێشتخانەکەدا پەکی کەوتو لهجێگاکهی خۆیدا راکشا”، لەو راکردنو حاڵەتە چاوەڕوان نەکراوەدا باوکی نێچیر دەمانچەکەی خۆی لێ ئەکەوێت. دوای ئەوەی دەمانچەکەی دەستی نێچیر ناچرکێو فیشەکی تیانامێنێت، دەمانچەکەی باوکی لەسەر ئەرزەکە هەڵئەگرێتەوەو ئەیهێنێتە سەرپێ. وەک لهگێڕانەوەکاندا دەرکەوتووە، لەوکاتەدا گفتوگۆ لهنێوان باوکو کوڕدا دروستئەبێت.
ئاراس داوا لهکوڕەکەی ئەکات نەیکوژێتو بێتە پاڵییەوە تا ناوی ئەو کەسانەی پێبڵێت کە پارەی لایانە، تا دوای مردنی خۆی، ئهو لێیان وەربگرێتەوە، “دیارە ئاراس ئەمە وەک دواهەمین هەلێک بەکاردەهێنێت تا دەمانچەکە لهدەستی کوڕەکەی بسەنێت”، نێچیر بە ئاراسی وتووە “تۆ باوکێکی زۆر خراپ بوویت لەگەڵما، لەبیرتە چۆن بە کلکی دەمانچە ئەتکێشا بە دەمما، لەبیرتە هەرچییەکم ئەوت، پێت ئەوتم تۆ زیادەی لەم ماڵەدا، تۆ زۆر زوڵمت لێ کردم، هەر ئێستا هەقی هەموو ئەو شتانەت لێ ئەکەمەوە…” هەموو ئەم قسانە نێچیر ئەیانگێڕێتەوە. باوکەکە لەویادا داوای لێبوردنی لهکوڕەکەی کردووەو پێوتووە نەیکوژێت. لەو ماوەیەدا چەند قسەى تر کرابێت لهنێوان ئەو کوڕو باوکەدا تەنها نێچیر دەزانێت، ئەگەر بێتو رۆژێک لهڕۆژان جارێکی تر لهیادەوەری ئەودا سەرلەنوێ زیندوو بێتەوەو بۆمان بگێڕێتەوە، ئەوسا ئەزانین دواهەمین گفتوگۆی ئەم کوڕو باوکە چۆن بووه. لهکۆتایدا نێچیر ناتوانێت رووبەڕوو سەیری چاوی باوکی بکات، ئەچێتە پشتیەوەو لولەی دەمانچەکە نزیک سەری باوکی ئەکاتەوەو لەلاوە دوا فیشەک ئەنێت بەسەری باوکییەوە. کلیلی ئۆتۆمبێلەکەی باوکیو مۆبیلەکەی لهگیرفانی پانتۆڵەکەی باوکیدا دەرئەهێنێت. جەستە ساردبووەکەشی رائەکێشێتو ئەیخاتە لای دوو لاشەکەی ترو دایان ئەپۆشێت، نێچیر لەویادا بیر لەوە ئەکاتەوە بۆ ئەوەی لاشەکان بۆن نەکەنو باپیرەی شەوێ کە گەڕایەوە بەم کارە نەزانێت، سپلیتەکە ئەخاتە سەر ٢٤ نمرەی ساردیو بۆ دواهەمین جار لههەموو ژیانی خۆیدا دەرگا لههەرسێکیان دائەخات.
نێچیر ئەگێڕێتەوەو ئەڵێت “بۆئەوەی دراوسێکانمان بەم کارە نەزانن، چومە باخەکەو بە دەنگی بەرز وتم “شیلان سۆندەکە بخەمە سەر موبەریدەکە؟”، دوای ئەوەی دڵنیائەبێت کە دەرو دراوسێ بە کارەکەیان نەزانیوە، بەپەله سۆندەیەک لهبەلوعەی تەنکییەکە ئەبەستێتو ئەکەوێتە شۆردنی خوێنە رژاوەکەی باوکی لەناو مەتبەخەکەدا، لێرەوە خەیاڵی خۆدەربازکردنو خۆشاردنەوە لەم تاوانەی کە کردوێتی لهبیریدا زیاتر ئەبێت، بەتایبەت کاتێک کە زەنگی تەلەفونەکەی باوکی لێ ئەدات، هەمان ئەو هاوڕێ نزیکەی باوکیەتی کە زۆرینەی ئێواران لەو کاتانەدا پەیوەندی پێوە ئەکات، هەر کاتێکیش کە پەیوەندی بە باوکییەوە کردووەو وەڵامی نەداوەتەوە، تەلەفونی بۆ نێچیر کردووە بۆ هەواڵ پرسینی باوکی، نێچیر دوای ئەوەی ئەزانێت کەمێکی تر هاوڕێکەی باوکی تەلەفون بۆ ئەویش ئەکات، خۆی ئامادە ئەکات کە چی پێبڵێت، زەنگی تەلەفونەکەی نێچیر لێئەدات، هاوڕێکەی باوکییەتیو هەواڵی ئاراسی باوکی لێ ئەپرسێت. نێچیر لهترسی ئەوەی نەبادا هاوڕێکەی باوکی لەو نزیکانە بێتو سەیارەکەی باوکی لەبەردەرگا ببینێتو لەناکاو خۆی بکات بە ژووردا، پێی ئەڵێت “باوکم سەیارەکەی غەسل کردووە، بۆ ئەوەی پیس نەبێتەوە بە تەکسی چووە بۆ سەر خانووەکەمان لهکانی سپیکە”، لێرەدا گفتوگۆ تەلەفونیەکە تەواوئەبێت.
ئەو کاتەی کە نێچیر خەریکی شۆردنی خوێنەکەی باوکی ئەبێت، گوێی لهزڕەی ئەو قاوغە فیشەکانە ئەبێت کە بەدەم خوڕەی ئاوەکەوە ئەڕۆن، لەویادا چەند فریا بکەوێت لهقاوغە فیشەکەکان هەڵئەگرێتەوەو ئەیانخاتە گیرفانی.
ئەوکاتەی نێچیر هەموو دەرگاکانی ماڵەکە دائەخات، خوێنی هەر سێ قوربانییەکە تێکهڵ ئهبنو لەژێر دەرگاکەوە جۆگهله ئهبهستن. نێچیر بۆ دواهەمین جار ماڵی باوکی بەجێدێڵێت، تائێستا ئهوه روون نییه که ئایا نێچیر بیر لهوه ئهکاتهوه دوو دهبه بهنزین بکڕێت، یان دوای بهجێهێشتنی ماڵهوه چووه کڕیویهتیو ئامادهی کردووه تا نیوه شهو لاشهکان بهرێت بۆ خێوهته بیانسوتێنێت، بهڵام ئهوه روونه لهدوای بهجێهێشتنی ماڵی باوکی بۆ دواجار ئهچێت به دوای دوو هارێیداو لهگهڵیان ئهچێت بۆ ههمان ئهو کافتریایهی که راهاتوون نێرگهلهی لێ بکێشن.
نزیکی سەعات دەو نیوی شەو باپیرەی دێتەوە بۆ ماڵەوە، کاتێک ئەبینێت هەموو دەرگاکان داخراونو کەس لهماڵ نییە، کاتێکیش لەبەردەرگای بەر راڕەوەکەدا هەندێک دڵۆپە خوێن ئەبینێت، تەلەفون بۆ پۆلیسی فریاکهوتن ئەکات، لەتەلەفونەکەشدا ئەڵێت “ئەترسم کوڕەزاکەم کوڕەکەمی کوشتبێت!”، ئەم رمڵ لێدانە ئەبێتە هۆی ئەوەی شک بکرێتە سەر باپیرەکەشیو بۆ ماوهی چهند کاتژمێرێک دهستبهسهر دهکرێت.
کاتێک پۆلیس ئەچنە ماڵەکەوەو ئەنجامی کارەساتەکە ئەبینن، زۆرینەی بەرپرسانی پۆلیسی شار دێنه سهر شوێنی رووداوهکه، دیاره لهڕووداوی وادا ئهبێت حاکمی ئێشکگر خۆی لهشوێنی رووداوهکه ئامادهبێت، بهڵام دوای سێ جار تهلهفونکردنیش بۆی، نایهته شوێنی رووداوهکهو هۆی نههاتنهکهی هێشتا روون نییه.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نێچیر ترسی ئەوەی لێ ئەنیشێت بەنهێنی کارەکەی بزانرێت. وەک لهلێکۆڵینەوهکەدا هاتووە، نێچیر لەویادا هەست بە تەنهایی خۆی ئەکاتو لەگەڵ خۆی ئەدوێتو ئەڵێت: “خوایە، ئاخر چۆن ئەبێت من کەسێک نەبێت بڕوای پێبکەمو داوای یارمەتی لێبکهم بۆ رزگاربوون لهم سێ تهرمه”. دواتریش شهوێ هەندێک لهدراوسێکان بە پۆلیسیان راگەیاندووە نێچیر شەو درەنگ چەند جارێک بە خێرایی بە ئۆتۆمبیلەکەی باوکی بەو کۆڵانانەدا هاتووە، مەفرەزەکانی پۆلیس تا نزیکی بەرەبەیان لەو ناوەدا ئەبن تا نێچیر بێتەوەو دەستگیری بکەن. بە یارمەتی خاڵی نێچیر، مەفرەزەیەک لهپۆلیس ئەچنە ماڵە تەواونەبووەکەی ئاراس لهگەڕەکی کانی سپیکە، بەڵام کەس لەوێ نابینن. ههردوای رۆیشتنی ئهوان بە نیو سەعات نێچیر ئەچێت بۆ ئەوێ، مەفرەزەیەک لهئاسایش سەیارەکەی ئاراس کە بەدەستی نێچیرەوە ئەبێت ئەبینن کە بەخێرایی بەو ناوەدا ئەڕوات، کاتێک ئەچنە سەر سەیارەکە لەبەردەم ماڵەکەدا وەستاوەو نێچیری تیا نییە، دواتر نێچیر وای ئهگێڕێتهوه که ئەو کاتەی مەفرەزە ئاسایشەکە جامی سەیارەکە ئەشکێننو دەمانچەکە لەسەر کوشنی سەیارەکە هەڵئەگرن، ئەو لهقاتی خوارەوەی بیناکەوە ئەیانبینێت. لێرەدا نێچیر بهتهواوهتی هیوا بڕاو ئهبێت لهوهی که ناتوانێت لهدهستی پۆلیس رزگاری ببێت، خۆی بە پێی خۆی دوای سەعات سێی بەرەبەیان ئەچێت بۆ بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسو وەک بکوژێکی ئەو کارەساتە خۆی تەسلیم ئەکات.
نێچیر لهبهندیخانه
لێرەوە سەرجەم گێڕانەوەکان لەسەر نێچیرو رووداوەکە ئەکەوێتە گۆشەنیگایەکی جیاوازترەوە لەوەی تائێستا باسکراوە. ئێمە نێچیرمان لهژورێکی تایبەت لهبەندیخانەی “گواستنەوە” بینی، سیمای نێچیر هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئێمهدا نەبوو، دڵنیاشم هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تۆدا نییە کە ئێستا ئەم چیرۆکە ئەخوێنیتەوە. نێچیر کوڕێکی هەڤدەساڵی جوانکیلەی نیمچە ئەسمەری چەناگە چاڵە، سەرەتا نەی ئەویست لەگەڵماندا هیچ گفتوگۆیەک بکات، کە پێمان وت ئێمە لهڕۆژنامەی ئاوێنەوە هاتووینو ئەمانەوێت گفتوگۆیەکی لەگەڵدا بکەین، ئەو ئەیووت؛ زۆرینەی ئەو بابەتانەی لەسەر نووسراوە لهڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییەکاندا درۆیەو راستییەکان وانین، دوای هێمنکردنەوەیو زیاتر خۆپێناساندنی خۆمان، ئەویش لەگەڵ ئێمەدا هێمن بووەوە. سەرەتا پێی وتین “من قەت خراپەم بۆ کەس نەبووە، زەرەرم بۆ کەس نەبووە، من کاتێک دڵڕەقیم نواندووە کە زۆر دڵڕەقییان بەرامبەر کردووم، من ئەو کەسە نیم کە ئێستا لهدەرەوە باسم ئەکەن”، لەسەرەتای قسەکانیدا زۆر توڕەبوو لهمیدیای کوردی، توڕەبوو لهبڵاوکردنەوەی وێنەکەی لهتەلەفزیۆنی نالیاوە، ئەیووت؛ ئەگەر ئاوا بە درۆ ژیانی منو بەسەرهاتەکەم بگێڕنەوە، لهداخا خۆم ئەکوژم. “ئەوسا دەشنووسم لهداخی میدیای کوردی خۆم کوشت”.
وەک نێچیر خۆی ئەڵێت، لەو کاتەوەی گواستراوەتەوە بۆ ئەم بەندیخانەیە، شەوانە خەونی کورت ئەبینێت، هاوڕێکانی ژوورەکەی پێێ ئەڵێن کە ئەخەویت چاوت هەر کراوەیە، نێچیر خەو بە رۆژگارە بەسەرچووەکانەوە ئەبینێت کە لەگەڵ دایکو باوکو خوشکەکەیدا بووە، ئەو ئەڵێت؛ خەونەکانم، کورتن، خوارن، زۆر زوو نامێننو تەواوئەبن. ئەیەوێت ئەو خەونانەی درێژتربن کە لەگەڵ خوشکە بچوکەکەیدا یاری ئەکەن. کە لهخەوەکانی رائەچڵەکێتو ئەبینێت هەموو هاوڕێ زیندانییەکانی نووستوون، هەست بە تەنهایی ئەکاتو دەست ئەکات بە گریان، جارانیش هەروابووە وەک خۆی دەڵێت “شەوانە بۆ تەنهایی خۆم ئهگریام، ئەو کاتانەی کە بێزاریان ئەکردم”. لێمان پرسی بیر لهچ وێنەیەکی خوشکەکەت ئەکەیتەوە؟ توێژاڵێک فرمێسک لهچاویا قەتیس ئەبێتو ئەڵێت “ئەو کاتەی فیشەکەکەم پێوەنا، دەمی داپچڕیو فریای هیچ قسەیەک نەکەوت، تەنانەت دایکیشم هیچی نەووت”. کەمێک لێوی کەوتە لەرزین، چاوە زیتەکانی روو لهناو خۆی بوو نەک لهئێمە. ئەو لهباسکردنی رۆژی رووداوەکە بە هێمنی قسەکانی بۆ کردین، جار جار لهژوورەکەدا هەڵئەستایە سەرپێو تەمسیلی دیمەنەکانی بۆ ئەکردین، ئەو وتی “ئەو رۆژە باوکم بە تەلەفوون هەڕەشەی لێکردمو پێێ وتم؛ ئەمڕۆ چوونە دەرەوە نییە مۆبایلیش نییەو هەر ئەبێت لهماڵ بیت. دایکیشم هەر هاتوهاواری بوو لەگەڵما. هەروەها پێشی وتم؛ بێمەوە بۆ ماڵەوە وەک ئەو باوکەی دوو فیشەکی نابوو بە دەمی کوڕەکەیەوە، ئاوا منیش دوو فیشەکت پێوە ئەنێم بەگوێم نەکەیت، دوای تەلەفوونەکەی باوکم، دایکیشم کەوتە قسەوتن پێم”.
دوو رۆژ پێش رووداوەکە نێچیر زۆر شپرزەبووە، هەستی بەتەنهاییەکی قوڵ کردووە، چەندان جار بەتەنها گریاوە، باوەڕی بە هیچ هاوڕێیەکی نەبووە، تەنانەت کەسە نزیکەکانیشی، بۆیە هیچ کات نهێنییەکانی ژیانی لای کەس نەدرکاندووە. کە پرسیمان بۆ؟ ئەو وتی: حەزم نەکردووە کێشەی ماڵەوەو دڵڕەقی باوکم لای کوڕانی تر باسبکەم، کە ئەوان خۆیان لهژیانێکی خۆشو ئارامدابوون لەگەڵ دایکو باوکیاندا.
دەستکەوتنی دەمانچەکەی رۆژی پێش رووداوەکە بەتەواوەتی خەیاڵی داگیرئەکاتو تاڕادەیەکیش دڵخۆشی ئەکات. ئەڵێت “ئەو رۆژە بەرچاوم رەش بوو، مێشکم زۆر وروژابوو، هەستم ئەکرد لهناو سەرما جادەیەک هەیەو پەنجا سەیارە پێکەوە پیایدا ئەڕۆنو دێن. دەمانچەکەم گرت بەدەستمەوەو روومکردە دایکمو خوشکەکەم، بەسەلییە فیشەکم ئەتەقاند، لهچواردە فیشەکی دەمانچەکە تەنها سێ فیشەکی مایەوە”.
لەکاتی ئەم گێڕانەوەیەدا نێچیر هەستایە سەرپێو کۆنترۆڵی تەلەفزیۆنەکەی سەر قەنەفەی ژوورەکەی هەڵگرتو وەک دەمانچەیەک کردی بە لاقەدیدا، وتی؛ کاتێک باوکم هاتەوە، جانتای حەمامەکەیو زەرفێکی پێبوو، هاتە بەردەمی دەرگاکەو سەرو حەج سێ فیشەکم پێوەناو دەمانچەکەم فیشەکی تیا نەما؛ نێچیر لەویادا تەمسیلی باوکی بۆ کردین کە چۆن لهجێگاکەی خۆیدا دائەنیشێتو ملی شۆڕ ئەبێتەوە، دوای سەرهەڵبڕینی ئەیەوێت بە قنگەخشکێ بچێتە دەرەوە، نێچیر دەستی باوکی رائەکێشێتو ئەیهێنێتە ژوورەوە. پاشان دەمانچەکەی خۆی جێ دێڵێتو دەمانچەکەی باوکی کە لەو کاتەدا ئەکەوێت، هەڵئەگرێتەوە. پاشان باوکی دەمانچەکەی نێچیر هەڵئەگرێتەوەو ئەیچرکێنێت، لەویادا نێچیر رائەکات، ئەو وتی “من لەویادا ترسامو خۆم شاردەوە، بەڵام کە بیرم کردەوە فیشەکی تیا نییە گەڕامەوە”. بۆ ترسایت کە ئەتزانی فیشەکی تیا نییە؟ “من زۆر لهباوکم ئەترسام، چەندان جار لولەی دەمانچەی خستۆتە دەممەوە، چەقۆی خستۆتە سەر ملم”.
ماوەی چلو پێنج دەقە ئەم باوکو کوڕە لەگەڵ یەکتریدا قسەیان کردووە. نێچیر لهکاتی ئەم گێڕانەوانەدا ئەگریا، بزەیەکی نائاسایی ئەیگرت، شپرزە بە ژوورەکەدا ئەهاتو ئەچوو. “من لەویادا وەک شەپۆلی دەریایەک وابووم، دەستم رائەگرت تا فیشەکێک بنێم بە باوکمەوەو بیکوژم، بەڵام دەستم دائەنەواندەوە، بەردەوام من وام لێئەهات، کە بیرم ئەکەوتەوە ئەو باوکمە، دەستم شل ئەبوو، کە بیریشم ئەکەوتەوە کە ئەو چەندە دڵڕەقبووە بەرامبەرم، ئەمویست بیکوژم”. نێچیر لهدرێژەی قسەکانیدا وتیشی “سەعات شەشو چارەک، فیشەکێکی ترم پێوەنا، سەرباری ئەوەی بەردەوام قسەمان ئەکرد. دەموچاوی باوکمم شۆردو کەمێک ئاوم کرد بە دەمییەوە. پرسیاری ئەوەی لێ کردم کە ئەوانیشم کوشتووە، وتم “کوشتوومن”. ئەوکاتەی کە باسی جێبەجێنەکردنی دواهەمین داوای باوکی کرد، دایە پڕمەی گریان، “با بۆ دواجار دایکتو خوشکەکەت ببینمو ماچیان بکەم، من وتم نا، چونکە دڵم نەئەهات باوکم لەوە زیاتر خەفەت بخوات”. دوای ژیربوونەوەی نێچیر لهگریان وتی: “خۆزگە من باوکم نەکوشتایەو ئەو منی بکوشتایە، سودی چییە، چونکە قسەکانی ئێستاش لهمێشکمدا دەنگ ئەداتەوە”. من بە باوکم ئەوت؛ بابە هەستناکەیت کە تۆ زۆر زوڵمت بەرامبەر من کردووە لهژیاندا، باوکم ئەیووت زۆریش.
سەعات شەشو بیست دەقە نێچیر دوابڕیاری خۆی ئەدات، ناتوانێت سەیری دەموچاوە خوێناویو سیما پڕ لهپاڕانەوەکەی باوکی بکات، ئەچێتە پشتیەوەو دواهەمین فیشەک ئەنێت بەسەری باوکییەوە. “ئەو کاتەی کە ماڵەوەم بەجێهێشتو سواری سەیارەکەی باوکم بووم، لهخۆشیدا خستمە سەر گۆرانییەکی هەڵپەڕکێو دەستم کرد بە چەپڵە لێدان، پێئەکەنیمو لهپڕیشدا ئەمدایە پڕمەی گریان”. کاتێک نێچیر ئەم رووداوەمان بۆ ئەگێڕێتەوە، ئەگریو ئێمەش لەگەڵ خۆیدا ئەخاتە گریان، زۆرنابا هەموومان ژیر ئەبینەوە. ئەو زۆر زیتانە ئەڵێت با رووداوەکەتان وەک خۆی بۆ بگێڕمەوە، با یەک یەک بە مانشێتی گەورە لهڕۆژنامەکەدا دابەزێت، من قەت حەزناکەم درۆ بکەم. کاتێک ماڵی خۆمانم بە جێهێشتو چووم بۆ قاوەخانەی “لیالی لوبنان”و لەوێ نێرگەلەیەکیشم کێشاو هاوڕێیەکیشم گەیاندە ماڵەوەیان. زۆر لەوێ نەمامەوەو هاتمەوە بۆ ماڵی خۆمان، کە نزیک بوومەوە زانیم پۆلیس گەیشتوونەتە ماڵەوەو کەشفبووم. چووم بۆ ماڵە تازەکەمان لهکانی سپیکە، کە نزیکبوومەوە مێک زەمینییەک بە خێرایی بەلامدا تێپەڕی، بەڵام ئاگام لێ بوو لهئاوێنەکەوە پێچی کردەوەو دوام کەوت. من خێرا چوومە کۆڵانێکەوە کە جادەکەی گڵ بوو، من مێشکم هێندە بەباشی لەویادا کاری ئەکرد، نەمویست بە خێرایی بە کۆڵانەکەدا بڕۆم بۆ ئەوەی خۆڵ لەئەرزەکە هەڵنەستێنمو پێمبزانن، بە سوکی رۆیشتمو نزیک بە ماڵی خۆمان رامگرت. ئاگام لێبوو ئاسایشەکان لەدەرگای ماڵەکانیان ئەداو پرسیاری ئەوەیان لێ ئەکردن ئەو سەیارە هی کێیە؟ خۆم هەڵدایە ماڵێکەوە، خۆم کرد بە کولانەیەکی مریشکدا، کەڵەشێرێکی لێبوو، زانیم ئەو کەڵەشێرە کەشفم ئەکات زوو ئەوێشم بەجێهێشت، لەوکاتەدا پێیان زانیمو نزیکەی چل پەنجا فیشەکێکیان بەسەرمدا تەقاند، من لەویادا هەم ئەترسامو هەم هەستم ئەکرد یەکێکم لهپاڵەوانی فیلمەکان، من دەمانچەکەش بەدەستمەوە بوو، بەڵام نەمئەویست تەقەیان لێبکەمو کەسیان بریندار بکەم، رامکردو چوومە ناو تهوالێتی ماڵێکەوە، بە خۆڵ نیشتنی ناو تهوالێتەکەدا زانیم ئەم شوێنە بەکارناهێننو کەسی تێ نایەت. من گوێم لهدەنگی ئاسایشەکان بوو، بەڵام ئەوان منیان نەدۆزییەوە، دواتر هەر بەپێ لەوێوە بەخۆمو دەمانچەکەمەوە گەڕامەوە، لەڕێگا ئەگریامو هاوارم ئەکردو ئەترسام، تەنانەت لەپڕ سەگێک پێموەڕی راچڵەکیم، کە دواتر زانیم سەگە کەوتمە پێکەنین، بڕیارمدا خۆم تەسلیمی پۆلیس بکەم. نێچیر پەنجا مەترێکی ئەمێنێت بۆ بەڕێوهبهرایەتی پۆلیسخانەی گشتی، لهدوورەوە هاوارئەکات کە خۆی تەسلیم ئەکات، دەمانچەکە دائەنێتو وەک خۆی ئەڵێت وەک فیلمەکان دەستم هەڵبڕیو خۆمدا بەئەرزا وەک ئەمەریکییەکان، خۆم تەسلیمی پۆلیسەکەی بەردەرگا کرد. نێچیر زۆر سوپاسگوزاری رەفتاری پۆلیسەکانە، بە ئێمە ئەڵێت؛ سوپاسی منیان پێ بگەیەنن، خۆزگە هەموو ئاسایشو پۆلیسەکانی تر وەک ئەوان ئەبوون، ناوی تەنها یەکێکیانم لەبیرە “دابان” زۆر سوپاسیان ئەکەم.
نێچیر لەپڕ ئەوەستێتو پرسیارێکی ئێمە ئەیهێنێتەوە ناو ژوورەکە، بیری باوکت ناکەیت؟ “تەنها یەکجار لههەموو ژیانمدا هەستم بە سۆزی باوکم کرد، ساڵی پار مانگی دوو بوو، دوای ئەوەی زۆر عەزیەتی دام هاتو باوەشی پیاکردمو ئاشتی کردمەوە، من زۆر گریام لەباوەشی باوکمدا، چونکە تەنها جارێک بوو لهژیانمدا هەست بە بوونی باوکم بکەم”. نێچیر ئەگریو روو لهئێمە ئەکاتو بەدەم هەنسکەوە ئەڵێت “هەموو ئەوانەی کە لەدەرەوە وەک دڕندەیەک باسم ئەکەن، هەموو ئەو دایکو باوکانەی کە هەن پێیان ئەڵێم، من لەبری هەموو خێزانەکان بووم بە قوربانیی، با دایکو باوکەکان منداڵەکانی خۆیان خۆشبوێت، وانەزانن کچو کوڕەکانیان هیچ نازاننو غەشیمن”، هەنسکەکان ئەخاتەوە ناو گەروویو بەردەوام ئەبێت لهقسەکردن بۆمان “داوا لهحکومەت ئەکەم، دەزگایەک بۆ ئەو منداڵانە بکاتەوە کە دایکو باوکیان خراپن لەگەڵیاندا بۆ ئەوەی وەک منیان لێ نەیەت”. نێچیر دەست ئەکاتەوە بە گریان “من هەندێک جار بۆ مێروولەیەک ئەگریم، پەشیمانم لەوەی کردوومە، راستە خراپبوون لەگەڵما، من تازە کەسم نەماوە، کەس منی ناوێت، تازە بشچمە دەرەوە چ سودێکی هەیە، حەز ئەکەم بچمە سەر قەبری باکو دایکو خوشکەکەم”.
ئێمە لەویادا ئەیوەستێنینو دواهەمین پرسیاری خۆمانی لێ ئەکەین: نێچیر- گەر ئێستا چاوت بنوقێنیت، لەپڕ باوکتو دایکتو خوشکەکەت بێنە بەردەمت بە زیندوویی چیان پێ ئەڵێیت؟
بەدەم گریانەوە ئەڵێت، بە باوکم ئەڵێم “خۆزگە تۆ ژیانی منت تێکنەئەدا تا منیش ژیانی تۆم تێکنەدایە. بە دایکم ئەڵێم: خۆشمەوێیت. توند توندیش باوەش بە خوشکەکەشما ئەکەمو تا ئەتوانم ماچی ئەکەم”.
تێبینی
ئهو مێرد منداڵه كه هێشتا دۆسیهكهی لهقۆناغی لێكۆڵینهوهدایهو لهڕووی دهرونیهوه خۆی وتهنی هێشتا ئارام نهبووهتهوه، بهڵام تاوهكو ئامادهكردنی ئهم راپۆرتهو تێپهڕینی پێنج رۆژ بهسهر روداوهكهدا، ئهو مێردمنداڵه پیشانی دكتۆرێكی پسپۆڕی دهرونی نهدراوه، ههروهها هێشتا لهگرتوخانهی گواستنهوهیه، كه ئهو تهمهنی 17 ساڵه، وێڕای ئهوهش نێچیر باس لهوه دهكات كه قاعهكهی خهڵكی زۆر باشنو بهخۆیهوه 17 كهسی تیایه. ئهو بهندیه باس لهوهش دهكات كه پارێزهری نهبووه لهكاتی لێكۆڵینهوهدا.
ئهمهی ئێمهش وهك رۆژنامهی ئاوێنه گێڕاومانهتهوه، قسهی سهرزمانی نێچیر خۆیهتیو وهك خۆی بڵاومان كردووهتهوه، ئهكرێت بهشێكی راستیهكان بێت، یاخود پێچهوانهكهی، بهشێكی تری ئهو راستیانه لهلای دایكو باوكو خوشكهكهیهتی كه بهداخهوه، بردیانه ژێر گڵهوه.