مەنسوور جیهانی ـ ماڵپەڕیی سینەمایی “نێت فلیکس” بۆ یەکەمین جار، فیلمی سینەماکارێکی کوردیی بە پێی گرێبەستێک مافی بڵاوکردنەوەی جیهانی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە درەهێنانی “بەهمەن قوبادی” کڕیی.
ئەوە بۆ یەکەمین جارە کە “نێت فلیکس” ماڵپەڕیی ناوداریی ئەمەریکی بەرهەمی سینەماکارێکی کورد بکڕێت و لە ئاستی دنیادا بڵاویی بکاتەوە، کە ئەوەش لە ڕێگای بەرهەمێکی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی”یە و کڕینی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لەو ئاستەدا شانازییەکە بۆ نەتەوەی کورد و سینەمای کوردستان.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season لە درەهێنانی “بەهمەن قوبادی” و بە ڕۆڵ بینینی “بێهرووز وسووقی” Behrouz Vossoughi ئەفسانەی سینەمای ئێران، “مۆنیکا بلووچی” Monica Bellucci ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیهان، چەندین ئەکتەری بەناوبانگی سینەمای تورکیا، لەوانە: “یەڵماز ئەردوگان” Yılmaz Erdoğan، “بئلجیم بێلگین” Belçim Bilgin، “بێن سات” Beren Saat، “ئاڕش لەباف” Arash Labaf گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی و بە بەڕێوەبەریی وینەگرتنی “توورەج ئەسڵانی” وێنەگریی ئەزموونخوازیی سینەمای ئێران و کوردستان؛ دوای نمایش لەسەر پەردەی سینەماکانی جیهان و بەشداریی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی دنیادا و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتی، بەم دوایانە بە پێی گرێبەستێک لە لایەن ماڵپەڕیی سینەمایی “نێت فلیکس” Netflix مافی بڵاوکردنەوەی جیهانی کڕدرا و هۆگرانی هونەریی سینەما لە سەرتاسەری جیهان، دەتوانن لە ڕێگای ماڵپەڕیی ئەنتەڕنێتی زەبەلاحی مەزنی دنیای سینەما ئەم بەرهەمە ببیین.
“وەرزی کەرکەدەن” پێنجەمین بەرهەمی “بەهمەن قوبادی” کە لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی “وایلد بانچ” Wild Bunch لە ئاستی جیهاندا بڵاوکراوەتەوە، تا ئێستا لە فیستیڤاڵی گرینگی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی نمایشکراوە، لەوانە: بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سان سباستییەن” لە وڵاتی ئیسپانیا، بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆرێنتۆ” لە وڵاتی کەنەدا، چل و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕۆتێردام” لە وڵاتی هۆڵەندا، چل و هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کارلۆڤی ڤاری” لە وڵاتی کۆماری چیک، سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئسپۆلێتۆ” Spoleto لە وڵاتی ئیستالیا، دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دۆبلین” لە وڵاتی ئیرلەندا، یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “برۆکسێل” لە وڵاتی بەڵجیکا، پەنجاوسێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تسالۆنیکی” لە وڵاتی یۆنان، هەژدەیومین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” لە وڵاتی کۆریای باشوور، سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فیلمەکس” لە وڵاتی ژاپۆن، دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مەغریب”، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆسمۆڕاما” لە وڵاتی نۆڕوێژ، هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا، نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە ئێرانییەکانی “بۆستۆن” لە وڵاتی ئەمەریکا و … .
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” بە بەشداریی لەم ڕووداوە سینەماییانە، چەندین خەڵاتی گرینگی بۆخۆی مسۆگر کردووە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سان سباستییەن” لە وڵاتی ئیسپانیا بۆ “توورەج ئەسڵانی” بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە سینەماییە، خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە شەشەمین ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” APSA لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بۆ “توورەج ئەسڵانی”، خەڵاتی “بۆقی نوقرەیی” باشترین وێنەگرتن لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “پلووس کامێڕائیمەیج” PLUS CAMERIMAGE لە وڵاتی پۆڵەندا بۆ “توورەج ئەسڵانی” و هەروەها خەڵاتەکانی باشترین وێنەگرتن، باشترین بەرهەمی هونەریی و باشترین دیمەنە تایبەتەکان لە حەوتەمین خەڵاتەکانی ساڵانەی “سینەمایی ئاسیا” لە وڵاتی هۆنگ کۆنگ.
بۆ بینینی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” سەردانی لینکی خوارەوە بکەن: