خۆشهویستان من سوپاسی ئهو ههسته جوانهتان ئهکهم، کهڕۆژانه پێم ئهگاتهوه، سوپاسی پێشوازی گەرمتان ئهکهم له دواین ئەلبومی بەرهەمەکانی من، زۆر دڵخۆشتانکردم بەوەی که گهنجی ووڵاتهکهم به پهرۆشهوه گوێ داری بهرههمهکانمن، دڵنیاتانکردمەوە هەواداری بەرهەم و هونەری جدی لەگەشەسەندن و زیادبوندایە، ئێوە بەم هەڵوێستەتان هیوا بۆ ئەو هونەرمەندانە دەگێڕنەوە کە عەوداڵی پێشکەشکردنی بەرهەمی جدین بە ئێوە، بەو پێشوازییە گەرمەتان لەدواین ئەلبومم سەلماندتانەوە، کە ئێوە شایەنی پێشکەشکردنی هونەری جدین و بەڵێنتان پێدەدەم لەو ڕێگایەو بۆ خزمەتتان بەردەوام بم.
گەنجانی ئازیزی وڵات، ئێوە نەوەی دوا رۆژی وڵاتێکن، هونەردۆستانی خۆشەویست ئێوە وزەو داینەمۆی بەردەوامی هونەرن، ئێوە دەتوانن بەلارێ رۆشتووەکان بخەنەوە سەرەڕێی خۆیان، دەتوانن بەشێکی گەورەبن لە هەوڵی زیندوکردنەوەو زیندوراگرتنی هونەری جدی لەوڵاتەکەتان، کە ئەویش بەهەڵویستی دڵسۆزیتان دەبێت، ئازیزانم ئێوە دەزانن، کە ئێمە لەهەرکوێیەکی ئەم دنیایە بین، کوردبونمان پەیوەندییەکی رۆحانی لە نێوانمان دروستکردووە، هەر ئەو کورد بونەش ئەرکمان دەخاتە ئەستۆ، کە دەبێت هەر کەس بەڕێی خۆمان بەرانبەر ناحەزانی وڵاتەکەمان بوەستینەوە، ئێمە بەهونەر، ئێوەش بەڕێگای خۆتان و بەپشتیوانیتان لە هەوڵە جدییەکان، لەو ماوەی رابردوودا زۆر بیرم کردهوه، کارەکانی ئهلبوومهکهم ببەمە تورکیاو هەر له تورکیاش چاپی بکهم، خۆ ئەگەر ئەوەم بکردایە، دڵنیابن ههم له ڕوی مادی ههم لهڕوی کات زۆر لەقازانجی من دەبوو و زۆریشم بۆ دەگەڕایەوە، بهڵام لەباری ویژدانەوە بەزیانم زانی، کە پێم وایە مرۆڤی دانا هەرگیز بۆ قازانجی مادی، زیانی ویژدانی لەخۆی نادات، من نهمتوانی لهکاتێکدا لاشهی ئهو ههموو گهنج و منداڵ و ژن و پیره بێ تاوانهی کوردم بینی، تورکەکان خەڵتانی خوێنیان کردن و کوشتنی ئەوانیان کردە دیاری جهژن بۆمان، چاوم لە ئەرکی کوردبوون و ویژدانی کوردبوونم بنوقێنم و کارەکانم بخەمە بەردەستی تورکەکان، ئەوان لێمان بکوژن و ئێمەش سودی مادییان پێ بگەیەنین، بۆیه بڕیارم دا لهووڵاتی سوید لهو ووڵاتهی بۆته جێ داڵدهی ههزارهها ماڵی کورد و گەنجی کوردی پەراگەندە ئهلبوومهکهم چاپ بکهم، گهرچی له ڕووی مادیهوه کهوتمه ژێر بارێکی گرانهوه، بهڵام خۆشحاڵم کهتوانیم بهرههمهکهم بهشێوازێکی جوان بگاتهوه ووڵات، سودی مادیشم بەو خەڵکانە نەگەیاند، کە ئەنجامی هەموو قازانجە مادییەکانیان دەدەنەوە تەقەمەنی و بەسەر رۆڵەی میللەتەکەی ئێمەیدا دەبارێنن، بەمە دڵخۆشم و ئێوەش دەبێت هەست بەوە بکەن، ئەو ئەلبومەی بەردەستان ئەو بەرهەمانەی بەردەستتان، رێگایان بەخۆیان نەداوە لەپێناو سودی مادی سود بە دوژمنانی وڵاتەکەتان بگەیەنن.
هاويێیانم، ئازیزانم، هەوادارانی خۆشەویستی بەرهەمەکانی من، جەماوەری دڵسۆزی هونەر دۆست. وێڕای ئەو ماندوو بوونە زۆرەی کردومانە، وێڕای ئەو دڵخۆشییەی کە هەمانە بەپێشوازی گەرمی ئێوە لەو ئەلبومە، خەریکە نیگەرانی رووم تێدەکات، بەوەی کە هەندێ کەس بەبێ گوێدانە ئەو هەموو ماندووبوونەی ئێمە، ئەو هەموو خەرجییەی ئێمە کە لەپێناو هونەرەکەی ئێوەدا کردوومانە، بەرهەمەکانم لەسەر تۆڕی ئەنتەر نێت و یوتوب بەتاڵان بڵاودەکەنەوە. لەکاتێکدا نوسخەی ئەسڵی ئەلبومەکە لەبازردا هەیەو چەند رۆژێکە دەست بەبڵاوکردنەوەی کراوە، ئەوانەی کە ئەو کارە دەکەن، من دەزانم هەندێکیان لە خۆشەویستیانە بۆ هونەری من، کە سوپاسگوزارم بۆیان، بەڵام بێ ئاگان لەوەی بەو کارەیان رێگا دەگرن، لە جارێکی تر دەستکردنەوەمان بەکاری جدی و رێگا دەگرن لەوەی کە جارێکی تر توانای مادیمان هەبێت چەند بەرهەمێکی تر بخەینەوە خزمەتیان، چونکە ئێمە چاوەڕێین ئەو ئەلبومەی کە لەبازردایە داهاتێکی هەبێت بۆ گەڕانەوەی خەرجییەکەی، تا دیسان بیدەینەوە لەخەرجی چەند بەرهەمێکی جوانی ترو شایەن بەئێوەی ئازیزم، بۆیە سوپاسی دڵسۆزی ئەو ئازیزانە دەکەم و داوایان لێدەکەم خۆیان بپارێزن لەو کارەو لەبڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی دواین ئەلبوم لەسەر تۆڕەکانی ئەنتەرنێت لە یوتوب و فەیسبووک، سوپاسی هاوکارییان دەکەم.
جگە لەو ئازیزانە هەندێ کەسی تریش هەن کە بەمەست ئەو کارە دەکەن، دەیانەوێ زیان بەهونەری جدی بگەیەنن، دەیانەوێ رێگا بگرن لە ئێمە تا جارێکی تر توانای بەرهەمهێنانمان نەبێت، بۆیە ئەگەرچی نوسەخەی ئەسڵی بەرهەمەکە لەبازردایە، بەڵام ئەوان بەتاڵان دەیخەنە سەر تۆڕەکانی ئەنتەرنێت و لەڕێی یوتوبەوە بڵاوی دەکەنەوە. هەروەها گومانم هەیە ههندێ کهسیان لەوانەی بەتاڵانکردنی دواین ئەلبومی ئێمە و بڵاوکردنەوەی لە ئەنتەرنێت خەریکن، سەرقاڵی تۆڵەکردنەوەن لە ئێمە، تۆڵەی ئەوەی نەمانهێشت خەرجی ئەو ئەلبومە بچێتە گیرفانی ئەوتورکانەی کە خەریک بە ئاگر بارانکردنی وڵاتی ئێمەن، ئەوان خەریکی تۆڵەکردنەوەن لەو هەڵوێستەی ئێمە، هەم لەڕێی خۆیان و هەم لەڕێی دەڵاڵەکانیانەوە، کە پارەی هونەری کوردیان بەناوی کاری پێشەکەوتوەوە بۆ دەگوازنەوە.
بهڵام پشت به خواو پشت به کهسانی دڵسۆز. گەنجانی کورد رێگە بەمە دەگرن و گرنگی بە نوسخەی ئەسڵی ئەلبومەکە دەدەن، نەک کۆپی کردن، رێگای ئەو تاڵانکردنەی ئەلبومەکە دەگرن کە لەسەر تۆڕەکانی ئەنتەرنێت و لە یوتوب بڵاوی دەکەنەوە.
بۆیە داوا لە ئازیزانە دەکەم کە بەدڵسۆزی خەریکی بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکەی منن، لەسەر تۆڕەکانی ئەنتەرنێت و لە یوتوب، خۆیان لەو کارە بپارێزن راستە ئەوان لەدڵسۆزی ئەوە دەکەن، بەڵام ئاگایان لەوە بێ ئەو کارەیان زیانی زۆر بەمن دەگەیەنێت، بۆیە سوپاسی دڵسۆزیان دەکەم و راگرتنی ئەوکارەیان دڵسۆزییەکی گەورەیە بۆ من بۆ هونەری کورد بۆ هونەری جدی و شایەن بە خەڵکی کورد.
ئەوانەشی کە بەمەست ئەو کارە دەکەن دڵنیا دەکەمەوە، کە ناتوانن رێگا لە کارو بەرهەمەکانی ئێمە بگرن و بەردەم دەبین لە بەرهەمهێنانی خۆمان و پێشکەشکردنی هونەری جدی بەگەنجان و هونەردۆستانی وڵاتەکەمان.
جارێکی تر سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی هونەر دۆستان دەکەم، کە لەدواین ئەلبومی من کردیان.