جگە لە کوردی دەتوانم بە چوار زمانی تر گۆرانی بڵێم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : کچە گۆرانیبێژ نینا جەمال، کە بیست ساڵە لەگەڵ خانەوادەکەی لە ئوسترالیا نیشتەجێیە ئێستا بە مەبەستی تەواوکردنی کارەکانی ئەلبوومی دووەمی لە کوردستانە و لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل)ـدا ئەوەی راگەیاند، کە دوای جەژنی رەمەزان ئەلبوومەکەی بڵاودەکاتەوە، ھەروەھا باسی کاری ھونەرییەکانی و چەند لایەنێکی ژیانی تایبەتی خۆیشی دەکات.
سڤیل: کارەکانی ئەلبوومە نوێیەکەت بەکوێ گەیشت، کام کۆمپانیا بڵاوی دەکاتەوە؟
نینا: کاری ئەم ئەلبوومەم کۆمپانیای “ڤین پرۆدکشن “سپۆنسەری کردووە و ھەر خۆیشی بڵاوی دەکاتەوە و کارەکارەکان لەقۆناغی کۆتاییە و تائێستا وا بڕیارە لەدوای جەژنی رەمەزانی پیرۆز ئەم ساڵدا بڵاوبێتەوە، ئەگەر ھیچ شتێک نەیەتە پێشەوە.
سڤیل: گەورەترین گۆڕانکاری ئەم ئەلبوومەت لەگەڵ ئەلبوومەکەی پێشووت لەچیدایە؟
نینا: لەم ئەلبوومە جگە لەزاراوەی ھەورامی، ئەمجارە دوو گۆرانیم بەزاراوەی بادینیش چڕیووە و لەڕووی ستایلیشدا ستایلی کوردستانی رۆژھەڵاتیشی تێدایە و لەڕووی ئەدا و کواڵیتیش جیاوازە.
سڤیل: بەنیازی جارێ لەکوردستان بمێنیەوە؟
نینا: من زۆر حەز دەکەم ئیتر ئەم کوردستانە شیرینە جێنەھێڵم جارێکی تر و کاریشم بۆ ئەوە کردووە، کە لەداھاتوودا بە یەکجاری بگەڕێمەوە، بەڵام ئەمە کاری زۆری دەوێت، بۆیە بەناچاریەوە ھەرکات کاری ئەلبوومەکەم تەواوبێ دەبێت بگەڕێمەوە.
سڤیل: لە بەرنامەتدایە کۆنسێرتی تایبەتی خۆت لەکوردستان بکەی؟
نینا: من زۆر حەز دەکەم لەکوردستان کۆنسێرت بکەم، بەڵام تائێستا ھەموو ئەو کۆنسێرتانەی کە بڕیاربووە ئەنجامیان بدەم نەکراوە جا ھەریەکە و بە بۆنەی شتێکەوە، من حەزم وایە ھەرکات کۆنسێرت بکەم گروپێکە میوزکی بەتوانا لەگەڵمدا بێت، ئەوەش تائێستا ممکین نەبووە لەبەر تێچووی مادیەکەیەوە.
سڤیل: پێشتر راتگەیاندبوو کە لەبەرنامەتدایە لەگەڵ ھونەرمەند راید شامل گۆرانییەکی دوێت بکەی، بۆچی تائێستا نەتانکردووە؟
نینا: ئەنجام نەدانی ئەم کارە پەیوەندی بەکاتەوەیە، ئێستاش لەبەرنامەدایە کە ئەم کارە ئەنجام بدەین ئەگەر کات رێگام بدات.
سڤیل: لەناو گۆرانیبێژەکانی ئێستا باوبووە گۆرانی بەزمانی تر دەڵێن، تۆش بیرت لەوەکردۆتەوە بەزمانێکی تر گۆرانی بڵێی؟
نینا: من ھەرکات توانیم شتێک بخەمە سەر ھونەری کوردی و ھونەری ئەم وڵاتەی خۆمم، بینیم لەپێشەنگی ھونەرەکانی ھەموو دنیایە، ئەوکاتە بیر لەوە دەکەمەوە کە بەزمانێکی تر گۆرانی بڵێم، ھەر چەندە من لە توانامدایە کە جگە لەزمانی کوردی بە ٤ زمانی تریش گۆرانی بڵێم زۆر بەباشی، بەڵام من ئەم کارە ناکەم وەک تۆمارکردن، بەڵام رەنگە بەڕێککەوت لە ئاھەنگێکدا بۆ خۆشی و بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەم بە ھەر ٤ زمان گۆرانی بڵێم.
سڤیل: لەسەرەتای دەرکەوتنت خەڵک پێی وابوو تۆش یەکێکی لە “گروپی ھەڵکەوت زاھیر”. ئەوە تۆی نیگەران نەکرد؟
نینا: من ئەوکاتە نەمدەزانی ئەو گروپ گروپە ھەیە، سەرەتا منیشیان خستە پاڵ ئەوان، من تەنیا بۆ ئەوە نیگەران بووم کەسانێک پێشئەوەی تێم بگەن کە “نینا” کێیە، خێرا بڕیاریان لەسەرمدا، بەڵام ھەر خۆیشیان لەدوایدا دەستخۆشی و داوای لێبوردنێکی زۆریان بۆ ناردم ئا ئەمەیان زۆر دڵخۆشی کردم.
سڤیل: چاوت لەوە ھەیە حکومەتی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری ھاوکاریت بکات، یاخود کارێکت بۆ بکات؟
نینا: من زۆر چاوم لەوەیە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری ھونەری کوردی بکات، نەک خودی ھونەرمەندان، چونکە رەنگە ھەموو ھونەرمەندێک پێویستی بەھاوکاری نەبێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ھونەر کوردی پێویستی بە ھاوکاری زۆری ئەم حکومەتە ھەیە، لەسەرووی ھەموو ھەوکاریەکانیش داڕشتنی سیستەمێکی گونجاو و رێکوپێکە بۆ بەرھەمھێنانی گۆرانی و میوزیک و چارەسەرکردنی کێشەی کۆپیکردنی ئەلبووم.
سڤیل: ژیانی تایبەتی خۆت، یان ھونەرەکەت لەلات گرنکترە؟
نینا: من لە ژیانی تایبەتی خۆم گرنگترین شت ھونەرەکەمە ئەگەر ژیانی خۆم بەلاوە گرنگ نەبێت بێگومان ناتوانم ھونەرەکەش بکەم.
سڤیل: چ شتێکی ھەولێرییەکانت پێخۆشە؟
نینا: بابەکەم، ئەدی کو، وا لەمارێمە، نازانم چ بکەم… ھتد ئەم وشانەم بەلاوە خۆشە و دڵسافی زۆربەی خەڵکەکەش.
سڤیل: حەزت لەچ جۆرە گیاندارێکە؟
نینا: شێر و پلینگ
سڤیل: لەگەڵ شانس چۆنی؟
نینا: باشم، بەدەگمەن ھەندێجاریش شانس بەرەنگارم دەبێتەوە.
سڤیل: دەڵێن نینا رەقی لە سوعبەتە و زوو توڕە دەبێ، ئەوە راستە؟
نینا: من بەشتی لاوەکی و سوعبەتی بێتام دڵگران دەبم، زوو توڕەش دەبم، بەڵام زووش ئارام دەبمەوە و ھیچم لە دڵدا نامێنی، تەنیا ئەگەر ئەو کەسە درۆی لەگەڵمدا کردبێت قەت لێی نابوورم.
سڤیل: ئەگەر پرسیارێکی تەقلیدیش بێت، بەڵام دەمەوێت رووبەرووی ئەو پرسیارەت بکەمەوە ئەگەر کوڕێک رووبەروو پێتبڵێ خۆشمدەوێی، وەڵامت چییە؟
نینا: بەبێ گوتن من ھەموو ئەو کەسانەم خۆشدەوێت کە ھەواداری منن و ئەوان منیان خۆشدەوێت، بەڵام ئەگەر لەم چارچێوە دەرچێت و کەسێک ھێڵی سوور ببەزێنێ و بەشێوەییەکی ناشایستە لەبەرامبەرم بجوڵێتەوە من وەڵامی زۆر توندم بۆی دەبێت، ئەگەر بەشێوەییەکی رێکوپێکیش ئەم قسەیە بکات پێی دەڵێم ببورە بەڕێز.