كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیبێژ (نینا جەمال) بە مەبەستی بەرهەمهێنانی سیدییەكی تازە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و بە نیازیشە 4 گۆرانی كلیپ بكات. بە گوێرەی گوتەی خۆیشی لەم سیدییەدا بە سێ زاراوە گۆرانی دەچڕێت.
(نینا) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: كاركردن لە ئەلبوومە تازەكەی بەرەو تەواوبوون دەڕوات و ڕەنگە دوای ماوەیەكی كەم، هەموو كارەكانی تەواو بێت. ئەو دەربارەی ئەلبوومە تازەكەی دەڵێت: “بە سێ زارەوە گۆرانیم چڕیوە، شەش ئاواز و چوار هۆنراوەی (ڕاید شامل)ـم بە كار هێناوە و دوو هۆنراوەی هەورامیشم لە لایەن (ڕەحمان حەمە لاو) و (یاوەر هەورامی)ـیەوە بۆ نووسراوە، دوو گۆرانییشم بە زاراوەی بادینی چڕیوە.”
(نینا) گوتیشی: “لە هەگبەمدا هەیە، كە دوو تراك لە سییدییەكەی پێشووم و دوو تراكیش لەو سیدییە تازەیەم كلیپ بكەم. هاوكات لۆكەیشنی ئەو كلیپانەیەیشم هەمووی لە ناوەوەی كوردستان دەبێت. ئەگەرچی خۆم لە وڵاتی (ئوسترالیا) نیشتەجێم و دەتوانم كلیپەكانیش بە خەرجێكی كەمتر وەك لەوەی ئێرە بەرهەم بهێنم، بەڵام خواستمە هەر لە ناو خاكە پیرۆزەكەمدا كارەكانم بكەم، چونكە تام و بۆی زیاتر بە بەرهەمەكەم دەدات.