چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی :
+ بە عارەب عوسمانم گوت واز لەگۆرانی بێنێ بە قسەی نەکردم
+ عەبدولڕەحمان بێلاف شاعیری ھەموومان بوو
ھونەرمەند نیزام شوکر لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) ئەوە ئاشکرا دەکات، کە چەندینجار بە ھونەرمەند “عارەب عوسمان”ـی گوتووە واز لەگۆرانی وتن بێنێ، بەڵام بە قسەی نەکردووە، ئەو لە ١٩٦٣ لە گەڕەکی سێتاقانی شاری ھەولێر لەدایکبووە و ٢٧ ساڵ گۆرانی گوت، بەڵام ئاماژە بەوەش دەدات “لەوەتەی وازی لەگۆرانی وتن ھێناوە و دەستم بە سردوود و گۆرانی دینی کردووە، ئەو جەماوەری ئێستا ھەیتم، پێشتر وا جەماوەرم نەبووە”، ھەروەھا دەشڵێ گوێم لێ بووە گۆرانی و مۆسیقا حەرامە.
سڤیل: لە کام تیپ و چۆن دەستت بەگۆرانی گوتن کرد؟
نیزام شوکر: ساڵی ١٩٨٣ گۆرانییەکم گوت بەناوی “ماڵی بابم بێوەفا” لەکەرکووک تۆمارم کرد، بەو گۆرانییە بەخەڵک ناسرام، من لەگەڵ “تیپی ھونەرە میللیەکان” کارم دەکرد، لەسەر ئاستی کوردستان ئەو تیپە باشترین تیپ بوو، کاسێتەکانمان کاریگەری زۆریان ھەبوو، کە تاوەکو ئێستاش وەک فەرمانبەر لەو تیپە کار دەکەم.
سڤیل: چەند کاسێتی گۆرانیت ھەیە؟
نیزام شوکر: بەسەدان کاسێتم ھەیە، من و جەلال سەعید و عارەب عوسمان و قادر زیرەک و زیاد ئەسعەد ئاھەنگمان دەکرد و ئەو ئاھەنگانە تۆمار دەکران و بەکاسێت بڵاودەکرانەوە، ئەو کاسێتانە لەناو خەڵک رەواجی زۆر بوو، دەورێکی زۆری ھەبوو.
سڤیل: تاوەکو چەندت خوێندووە؟
نیزام شوکر: بەس سەرەتایم تەواو کردووە، لەبەر گۆرانی وتن ئاگام لەخوێندن نەمابوو، لە مەکتەبیش ھەر گۆرانیم دەگوت، بۆ ئیمتحان کە بانگیان دەکردم و رادەوستام مامۆستاکان دەیگوت کاکە ئەتو گۆرانییەک بڵێ و بڕۆ ١٠ لەسەر ١٠ خوێندنی من ھەر وابووە.
سڤیل: من پرسیارەکە بەمجۆرە دەکەم ئەی بۆچی وازت لەگۆرانی گوتن ھێنا، چونکە دەڵێن ئەگەر لێت بپرسن چۆن بوو گەڕایەوە توڕە دەبیت؟
نیزام شوکر: نا توڕە نابم، بەڵام ئسلوبێکی جوان نییە، خۆ قابیلە پێشتر چیمان کردووە؟ پێشتریش ھەر گۆرانی خۆش و شیعری جوانمان پێشکەش خەڵک کردووە و دڵی خەڵکمان خۆش کردووە،قابیلە تفەنگمان لە کەس ھەڵنەگرتووە، دنیاش بای خۆی دەوێت. ھەمووکات گوتوومە “پیاو ئەو پیاوە، کە پیاوی دنیا و قیامەت بێت”. لە ٢٠٠٢ وازم لەگۆرانی ھێنا، ٢٧ ساڵ گۆرانیم گوت، ئەوە ھیدایەتێکی خوایی بوو، پێشتریش نوێژکەر و رۆژووگر بووم، ئەملا و ئەولام نەبووە، گوتم با حەجەکەش بکەم، بەڵام وازم لە ھونەر نەھێناوە، خۆ مەرج نییە ھونەرمەند ھەر باسی ئافرەت بکات، دەتوانی گۆرانی بەسەر سروشت و وڵات و دیین و خوات بڵێی، منیش تەماشام کرد لەبارەی ھونەری ئیسلامی لەکوردستان بۆشاییەکی گەورە ھەبوو، کەس نەبوو خزمەت بەو بوارە بکات، من خۆم یەکلایی کردەوە بۆ خوای گەورە.
سڤیل: پێشتر خەڵک پێیان دەگوتی گۆرانیبێژی کۆسرەت، بۆچی وایان دەگوت؟
نیزام شوکر: بەڵێ پێیان دەگوتم گۆرانیبێژی کاک کۆسرەت، لەبەرئەوەی زۆر لەگەڵی بووم، ئەو دەنگی منی پێخۆشبوو، لەچیا پێی گوتم زۆر موعجیبی دەنگتم، بەتایبەت گۆرانی “ھەرمن ئەو کەسەی ژینی بۆ تۆ ماوە”. ھەموو جاران بەتەنیا بانگی ژوورەکەی دەکردم و گۆرانییەکەم بۆ دەگوت، پێشتریش وەختی لەھەولێر بوون من ھەموو شەوێک لەگەڵیان بووم، دەچووە سلێمانی منی لەگەڵ خۆی دەبرد و لەڕێگا لە سەیارە دادەبەزین گۆرانیم بۆ دەگوت.
سڤیل: ئێستاش ئەو پەیوەندیەت لەگەڵ ماوە؟
نیزام شوکر: بەڵێ، ئێستاش لەھەر شوێنێک بمبینێ بانگم دەکات، لەکاتی ناشتنی تەرمی ھونەرمەند حەمە جەزا لە سلێمانی، ئەو ھەموو ھونەرمەندە لەوێ بوون، تەنیا منی بانگ کرد و گوتی “دەبێت ئێوارە بەیەکەوە بین”. لەسەر قسەی ئەو ئێوارە چووینەوە ماڵ و نانێکی باشی بۆ کردین و ھەدیەکی باشیشی داینێ، زۆر سوپاسی دەکەم، ھەروەھا بەمنزیکانە بینیم و گوتی “لەبەرئەوەی من تۆم خۆشدەوێ، پێم ناخۆشە چۆن وازت لەگۆرانی ھێناوە”.
سڤیل: وەک خۆت گوتت خۆت یەکلایی کردۆتەوە بۆ خوا، بەڵام ئێستا وەک مۆدیلی لێھاتووە، زۆربەی گۆرانیبێژەکان لەرەمەزانان گۆرانی دیینی دەکەن لەسەر گۆرانی وتنیش بەردەوامن رات لەسەر ئەوە چییە؟
نیزام شوکر: لەبەرئەوەی لە مانگی رەمەزان دا بازاڕی گۆرانییەکانیان نامێنێ و لە کەناڵەکان پەخش ناکرێن، ئیتر ناچان گۆرانیەکی دینی بکەن، خوا مەوفەقیان بکات.
سڤیل: بەبڕوای تۆ گۆرانی وتن حەرامە؟
نیزام شوکر: ناتوانم ئەو فتوایە بدەم، بەبڕوای من وشەی گۆرانی دەزانێ کە ئەو گۆرانییە حەڵالە یان حەرامە، بەڵام گوێم لێ بووە دەڵێن مۆسیقا و گۆرانی حەرامە.
سڤیل: لەو مانگەدا چەند مەولوودت کردووە؟
نیزام شوکر: ئەمساڵ ١٣ مەولوودم کرد، بەحوکمی ئەو بارودۆخە سیاسیەی لەکوردستان روویدا ئەمساڵ وەک چەند ساڵەی رابردوو نەبوو، ئەگەرنا ساڵانە لە مانگی مەولوود زیاتر لە ٣٠ مەولوودمان دەکرد.
سڤیل: بۆچی ئەوانەی سرود و گۆرانی دینی دەڵێن ئیسلامین؟
نیزام شوکر: پێویستە ئەو پرسیارە لەوانە بکرێ کە حیزبین، بەڵام من سەر بەھیچ حیزبێک نیم، تۆمەتی وام زۆر لەسەرە دەڵێن نیزام شوکر یەکگرتووە، تۆ بەخەتێکی تۆخ بنووسە من نە یەکگرتووم و نە ھیچ حیزێکی ئیسلامیم، تەنیا ھونەرمەندێکم حەز دەکەم خزمەت بە ھونەری ئیسلام بکەم و دەنگ و ھونەرەکەم نەفەوتێ، بەڵام لە یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە نزیکم ئەوان سروود و گۆرانی دینی لێدەدەن.
سڤیل: ئێستا بەس بۆ دین ھونەر دەکەی، بەڵام پیشتر بەگشتی کارت دەکرد جیاوازیان چیە ئەو دوو ھونەرە، ئەگەر ئیستا بۆ خوایە ئەوکات بۆچی بوو؟
نیزام شوکر: من تەنیا بۆ دین گۆرانی ناڵێم، بەڵکو بۆ جەماوەرەکەشم گۆرانی دەڵێم، وادەزانن ئێستا نیزام وازی لەگۆرانی ھێناوە و جەماوەریشی نەماوە، ئەو جەماوەرەی ئێستا ھەیتم، پێشتر ئەو جەماوەرەم نەبووە، ھاوڕێکانم لەبازاڕ دەڵێن ھەتا سێدیەکی گۆرانی دەفرۆشرێ ١٥٠ کاسێت و سێدی تۆ سێدی دەفرۆشرێ.
سڤیل: کەواتە ئەوانەی وەک پێشووی تۆ گۆرانی دەڵێن و لەگەڵ دین ناگونجێ و گوناحبارن، داوات لەھیچ گۆرانیبێژ نەکردووە واز لەگۆرانی بێنێ؟
نیزام شوکر: ھیوادارم ھەموو گۆرانیبێژەکان وەک من واز لەگۆرانی وتن بێنن، من برادەری عارەب عوسمانم و پیاوێکی نوێژکەر و لەخواترسە، زۆرم پێگوتووە واز لە گۆرانی بێنێ، بەڵام ئەو دەڵێ ناتوانم واز بێنم.
سڤیل: ساڵانی ھەشتاکان و نەوەکان زۆربەی شیعرەکانتان ھی شاعیر عەبدولڕەحمان بێلاف بوو، بەتایبەت تۆ و عارەب عوسمان و زیاد ئەسعەد، ئێستا پەیوەندیت لەگەڵی چۆنە؟
نیزام شوکر: راستە ئەو زۆر ھاوکاری ھونەرمەندانی دەکرد، بەڵام ئەوەی دەنگی خۆش بوایە شیعری باشی دەدایێ، بەتایبەت بۆ من و زیاد ئەسعەد و عارەب عوسمان، لەبەرئەوەی زۆر برادەرمان بوو، من کاسێتم ھەیە ١٠ شیعری ئەوم گوتووە، لە ئەلبوومە نوێکەشم شیعرێکی ئەوم گوتووە کە لەسەر مانگی رەمەزانە، ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵی ماوە، خۆشەویستیم بۆی ھەیە.
سڤیل: چەند سەفەری حەجت کردووە؟
نیزام شوکر: لە ساڵی (٢٠٠٣) و (٢٠٠٥) و (٢٠٠٩) چووم بۆ حەج، ئەمساڵیش بەنیازم بچم لەسەر حیسابی برادەرێک وەک خۆشەویستێک و وەک موعجیبێکی من، گوتی حەزدەکەم ئەمساڵ لەگەڵمان بێی و ھەموو مەسروفێکت لەسەر من، ئەگەر خوا بەنسیبم بکاتەوە، ئەمساڵ کاک کۆسرەت دەیوست من و عارەب عوسمان بەیەکەوە بنێرێت بۆ حەج، بەڵام شوێنی ئێمە نەمابوو، دەبوایە ناوی دوو کەس بسڕنەوە، گوتمان ئەوە گونحاحە جارێکی دیکە دەچین، لێرەوە سوپاسی کاک کۆسرەت دەکەم.