زانا دڵشاد دزەیى: ئەو سێدیەکى ئامادەى تۆمارکردنە، بەڵام لەبەر گەرماى هاوینى ئەمساڵ، کارەکانى خۆى وەستاندووە، چونکە نیان عەبدوڵڵا لەو دیمانەیەیدا دەڵێت “هاوینى ئەمساڵ زۆر گەرمە، وام لێهاتووە لەماڵ نەیەم بۆ دەرەوە، لەبەرئەوە کارەکانى ئەلبوومەکەم وەستاندووە”، هەروەها نیان عەبدوڵڵا لەدوا کلیپى خۆى ناڕازییە و دەڵێ کواڵێتى کلیپەکە هێندە نزمە، تەنیا ڤین تیڤى وەریگرتووە.
گۆرانیبێژ نیان عەبدوڵڵا، دانیشتووى شارى سلێمانییە و یەک ئەلبوومى بڵاوکراوەى هەیە و ئەندامى تیپى تەوارى کچانى سلێمانییە، لە 2/7/2010 بەشداریان لەفیستیڤاڵى موزیکى کلاسیک کرد، کە هەموو ساڵێک لە ڤیەنناى پایتەختى نەمسا بەڕێوەدەچێت، لەنێو 27 گروپى کۆڕاڵى موزیک، کە لە 16 وڵاتەوە بەشدار ببوون، تیپى تەوارى کچانى سلێمانى پلەى یەکەمیان بەدەستهێنا، نیان لەبەرپرسانى کورد و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهونەر نیگەرانە، کە لەکاتى گەڕانەوەیان بۆ کوردستان پێشوازیان لەیەکەمى تیپەکەیان نەکردووە، دەڵێت “دەبوو هونەرمەندانێکى زۆر و گەورە بەرپرسەکانى کوردستان پێشوازیان لەگەڕانەوەى ئێمە بکردایە و گوڵیان پێشکەش بکردینایە، کە کوردستانمان یەکەم کرد، چونکە ئەو سەرکەوتنە هەر بۆ تیپى تەوارى کچان نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان بوو، بەڵام نازانم بۆچى ئەو سەرکەوتن و یەکەمەى ئێمە لاى سەرکردەکانى ئەو وڵاتە بایەخى نەبوو، من گلەیى لەهەموو بەرپرسەکانى کورد و وەزارەتى رۆشنبیرى و هونەرمەندانیش دەکەم”، هەروەها نیان عەبدوڵڵا دەڵێ “چاوەڕێى ئەوە بووم، ئەگەر بگەڕێینەوە کوردستان، پێشوازییەکى زۆر گەرم لەیەکەمى ئێمە بکرێ”.
نیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تواناى هەیە بەهەموو شێوەزارەکان گۆرانى بڵێت، دەڵێ لەوڵاتى نەمسا لەگەڵ گروپى کۆڕاڵ گۆرانى ئەڵمانیم گوتووە و دەشتوانم گۆرانى عەرەبى و تورکیش بڵێم، نیان کە گۆرانییەکى نوێى شێوەزارى کرمانجى لەگەڵ تیپى مۆسیقاى دهۆک تۆمارکردووە، گوتى “پێش ئەوەى ئەو گۆرانییە بڵاوبکەمەوە، خزم و هاوڕێکانم پێیان گوتم ئەو گۆرانییە نەک هەر لەناو بادنییەکان، بەڵکو لەناو سۆرانییەکانیش جێگاى خۆى دەکاتەوە، هەرواش دەرچوو، سۆرانییەکان داوام لێدەکەن ئەو گۆرانییە لەکوێ دەستدەکەوێت؟ من گۆرانییەکەم زۆر بەدڵە”. بەڵام نیان لەکلیپى ئەو گۆرانییە ناڕازییە، چونکە بەکامێراى کوالێت نزم وێنەى بۆ گیراوە و کەناڵەکان پەخشى ناکەن، “من شارەزاییم لەباشى و خراپى کامێرا نییە، بەڵام بەداخەوە ئێستا وام بیستووە تەنیا کەناڵى ڤین کلیپەکەى قبوڵ کردووە، کەناڵەکانى دیکە گوتیانە گۆرانییە زۆر خۆشە، بەڵام کوالێتى کلیپە نزمە و رەنگەکان تێکەڵ دەبێ، لەبەرئەوە ناتوانین پەخشى بکەین”، نیان ئەوەش دەڵێ ئەو دڵخۆشییەى بۆ ئەو گۆرانییە هەمبوو، ئێستا نەما، گلەییش لەو کەسانە دەکەم، کە کلیپەکەیان بۆ دروستکردم و نەیاتوانى کارێکى باشم بۆ ئەنجام بدەن.
هونەرمەند نیان کارى مۆسیقاى ئەلبوومە نوێکەى بە کۆتاهێناوە و خەریکى تۆمارکردنى گۆرانییەکانە، بەڵام لەبەر ئەو گەرما زۆرەى، کە بۆ کوردستان هاتووە، کارەکانى ئەلبوومەکەى راگرتووە، چونکە دەڵێت “بەشێکى گۆرانییەکان لەشارى هەولێر تۆمار دەکەم، بەڵام ئەو گەرمایە وای لێکردووم لەماڵ نەیەم بۆ دەرەوە، ناتوانم هاتوچۆ بکەم، دڵنیام ناتوانم لەو گەرمایەدا لەستۆدیۆ گۆرانی بڵێم”، ئەو گەرمایەى کوردستان نیانى هێندە بێتاقەت کردووە، دەڵێت “حەز دەکەم لەو گەرمایەى کوردستان ڕابکەم، بچمە وڵاتێکى دیکە”. ناوبراو ئەوەشى ئاشکرا کرد، کە حەز بەسەرفەرى وڵاتى ئەڵمانیا دەکات و هەرچەندە ئەو وڵاتەى نەبینیووە، “بەڵام کەسوکارەکەم لەوێن و دەڵێن زۆر خۆشە، لەبەرئەوە خزم و کەسانم لەوێن واهەستدەکەم ئەڵمانیا نزیکن لەخۆمانەوە، خۆشم هاندەرى هەڵبژاردەى ئەڵمانیا بووم، بەڵام بەداخەوە دۆڕاندى”.
نیان عەبدوڵڵا ئەوەش ناشارێتەوە، پێشتر لەوە ترساوە گۆرانی دوێت لەگەڵ کوڕ بکات، لەبەرئەوەى گۆرانى دوێت لەناو گۆرانیبێژە کچەکان زۆر کەم بوو، بەڵام نیان دەڵێت “ئیستا بەهۆى هاندەرى کەسوکارم و هاوسەرەکەم، گۆرانییەکى دوێتى زۆر خۆشم بەناوى (ساقى) لەگەڵ هونەرمەند نێڤان کردووە، کلیپەکەشمان تەواو بووە، ئینشاڵڵا بەمنزیکانە بڵاوى دەکەینەوە”.