من بە دڵ و بە گیان, ھەمیشە و ھەتاھەتایە, پاڵپشت و لایەنگیری لە تەواوی ئازادیەکانی تاکی کۆمەڵ ئەکەم لە ھەرشوێنێک بێ. ھەمیشە پێموایە مرۆڤ ئەبێ بە ئازادی گوزەران بکا.
ئێستاش لە نزیکەوە رووماڵی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ناڕازیەکانی ھەرێمی کوردستان ئەکەم و ئاگاداری شێواز و ڕێڕەوەکانیم و بە ھەندێکی زۆر دڵشاد و ئاسوودەم و ھیوای زۆرم ئەیاتێ بەڵام بەداخەوە ھەندێک دیاردەی تازە و تاڕادەیەک نامۆ بە شێوازی خەباتی کوردایەتی لە ھیواکانم کەم ئەکاتەوە بە ڕادەیەک, کورد ووتەنی, چاکی مەکە با خراپ نەبێت.
ئەگەرچی زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسلمانە و پەیڕەوکردنی ئیسلام مافێکی ئاسایی و سروشتی ھەموو تاکێکی موسلمانە بۆ ئاسوودەکردنی روح و نەفسی بەرانبەر بە خوا. بەڵام ساڵانێکە ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بە پشتیوانی دەرەکی سەرقاڵی جۆشدانی خەلکە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ڕەوتی مێژوو, بە سوود وەرگرتن لە کەلێنی ڕەوشی سیاسی و کومەڵایەتی. چونکە سروشت و بیری ئیسلامی بەجۆرێکە ئەتوانێت لە کۆمەڵگای پشێو و شێواوا ڕۆل و کاریگەری ھەبێت. لە ڕاستیا لای ئێمە دیاردەی ئیسلامی سیاسی مێژوویەکی کەمی ھەیە و ھاوردەیەکە و دەستی ھاندەری لە پشتە. تێکڕای بزووتنەوە سیاسیە ئیسلامیەکان لە ھەڵپەی ئەوەدان بگەنە دەسەڵات بە ھەر نرخێک بێ. ھەتا بارودۆخی سیاسی شلۆق تر بێ زیاتر پەیامی سەلەفی خۆیان ئاشکرا ئەکەن. خەڵکانی وەکو (مەلا کامەران علی) لە لەبەردەم خۆپیشاندەران ھاوار ئەکات و دووپاتی ئەکاتەوە کە ئەوانەی لە “مەیدای ئازادی” کۆبونەتەوە جیھاد ئەکەن. ئەمەش تا ڕادەیەک ئاسایی و سروشتیە پروپاگەندە بکات بۆ ڕێبازی خۆی. بەڵام ڕووپۆشکردنی جوڵانەوەیەکی جەماوەری کە دروشمی ئازادی زیاتری بەرزکردۆتەوە بە بەرگی جیھادی ئیسلامی و تەحدداکردنی عەقلی سەردەم ئەمە کارەساتە. چونکە ئەوەی لێرا گرنگە تیشکی بخەینە سەر ئەوەیە کە فەلسەفەی ئیسلام قەبوولی ئەوانی دی ناکات بۆ پێکەوە ژیانی دیموکراتی و ئاشتیانە. بەمانا فەلسەفەیەکە کەلکەلەی (نزعە) توتالیتاری ھەیە و ئازادی تاک ھیچ مانایەکی نیە لەلای.
بۆیە زۆرم بەلاوە سەیرە لە ئاپۆرای ئەو خۆپیشاندانەی سلێمانی, کە دروشمی ئازادیخوازی ھەلگرتووە, بۆ یەکەمجار لە مێژووی سلێمانی و بەردەرکی سەرا بە ھەزاران لاو کۆئەبنەوە بۆ نوێژی ھەینی لەسەر شەقام. ئەمە کۆمەڵێک پرسیار دروست ئەکات. ئایا شەقامی کوردی لە ماکی ئەم دیاردە نوێیە ناترسن؟ ئایا ئەزانن ئاخۆ بزووتنەوە ئیسلامیەکان ئامادەن ئازادی زیاتر دەستەبەر بکەن بۆ تاکی کوردستان؟ ئایا لاوانی ئازادی و دیموکراتخوازی سەردەم بیرئەکەنەوە کام داھاتووی پڕ لە خۆبەستنەوە (تقیدات) تووش ئەبن؟ ئایا گۆڕانخوازان ئەتوانن لەگەڵ عەقلیەتی پێش ١٤٠٠ ساڵ ھەڵکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئیران و سعودیە و ئەفغانستانی تالیبان ھەیە.
falaharazu@msn.com
فەلاحی شیخ رەئووف
سلێمانی٢٠١١-٠٢-٢٦