مەنسوور جیهانی ـ نوێترین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری کورد “کەیوان کەریمی” لە نێوان 10 باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە حەفتاوسێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی 2020 هەڵبژێردرا.
“ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” Do you know anything about Omid? نوێترین و دووهەمین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری بانەیی “کەیوان کەریمی” بە نوێنەرایەتی لە وڵاتی ئێران، لە نێوان 10 باشترین پرۆژەی کۆتایی لە بەشی “سینەمای جیهان لە کان” Cinema du Monde لە حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان لە ساڵی 2020 هەڵبژێردرا و دەرهێنەرانی ئەم 10 پڕۆژەیە، لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای جیهاندا لە شاری کانی وڵاتی فەڕەنسا ئامادەدەبن و لە کۆبوونەوە پسپۆڕانەکانی ئەوێی بەشداریی دەکەن، بینەری فیلمەکانی فیستیڤاڵ دەبن و لەگەڵ دنیای پیشەیی سینەما ئاشنا دەبن.
بەشی “سینەمای جیهان لە کان” بە ناونیشانی سەرەکی Cinema du Monde بەشێک لە ڕێکخراوەی سینەمایی وڵاتی فەڕەنسا CNC دێتەئەژمار کە پشتیوانی لەو پڕۆژانە دەکات کە لە دەرەوەی ئەورووپا بەرهەمدێن و مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم بەشەش، سازکردنی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان پڕۆژەکان و بەرهەمهێنەرەکان، بڵاوکەرەوەی فیلمەکان و هەروەها ناوەندە بەرهەمهێنەرە سینەماییەکانە تاکوو هەر ساڵە، 10 پڕۆژەی بەرچاویی جیهان بگەنە قۆناغی بەرهەمهێنان و بە سینەمای دنیا زیاد بکرێن.
ئەم بەرهەمانە بە شێوەی بەردەوام لە لایەن ڕێکخراوەی سینەمایی فەڕەنسا پشتیوانی ئیداری دەکرێن و نزیکەی سەتا حەفتای ئەم پڕۆژانە دەگەنە قۆناغی کۆتایی و نمایش کردن و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵە گرینگەکانی دنیا، لەوانە: فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان و هەروەها فیستیڤاڵە بەرچاوەکانی جیهان نمایش دەکرێن.
ڕێکخراوەی سینەمایی فەڕەنسا بە پشتیوانی ڕێکخراوەیی و ئیداریی خۆی تاکوو قۆناغی کۆتایی بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆژانە لە تەنیشت دەرهێنەرەکانیاندا دەبێت، تاکوو بەرهەمهێنەر و بڵاوکەرەوەی خۆیان ببیننەوە و بەم هەنگاوە، داهاتووی ئەم پڕۆژانە گەرەنتی دەکات.
بەشی “سینەمای جیهان لە کان” کە بە بەشی کەشف و ناساندنی پرۆژە سینەماییەکانی جیهان ناسراوە، هەموو ساڵێک 10 سیناریۆ و 10 دەرهێنەری سەرکەوتووی دنیا دەستنیشان دەکات کە ئەمساڵ پرۆژەی نوێی سینەماکاری کورد “کەیوان کەریمی” بە ناوی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” لە ئێران، لە تەنیشت 9 سیناریۆی دیکە لە دەرهێنەرەکانی وڵاتانی میسر، موزامبیک، سێنێگال، بڕازیل، کۆماری دۆمێنیکەن، قەزاقستان، تایلەند، ڤییەتنام و مۆنتێنەگرۆ بەرچاودەکەێت. ئەم پڕۆژە سینەماییە چیرۆکی و دیکۆمێنتاریانە، لە قۆناغی جۆراوجۆری بەرهەمهێناندان، کە لە ڕاستیدا بەرهەمی یەکەم یا دووهەمی دەرهێنەرەکانیان دێنەئەژمار.
ئەم 10 دەرهێنەرە لە لایەن “ڕەشید بووشارب” Rachid Bouchareb دەرهێنەر، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ناوداری ئەلجەزایری و دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا هاوڕێیەتی دەکرێن. ئەم فیلمسازانەی هەڵبژێردراویی لە بەشی “سینەمای جیهان لە کان” لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا ئامادە دەبن تاکوو چەغماغی بەرهەمهێنانی 10 پڕۆژەی هەڵبژێردراو و چوونە ناو سینەمایی جیهان لێبدەن.
“کەیوان کەریمی” دەرهێنەری 35 ساڵەی سەربەخۆی سینەمایی، تا ئێستا کورتە فیلمەکانی “سنووری شکاو” Broken Border، “ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار” Adventure of a Married Couple، فیلمی دیکۆمێنتاری بڵندی “نووسین لەسەر شار” Writing on the City، چەندین کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری و چیرۆکی و هەروەها فیلمی سینەمایی “تەپڵ” Drum سازکردووە و بەم بەرهەمانە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی دنیادا بەشداریی کردووە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە.
فیلمی سینەمایی “تەپڵ” یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی “کەیوان کەریمی” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ساڵی 2016 لە بەشی “حەوتووی ڕخنەگران” لە حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش کرا و لە لایەن بینەران، ڕۆژنامەنووسان، سینەماکاران و ڕخنەگرانی سینەمایی بەشداربوو لە ڤیستیڤاڵ پێشوازیی لێکرا و لە درێژەدا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە دنیا و هەروەها لە ناوەندە فەرهەنگی و هونەریی چووە سەر پەرەی سینەماکان و هەر لە هەمان ساڵدا لە ڕوانینی هەندێک لە ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی بەرچاوی جیهان لەوانە: “ژان میشێل فڕۆدۆن”، “جوولیانۆ وچیلینی”، “جونا نازارۆ”، “رافائێل میل”، “فێدریکۆ رۆسین” و … لە نێوان 10 باشترین فیلمی سینەمای جیهان لە ساڵی 2016 دەستنیشان کرا.
حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” بە سەرۆکایەتی “پیێر لێسکیۆر” Pierre Lescure و بە بەڕێوەبەری هونەری “تیێری فرێمۆ” Thierry Frémaux بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا تا ئەم ساتە، دیار نییە کە لە چ کاتێک و بە چ شێوازێک بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام بەشی بازاری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” بە ناونیشانی سەرەکی Marché du Film لە ڕۆژانی 22 تا 26ی جوونی 2020 بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.
بڕیار وایە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی پێشبڕکێی “جۆرێک ڕوانین” Un Certain Regard، بەشی پێشبڕکێی “سینە فۆنداسیۆن” The Cinéfondation، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم” و چەندین بەشی دیکەی حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” بە بەرهەمی دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە کاتێکی گونجاو لە شاری ساحیلی کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەبچێت؛ بەڵام ئەمساڵ، بەشی “دوو حەوتووی دەرهێنەران” Directors’ Fortnight و بەشی “حەوتووی ڕەخنەگران”ی Critics` Week ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمایی بەڕێوەناچێت.
بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.lescinemasdumonde.com/en/la-fabrique/2020/projet/do-you-know-anything-about-omid
https://www.lescinemasdumonde.com/en
https://www.if.institutfrancais.com/fr/actualite/la-fabrique-cinema-2020-et-son-parrain
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی پڕۆژەی سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟”.