نووسەر کنێر جەمیل: چیرۆک گیڕانەوە ئامراز ێکی ھەرەکاریگەرە بۆ پرسی پەرورەردە
نووسەر شاعیر خاتوو(کنێر جەمیل حەسەن)، لە ناوچەی ھەریری پایتەختی خانزادی سۆران لەدایک بووە ،لە بەرەبابی مەلا خەیلانییەکانی ڕواندزین..کنێرخان قەڵەمێکی جوانی بواری ئەدەبە خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە .. بەھۆی ھەڵوێستی کوردانەی لە سەردەمی بەعسدا چوارجار گیراوە جاری چوارەمی لەساڵی ١٩٨٩ بووە، و دواتر لەگەڵ پۆلێک تێکۆشەری تری کوردستان حوکمی ئیعدامان بۆ دەردەچێت و پاشان حوکمەکەیان سووک دەکرێت بۆ حوکمی ھەتا ھەتایی، ئینجا لەدوای ڕاپەڕین و لە میانەی گتفوگۆی بەرەی کوردستانی لەگەڵ رژێم ئازاد کرا لە ئێستادا لە ھەندەران دەژیت، وەکو چالاکوانێک لە بەریتانیا لەگەڵ ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کاریکردووە بۆ ئاگاداربوون لە ژیان و بەرھەمەکانی بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
* سەرەتا بابگەرینەوە سەردەمی منداڵی خۆت چی وای لەتۆ کرد لە بواری منداڵان بنووسیت؟
– ھەڵبەتە قۆناغی منداڵی خۆشترین و پاکترین قۆناغی ژیانمانە، بۆیە کاتێک گەورە دەبین ھەر ئاخ و ئۆف و حەسرەت بۆ ئەو قۆناغە دەخوازین و حەزدەکەین بۆی بگەڕێینەوە، ئیدی ھەر یەکەو بەشێوەیەک بۆی دەگەڕێتەوە، نووسینیش بۆ منداڵان دەکەوێتە ئەو چوارچێوە گەڕانەوەیە. لەبەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە و بەکارھێنانی ھەمان زمان، کارێکی سەختە، بۆیە نووسین بە زمانی منداڵان یان نووسین بۆ منداڵ زۆر سەختترە بۆ نووسین بۆ گەوران، چونکە مرۆڤ پێ بەپێی ھەڵکشانی تەمەن، زمانەکەشی ھەڵدەکشێ، یان بابڵێین لەگەڵ تەمەنی ھەنووکەیی دەگونجێ، بۆیە ڕاستریین نووسین ئەوەیە خۆت تێیدا بی و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ھەستی پێبکەی. زمانی ئەدەبی منداڵانیش ھەروەھایە، چونکە ھەموومان تێێدا بووین، بەڵام ئایا کاتێک کە گەورەیەک بۆ ئەو زمانە و جیھانی ئەوکات دەگەڕێتەوە و پێی دەنووسێ، ئەوە پرسێکی گەورەیە.
* کەی دەنووسیت ،کاتێکی دیارکراوت ھەیە بۆ نووسین؟
– نووسین بۆ تاکی کورد تا ئێستا نەبووەتە پیشەیە، مەبەستم ئەوەیە پیشەیەک پێی بژی و ژیانی سەرتاسەری بۆ تەرخان بکات، بۆیە وەک ھەر نووسەرەێکی دیکەی کورد، دەبێ لە کاتی تایبەتی خۆت بگرێتەوە، ئەوسا چ بە ڕۆژ بێ یان بە شەو بەگوێرەی ڕێککەوتن و دەرفەت ھەبوون.
* تۆ لە بواری نوسینی گەورانیش دەنووسیت جیاوازی نووسین لە نێوان ئەدەبی گەوران و ئەدەبی منداڵان ھەیە؟
– بێگومان جیاوازییەکی زۆر ھەیە، ھەر جیاوازییەکەش وای لێدەکا زەحمەتتر بێ، ئەوسا زەحمەتییەکەش دوو سەرەیە، ھەم لەبارەی زمانەوەیە، چونکە زمانی منداڵان جیاوازە لە ھی گەوران، ھەروەھا لەڕووی پەیامیشەوە، چونکە پەیامەکەشیان بۆ یەک نابێت.
ئەگەر ھەندێک جار پەیامەکەش وەک یەک بێ، ئەوا دەبێ جیاوازییەکی تەواو لە شێوازی دەربڕیندا ھەبێ. بۆیە پێویستە نووسەری منداڵان زۆر باس خۆی لەگەڵ قۆناغی کاتی خۆی بگونجێنێ، واتە لەگەڵ زەمانی منداڵیی خۆی و بتوانێ بە زمانێک بنووسێ کە ئاڵۆز و تێکەڵ و قوڕس نەبێ تا منداڵ بەئاسانی لێی تێبگا.
* تا چەند چیرۆک گێرانەوە بۆ منداڵان گرنگە بەتایبەتی لەوسەردەمەی تەکنەلۆژیایەدا؟
– بەڵێ بێگومان زۆر گرنگە. چیرۆک گیڕانەوە ئامراز ێکی ھەرەکاریگەرە بۆ پرسی پەرورەردە، ئەوسا پەروەردە بۆ ئەوەی منداڵەکە لە دواڕۆژدا ببێتە تاکێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگا. ئاشکرایە دینەکانیش پەنایان بۆ چیرۆک بردووە، بۆ ئەوەی حیکمەتی خۆیان بەگوێی ھەوادار و لایەنگرانیان دابدەن.
گێڕانەوە و شێوازی چیرۆکئامێز لەو تەمەنە ساوایەی مرۆڤدا، تاکە شێوازێکە کە شت لای منداڵ شیرین بکرێ. بێگومان ھەموو کەسێکیش کاتێک بە شێوەیەکی سروشتی و سەلیقەیی زمانی دایکی فێردەبێ، زیاتر لەو چیرۆکانە فێردەبێ کە بۆ منداڵەکە دەگێڕدرێنەوە.
*یەکێک لە کتێبەکانت بەناوی (چیرۆکی دیۆکیۆمێنتاری) یەچیرۆکەکانی ئەم کتێبە باسی چی دەکات؟
-لەم کتێبەم دا بە لە چیرۆکێکی راستەقینەی ژیانی کچێکی جوانی شاری ھەولێرە کەلە زیندانی بەعس لەگەڵ من زیندانی کرابوو ،باس لە خۆڕاگری ئەو کچە قارەمانە دەکات.
* ئاستی چیرۆک نووسیانی کوردستان چۆن دەبینیت؟
– دیارە چیرۆک لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا مێژوویەکی قووڵی ھەیە و و لەدوای شیعرەوە دێت، ھەندێک جار شیعریش وەک ئامرازێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆک پێکھێنراوە، خۆ ئەوەش ھەیە ھەموو ژانرێکی نووسین، ئەوسا شێعر بێ یان داڕشتن یان لێکۆڵینەوە یان ھەرشتێک ئەوا چیرۆکێکی خۆی ھەیە، کەواتە بیرۆکەی چیرۆک چەقی بازنەیە و ژانرەکانی دیکەی وەک بازنەیەک بەدەوردا دەسووڕێنەوە.
*پرۆژەی نوێت ھەیە لە بواری نووسین؟
-لە ئێستادا خەریکی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی ژیانی زیندانی خۆمم بەشی زۆری تەواو بووە بەدوای سپۆنسەر دەگەرێم بۆ ئەوی بەچاپی بگەیەنێم ،ھەروەھا کتێبکی شیعریشم ئامادەیە بەم زووانە بڵاوی دەکەمەوە.
Discussion about this post