نووسەر گوڵزار فەرەج: رەخنە گرتن و رەخنە قبوڵکردن دوو شاباڵی سەرکەوتنی نووسەرن بەرەو لوتکە
خاتوو گوڵزار حەمە فەرەج ناسراو بە( گوڵزار فەرەج) یەکێک لە قەڵەمە دیاریەکانی نێو ئەدەبی کوردی تائێستا خاوەنی حەوت کتێبە لە بواری پەخشان و ڕۆمان و تێکستی ئەدەبی و زانستی جەستەیی ..بەبەردەوامی لە گۆڤار و رۆژنامەو سایتەکان بابەت دەنووسێت ئەندامی لقی سلێمانی یەکێتی نوسەرانی کوردە ئەندامی دەستەی نوسەرانی رۆژنامەی ژیانەوە یە ئێمەش بە باشمان زانی ئەم ھەڤپەیڤینەی لەگەڵ دا ساز بکەین.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
* وەکو نەریتێکی سەرەتای پرسیارکردن بابزانین گوڵزارخان چۆن ئاوێتەی جیھانی ئەدەب و نووسین بوو؟
– بەری درەختی فەنتازیاو ، ھەندێک روداوی ڕاستەقینە ،وەک ڕۆشنایی تکانە نێو دیدەو ھزرەوە ، بەس بون بۆ ئەوەی ببن بە پردێک کە ھەست و حەزی زاتیم بۆ نوسین لە دایک ببێت ، بەو مشتومڕانەی ناو خەیاڵی خۆمەوە بونە شاخێک ھێندە بڵند کە خەرییکە زمانی لوتکەی لە ڕومەتی ئاسمان ھەڵدەسوێ ،ھەرنەبێ لەبەر دیدەی خۆم وام لێدەنۆڕی ، کەبوونە گەورەترین سەرمایەی من ، دەڵێم مڕۆڤ گەر ئیرادەی ھەبو ،ھەمو شتێکی پێدەکرێ ، ڕۆژانێک بو ، کەکتێبێکی نوسەری پێش خۆمم دەکەوتە پێش چاو، بەحەسرەتەوە بوم ، کەبتوانم کتێبی خۆم لەکتێبخانەکەی خۆمم ببینم ، ھەر ئەو حەزە بو زادەی ئاواتەکانمی ھێنایە دی ، سوپاس بۆ خوا ھەر ئەو ئارەزوەم بوو بۆ نوسین وھاوڕێیەتی کتێب وای لێکردم رێچکەی کتێب و نوسین بگرم.
* ئێوەخاوەن ئەزموونێکی باشی نووسینتان ھەیە، بەڵام زیاترگرنگی بەپەخشانە شیعرداوە ھۆکارەکەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
– زمان وەرگێری ھۆش و دەروونە ، بۆ پەخشکردنی دەروونی مڕۆڤەکان ھەڵبەت ئەبێ دەڕبڕینک ھەبێت بۆ وەدەرخستنی ئەوەی لەناخیەتی ، منیش ھەست دەکەم جوانترین نوسین و دەڕبڕین ئەگەر بکرێ بە پەخشان بنوسرێ بۆ ئەوەی بەتەواوەتی و کاڵا پڕ بەباڵا بێ ،ئەبێ ئەو وێنەشیعریان وەدەربخرێ کە لە ناخدایە و بەشێوەیەکی ئەدەبی و فەرھەنگی و وشەسازی بۆ بکرێ ھەر لەپەخشاندا زیاتر پەیامەکە ئەگات بەخوێنەر و ھەڵبەت ئەمە بەبۆچونی من وایە ، و مامۆستای گەورەمان برایم ئەحمەد ئەوە دووپات ئەکاتەوە ، کاتێک لە ڕۆژنامەی گەلاوێژی ئەو سەردەمە جوانترین پەخشان ئەنوسێ بەناوی بەرەو ڕووناکی .
* لەسەر پەیامی شیعر بۆچوونی شاعیران جیاوازە ھەندێکان دەڵیت شاعیر بۆخۆی دەنووسێت ھەندێکیتر دەڵێن شیعر بەرپرسیارەتییە پەیامێکی گشتییە بۆ کۆمەڵگایە،ئەی تێروانینی ئێوە چۆنە؟
– خودی شیعر سازی
واتێدەگەم ئەوەندەی
پڕۆسەی دۆزینەوە بێت ، نیو ئەوەندە
نوسین و داھێنان بێت
شاعیر دەبێت
شوێن ھەڵگر بێت و جێپێی شیعر ھەڵبگرێت
تا دەستگیری بکات، ھەرچواردەوری
شاعیر شیعرە بەڵام چاوی
تایبەتی دەوێ
بیبینێت و بیدۆزێتەوە
و ھەڵیگرێتەوەو بیانخاتە روو.
* بەشێک لە رەخنەگرانی شیعر دەڵێن ئەگەر فەلسەفە تێکەڵ بە شیعر بوو رۆحییەتی شیعر دەمرێت لەو بارەیەوە ئێوە چی دەڵێن؟
– نوسینەوەو ئیشکردن لە فەلسەفەدا حەزێکی بەرزە فڕی دیکەیە لە نوسیندا ئەو کات مڕۆڤ بە ودەکاری و قوڵایی ڕۆح و ناخدا ڕۆدەچێتە خواروو ھەموو جوانیە پەنھایەکان بەیان دەبن ھەڵبەتە فەلسفە لە نێو شیعر.
* ئێوە لە چ دەروازەیەکەوە لە دەرگای شیعر دەدەن (دەرگای خۆشەویستی، دەرگای منداڵی،دەرگای یادەوەری ،دەرگای دایک….)؟
– نوسین دەرون دەسمێ ئاسۆی
شیعرو نوسینم ھەردەم بەرزە
چونکە زادەی ئەو پەیوەندییەکە بە ژیانەوە دەمبەستێتەوە
لەھەمان کاتیشدا بەخشش و ئیلھامێکی خوداییە ، کەخودا پێیداوم
شیعریش چڕترین دەربڕینی زمانە ھەمیشە رازو نیازو خەونەکانی خۆم
لەڕێی شیعرووشەسازییەوە دەڕبریوە
کرۆک و کاکڵەی نیەتی شاعیر
بەخشینی ساتێک ئارامی و ئومێدو ھیوایە ئەبێت بە تاک، لەوێشەوە بەرەو کۆمەڵگە .
* شاعیری گەورەی فەرنسی (مالارمییە) دەڵێت: شیعر نھێنییە دەبێ خوێنەر بەدوایی کلیلەکەی بگەرێت ،ئێوە چی دەڵێن؟
– بێگومان وایە ھەر نوسینێک شێوازی بیرکردنەوەی مڕۆڤ نەگۆڕێ و کاری تێنەکات ئەو نەنوسینە نە شیعریشە
ھەر لەبەر ئەو ھۆیەیە کەدەڵێ خوێنەر بەدوای کلیلەکەیدا دەگەرێ دەبێ ھزرو ئاوەزی بەجۆڕێک لە جۆرەکان بگۆرێ لەھەست و بیرکردنەوەیدا.
* رەخنە لە نێوە ھەموو کاییەکانی ژیان گرنگە ،وەکو نووسەرێک چۆنە دەڕواننە رەخنەگرانی شیعر لە کوردستان؟
– پێم وایە رەخنە گرتن و رەخنە قبوڵکردندوو شاباڵی سەرکەوتنی نوسەرن بەرەو لوتکە ،و وادەکات کە نوسەر ھەمیشە بەدوای فەرھەنگ و وشەسازی و خەیاڵ فراوانیدا وێڵ بێت و لەو چەق سازیەی دەربازی بکات بەمەرجێ رەخنەنی دروستکەر بێت نەک رەخنەی روخێنەر.
* ئاستی خانمانی شاعیر لە کوردستان چۆن دەبینی؟
-پێم وایە و بەڕوونیش دیارە کە ژنان ھەنگاوێکی بەرچاوو باشییان ناوە لەم ڕۆژگارەدا نەک لە نوسین و ئەدەبدا ، بەڵکو لە ھەموو بوارەکانداو بەتایبەتیش لە فەرھەنگ نوسینداو جێ پەنجەیان دیارە و بەباشی چوونەتە نێو ھەموو بوارەکانەوە.
Discussion about this post