سەدیق سەعید ڕواندزی
لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەدا، ھەمیشە شوناسی نووسەر لە پێشەوەی شوناسی دەق دێت و دەکرێتە پێوەرێک بۆ خوێنەوەی بەرھەمی نووسەران. لەو ڕوانگەیەشەوە خوێنەرانێکی زۆر، ئەو بڕوایەیان لادروست بووە، کە ھەر دەقێک ھی نووسەرێکی بەناوبانگ بوو، ئیدی برێفێکتەو دەبێ بخوێنرێتەوە و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، بە بێ ئەوەی تواناو ئاستی داھێنەرانەی ئەو نووسەرەمان لە بەر چاو بێت و بەراوردی بکەین بە ھەڵکشانی تەمەن و قۆناغەکانی ژیان و ئەزموونەکانی نووسینیەوە. بەڵکو بیرمان بۆ ھیچ سەرنج و ڕەخنە و تێبینیەکیش ناچێت. بە داخەوە ئەم جۆرە لە بینینی دەق و بە تەوتەمکردنی نووسەر و بەرھەمەکانی، وەک ئەوەی لای بەشێکی زۆری خوێنەرە گەنجەکانی ئێمە، بۆ نووسینەکانی (بەختیار عەلی) بە نموونە ھەیە، ھیچ نییە جگە لە بە پیرۆزکردنی ھەندێک نووسەر و پەراوێزخستنی ھەندێکی تریان، کە دەشێ زۆر داھێنەر و جیاوازیش بن لەو نووسەرانە. ئەو جۆرە لە خوێنەر، لە بەراییدا خۆی لە سەر یەک جەمسەر یەکلاییکردۆتەوە کە ئەویش بەرەی پەسن و ستاییشنامە و پیرۆزکردنی نووسەرە. دەبێ بزانین مەرج نییە ئەوەی نووسەرێکی بە ناو دەنگ بوو بینووسێت، ئیدی ھەر ھەمووی شایەنی خوێنەوە بێت و کارێکی داھێنەرانە بێت. لە ئەزموونی نووسینی ژیانی نووسەراندا، گەلێک جار نموونەی دیارمان لەم ڕووەوە کەوتۆتە بەرچاو. بۆ نموونە: شیعرەکانی گۆران، لە سەرەتاکانی ئەزموونی شیعریدا، زۆر ھونەریترو بە ھێزترن لەو شیعرانەی لە سەرو بەندی نەخۆشکەوتنی، یاخود بۆ چەپ و کۆریای نووسیوە.کەواتا، دەشێ نووسەریش لە پەراوێزی کەوتنە نێو تەمەنەوە، یان داکشانی توانای داھێنان و نووسینی دەق، زۆرجار دووچاری جۆرێک لە خۆ جوینەوەو نووسینی بابەتی بێ ماناو سادە بێت. پەیوەندی خوێنەر لەگەڵ دەقدا، دەبێ پەیوەندییەکی ھزریی و خوێنەوەیی پراگماتیکی بێت و تەنھا تێکستەکە بۆ ئەو جێگەی خوێنەوە و پرسیار و ڕامان بێت. نەک شوناسی نووسەر و ناو و ناوبانگی نووسەر. چونکە دەشێ نووسەریش وەک مرۆڤێک لە پەراوێزی چوونە نێو تەمەنەوە، یان کاوێژکرنەوەی نووسین و بۆچوونەکەنانی پێشووتریەوە، جۆرێک لەخولانەوە دووبارە کرنەوەی لا دروست بێت، بۆیە دەبێت پەیوەندی خوێنەر بۆ خوێنەوەی دەق، پەیوەندی خوێنەر و دەق بێت، نەک پەیوەندی خوێنەر و ناوبانگی نووسەر. کتێبی (دەنگدانەوەکانی ژیانم) کە نەجیب مەحفوز نووسیویەتی و (حەمە کەریم عارف) وەریگێڕاوە، بە بڕوای من یەکێکە لەو کتێبانەی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە، کە دەشێ نووسەری گەورە شتێ سادە و بچووک بنووسێت. مەحفوز، چونکە براوەی خەڵاتی نۆبلەو ئیی ئەمە لە پێشا، ئەوھەستەمان لاروست دەکات کە چونکە نۆبلی لە ئەدەبیات وەرگرتووە، ئەوا دەبێ ھەرچییەکی نووسی وەک نووسینی گەورە و داھێنان سەیر بکرێت.مەحفوز نووسەرێکی بە ناوبانگی عەرەب و دنیایە، بەڵام کاتێ ناوەڕۆکی ئەو کتێبەی دەبینین، سەیرمان پێ دێت، نووسەرانێکی بە ناو و دەنگ ھەبن، بابەتی ھێندە سادەو ڕۆژانەیی بنووسن، کە ھەمووان دەتوانن بینووسن. ئەم کتێبە، ئەگەرچی ناسنامەی (ڕۆمان) ی بە سەرەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕۆمان نییە و بیرەوەریش نییە، بەڵکو جۆرێکە لە یاداشتی ڕۆژانەی ئاسایی، کە مەخفوز لە پەراوێزی پەیوەندی خۆی بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و ژیانییەوە ئەزموونی کردوون و یاداشتی کردوون. بۆیە دەکرێ بڵێم کتێبەکە لە کۆمەڵە(گوتنێک _ قەولێک) پێکھاتوووە، کە نووسەر لە پەراوێزی بینینی ھەر دیاردە و ڕووداوێکەوە، کۆمێنتێکی خۆی لە بارەیانەوە نووسیوە. ئەم کتێبە، ئەگەر ناوەڕۆکەکەی بە نموونە بەراورد بکەین، بە پەندەکانی پیرەمێرد و دەربڕینە پڕ ماناکانی پیرەمێرد، ھیچ گومانم نییە ئەو کتێبەی مەحفوز، ناگاتە دامێنی کتێبێکی پیرەمێرد. چونکە ئەو حیکمەت و گوتارە واتایەی لە پەندەکانی پیرەمێرد دا ھەیە لەو کتێبە نین. مەبەستی ئێمە لێرەدا، ئەوە نییە ئەو بەراوردە بکەین کە ڕەنگە دەرفەت نەبێت، بەڵکو پرسیار ئەوەیە ئایا ھەر کتێب و نووسینێک، ئەگەر نووسەرێکی گەورە و بە ناو دەنگی جیھانی نووسی، دەشێ وەک نووسینێکی پڕ بەھاو مەعریفی سەیری بکەین و وەرگێڕێکیش لە سۆنگەی دەسکەوتی ماددی یان خۆناسین بێت وەریبگێڕێت؟ ئایا بەرلە وەرگێڕانی ھەر کتێبێک، ئەوە گرنگ نییە بزانین ناوەڕۆکەکەی چەند لەگەڵ کولتوور و فەرھەنگی ئێمە دەگونجێت و کۆمەکی خوێنەران دەکات، بۆ دەوڵەمەندکردنی پاشخانی ڕۆشنبیریان؟ یان بڕوامان وابێت مادام نووسەرەکە براوەی نۆبلە و لە سەر ئاستی دنیا ناسراوە، ئیدی ھەرچییەکی نووسی شایەنی خوێنەوە و بەرز نرخاندن و وەرگێڕانە. لێرەا نموونەیەک لەدەربڕینەکانی ئەم کتێبە ەھێنینەوە تا بزانین دەنگانەوەکانی ژیانی مەحفوز چیان تێدایە. بۆنموونە:_
* لا ٢٣:_(چەژن و سەیران لە وەرزی بەھاردا زۆر خۆشە).
* لا ٢٩:_(خواھیچ قەومێک ناگۆڕێت، تا بە خۆیان خۆیان نەگۆڕن) ئەم گوتنە، چ حیکمەتێکی تێدایە؟ مەگەر کەس ھەیە ئەمە نەزانێت؟
* لا ٣٥:_ ( باران ڕەحمەتی خوایە).
* لا ٤٣:_ ( دەستبەراری دنیا بوویت، وەک چۆن دنیا دەستبەراری تۆ بوو).
* لا ٦١:_(ئەشقیش جگە لە خەم و پەژارە، ھیچی تری لێ ناکەوێتەوە).
* لا ١٠٧ ( ئەگەر یەک ساڵ کاربکەم بێزار نابم، بەڵام ئەگەر یەک مانگ بێ کار بم، ھەست بە بێزاری دەکەم) ئەم دەربڕینە، ھیچ داھێنان و حیکمەتێکی تێدایە؟ کەس ھەیە ئەمە نەزانێت؟
* لا ١١٥ :_( قەدەری ژیانی ئینسان وایە، کە لە نێوان خۆشی و ناخۆشیا لە ھاتوچۆ دابێت).
* لا ١١٩ :_( جەوھەری ژیان لە حەڕەکەت و جوڵە دایە).
* لا ١٢٠:_( گۆرانی گفتوگۆی دڵی ئاشقانە).
بێگومان ئەمانە، بەشێک بوون لەو گوتنانەی کە لەو کتێبەی مەحفوز ھاتوون و زۆری تریشمان باس نەکردوون. ئەمانە، ھیچ حیکەمتێکییان تیدایە؟ ئەگەر گریمان ئەم قەولانە ھی نووسەرێکی کورد بووایە، کەس گرنگی پێ دەدا؟ بۆ دەبێ ئێمە وەک پەیامبەر بڕوانینە نووسەرانی دنیا و داھێنەر و نووسەرانی خۆشمان لاتەریک و پەراوێز بخەین و گرنگی بە بەرھەمەکانیان نەدەین؟ ئەم کتێبە لە ڕووی وەرگێڕانیشەوە، ھاوکات ستایلی نووسینی کتێبەکەشەوە، سەرنج ڕاکێش و بە چێژ نییە. بۆ نموونە دەیان وشەی عەرەبی وەک:_( مەجلیس ، عەمرات ، حەرەکەت، ئیغرا، تەشبریق) گەلێک وشەی نامۆزیکی دیکە لەکتێبەکەدا ھەن، کەچی سەیر لەوەدایە وەرگێڕ لە کۆتایی کتێبەکەدا فەرھەنگێکی بۆ زاراوە کوردییەکان داناوە! دواجار دەڵێم: ھیوادارم وەرگێڕەکانی ئێمە ھێندە سەرسام نەبن، بە نووسەرانی دنیا و ھەرچییەکییان نووسی، بۆیان وەرنەگێڕنە سەر زمانی کوردی، بەڵکو دەبێ ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و وەرگێڕانی پێچەوانە بکەن و ئەدەب و فەرھەنگی خۆیان بە جیھان بناسێنن.
* ناوی کتێب: دەنگدانەوەکانی ژیانم، نووسینی: نەجیب مەحفوز، وەرگێڕانی : حەمەکەریم عارف، بڵاوکراوەی: نێوەندی ڕەھەند_ ٢٠٢١.
*ئەم بابەتە لە دوایین ژمارەی گۆڤاری دیوان، ژمارە ٢١ ئازاری ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post