سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەموو ڕەھەندە مانایەکانی نووسین، لەوەدا دەردەکەون کە چەند دەتوانرێت کاریگەریەتی لە سەر ھزر و بیرکردنەوەی خوێنەر دروست بکات و مەوداکانی بیرکردنەوە و تێڕامانی ھزری فراوانتر بکەن . لەنێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا، بە ھەزاران کەس دەنووسن، کتێب چاپ دەکەن، بیڕوڕاکانییان دەخەنە ڕوو، ھەیانە ساڵانە پێنچ شەش کتێبی بە ناو فیکریی، شیعر، لێکۆڵینەوە، سیاسەت و ڕۆژنامەوانی و مەعریفە بڵاودەکاتەوە، بە بێ ئەوەی نووسینەکانی بۆ خوێنەران بەھایان ھەبێت و جێگەی خۆیان بگرن. بێگومان ڕەنگە باس و بابەتی کتێبەکان گرنگ و پێویست بن، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، بە چ مۆدێکی نووسین دەیگەیێنێت؟ چ پەیامێک و مەبەستێکت ھەیە و ڕووت لە کام خوێنەرە؟ خوێنەرێکی سادەی کورد، کە تا ئێستاش نیتشە ناناسێت، یان خوێنەرێکی ئەڵمانی؟ ئایا پێویست دەکات، سەد جار باسی ھایدگەر بکەیت لە نووسینێکدا، لە کاتێکدا تۆ ڕووت لە خوێنەری کوردە، نەک نەتەوەیەکی دیکە؟ گەر سەرنج لە زمانی نووسینی بەشێک لە نووسەرانی کورد بدەین، بە تایبەتیش لە بواری ھزریی و لێکۆڵینەوەدا، دەبینین زمانێکی یەکجار وشک و برینگ بێ مانایەو خوێنەر دوای ئەوەی لە خوێندنەوەی وتارەکە دەبێتەوە، ناچارە ئەو پرسیارە لە خۆی بکات بەڕاست ئەوە چی بوو من خوێندمەوە؟ چ سوودێکم لەم وتارە بینی، کەکاتێکی زۆری خۆمم بۆ تەرخان کرد؟ بە بڕوای من، نووسەری کورد ھیچ کاتێک نابێت ئەوەی بیر بچێت کە ئەو بۆ خوێنەری کورد دەنووسێت و ڕووی لە خوێنەرێکە ڕەنگە زانیارییەکی ھەمە لایەنەی لە ھەموو ڕووێکەوە نەبێت.
ئەمە بەو مانایە نییە نووسین سادە بکەینەوە، بەڵکو بەو مانایەی چۆن ئەوەی مەبەستمانە دەیگەیێنین؟ ئایا پێویست دەکات کاتێ لە بارەی شاعیرێکی کوردەوە دەنووسین، سەد جار ناوی نیتشە و ھایدگەر و دیکارت و کانت و ئەدۆرنۆ بێنین؟ جارێکیان ھاوڕێیەکی شاعیرم پێی گوتم (نووسەرێک کتێبێکی لە بارەی حەمە عومەر عوسمان نووسیبوو، کەچی ھێندەی باسی نیتشەی کردبوو، ھەرباسی شیعرەکانی نەکردبوو، گوتی منیش پێم گوت، تۆ کتێبت لە سەر نیتشە نووسیوە، یان حەمە عومەر عوسمان؟) بە داخەوە ئەمە بۆتە مۆدێک لە دنیای نووسینی ئێمەدا و نووسەران بڕوایان وایە، چەند باسی فەیلەسوفانی دنیا بکەن و ناوەکانیان ڕیزبکەن، ئەوەندە ڕۆشنبیرتر و داناتر دەردەکەون. لە کاتێکدا دەکرێ تۆ ئەوەی مەبەستە بیگەیێنێت، بەبێ ئەوەی ئاڵۆزییەک لە ھزری خوێنەر دروست بکەیت. بەشێکی زۆر لە نووسەرانی کورد، بە تایبەتیش گەنجەکان و ئەوانەی تازە سەرەتای نووسین و دەرکەوتنیانە، بۆ ئەوەی گوایا پیشانی خوێنەرانی بدەن چەند زمان دەزانن، چەند پڕ مەعریفە و ڕۆشنبیرن، دێن لە نووسینەکانیاندا ناوی ھەرچی فەیلسوف و بیرمەندی دنیا ھەیە ڕیزدەکەن و بیریان دەچێتەوە کە ئەوان ڕوویان لە کام خوێنەرە و بۆ کێ دەنووسن؟ بۆیەشە نووسینەکانیان نەک ھەر نابێتە ئیزافەیەک بۆ دنیای ڕۆشنبیری ئێمە، بگرێ گەلێک جار بە گاڵتەو و توانجەوە دەگوترێت، نووسەری کورد نیتشە و ھایدگەر دەپەرستێت. لەم ڕووەو دەمەوێ نموونەیەکی بەرجەستە و دیار بێنمەوە. لەو ڕۆژانەدا، وتارێکی (ھاوار محمەد) ێکم خوێندەوە، کە بە تێگەیشتنی خۆی، قسە لە سەر ئەنفال لە شیعری مامۆستا (ڕێبوار سیوەیلی) دەکات. ئەم بەڕێزە، لە نووسینە دوور و درێژو بێزارکەرەکەی خۆیدا، ناوی ھەرچی فەیلەسوفی دنیا ھەیە دێنێت، تەنێ ئەوەی باسی ناکات ئەنفالە. بەڵگەشم بۆ قسەکەم ئەوەیە، کە خودی مامۆستا سیوەیلی وەڵامی نووسینەکەی داوەتەوە و پێی دەڵێت ئەوەندی خۆت نغرۆی ناوی بیرمەندەکانی جیھان کردووە، ئەرکە سەرەکییەکەی نووسینت، کە ڕەنگدانەوەی ئەنفالە لە قەسیدەکەی مندا، لە بیرچووە. زۆر بە ڕوونیش پێی دەڵێت، ئەم شێوازە لە نووسین نەک ھەڵەیە، بگرە جۆرێک لە سەر لێ شێواندن و تێنەگەیشتنیشە لە گوتار و مانای دەقی شیعریدا. سیوەیلی، کە یەکێکە لە دیارترین و پڕ مەعریفەترین نووسەرانی ئێمە و یەکێکیشە لە بە ئاگاترین نووسەرانی کورد، لە ھزری فەیلەسوفان و بیرمەندانی دنیا، کەچی مەگەر پێویست بکات و بە دەگمەن دەنا ناویشیان ناھێنێت ! گریمان ئێمە مانان وەک خوێنەرێک، ئاستی ڕۆشنبیریی و تێگەیشتنمان لەو نووسینە کەمە، بەڵام ئەگەر وایە، بۆچی سیوەیلی ئەم جۆرە بە ناو نووسین و توێژینەوانە ڕەت دەکاتەوە؟ بەشێک لە نووسەرانی کورد، دەیانەوێت مەعریفەی خۆیان لە نووسیندا نماییش بکەن، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەوان ئەم مەعریفەیە پیشانی کێ دەدەن؟ خوێنەرێکی ئەڵمان، ئینگلیز و عەرەب؟ یان خوێنەرێکی ئاسایی کورد، کە جگە لە زمانی کوردی ھیچ زمانێکی دیکەی بیانی نازانێت؟ ئەم جۆرە بە ناو توێژینەوانە، نەک ھەر خزمەت بە دنیای نووسین و ڕۆشنبیری کوردی بە مانا گشتییەکەی ناکەن، بەڵکو لە ئاستی بژاردەی نووسەرانی پڕ مەعریفەش ڕەت دەکرێنەوە، چونکە دەزانن ئەم شێوازە زمانە ئاڵۆز و میکیاژکراوە بە ناوی سەدان فەیلەسوف، سوودێکی ئەو تۆی بۆ خوێنەری کورد نابێت.
نووسەرانی کورد، دەبێ ھەمیشە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە ئایا ئەوان بۆ کێ دەنووسن؟ بۆ خۆیان؟ یان بۆ خوێنەرێکی بیانی؟ دەکرێ تۆ باسی ئەنفال بکەیت، بەڵام لە پەراوێز و بە بچووکی؟ مەگەر باسەکەت لەسەر ئەدۆرنرۆیە یان ئەنفال و شیعر؟ بۆچی کتێبەکانی حەمە سەعید حەسەن، دە جار چاپ دەکرێنەوە ولەکتێب فرۆشیەکانیش نامێنن؟ بۆچی خوێنەران بە تاسەوە کتێب و نووسینەکانی ڕێبوار سیوەیلی دەخوێننەوە؟ بێگومان دیارە، چونکە ئەم نووسەرە، دەزانێت ھزری خوێنەری کورد بدوێنێت و دیالۆگی لەگەڵ بکات، پرسیاری لا دروست بکات، لە ھەمووشی گرنگتر ئاست و تێگەیشتن و زمانی خوێنەری کورد نەک ھەر شارەزایە، بەڵکو بە قووڵی خوێندوویەتیەوە و ڕۆچووتە ناوی، بۆیە بە بایەخەوە کتێب و توێژینەوەکانیان دەخوێنرێنەوە. نووسەری کورد، لە بەرای ھەمووشتێکدا دەبێ ئەوە بزانێت کە ئەو ڕووی لە خوێنەرێکە و بۆ خوێنەرێک دەنووسێت، کە تا ئێستا ھەژار موکریانی و پیرەمێرد و عەلائەدین سەجادی و دڵدار و شێح ڕەزا ناناسێت، ئیدی چۆن سەدان فەیلەسوفی وەک ئەدۆرنۆ و والتەر بنیامین و ئەوانی دیکە دەناسێت ، کە بەشێک لە نووسەرانی ئێمە وەک سیوەیلی دەیڵێت ھەر بۆ ئەوە ناویان دێنن، تا بە خوێنەر بڵێن ئەمانە دەناسین و بزانە چەند ڕۆشنبیرین ؟!
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٤٠٤٧ )ی ڕۆژی ٢/٤/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post