* نووسەر ئەمین محەمەد: ئەدەبی منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە کوردستان گرنگییەکی زیاتری پێدەدەرێت و کۆمەڵێک نوسەرو شاعیری خەمخۆر و دڵسۆز خزمەت بەو بوارە دەکەن
* نووسەر ئەمین محەمەد: ئەدەبی منداڵان ژانرێکی تەواو جیاوازو سەربەخۆیەو مەرج وبنەماو یاساوڕێسای تایبەت بەخۆی ھەیە
نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان حەمەئەمین محەمەد ئیسماعیل ناسراوبە (ئەمین محەمەد )لەساڵی ١٩٦٢ لەسلێمانی لەدایک بووە،لەسەرەتای ھەشتاکانەوە دەستی بەشیعرنوسین کردوە،یەکەم شیعرم لەساڵی ١٩٨٦ لە گۆڤاری کاروان بڵاوکردوەتەوە،بەشداری زۆربەی کۆڕەشیعرییەکانی ساڵی ھەشتاکانی کردوە لەسلێمانی وھەولێرو قەڵادزێ و ھەڵەبجە.(ئەمین محەمەد)،یەکەم کتێبی شیعریم بەناوی (ھەڵوێست )لەساڵی ١٩٩١ چاپکردوە، کە بریتییە لە شیعری بەرگریی لەساڵی ١٩٩١ دەبێتە بە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی سلێمانی. لەساڵی ٢٠٠٨ ڕووی کردوەتە بواری ئەدەبی منداڵان، شیعرو چیرۆک و ڕۆمان بۆمنداڵان دەنووسێت.ھەروەھا لەبواری ڕەخنەدا کاری کردوەو دوو بابەتی لەو بوارەدا بە چاپگەیاندوە کە ھەر یەکەیەن لە کتێبێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری تری بوارەکە. تائێستا زیاتر لەسەد شیعری لەتیڤییەکاندا لەلایەن ھونەرمەندانەوە ئاوازیان بۆ دانراوەوکراون بەگۆرانی.ئێستا ئەندامی دەستەی نووسەرانی ھەردوو گۆڤاری کورد جینیەسی تایبەت بەمنداڵان و کوردجینیەسی پەروەردەو ڕۆشنبیرییە.. شیعرێکی بەناوی( ژینگەی کوردستان) لە پڕۆگرامی خوێندن لە پۆلی سێیەمی بنەڕەتییدا دانراوە لەنزیکەوە ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵ دا کردوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا باسی سەردەمی منداڵیی خۆت بۆخوێنەرانمان بکە چی وای لەتۆکرد، ڕوبکەیتە نووسین لەبواری منداڵان؟
– من بەمنداڵیی کەسێکی شەرمنی خەیاڵاوی بووم ،ھەمیشە لەگەڵ خۆمدا دەدوام،زۆرجار بەخەیاڵ لەسەربەرزایی گۆیژەوە بازم دەدا بۆسەرشاخی بەرانان و گڵەزەردە، ھەندێ جار دوای مانگ دەکەوتم وبەژێر پەڵەھەورەکاندا ،ڕامدەکرد،ھەندێ جار کەھاوینان لەسەربان دەخەوتم یەک یەک ئەستێرەکانم دەژمارد تاخەودەیبردمەوە.
لەبارەی نووسینەوە ،سەرەتا شیعرم بۆگەورەساڵ دەنووسی ،شیعرەکانم بەرەنگاری بوون ،لەساڵی ھەشتاکان لەکۆڕەشیعرییەکان بەشداریم دەکرد لەگۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەوئەوسادا بڵاوم دەکردنەوە،لەساڵی ١٩٩١ لەدووتوێی کتێبێکدا بەناوی (ھەڵوێست )چاپمکرد.دواتر بەھۆی خۆشەویستیی زۆرم بۆمنداڵ و ھەستکردنم بەکەمو کووڕی زۆر و کەمی دەقی پێویست بەمنداڵ ڕووم کردەئەوبوارەو دەستم کرد بەشیعرنووسین بۆ منداڵ وپاشان چیرۆک نووسین و وەرگێڕان لەبواری چیرۆک و لەم ساڵانەی دوایدا نووسینی دوو ڕۆمانی تایبەت بەمێرمنداڵ.
*کەی دەنووسیت کاتێکی دیاریکراوت ھەیە بۆنووسین؟
– من ھیچ کاتێکی دیاری کراوم نییە بۆنووسین،زۆرجار بەدەم ڕێگاوە، یان لە ناوپاسدا،ھەندێ جار لەکۆڕوکۆبوولنەودا ،ھەندێ جار کە شەوخەبەرم دەبێتەوە،شتێک دێت بەخەیاڵمدا و دەست دەکەم بەنووسین، ھەمیشە قەڵەم وکاغەزم پێیە.بەڵام بۆ نووسینی لێکۆڵینەوەو وەرگێڕان کاتی بۆدیاری دەکەم.چوونکە کاتی دیاری کراوی پێویستە.
*چۆن ڕێنمایی پێشکەش بەمنداڵ بکەین بۆئەوەی بخوێنێتەوە،بەتایبەتی لەم سەردەمی تەکنەلۆژیاو زۆری کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا؟
– ڕێنمایی وئاراستەکردنی منداڵ بۆئەوەی خوێندنەوە بکات بەبەشێک لەژیانی ڕۆژانەی خۆی پێویستمان بەوەیە بەشێوەیەکی گشتیی وفراوان ھەمەلایەنە دەست بکەین بە بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە لای تاک بەتاکی کۆمەڵگە،دەبێت ھەوڵبدەین کتێب وگۆڤار بەردەستبن ،بۆمنداڵ لەماڵ وقوتابخانەکاندا ،مامۆستاو خێزان و نووسەرانی بواری پەروەردەو ئەدەبی منداڵان باسی گرنگی خوێندنەوە بۆمنداڵ بکەن، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی کتێب و گۆڤاریان بۆفەراھەم بکەن، باشتروایە دایک وباوک بزان منداڵەکانیان حەزیان لەچ بوارێکە ،بۆئەوەی لەوبوارەدا کتێب و گۆڤاری بۆدابین بکەن، باشتروایە کاتێک بۆمنداڵ دیاری بکرێت بۆخوێندنەوە،ھەروەھا کات دابنرێت بۆ یاری و سەیرکردنی تەلەفزیۆن و مۆبایل و یارییەئەلەکترۆنییەکان. واتا بەپێی بەرنامە یاری بکات ، وەبخوێننەوە.
*ئەدەبی منداڵان لەگەڵ ئەدەبی گەورەساڵان جیاوازی ھەیە؟ زەحمەتی نووسین لەبواری منداڵان لەچیدایە؟
– ئەدەبی منداڵان ژانرێکی تەواو جیاوازو سەربەخۆیەو مەرج وبنەماو یاساوڕێسای تایبەت بەخۆی ھەیە، بەپێچەوانەی ئەدەبی گەورەساڵانەوە ،زۆرگرنگ وھەستیارە ھەمووکەس پێی ناوێرێ و کارکردن وسەرکەوتن تێیدا زەحمەتە، چوونکە پێویستە نووسەر شارەزایی تەواوی لە لایەنی دەرونیی وپەروەردەیی و بنەماکانی ئەدەبی منداڵدا ھەبێت، دەبێت مەرجەکانی شیعروچیرۆک و ئۆپەرێت و ڕۆمان بزانێت وبەباشی لێیان تێگەیشتبێت و توانای ئاراستەکردنی منداڵی ھەبێت بەشێوەیەکی ڕوون و دروست.
*بنەماسەرەکییەکانی ھۆنراوە نووسین لەبواری منداڵاندا چین؟
– شیعری تایبەت بەمنداڵ چەندین مەرج وبنەمای تایبەت بەخۆی ھەیە، وەک سادەیی،یەکێتی بابەت، بڕگەی کورت، کەمی دێڕەکانی، بونی قافیەی نوێ و بەھێزو ئاوازدار، وشەکانی سەربەفەرھەنگی منداڵبن، ناوەرکی پەروەردەیی بێت،پەیامی تێدابێت، وشەی نەشیاوی تێدانەبێت ،دووربێت لەوشەی سواو و دووبارە ،ڕەچاوکردنی لایەنی سایکۆلۆژی و بواری پەروەردەی ھاوچەرچ و چەندان مەرجی تر.
*تاچەند بوونی کتێبخانە لەماڵ وقوتابخانەدا بەگرنگ دەزانیت بۆمنداڵان؟
– بوونی کتێبخانە لەماڵ و قوتابخانە وھەندێ شوێنی گشتیی و ھەندێ جارکتێبخانەی گەڕۆک زۆر گرنگ وپێویستن بۆ خوێنەران بەگشتیی ومنداڵان بەتایبەتی، دەبێت ھەوڵبدرێت خوێندنەوە بکرێت بەکەلتوور لای منداڵ ،زۆرگرنگە وا لەمنداڵ بکرێت ھۆگرو ئالوودەی کتێب ببێت و چێژی لێوەربگرن، ئەگەرلەھەموو ماڵ وقوتابخانەکاندا کتێبخانەھەبێت کتێب وگۆڤاری تایبەت بەمنداڵی تێدابێت بەدڵنیایی زۆربەی زۆری منداڵان دەبن بەخوێنەرو سوودی لێدەبینن،ئەگەردایک وباوک ومامۆستا ونووسەرانی تایبەت بەمنداڵان ھانی منداڵ بدەن وئاراستەیان بکەن سوودی زۆردەبێت،ئەوەئەرکی سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیرییەکانیشە گرنگی بەکتێب وکتێبخانەبدەن.
*تاچەند خوێندنەوەی چیرۆک وھۆنراوە بۆمنداڵ پێش خەوتن بەگرنگ دەزانیت؟
– خوێندنەوەی چیرۆک وھۆنراوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرھەست و دەروونی منداڵ ھەیە ولەزۆر ڕووەوە ئارامییان پێدەبەخشێت،بەتایبەت پێش خەوتن ،ئەگەر دایک وباوک بەردەوام منداڵەکانیان بەخوێندنەوەی چیرۆک وھۆنراوە بخەوێنن ،ئەوەکارێکی زۆرباش وگرنگ وشارستانی وپەروەردەییە ولە دواڕۆژدا کاریگەری ئەرێنی لەسەرژیانی منداڵ دەبێت.
*بڵاوبوونەوەی یارییەئاگرینییەکانی منداڵان، لەبازاڕەکاندا بەنرخێکی ھەرزان پێت وانییە ھۆکارێک بێت بۆ تووندوتیژیی؟
– یارییەئاگرینییەکان دیاردەیەکی نامۆی ناپەروەردەیی وناشارستانییە، بەتایبەت لەھەندێ بۆنەدا بەڕێژەیەکی بەرچاو دەفرۆشرێت لەلایەن منداڵانەوە بەکاردەھێنرێت ،بەدڵنیاییەوە ئەوەش زیان بەخۆیان وبەھێمنی و ئارامیی گەڕەک وکۆڵانەکەیان دەگەیەنێت ،دەشبێتە ھۆی بێزاری خەڵکی ،بۆیە باشتروایە دامودەزگابەرپرسەکان ڕێگا لەو دیاردە ناشیرین ناپەروەردەییە بگرن وڕێگای پێنەدەن وسەرپێچی کاران سزابدەن بەتایبەت فرۆشیاری ئەو جۆرە یارییانە.
*وەکوو کەسێکی تایبەت مەندی بواری ئەدەب وپەروەردەی منداڵان میتۆدی خوێندن لە باخچەوقوتابخانەکان لەچی ئاستێکدایە؟
– بەشێوەیەکی گشتیی لەم وڵاتەی ئێمەدا میتۆدی خوێندن سواو و چەقبەستووە و خەیاڵ وفەنتازیاو داھێنان ونوێگەری لەخوێندکاراندا دەکوژن، چوونکەجیاوازی و دابڕانێکی زۆروفراوان لەنێوان تیۆرو پراکتیکداھەیە، قوتابییان وخوێندکاران لەباخچەی منداڵانەوە تادەگەنە قۆناغی زانکۆ ھیچ لەواتای ئەوزانستە نازانن کەبەرچاویان کەوتووەوفێرکراون ئەوەش یەکێکە لە گرفتەگەورەکانی ناوسیستەمی پەروەردەی وڵاتی ئێمە، چوونکە ئاشکرایە پەیوەندی زانیاریی تیۆری بەپراکتیکی ڕاستەقینەوە ڕەھەندێکی سەرەکیی پەروەردەی نوێ وھاوچەرخە،زۆرجار مامۆستای وانەیەک نە لەڕووی زانستیی ونە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە باوەڕی بەو وانەیە نییە کە دەیڵێتەوە ئەوە کارەساتەو گرفتێکی گەورەیە لەبواری پەروەردەی ئێستادا.
*بە گشتی لە ئێستادا بواری ئەدەبی منداڵان چۆن دەبینی؟
– لە ڕاستیدا ئەدەبی منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە کوردستان گرنگییەکی زیاتری پێدەدەرێت و کۆمەڵێک نووسەرو شاعیری خەمخۆر و دڵسۆز خزمەت بەو بوارە دەکەن و بەرھەمەکجانیان بۆ منداڵان لە شیعرو چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بۆ منداڵان خستۆتە بەردەست منداڵان و کتێبخانەی منداڵانەوە.ھەروەھا ھەردوای ڕاپەڕین کۆمەڵێک گۆڤاری تایبەت بە منداڵانیش لە شارەکانی کوردستان دەرچوون ،بەڵام بەداخەوە لەئێستادا چەند دانەیەکیان ماون کەدەربچن ئەوانی تر زۆریان بەھۆی باری داراییەوە وەستاون،کە بوونی ئەمانە خۆی لەخۆیدا خزمەتێکی باش و بەرچاو بوون بە ئەدەبی منداڵان و دەرکەوتنی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەری لاو کە بۆ ئەو بوارە گرنگە بنووسن
نووسەر (ئەمین محمەد) چەندین بەرھەمی بەچاپ گەیاندوەو چەند بەرھەمێکی تریشی ئامادەن بۆچاپ ناوی ھەندێ لە بەرھەمەچاپکراوەکانی نووسەر:
١- ھەڵوێست …شیعر ساڵی ١٩٩١
٢- ماڵی باران …شیعربۆمنداڵان ساڵی ٢٠١٠
٣- ھاوڕێی نوێ… شیعربۆمنداڵان ساڵی ٢٠١١
٤- خەونی چۆلەکە…شیعربۆمنداڵان ساڵی ٢٠١١
٥- ھەنگەوردیلە…شیعربۆمنداڵان ساڵی ٢٠١١
٦- خەیاڵی منداڵانە…شیعربۆمنداڵان ساڵی ٢٠١٢
٧- گۆرانیی ھەورەکان …شیعربۆمنداڵان ساڵی ٢٠١٢
٨-دیوانی جریوەکان ع ع شەونم …کۆکردنەوەو ئامادەکردن ساڵی ٢٠١٢
٩- بەرسیلە…شیعربۆمنداڵان ساڵی ٢٠١٦
١٠- زمان ڕەوانی وجۆرەکانی کێشی بڕگە لەشیعری منداڵا ندا …توێژینەوە ساڵی ٢٠١٣ کتێبی ھاوبەشی پێنج نووسەر.
١١- چەند سەرنج و ووردزونەوەیەک لەمێژوی ئەدەبی منداڵانی کورد…توێژینەوە ساڵی ٢٠٢٢کتێبی ھاوبەشی دەنووسەر.
١٢- کچی دورگەبچکۆلەکە….ڕۆمان بۆمێر منداڵ ساڵی ٢٠٢٢
١٣- ملوانکەی ئەفسوناوی رۆمان بۆ مێرمنداڵ ٢٠٢٣.
Discussion about this post