سەدیق سەعید ڕواندزی
لە سەردەمێکدا، کە مرۆڤ بە یەک کلیک، ھەر زانیارییەک لە ھەر ڕووێکەوە بێت، مەبەستی بێت دێتە بەردەستی، ئەوا نووسین ئەگەر بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز و تازە و داھێنەرانەی تێدا نەبێت، نەک ھەر ھیچ بەھاو حیکمەت و ئازایەتییەکی تێدا نییە، بەڵکو کاویژکردنەوە و لاساییکردنەوەیەکی زەقیشە. مرۆڤ بە سرووشت و خۆرسکانە، ئارەزووی زانین دەکات، بەڵام ھەرگیز نایەوێت شتێک بزانێت کە پێشتر زانیویەتی، بەڵکو دەیەوێت بەر زانین و مەعریفەی نوێ بکەوێت، کە ئەمە بۆ دۆخی نووسین ودنیای ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتیش ھەمان شتە. ئێمە وەک خوێنەرێک، ڕۆژانە بەر سەدەھا نووسین و وتار و کتێب دەکەوین، بەڵام چەندیان مەعریفەی نوێ و شاراوەیان تێدایە، چەندیان تازە و نوێ و جیاوازن، ئەمە پرسیارە سەرەکیەکەیە.
بێگومان گەر بە وردی سەرنج لە دنیای نووسینی کوردی و نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی بدەین، ئەوا دەبینن ھاوشێوەبوون، لێکچوون و کاوێژکردنەوە، وەک یەکی و نەبوونی دیدگاو گوتارێکی تازە، لە خەسڵەتە ھەرە دیارەکانی گوتاری نووسین و ڕۆشنبیری کوردین. ئێمە بە جۆرێک دنیا دەبینین و بیردەکەینەوە، وەک توتییەک ھەمان شت دەڵێینەوە، لە کاتێکدا نووسین و بیرکردنەوە، ھیچ بەھایەکیان نییە ئەگەر جیاواز و دابڕاو نەبن و ھوشیاریی و ئاگایەکی قووڵییان لە پشت نەبێت. ھاودەم و ھاوسەردەمی گۆران، شاعیرانی وەک قانح و بێکەس و دڵدار و شێخ نوری و پێرەمێردیش دەژیان و شیعریان دەنووسی، بەڵام بۆچی تەنھا گۆران بووە نوێکەرەوەی شیعری کوردی. بێگومان چونکە جیاواز بیری کردەوە، جیاواز دەیڕوانیی و ئاگاییەکی شیعرییانەی قووڵتری لەوانیتر ھەبوو. بۆیە بە ئێستاشەوە، کەس ئەوانە بە نوێخواز و نوێکەرەوەی شیعری کوردی نازانێت، بەڵام بۆ ھەتا ھەتایە، مەدالیای داھێنان و نوێخوزای بە بەرۆکی گۆرانی شاعیرەوە دەمێنێتەوە. بۆیە ھەمیشە جیاواز ڕوانین و دنیابینی تازە و نوێ، بەھایەکی ئەدەبی و مەعریفی زیاتریان ھەیە، وەک لەوەی شتێک بڵێین و بنووسین، کە سەدان جار پێشووتر نووسراوە و قسەی لە بارەوە کراوە. بە گشتی، دنیای نووسینی ئێمە، ھەمیشە ھاوشێوەو ھاوبیر و ڕوانین بووە. بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت، خوێنەر بەر تێکستێکی نوێ، کتێبێکی نوێ، ڕوانینێکی نوێ، کە پێشتر نەگوترابن و نە نووسرابن دەکەوێت. لەبەر ئەوەی ھەموو ژیانم لەگەڵ خوێندنەوە و کتێیبە، ئیدی بڕوام وایە ئێمە وێرای ئەو ھەموو پێشکەوتن و کرانەوەش، وەلێ ھێشتا دنیابینی و تێگەیشتنێکی تازەمان لە ھیچ ڕووێکی زانستی و ئەدەبی و ھونەری بۆ دنیا و بۆ ڕووداوەکان نییە. زۆرجار، لە ژێر یەک ناونیشان، دەیان کتێب و نووسین دەنووسرێن و شتێکی نوێیان تێدا نییە. لەو ماوانەی ڕابردوودا، سەدان وتارم لە بارەی ھەڵبژاردنەکانی تورکیاو ناپاکی حەسەن خەیری، کوردە ناپاکەکەی سەردەمی ئەتاتورک خوێندنەوە. چەندین وتارم ھەر لەو ماڵپەڕە، لە بارەی پۆست مۆدێرنە لە فیلم، ڕەخنەی ژینگەیی لە شیعر، قەیرانی شانۆ و دراما خوێندنەوە، کە شتێکی ئەوتۆی جیاوازیان لە یەکتری تێدا نەبووە. زۆرتر لە دە کتێبم، ھەر لەو ماوانەی ڕابردوو، لە سەر گۆرانی شاعیر خوێندنەوە، جگە لەکتێبەکەی مامۆستا (ڕێبوار سیوەیلی)، لە ھیچ کام لە کتێبەکانی دیکە، بەر زانیارییەکی تازە و نوێ لە بارەی گۆرانی شاعیرەوە نەکەوتم. مەگەر ھەموومان نازانین کە گۆران شاعیرێکی جواندۆست و سرووشت دۆست بووە؟ گەر سەرنج لە ناونیشانی نامە ئەکادیمییەکانی زانکۆ، ئەوانەی وەک تێزی ماستەر و دکتۆرا دەنووسرێن بدەین، ئەوە وێرانەیەکە ھەر مەپرسە. وەک ئەوەی قەیرانی ناونیشان بێت. سەدان نامەی ئەکادیمی لە ژێر یەک ناونیشانی ھاوشێوە و کاوێژکەرەوەدا وەک (وێنەی ھونەری لە شیعردا ، بونیادی ڕووداو لە ڕۆماندا، گێڕانەوە لە ڕۆماندا، ئستاتیکی شیعریی، فەلسەفەوشیعر، ڕۆڵی ڕوانگە لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا) ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیکە دەنووسرێن. ئەمە وێرای ئەو ھەموو ھەڵە مێژوویی و بابەتییانەی لەو نامانە دەکرێن و دەنووسرێن. لە کاتێکدا ئەگەر لە زانکۆدا کە نێوەندێکی پڕ بەھای زانستی و داھێنانە، بیر و ڕوانین و نووسینی تازە و نوێ نەبێت، بۆچی گازاندە لە نێوەندی نووسین و ڕۆشنبیری دەرەوەی زانکۆ بکەین؟ کەسانێک ھەن، ھێشتا تەمەنیان لە بیستەکانە، کەچی لە بارەی ڕۆشنگەری، فەلسەفە، ئەقڵانییەت، زانست و لاھوتیەت دەنووسن. من نازانم ئەوانە لە چەند ساڵییەوە دەستیان داوەتە خوێندنەوەی کتێب، چونکە نووسین بەرمەبنای ئەزموونێکی دوور و درێژ و شەونخونییە لەگەڵ کتێب و خوێنەوەدا، ئیدی نازانم ئەوانە چۆن بوێری ئەوەیان ھەیە، بە خوێندنەوەی یەک دوو کتێبۆکە، دەم لە بابەتی وەھا گەورە بژەنن؟ کەسانێک ھەن، زۆرتر لە زمانێک دەزانن، ئیدی بیرۆکە و تیمای نووسینێک بەو زمانانە وەردەگرن کۆپی دەکەن بە نێوی خۆیانەوە دەیکەنە کوردی و بڵاویدەکەوەنەوە. خوێنەری کوردیش، چونکە بیر کورت و ڕاگوزەرە، قووڵ نییە و ھەڵوەستە ناکات، ئیدی بە سەریدا ڕاگوزەرانە تێ دەپەڕێت. شاعیری کورد ھەیە، دوای نیو سەدە لە ئەزموونی شیعری، شتێکی نوێی پێ نەماوە و خۆی کاوێژ دەکاتەوە. چیڕۆکنووس ھەیە، پەنجا ساڵ لەمەو بەر، باسی باوکسالاری و چەوسانەوەی ژنی دەکرد، کەچی ئێستاش ھەر ئەو قەوانە لێ دەداتەوە و وا دەزانێت ژنی کورد، ھەمان ژنی ساڵانی ھەفتاو ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووە. کەم کەس ھەیە (یاخود ھەر نییە) بیرەوەرییەکانی ڕۆژگاری شاخی سەردەمی خۆی نووسیبێتەوە و خۆی بە پاڵەوان نەکردبێت. بە یەک دێرێش ھەڵەو لادانێکی خۆی باس نەکردووە. تۆبڵێی بەرپرسێک لە کۆی ژیانی شاخدا، ھەڵەیەکی ئەگەر بچووکیش بێت نەبووبێت؟ ئەگەر ئێمە خاوەنی ئەو ھەموو پاڵەوانانەین، بۆچی تا ئێستا ھەر ژێر دەستەو چەوساوەین؟ بۆ ھونەریش ھەمان دۆخی ئەدەبییە. سەرنج بدەن، گەنجێکی شانۆکاری دوای ڕاپەڕین، تازە بە تازە، لە نەبوونی ئایدیا و بیرکردنەوەی نوێ، دێت لە ڕێگەی درامایەکی تیڤیدا، دەمانگێڕێتەوە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق. ئەمە ئەگەر ھەژاری ھونەریی، ھەژاری بیرکردنەوە و ڕوانین نەبێت چیترە؟ بۆچی ژنێکی نەخوێندەواری تەمەن شەست ساڵ، سەلیقەی ئەوەی ھەیە، سەیری سێ سەد ئەڵقە لە درامایەکی تورکی بکات، بەڵام بە دیار درامای کوردی دانانیشێت؟ ھەڵبەتە وەڵامەکەی ڕوونە، چونکە ھونەرمەندی کورد، ئەو توانا ھونەریی و ئیبداعییەی نییە بتوانێت بینەری کورد ڕازی بکات. ھەموو کاتێک بژاردەی ڕۆشنبیران و نووسەران و ھونەرمەندان، دەبێ دنیابینی و ئەقڵیەتێکی جیاوازیان لە ئەقڵی گشتی ھەبێت، ھەرکاتێک سنوورێک لە نێوان ئەقڵی نوخبە و عەوام نەماوە، ئیدی ھەزاران نووسین و تێکست و کتێبیش، ناتوانن ھیچ گۆڕانکارییەک لەسەر ھزر و دنیابینی مرۆڤ دابنێن، دروست وەک ئەوەی ئێستا لە نێو ئێمە ھەیە.
Discussion about this post