(ئەحمەد سالار) : “(چیخۆف) لە نامەیەکا بە (شکسپیر)ـی گوتووە من ھەم، لەمەودوا منیش ھەم!
ھونەرمەندی شانۆڤانی بە ئەزموونی کورد مامۆستا (ئەحمەد سالار) لە نوێترین نووسینی شانۆیی لە ئێستادا کۆتایی ھێناوە بە دەقێکی شانۆی تازە لە ژێر ناوی “دەفڕێ و نافڕێ” مامۆستا “سالار” ئەو دەقە شانۆییە بە یەکێک لە دەقە ھەرە باشەکانی خۆی ھەژمار دەکات و وەک خۆی دەڵێت : ئەو خەون و خەیاڵەی چەندیین ساڵە ھەمبووە لە گەڵ کاری شانۆیی دا، لە ئامێزی نووسینی ئەو دەقەدا گەیشتومەتە ئەو ئاوات و خەونەم و پێم وایە لە ئێستادا دەتوانم وەک (چیخۆف) کە لە نامەیەکیان بۆ (ستان ستافلەکی) نووسی بووی بە (شکسپیر) بڵێن منیش ئێستاکە ھەم، منیش وەک (ئەحمەد سالار) لە دوای ئەو نووسینەوە دەڵێم ھەم.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ “ھەولێر” مامۆستا (ئەحمەد سالار) دەربارەی ئەو دەقە شانۆیە تازەی گوتی : “ئەوەی مایەی خۆشحاڵیمە، کارێکم ئەنجامداوە، گەیاندومیەتە ئەو بڕوایەی ئەوەی ساڵەھایە بوو خەونم پێوە دەدی ئەوە ھاتە دی، لە رووی تەکنیکی نووسین و بونیادەوە پەرەدانە بە شێوازە تایبەتەکەی خۆم، لەسەروو ئەوەشەوە جوانکاریەکی ئەو تۆ خۆی تیادا دەنوێنێ دڵنیام چەندە پرسیارە دەوروژێنێت، سەد ئەوەندەش وەرام دادەبارێنێت”.
روونتر گوتی : “لە رووی بیر و بابەتەوە پاڵەوان ئەو مرۆڤەیە خەون بە ژیانەوە دەبینێ خەون بینین ئازاد بێ و ئایندەکەشی ھاوتای ئارزووە ڕەواکانی بێت، لەم شانۆیەمدا کە خۆی لە (٥) بەش دەبینێتەوەو (٣٠) بیندراوی لە خۆی گرتووە لە دوو تۆێی ئەو شانۆیەدا، خەون و خەیاڵ و ھێما داستانیەکان، لە دوو تۆی ئاھەنگێکی شانۆیی دا کە تاڕادەیەکی زۆر فەنتازایایی پۆشیووە”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا مامۆستا (سالار) گوتیشی : “ھەر لەسەرەتاشەوە درکاندوومە کە زۆربەی زۆری بینراو خەیاڵ و داستانەکانم بە خەون دیووە، بەر لە سپێدە ھەستاوم نووسیومەتەوە، چونکە ئەو ماوەیەی سەرقاڵی ئەم نووسینە بووم گشت ھۆش و گۆشم بە لای بابەتەکەوە بوو، وەک خولیاو خەستبوونەوە لە جیھانی خولیاو فەلەسەفەی خەون و خەیاڵدا، وەک جۆرە خەڵوەتێک وەک جۆرە دابڕبوونێک بۆ بونیادی ئەو ژیانەی کە لەو شانۆییە دایە، لێتان ناشارمەوە لە تەک تەواو بوونی دوا رستەی شانۆیەکەمدا وەک ئەو ماسیانەی کە باڵ تیایدا دەگرن خەریک بوو منیش لە شەقەی باڵبدەم، ھەستم دەکرد بومەتە کڵۆیە لە پەرۆشی و سەما کێش و جەستەم بەلاوە ناوەو زەویم جێ ھیشتووە”.
دەربارەی ناوەرۆکی دەقەکەی و بە ھێزی ناوەرۆکەکەی (ئەحمەد سالار)ـی شانۆکار ئاوا باسی کرد : “ھەرچۆن (چیخۆف) دوای نووسینی شانۆیەکی، لە نامەیەکا کە بۆ (ستان سافەلەکی) نووسیبووی و دەڵێت بە (ولیەم شکسپیر) بڵێن وریابە ئەوا منیش ھەم، منیش وەک (ئەحمەد سالار) لە ئێستادا دەڵێم منیش ھەم، ئەم ھەمەی کە کوردێک دەیڵێت رەنگە لەزایڵەی دەنگیا چەشنەھا ئاواز سەر ھەڵبدات وە دەرباز بوونە لە زۆر گڕێی نەتەوەیەتی، باس لە راوچیەک دەکەم کە رۆژانە ئەچێت بۆ راوە ماسی و ھیچی دەست ناکەوێ، ناچار رۆژێکیان ھەر دەمێنێتەوە تا شەو دادێت، کاتێک کە سەر ھەڵبڕێ و سەیر دەکا ھەموو ماسیەکان سەر ھەڵبەڕێ سەیر دەکا ھەموو ماسیەکان ئەفرن و بە ئاسمانەوە باڵیان گرتووە،جا ئەوەی کە لێرەدا سەیرە من ھەموو بیندراوەکانم بە خەون دیووە، بەڵام لە رۆژانەدا زانیم بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری لە کەناڵی (ناشناڵ جوگرافی ئەبو زەبی) باسی وێنەیەکی کردووە، لە سێگۆشەی پەرمۆدە ماسی نیشان ئەدات باڵدەگرێ، دیارە منیش وەک خەونێک باسی ئەو فرینەم کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی لۆجێک بەشدارەو دەستبەرداری نەبووم”.
شانۆڤان مامۆستا (سالار) دەربارەی نمایشکردنی ئەو شانۆگەرییەو ئامادەکارییەکانی کە دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە، گوتی : “لە ئێستادا تیپی شانۆی “سالار” سەرقاڵی بەرھەم ھێنانی درامایەکی تەلفزیۆنیە، پلانم بۆ داناوە لە دوای تەواو بوونی کاری وێنەگرتنی ئەو درامایە، دەست بکەین بە کاری ئامادەکاری شانۆیی “دەفرێ و نافرێ” کە ھیوادارم ببێتە بەرھەمێکی تازە و نایابی شانۆیی”.
دەربارەی ئەوەی گوایە ھونەرمەندی شانۆکار (ئەحمەد سالار) کە ژمارەیەکی زۆری وەک دەرھێنەر کاری تێدا کردووە، بەڵام دەگوترێ وازی لە کاری دەرھێنان ھێناوە، لەمبارەیەوە گوتی : “ئەوەندەم ئازار و داخ بینیووە بەدەست ئامادەکاریی و کاری دەرھێنانی شانۆیەوە، لەمەودوا ناچم بگەڕێم لە دەرگای ئەم و ئەو بدەم و بڵێم شانۆیەکم ھەیە، پێویستە ئەو لایەنە پەیوەندی دارانە وەک رێزگرتن لە تەمەن و کۆشش و ئەزموونی خۆم پێویست ناکات لەمەودوا لە دەرگای ھیچ شوێنێک بۆ ئامادەکاری شانۆییەک، بۆیە جارێ کاری دەرھێنانم لە ئەجیندای کاری خۆم واز لێھناوەو خەریکی کاری نووسین دەبم باشترە”.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە ئەو بەرھەمە تازەی ھونەرمەندی بە ئەزموون (ئەحمەد سالار) دەبێتە (٣٠) بەرھەمی شانۆیی کە بەدەستی خۆی نووسیویەتی سەرجەمیانی بە شێوەی کتێبیش بە چاپ گەیاندووە، دوایین بەرھەمیشی بە ناوی (چیرۆکە بەردەوامەکە) بوو، خۆی کاری نووسین و دەرھێنانی بۆ بە ئەنجام گەیاندووە، لە ساڵی (٢٠١١) لە شاری ھەولێر بۆ ماوەی (٣) رۆژ نمایشکرا، ھەروەھا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ بەشداریی کرد و نمایشکرا.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا