عومەر جەلال
دەنووم وەک پەنجەرەیەکى داخراوى زیندانێک
بێدەنگ دەبم وەک قوتابییەکى نوێ لە وانەى مردن
گۆرانى دەڵێم وەک عاشقێک لەبەردەم باران
خۆم رووت دەکەمەوە وەک بەفر
سەما دەکەم لە پرسەى هاوڕێ ئازیزەکانم
هاوار دەکەم بەدەنگى بەرز لە کۆنسێرتەکانى مۆزیک
ژیان تارماییەکە لە تارمایى
چاوەڕوان کردنى هاتنى نەهاتنە
خەندەیەکە لە ساتى نووستندا و
گریانێکە لە تەک مەست بووندا
ساناتر لە سانایى دەیخوێنینەوە
بەئەندازەى خوێندنەوەى ژیانى پاش مردن
سڵاوى سادەیى ئاو بۆ گیا
هێما نییە بۆ سازشکردنى
وەرینى گەڵاى درەختە بێنازەکان لە پایزدا
جگە لەسەماى سرووشت چى دى نییە
گەڕانەوە بۆ منداڵى
جەنگ نییە لەتەک گەورە بوون
دەستگرتنى غەم بۆ رۆح
راکردن نییە لە ئاسوودەیى
ژیان وەک جگەرە کێشانە بەدزیى گەورەکانەوە
خوێندنەوەى شیعرێکە لە هۆڵێکى چۆڵدا
ژوورەکانى ماڵى تەنیایى
تەژییە لە خەونى رژاو
ئاوێتەیەکە لە نسێ ى دابەشبوون
پڕە لە بۆنى خوێنى جەنگى نێوان خود و خود
پڕە لە شەوانى نامۆ
لە بەیانیانى بی َئومێد
لە باڵندەى بێ باڵ
دەرگاکانى ماڵى تەنیایى
رەنگى لە رەنگى بێهودەییە و
پەنجەرەکانى لە کتێب
سەفەر لەماڵى تەنیایى
بە تکتێک بەفر دەست پێدەکات
بە سوارى باڵندەیەکى قەرەج
بەرەو سنوورى مەرگى مردن
بەرەو کردنەوەى کۆدەکاى دڵى بەرد
سرووتەکانى ئایین لە ماڵى تەنیایدا
نویژکردنە لە ساتى باران و
پەرستنى ئێوارە شەرمنەکانە
پیرۆز کردنى شیعرە وەک ئاو
ناشتنى تەرمى _با_یە
ئەو سپێدەیە گوناهە
دەستى لەشەو نابێتەوە
ئەو مردنە نەگریسە
لە ساتى پێویستیدا ونە
ئەو شاعیرە گەمژەیە
ماڵى تەنیایى نازانێت
ئەو باخەوانە نەزانە
خۆى لە باخچەدا ناکوژێت
چاوەکانم بووە رێگا
تا ماڵى تەنیایم دۆزییەوە
پێیەکانم بووە ئاژەڵێکى خشۆک
تا خۆم کردە ژوورى تەنیایدا
دڵم بووە پارچەیەک لە ئاسن
بۆ جێهێشتنى ئازیزانم
بەڵینم بە تەنیایى دابوو
ئاو و ئاگر داوەت بکەم بۆ ژوورەکەم
پەپولە ببێتە نەخشى دەرگاکان
ئەستێرە بە پاسەوانى
مانگ بکەم بە سەرین و
رۆژیش بە جێگاى نووستنم
یادەوەرى خواردنەوەى شەوانم بێت
خۆکوشتن پرۆڤەى نووسینەوەى جەنگەکانم بێت
برۆمەوە نێو قۆزاخەى پەمووى عەشق
ماڵى تەنیایى لێوان لێو بکەم لە ژیان
گۆڕِِِِێک بۆ خۆم چێ ئەکەم
ئایندە دەکەمە کۆلارەیەکى منداڵانە و
هەڵى دەدەم بە دەزووى ئازارى عەشق
کۆڵان پر دەکەم لە بۆنى شیعر
قوتابخانە رەنگ زەردەکان دەگۆڕمەوە بە زیندان
لە ماڵى تەنیایى دەرناچم
هەروەک چۆن هەرگیز لەوانەکانى ماتماتیک دەرنەدەچووم
ئاماژە بە _با_دەکەم
بۆنى گوڵەکانى دۆزەخم بۆ دێنێت
دەست بۆ وێنە کۆنەکانى منداڵیم دەبەم
بۆنى کۆڵانى منداڵیم بۆ دێنێت
تەماشاى خۆم دەکەم
لە ئاوێنەى شکاوى کتێبخانەکەم
وێنەى _یار_ دەبینم بە نووستویى
پێدەکەنم و ئەو دەگرى
دەگریم و ئەو پێدەکەنى
ئادرێسى ماڵى تەنیایى
دەکەوێتە نزیک دۆزەخەوە
چەند فەرسەخێک لەئاوەوە دوورە
دراوسێى کۆنى گۆڕستانە و
ژیانیش تێیدا ئەستەمە
شیعر ژمارەى دەرگاکەیەتى و
کتێب میوانە بەردەوامەکانیی