نه‌ریمان له شاری سلێمانی هاتۆته دنیاوه خوێندنیشی هه‌ر له سلێمانی ته‌واو كردووه، ئێستا له‌نێوان ئه‌ڵمانیاو سوید ده‌ژی، وەك خۆیشی ئاماژەی بۆ دەكات، هه‌ر له منداڵییه‌وه ئاشنای ده‌نگی مامۆستایان قادر دیلان و مامۆستا شه‌ماڵ سائیب بووە، نه‌ریمان لە خزمەتی هونەری خۆیدا توانیویەتی پەیامێكی گەورە بدات بە گوێی بیسەرانی، هەر بۆیە هەر دەركەوتنێكی ئومێدێكی بە جەماوەر دەبەخشێ لە بەسەركردنەوەیەكدا بەم شێوەیە بۆ وەڵامی پرسیارەكان هاتە ئاخاوتن.
* سه‌ره‌تا ئێوه له ڕێگه‌ی تیپی موسیقای بابانه‌وه چالاكییه هونه‌رییه‌كانی خۆتان ده‌ست پێكرد، باشه سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م گروپه بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌ی له‌و ده‌م و كاته‌دا دروستبوونی ئه‌م گروپه چ ئامانجێكی له پشته‌وه بوو، كێ بیرۆكه‌ی ئه‌م گرووپه‌ی دانا؟
– سه‌ره‌تای هونه‌ریم له‌گه‌ڵ تیپی بابان بوو، ئێستاش دڵخۆشم كه ئه‌ندامێكی ئه‌و تیپه بووم و شانازی به‌و ئه‌ندامێتییه‌وه ده‌كه‌م، دروست بوونی تیپی بابان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1980 هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ش من ده‌ستم به كاری هونه‌ری كرد له‌گه‌ڵ تیپی بابان وه‌ك میوزیكژه‌نێكی ئامێری كیبۆرد، تیپه‌كه پێكهاتبوو له 8 ئه‌ندام وه‌ك هاورێیانم (سه‌رباز جەمال، زانیار شێخ نوری، كاوان نوری، كامه‌ران مسته‌فا، نه‌ریمان، محه‌مەد عەزیزی شاعیر، كاوه مسته‌فا، بژار دیلان)، ئه‌وه‌ی جوانییه‌كی زیاتری به‌و تیپه دابوو ئه‌و لایه‌نه بوو، كه ئێمه له‌پێناویدا تیپی بابانمان دروستكرد، گروپێك نه‌بوین ته‌نیا حه‌زمان به‌كار بێت و له‌پێناو ئه‌و حهزهشدا دروست بوبین، به‌ڵكو ئێمه ده‌مانزانی بۆچی پێویسته هه‌بین و دامه‌زراندنی ئه‌و تیپه‌ش چ زه‌رووره‌تێكی له‌پشت بوو، ئێمه ده‌مان ویست كه بتوانیت ئه‌و بۆشاییه‌ی ئه‌و كاته هه‌بوو پری بكه‌ینه‌وه له‌و بواره‌ی كارمان تێدا ده‌كرد پێم وایه خه‌ڵكی كوردستان شایه‌تحاڵی ئه‌و راستییه‌ن كه تیپی بابان 14 ساڵ به‌بێ هیچ به‌رانبه‌رێك كاری هونه‌ری جوانی ئه‌نجامدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌دوای ساڵه‌كانی 1994 ه‌وه تیپه‌كه وه‌ك چۆن هه‌موو شتێك سه‌ره‌تای هه‌بێت كۆتایی هه‌یه، ئه‌و تیپه‌ش كۆتایی به‌كاره هونه‌رییه‌كانی هێنا، دیاره كۆتاهاتنی كاره‌كانی ئێمه‌ش دنیایه‌ك هۆكاری هه‌یه هه‌ر لهپهرتهوازهبوون به‌هۆی ئه‌و باردۆخه‌ی هاته پێش هه‌تا چه‌ند شتێكی تریش له‌وكاته‌دا بارودۆخێك له‌وڵاته‌كه‌مان هاته پێش زۆربه‌ی خێزانه‌كانیش نه‌یانتوانی چوارچێوه‌ی خێزانی خۆیان بپارێزن ئه‌و باردۆخه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر تیپی بابان و ئه‌ندامه‌كانی هه‌بوو وه‌ك هه‌رتاكێكی ئه‌و وڵاته، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌م پێدا تیپی بابان تا ئێستاش مایه‌ی شانازیمانه، چونكه تاكو ئه‌مڕۆش ئه‌و تیپه جێی قسه‌و باسی خه‌ڵكه و هه‌ریه‌ك له‌ئێمه ده‌زانین و هه‌ست ده‌كه‌ین شتێكمان كردووه له‌خزمه‌تی هونه‌ری وڵاته‌كه‌مان، كه به‌ئاسانی له‌بیری خه‌ڵك ناچێته‌وه.
* له‌و كاته‌دا تیپی موسیقای بابان دروست بوو تا چه‌ند توانی په‌یامه هونه‌رییه‌كه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت؟
-تیپی بابان ڕێگا حۆشكهرێك بو بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه كه ده‌یان ویست كاربكه‌ن دیاره وه‌ك پێشتریش گوتم بابان له‌كۆمه‌ڵێك تێگه‌شتنی جوان پێك هاتبوو، بۆیه ده‌كرێ بڵێن تیپێكی بێ په‌یام نه‌بووین په‌یامی تیپهكەشمان كه‌م تا زۆر وای له گه‌نج كردبوو هونه‌ر و نیشتیمانیان خۆش بووێت و له گرنگییه‌كانی هه‌بوونی ئه‌و دوولایه‌نه بگه‌ن، ئێمه مه‌به‌ستمان بوو خزمه‌تی هونه‌ر بكه‌ین له وڵاته‌كه‌مان، چونكه ئه‌و راستییه‌مان ده‌زانی وه‌ك چۆن زۆر بوارێك له‌وڵاتی ئێمه تووش به سه‌ركوتكردن بوو و سهركوتكردنیش به‌دحاڵی بونێكی له‌لایه‌نه‌كانی ژیان دروست كردووه، هونه‌ریش به‌هه‌مان شێوه تووش به‌و گرفته بووه، بۆیه به‌راستی نیازی خزمه‌تی هونه‌رمان هه‌بووه، توانیشمان له‌ڕێی كاره‌كانمانه‌وه تێگه‌شتنێكی جوان بخولقێنین لای خه‌ڵك و توانیمان كۆمه‌ڵێك ئاواز‌و تێكستی جوان و به‌پێز به جه‌ماوه‌ر بگه‌یه‌نین كه لێوه‌ی فێربن یان شتێكیان بیر بێته‌وه وه‌ك گوتم كاره‌كانمان له‌و ده‌م وایكردووه ئێستاش تیپی بابان جێی قسه‌و باسی خه‌ڵكه.
*ئێوه په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ تیپی موسیقای سلێمانی چۆن بوو؟
-ئێمه هیچ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ تیپی موزیكی سلێمانی نه‌بوو به داخه‌وه منیش نازانم بۆ! به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه ئێمه وه‌ك تیپی بابان هه‌وڵی په‌یوه‌ندیمان نه‌داوه ئه‌وانیش هه‌رگیز هه‌وڵیان نه‌داوه په‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێمه بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بێت كه بێگومانم ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه هه‌بووایه ده‌توانرا كاری جوانتر بكه‌ین، هه‌ردوولاش خزمه‌تی زیاتر بكه‌ین به‌ڵام ئه‌وه لایه‌نێكه كه ده‌بێت هه‌ردوولا دانی پێدا بنێین كه لایه‌كمان به‌ته‌نیا هۆكاری نه‌بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه نه‌بووه خۆ ئه‌بێت ههردولاشمان ئه‌و راستییه بزانین هه‌بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌یتوانی زۆرشت له خزمه‌تی هونه‌ر و هه‌ردوولا به‌رهه‌م بهێنێت.
* دوای راپه‌رین هونه‌ری كوردی به جۆرێك له جۆره‌كان په‌ره‌ی سه‌ند، هه‌ندێك پێیان وایه ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنانه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر پاشاگه‌ردانی پێوه دیاره تۆ پێت وایه ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه پاشا گه‌ردانییه له هونه‌ری كوردیدا؟
– به‌ڕاستی كێشه‌یه‌ك هه‌یه تا دوێنێ وێڕای ئه‌و هه‌موو كۆت و به‌ندو هه‌وڵی تواندنه‌وه هونه‌ری كوردی به‌ره‌و لوتكه خۆی ده‌كوتا ئه‌گه‌ر زۆر له‌خوار لوتكهشهوه بوبێت ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشی بوو هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و لوتكه بوون، به‌ڵام نه‌توانرا هونه‌ری كوردی وه‌ك بنه‌ماو ئه‌رشیفێكی زانستی بگه‌یه‌نرێته ئه‌و لوتكه‌یه كه باسمكرد، دوای راپه‌ڕینیش بارودۆخێك هاته پێش ستۆپی به‌زۆر لایه‌نی ژیان كرد یان له جێی خۆی وه‌ستاندی یان به‌یه‌كجاری نه‌یهێشت ئه‌وه‌ی دڵخۆشی كردین بارودۆخه‌كه هونه‌ری نه‌سڕییه‌وه له‌رۆحی خه‌ڵك، به‌ڵام سستییه‌كی به‌بزوتنه‌وه‌ی هونه‌ری به‌خشی دوای ده‌ربازبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش له‌و بارودۆخه سه‌خته له‌گه‌ڵ به‌ره‌و بوژانه‌وه چوونی هه‌ندێك لایه‌نی ژیان و خۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بوارانه‌ی كه، رووی تێكردبوون هونه‌ری كوردی نه‌ك هه‌ر وه‌ك خۆی مایه‌وه به‌داخه‌وه له‌و شوێنه‌وه كه پێی گه‌شتبوو به‌ره‌و خوار بووه‌وه واته ئه‌و بزوتنه‌وه هونه‌رییه‌ی هاته پێش نه‌ك نه‌یتوانی كاروانه‌كه به‌ره‌و لوتكه به‌رده‌وامی پێبدات، به‌ڵكو نه‌یتوانی له‌جێی خۆیشی بیوه‌ستێنێت و به‌ره‌و خوار هێنایه‌وه، جگه له‌وه‌ش هونه‌ر یان والێكرد كه بووه مه‌یدانی خۆتاقیكردنه‌وه به شێوه‌یه‌ك هه‌مووكه‌س توانای هه‌بێت به‌هونه‌ر خۆی تاقی بكاته‌وه و خۆتاقی كردنه‌وه‌كه‌شی به‌ناوی هونه‌رو كاری هونه‌رییه‌وه بۆ عه‌رز بكرێت بێ ئه‌وه‌ی سانسۆر‌و لایه‌نێك هه‌بێت رێگه له‌و مه‌هزه‌له‌یه بگرێت كه به‌هونه‌ر ده‌كرێت، بۆیه من ره‌شبینم له‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ هونه‌ری میللهتهكهمی تێكه‌وتووه، چونكه ئومێدێكیش بۆ ئاینده نییه ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیاره‌تی هونه‌رییان له‌كوردستان پێسپێردراوه خه‌ڵكێكی نا هونه‌رمه‌ندن ته‌نیا به‌دوای پڕكردنی گیرفانیانن و سه‌رقاڵی بازرگانیكردنن به‌ناوی خزمه‌تكردنی هونه‌ری كوردی، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌س و لایه‌نێكیش نییه قسه‌و لێپرسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه هه‌بێت بێگومان ئه‌وه پاشا گه‌ردانییه و چاره‌نوسی هونه‌ری كوردیش به‌ره‌و تاریكی و نادیار هه‌نگاو ده‌نێت له سایه‌ی ئه‌و پاشا گه‌ردانییه.
*باشه تۆ خاڵه لاوازه‌كانی هونه‌ری كوردیی له چیدا ده‌بینیته‌وه؟
-من وتم ئه‌و كاروانه‌ی كه ناوی هونه‌ری كوردی بوو و به‌ره‌و لوتكه هه‌نگاوی ده‌نا یان هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا ئاراسته‌كه‌ی بۆ لوتكه بێت ئه‌مڕۆ ته‌واو پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه، هۆكارهكانیشم باسكرد كه خه‌ڵكانێكی نا مه‌سئول به‌ناوی خزمه‌تكردنی هونه‌ری كوردی سه‌رقاڵی پڕكردنی گیرفان و بازرگانیكردنن، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی له‌نێو زۆرێك له‌وانه‌ش كه ناویان هونه‌رمه‌نده تێنه‌گشتن له‌خودی هونه‌ر بوونی هه‌یه و بۆ خۆشیان نازانن بۆ ده‌بێت هونه‌رمه‌ند بن و هونه‌رمه‌ند واتای چی و هونه‌ر بۆچی ئه‌وه ئه‌و خاڵه لاوازانه‌یه كه لای من لایه‌نی سه‌ره‌كین.
*حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كوردیی بڕێكی زۆر بودجه‌ی بۆ پێشخستنی هونه‌ری كوردی ته‌رخان كردووه، ئایا تاچه‌ند ئه‌م بودجه‌یه توانیوویه‌تی ره‌وتی هونه‌ری به‌ره‌و پێش به‌ریت؟
-من 31 ساڵه خزمه‌تی هونه‌ر ده‌كه‌م تاكو ئێستا ئاگاداری شتێك نیم به‌ناوی بودجه كه حكومه‌تی كوردستان بۆ هونه‌ری دابینكردبێت، به‌ڵام ده‌بینم به‌ناوی خزمه‌تكردنی هونه‌ر و دابینكردنی میزانییه بۆ هونه‌ر چ مه‌هزه‌له‌و بازرگانییه‌ك ده‌كرێت به‌سامانی ئه‌و وڵاته‌وه، ده‌بینم به‌هۆی ململانێ ناشه‌رعییه سیاسییه‌كانه‌وه خه‌ڵكانێك هه‌ن دنیایه‌ك پاره لهخزمهتیاندایه به‌ناوی هونه‌ر و كار كردن بۆ هونه‌ر ته‌فروتونای ده‌كه‌ن و به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆیان ده‌یبه‌خشنه‌وه ئه‌وه دابینكردنی بودجه نییه پاره بۆ ئه‌وانه خه‌رج بكه‌ی باش دەزانن ره‌قس بكه‌ن كه ئاشكرایه له ئه‌مرۆدا له كوردستان ئه‌وانه‌ی كه‌باش ده‌زانن خۆیان باده‌ن و دڵی به‌رپرسه‌كان خۆش بكه‌ن ئه‌وانه نه‌ك میزانییه‌یان بۆ دابین ده‌كرێت، به‌ڵكو میزانییه مه‌فتوحه شمولیان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه پاره خه‌رجكردنه بۆ هه‌وه‌س بازی به‌رپرسه‌كانه نه‌ك میزانیه دابینكردن بۆ هونه‌ر ئه‌و جۆره هونه‌ر هه‌ڕاجكردن و كردن بهوهسیلهكردنهی هونه‌ریش بۆ هه‌وه‌سبازی به‌رپرسه‌كان له ئێمه مانان ناوه‌شێته‌وه بۆیه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش نین له‌خه‌وی شه‌ویشدا بیرمان لێ بكه‌نه‌وه‌و ده‌شزانین ئێمه‌یان له‌بیر نییه، چونكه نه‌خۆمان و نهكهسایهتیمان و نههونهرهكهمان كه‌م نین و له‌و ئاسته‌دا نین كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هونه‌ری راسته قینه‌ش نابێته هۆكاری زیاتر بۆ هه‌وه‌سبازی به‌رپرسان، بۆیه میزانییهو دابینكردنی بودجه بۆ هونه‌ر شتێك نییه ناو‌و بوونی هه‌بێت.
*كه‌سانیك هه‌ن پێیان وایه لایه‌نی په‌یوه‌ندار ته‌نها گرنگی به هونه‌رمه‌ندانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌دات و ئه‌وان په‌راوێز خراون تۆ تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م رایه‌دا هاوڕای؟
-وه‌ڵا ئه‌وه‌ی واده‌ڵێت ده‌بێت لێی بپرسین هونه‌ر چییه و كێ هونه‌رمه‌نده؟ ئه‌و كات ده‌زانێ مه‌به‌ستی چییه دیاره له‌و شێوه هونه‌رمه‌نده‌ی كه پێشتر باسمكرد لێره‌و له‌كوردستانیش بونیان هه‌یه، پێده‌چێت هه‌ركه‌سیش قسه‌ی كرد مه‌به‌ستی ئه‌وانه بێت واته ئه‌وانه‌ی مه‌زه‌ی به‌رپرس و ههوهسبازییهكانیانن ئه‌گه‌رنا ئه‌وه من له‌ده‌رەوه‌ی وڵات ده‌ژیم خالید ره‌شید له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژیی هونه‌رمه‌ندی تریش هه‌یه به‌هه‌مان شێوه له‌ده‌ره‌وه ده‌ژی و هیچیشمان نه‌بینیوه ئیتر كامه‌یه گرنگی؟ كه‌وابوو دیار و ئاشكرایه مه‌به‌ست له‌وانه‌ی كه گرنگیان پێده‌درێت له‌لایه‌نی پهیوهنددارهوه كامانه‌ن؟ به‌داخه‌وه ئێمه نه‌ك له‌لایه‌نی ئه‌و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌وه گرنگیمان پێنه‌دراوه كه تۆ باسی ده‌كه‌یت له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه‌كانیشه‌وه وه‌ك پێویست هیچ نه‌كراوه من هه‌رگیز ته‌نها سوپاسێكم نه‌بیستووه له ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیشه‌وه له‌كاتێكدا هه‌موو به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی من به‌بێ به‌رانبه‌ر پێشكه‌شیان كراوه ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئه‌وه ته‌عامولی لایه‌نی به‌رانبه‌ر بێت له‌گه‌ڵ ئێمه مانان و ئه‌وه‌ش ته‌عامولی راگه‌یاندنه‌كان بێت پێت وانییه ئه‌و قسه‌یه كه‌مێك زوڵم بێت له ئێمه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین؟ كاكی من هونه‌ر شتێك نییه له‌لای ئه‌و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته تا گرنگی به ئه‌م و ئه‌و بدات لایه‌نێكیش نییه به‌ناوی لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند به‌هونه‌ر جگه له‌وانه‌ی زه‌مینه‌سازی ده‌كه‌ن بۆیه من پێم وایه ئه‌وانه‌ی ئه‌و قسه‌یه ده‌كه‌ن، یان تێنه‌گه‌شتوون له‌هونه‌ر و نازانن هونه‌رمه‌ند چییه یان خۆیان له راستییه‌كان گێل ده‌كه‌ن.
*ساڵانێك به‌ر له ئێستا له رۆژنامه‌ی میدیا هه‌واڵی هاوكاریكردنی هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند بڵاو كرایه‌وه تۆش، یه‌كێك بووی له‌و هونه‌رمه‌ندانه دواتر تۆ هه‌ندێكی تر له‌و هونه‌رمه‌ندانه ئاماژه‌تان به‌وه كرد كه هاوكاری نه‌كراون ئایا لایه‌نی په‌یوه‌نددار به دواداچوونی بۆ ئه‌م وه‌ڵامه‌ی ئێوه كرد، كه چۆن به‌ناوی ئێوه‌وه پاره و هاوكاری وه‌رگیراوه؟
-ئه‌وه شتێكی زۆر ناخۆش بوو بۆ من زۆرم پێم سه‌یر بوو له لستێكدا ناوی من هاتبوو كه گوایه بۆ كاره هونه‌رییه‌كانم بڕی 200 دۆلارم وه‌رگرتووه، مه‌هزه‌له‌كه له‌وه‌دایه هه‌ر كلیپێكی من 15000 هه‌زار دۆلاری زیاتری تێچووه كلیپهكانیشم ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنن و هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانیشم بێ به‌رانبه‌ر پێشكه‌ش به كه‌ناڵه كوردییه‌كان كردووه، دیاره ئه‌وانیش له پاداشتی ئه‌و چاكه‌یه بوو به‌و جۆره ره‌فتاریان كرد، كه من واده‌زانم سوكایه‌تییان بهمن كردووه واش تێگەیشتووم كه وتبێتیان هه‌موو هونه‌ری نه‌ریمان بابانمان به 200 دۆلار كڕیوه، له‌كاتێكدا وه‌ك ئه‌وكاتیش رامگه‌یاند من هونه‌ره‌كه‌م ناگۆڕمه‌وه به‌هه‌موو پۆست و سه‌روه‌ته‌كه‌ی ئه‌وان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و لایه‌نی پهیوهنددارهی كه ئێوه باسی ده‌كه‌ن به‌باشیان زانی گوێی خۆیان له‌م درۆ و دزی و فه‌زاحه‌ته گه‌وره كه‌ڕ بكه‌ن، ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو شته‌كانی تر، من له ڕێگای گۆڤار‌و رۆژنامه‌كانه‌وه ئه‌و هه‌واڵه‌م به به‌درۆ خسته‌وه و قسه‌ی خۆمم كرد، به‌ڵام دیاره سوكایه‌تی كردن به هه‌ستی هونه‌رمه‌ند له كوردستان شتێكی زۆر ئاساییه و دزیكردن و گه‌نده‌ڵیش شتێكه شانازی پێوه بكرێت، ئه‌گه‌ر وانه‌بووایه له‌و كاته‌ی ئێمه هه‌واڵی وه‌رگرتنی پاره‌مان ره‌تكرده‌وه باشترین كات بوو بۆ ئاشكرا كردنی ئه‌وانه‌ی ئه‌و پاره‌یان وه‌رگرتووه، به‌ڵام نه‌كرا و ئه‌و نهكردنهش واتای هه‌یه.
*حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی گرنگی به هونه‌رو هونه‌رمه‌ندان بدات، كه‌چی زۆر جاران له ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه به‌لیست ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه بڵاو ده‌كرێته‌وه كه هاوكاریكراون وه‌كو ئه‌وه‌ی حكومه‌ت خێریان پێبكات، باشه تۆ پێت وایه ئه‌ركی میدیای كوردی ئه‌وه‌یه به دوای هاوكاری هونه‌رمه‌ندا ندا بگه‌ڕێت و مانشێتی رۆژنامه‌كانی پێپڕبكاتهوه یان ئه‌ركی زۆر له‌وه گرنگتر هه‌یه میدیا كاری له‌سه‌ر بكات؟
-ئه‌گه‌ر حكومه‌تی كوردستان پاره بۆ هونه‌ر وه‌ك میزانییه دابین بكات، كارێكی خراپ ناكات و ئه‌ركیه‌تی بیكات، به‌ڵام له‌كوردستان هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌كرێن ئه‌و ئه‌نجام ده‌درێن دوورن له ئه‌ركه راسته‌قینه‌كه، بۆیه میدیا‌و راگه‌یاندنه‌كان شتێكی خراپیان نه‌كردووه من پێم وایه ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی میدیا به‌دواداچونی راستییه‌كانه ئه‌و میدیا‌و راگه‌یاندنانه‌ی كه به‌لیست ناوی هونه‌رمه‌ندانیان بڵاو كرده‌وه رونكردنه‌وه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانیشیان بڵاوكرده‌وه كه‌وابوو ناتوانم بڵێم راگه‌یاندنه‌كان له ئه‌ركی خۆیان له‌و باره‌یه‌وه لایانداوه ئه‌وه‌ی له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بڵاوكرایه‌وه له ئه‌نجامی شه‌فافیه‌تی وه‌زاره‌ت نه‌بوو له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش نه‌بوو وه‌ك چالاكی باسی بكه‌ن به‌ڵكو له ئه‌نجامی كێشه‌و ململانێكانی نێو خودی وه‌زاره‌ته‌كه دروست بوو، له ئه‌نجامی ئه‌و كێشه‌و ململانێیانه‌ش به‌و شێوه‌یه ئه‌وه‌ی له‌بن به‌ڕه بوو له وه‌زاره‌ت خرایه سه‌ر به‌ڕه، خۆ ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كان ئه‌وه‌یان بڵاو نه‌كردایه‌ته‌وه و به‌رباسیان نه‌خستایه ئه‌وه بێگومان نه‌من و نه ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش كه بۆ یه‌ك رۆژ هاوكاری نه‌كراون ئاگامان له‌و مه‌هزه‌له‌یه نه‌ده‌بوو كه له‌و وه‌زاره‌ته به ئێمه ده‌كرێت و ئه‌و دزی گه‌نده‌ڵیه‌ش ئاشكرا نه‌ده‌بوو كه هونه‌مه‌ند بێ ئه‌وه‌ی ئاگای لێبێت پاره‌ی به‌ناوه‌وه وه‌رده‌گیرێت و و ته‌سویه‌ی به‌ناوه‌وه ده‌كرێت، بۆیه من ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه قسه‌م له‌سه‌ر راگه‌یاندن نییه، چونكه ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی له پاره خه‌رجكردن بۆ هونه‌ر ده‌كرێت زۆر گه‌وره تره له ناعه‌داله‌تییه‌كانی تر، هونه‌رمه‌ندانی كوردستانیش وه‌ك هه‌موو چین و توێژه‌كانی تر به‌شداربوون له شۆرش و قوربانیدان و له‌خه‌بات و تێكۆشان، ئه‌مرۆش ئه‌گه‌ر میزانییه و بودجه دابین بكرێت بۆ كاره‌كانیان چالاكییه‌كی ئه‌وتۆ نییه شایه‌نی باس بێت، چونكه هونه‌ریش وه‌ك هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری ژیان پێویستی به بوژانه‌وه‌و گرنگی پێدان و میزانییه بۆ دابینكردن هه‌یه ئه‌وه‌ش ئه‌ركی حكومه‌ته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌مرۆ ده‌كرێت گرنگیدان نییه به‌هونه‌ر گرنگی دانه به‌شه‌خس به‌و شه‌خسانه‌ی كه پێشتر باسمكرد ئه‌وه‌ش ئه‌ركی میدیاكانه باسی بكه‌ن و تیشكی بخه‌نه سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئێمهمانانێك بزانین چ مه‌هزه‌له‌یه‌ك به‌هونه‌ر ده‌كرێت، خه‌ڵكیش بزانێت هونه‌ر چی به‌سه‌ر دێت، و ئه‌و پاره‌یه‌ش كه بۆ هونه‌ری خه‌رج ده‌كه‌ن بۆ كێیه و كێ هاوكاری ده‌كرێت.
*هونه‌ر خۆی بۆخۆی په‌یامێكی گرنگه و زۆر جار بۆته پردی په‌یوه‌ندی له نێوان نه‌ته‌وه جیاجیاكانی جیهان ئه‌ی كورد تاچه‌ند توانیوویه‌تی ئه‌م په‌یامه هونه‌رییه‌ی خۆی ئاراسته‌ی جیهان بكات؟
-پێشتریش له دیمانه‌یه‌ك باسی ئه‌وه‌م كردووه ئێمه وه‌كو میلله‌ت قه‌زیه‌كه‌مان نه‌بۆته قه‌زیه‌یه‌كی جیهانی تا لایه‌نه‌كانی ژیانمان بگاته ئه‌و ئاسته‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی كاری بۆ بكرێت، به‌ڵام هه‌وڵدان هه‌یه و ده‌كرێت كاره‌كانیش له‌سه‌ر ئاستی كاری تاك بگاته ئه‌و ئاسته‌ی له‌لای نه‌ته‌وه‌كانی تری دنیا جێی بایه‌خ و تێگه‌شتن بێت، به‌ڵام به‌گشتی وه‌كو هونه‌ری نه‌ته‌وه‌و میلله‌تێك زۆرمان ماوه، وه‌كو تاك هه‌وڵ هه‌یه و زۆركات هه‌وڵه‌كانیش جێی دڵخۆشین، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و میزانییهو شته‌ش كه كه‌س نایبینێ و باسیش ده‌كرێت ئه‌سڵی هه‌بووایه‌و بۆ هونه‌ر و كاری هونه‌ری خه‌رج بكرایه له‌وانه‌یه شتێك بكارایه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت كارێكی زه‌حمه‌ته.
*زیاتر له چوار ساڵ ده‌بێت حكومه‌ت و هونه‌رمه‌ند و ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندان كار بۆ به‌رگریگرتن له دیارده‌ی كۆپی كردن ده‌كه‌ن، كه‌چی تا ئیستا نه‌بۆته یاسا‌و نه‌چه‌سپاوه تۆ ئه‌مه بۆ كه‌م ته‌رخه‌می كێ ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
-واده‌زانم له‌لای ئه‌و سیاسییانه‌ی كه ئه‌مڕۆ وڵات ده‌به‌ن به‌ڕێوه هونه‌ر شتێك نییه بوونی هه‌بێت و بیری لێ بكرێته‌وه لای ئه‌وان هونه‌ر ته‌نها مه‌زه‌ی شه‌وه سوره‌كانه و شتێك نییه جێی بایه‌خ بێت، بۆیه زۆر له‌دوای ئه‌و مه‌سه‌له‌ی كۆپی كردن و باسكردن له‌یاسای رێگری له‌كۆپی كردن یاسای تر باسكراوه په‌سه‌ندكراوه و چووه‌ته واری جێبه‌جێكردن، به‌ڵام یاسای پاراستنی مافی هونه‌رمه‌ند تۆزی له‌سه‌ر نیشتووه و كه‌س لێی ناپرسێته‌وه ئه‌وه جگه له‌كه‌مته‌رخه‌می حساب نه‌كردنه بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش خۆی پێی نه‌زانێت هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كۆپی كردنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه وتومه من دژی ده‌سه‌ڵات نیم ئه‌وه‌نده‌ی دژی بێده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتم به‌ڕاستی ئه‌وه نه‌نگی و شه‌رمه بۆ ده‌سه‌ڵاتی كورد هونه‌رمه‌ندی كورد له‌سایه‌ی ئه‌ودا به‌رۆژی رووناك به‌به‌رچاوی پۆلیس و دادگا و یاسا پارێزهكانییهوه دزی لێ ده‌كرێت و سه‌روه‌ته‌كه‌ی كه هونه‌ره‌كه‌یه‌تی به‌تاڵان ده‌برێت.
*ئێمه‌ی كورد كه‌ی ده‌توانین كاره هونه‌رییه باشه‌كان له خراپه‌كان جیا بكه‌ینه‌وه؟
-زۆرجار له‌و باره‌یه‌وه قسه‌م كردووه، من وتومه تێنه‌گه‌یشتن بۆ هونه‌ر له‌نێو خه‌ڵك و له‌نێو جه‌ماوه‌ری كورد به‌شێكه له‌دروستبوونی ئه‌و هونه‌ره لۆكاڵی و بازاڕییه‌ی كه ئێستا سه‌راپای هونه‌ری كوردی داگیركردووه، به‌ڵام له‌و قسه‌یه‌ی منیش ئه‌و راستییه به‌ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ناوی خۆیان ناوه هونه‌رمه‌ند زۆرله‌وه بچوكترن كاری هونه‌ری بكه‌ن، چونكه هونه‌ر و كاری هونه‌ری ده‌بێت پێشه‌نگ بن بۆ ئاراسته‌كردنی خه‌ڵك نه‌ك حه‌زی خه‌ڵك پێشه‌نگ بێت بۆ دیاریكردنی ئاراسته‌ی كاره هونه‌رییه‌كان كه ئێستا حه‌زێكی موراهیقانه پێشه‌نگ و بنه‌ماو ناوه‌ڕۆكی كاره هونهرییهكانن ئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وشه‌ی خولقاندووه تێنه‌گه‌یشتنی خه‌ڵكه، ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی والێكردوه و له ئاستی بیر كردنه‌وه‌یه‌كی باش نه‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان ئه‌و هه‌موو دهردهسهرییهبوو كه به‌سه‌ر ئه‌و میلله‌ته‌دا هات ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌و واقیعه زیاتر فهڕزدهكات و ته‌وزیفی ده‌كات بۆكایهو كاره هونه‌رییه‌كان كه نهپێشهنگ بێت و نه به مانای هونه‌ر هونه‌ر بێت تێنهگەیشتنی خودی هونهرمهندهكانه له ئه‌رك و رۆڵی هونه‌ر ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندان تێگه‌شتن هونه‌ر چییه ده‌توانن به‌گشتی هونه‌رێك بكه‌ن كه رۆڵی هه‌بێت له هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌ك زیاتر مه‌ستكردنی، ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وشه‌ش به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت ئه‌وه كاره‌ساته كه كورد ده‌یه‌وێت په‌یامی هونه‌ری میلله‌ته‌كه‌ی به‌هه‌ڵپه‌ڕكێ بگه‌یه‌نێت و هونه‌رمه‌ندیش نه‌ك توانای تێگه‌یاندن و سه‌رمه‌شقی كردنیان نییه ته‌سلیم به‌و حه‌زه بوون و گاوانی ههڵپهڕكێكانیان گرتووه.
*چی تێدایه ئه‌گه‌ر سوود له هونه‌ری بیانی وه‌ربگرین؟
-به‌رده‌وام ئه‌وه‌م راگه‌یاندووه كه سود وه‌رگرتن له هونه‌ری وڵاته‌كانی تر كێشه‌یه‌ك نییه‌و بگره له به‌رژه‌وه‌ندیماندایه، به‌ڵام هه‌موو كات ئه‌وه‌م ره‌تكردۆته‌وه كه هه‌ندێك كه‌س دێن كۆپی هونه‌ری میلله‌تانی ده‌وروبه‌ر ده‌كه‌ن و وه‌ك خۆی له هونه‌ری كوردی داده‌نێنه‌وه من پێم وایه ئه‌م جۆره كۆپی كردنه جگه له ئیفلاسی هونه‌ری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌وكاره هه‌ڵده‌ستن هیچی تر نییه و كاره‌كانیشیان نه‌ك ناچێته قاڵبی كاری هونه‌ری و خزمه‌تكردن ناشچێته قاڵبی خۆ فێركردن، به‌ڵكو ده‌چێته خانه‌ی دزی له‌میلله‌تانی تر و ده‌چێته خانه‌ی تاوان له‌به‌رانبه‌ر هونه‌ری كوردی چونكه كاری نه‌ته‌وه‌كانی تر ده‌هێنیت به‌چاك و خراپیانه‌وه ناوی ده‌نێی هونه‌ری كوردی له‌وكاته‌شدا ئه‌و جۆره كارانه مۆركه راسته‌قینه‌كه‌ی هونه‌ری كوردی لای خه‌ڵك ده‌شێوێنێت و شێواوییهك بۆ خوێندنه‌وه و ناسینه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش تاوانه، بۆیه من ئه‌وه ده‌ڵێمه‌وه ناكرێت داخراویمان وامان لێبكات سود له هیچ هونه‌رو ئه‌زموونێكی هونه‌ری پێشكه‌وتووی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان وه‌رنه‌گرین و ناشكرێت كراوهیمان به‌رووی ئه‌و تێكه‌ڵاوی سود وه‌رگرتنه وامان لێ بكات كۆپی هونه‌ری میلله‌تانی تر بهێینین و به‌ناوی هونه‌ری كوردییه‌وه عه‌رزی بكه‌ین.
* تاچه‌ند پێت وایه هونه‌رمه‌ند پێویسته باركگراونێكی فكری مه‌عریفی هه‌بێت؟
-ئه‌گه‌ر له‌وه‌ڵامه‌كانی پێشوو ورد بیته‌وه هه‌ندێك قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كردووه من باسم كرد خه‌ڵكی ئێمه تێنه‌گه‌شتنی بۆ هونه‌ر هه‌یه و ته‌سلیم بوونی هونه‌رمه‌نده‌كانیش بهوتێنهگهشتنه شێواوی له هونه‌ری كوردی خولقاندووه، بۆیه ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند هۆشیار بێت ده‌توانێت به پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆله‌كانی ئه‌و تێنه‌گه‌یشتنه مه‌له بكات و توانای رووبه‌ڕو بونه‌وه‌ی ئه‌و شه‌پۆلانه‌ی ده‌بێت هه‌رچه‌ند به‌هێزبن ئه‌ویش له‌كاتێكدا كه خودی ئه‌و هونه‌رمه‌نده تێگه‌شتنی بۆ ئه‌رك و رۆڵی هونه‌ر گهیاندبێتییه ئه‌و بڕوایه‌ی رووبه‌ڕووی ئه‌و شه‌پۆلانه بێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه زۆر كه‌مه و ئه‌و كهمییهش هونه‌ری كوردی شێواندووه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو هونه‌ری ئێمه بووه به‌هه‌ڵپه‌ڕكێ و چه‌قه‌نه لێدان و هه‌موو جه‌ماوه‌ری ئێمه‌ش بووه بهسهرچۆپی گرو گروپی شایی، به‌ڵگه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ش ژماره‌ی كۆنسێرته هونه‌رییه‌كان و ئاهه‌نگی ههڵپهڕكێكانه، بزانه كامیان زۆرتر له‌وی تریانه و جه‌ماوه‌ری كامیان به‌جۆش و به‌ژماره تره، ئه‌و شێواویه‌ش ئه‌نجامی نه‌بوونی ئه‌و رۆشنبیری و مه‌عریفه‌یه كه تۆ پرسیاری له‌باره‌وه ده‌كه‌یت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌قافه‌ته بوونی هه‌بوایه ئه‌وه حاڵی هونه‌ر نه‌ده‌بوو بۆیه ئه‌گه‌ر زۆر به‌كورتی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه بێت كه ئه‌مڕۆ هونه‌ری كوردی پێیدا گوزه‌ر ده‌كات، به‌هیوام ئه‌و چه‌ند قه‌سه‌ی كردومانه وه‌ڵامێكی دروست بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌مانای هونه‌ر تێبگه‌ین به‌مانای خۆی ئه‌وه ئه‌و پرسیاره‌ی به‌ڕێزتان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێمه‌ش بێ مانا ده‌بێت، چونكه هونه‌ر بۆخۆی واتای تێگه‌یشتن و تێگه‌یاندنه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێك ئه‌و توانایه‌ی نه‌بوو ئه‌وه هونه‌رمه‌ند نییه، كه‌وابوو ناكرێت بڵێن هونه‌رمه‌ند به‌كه‌سێك ئه‌گه‌ر لهسهقافهت و مه‌عریفه‌تی دڵنیا نه‌بین كاتێك پێشمان وت هونه‌رمه‌ند ئه‌بێت موتڵه‌قه‌ن گه‌شتبینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه رۆشنبیری و مه‌عریفه‌تی هه‌یه، كه گه‌شتینه ئه‌و بڕوایه‌ش پرسیاره‌كه و وه‌ڵامیش مانای نامێنێت
دیمانە/ سۆران مارف كەریم