تا کارێکی شانۆیی هەبێت بەشداریی لە هیچ کارێکی درامی دا ناکەم…!!
دوای ئەوەی لە هەر کارێکی شانۆیی و یاخوود درامیی دا بەشداریی دەکەم، دەگەڕێمەوە بۆ لای راو بۆچوونی خەڵک…!!
– هەروەک زۆرێک لەو کچانەی کە ساڵانە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بروانامە بەدەست دێنن، پاشان وون دەبن دەبوایە منیش وازبهێنم… بەڵام..!!
– هیچ ئافرەتێک ئەگەر پیاوێکی لە پشت نەبێت ناتوانێ بەردەوامی بدات بەکاری هونەری و بەهرەو تواناکانی، بۆیە من بۆ مێژوو دەیڵێم ئەگەر هاوسەرەکەم نەبوایە نەمدەتوانی بەرنگاری زۆر شت ببمەوە….!!!
خانمە هونەرمەندی ئەکتەری بواری (شانۆ و دراما)ـی کوردی (نەرمین ئەحمەد کاوانی)، ساڵانێکە لە نێو کاری شانۆیی دا توانیویەتی، بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو ئامادەیی نواندنی لە چەند بەرهەمێکدا هەبێت، لەم چەند ساڵەی دوایش دا توانی لە چەند کارێکی درامی تەلفزیۆنی دا بەشداریی بکات و بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو سەرنجی بینەر بەلای خۆی دا رابکێشێت، لە میانەی دیمانەیەکدا بۆ خوێنەرانی “هونەری هەولێر” تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کارەکانی و بەرجەستەکردنی رۆڵی ئەو کارکتەرانەی کە لە دراماکاندا بەرجەستەی کردووە، هەروەها باسکردن لەکاری تازەی خۆی لە داهاتوودا :..
– سەرەتا لەوە دەست پێدەکەم، ماوەیەکە نابیندرێ ی رۆڵی تازەت نابیندرێ لە دراماکاندا..؟
نەرمین : “راستە ماوەیەکە دوورم لەکاری نواندن، ئەوەشیان بەهۆی دایکیاتی و سەرپەرشیتی کردنی کۆرپەکەم، کە ماوەی شەش مانگە لەدایک بووە، دیارە ئەوەشیان بۆلایەنی ژیان ماڵ و مناڵ تاڕادەیەک دەبێ هەندێ کار بەلاوە بنێیت بۆ ئەوەی مناڵ بەجوانی پەروەردەی بکەین، بەتایبەتی لە قۆناغی سەرەتای تەمەنی دا”.
– ئەو دوورکەوتنەوەیە ماوەیەکت بۆ داناوە، یاخوود جارێ بیرت لەکاری تازە و بەشداریی کردنت لەکاری هونەریی دا نەکردۆتەوە..؟
نەرمین : بیرم لێکردۆتەوە، دیارە لەو ماوەیەشدا چەند کارێک هەبووە داوایان لێکردوم، بەڵام هەروەک باسم کرد نەمتوانیووە، ئێستاکەش لەلایەن هونەرمەندی دەرهێنەر (جەلیل زەنگەنە) داوام لێکراوە بەشداری بکەم لە بەشی سێیەمی زنجیرە درامای گەردەلول، بەڵام بەهۆی بەشداریی کردنم لە زنجیرە درامایەکی تر لەگەڵ هونەرمەندی دەرهێنەر (کامەران رەئوف)، کە ئێستاکە لە قۆناغی وێنەگرتن دای بۆیە نەمتوانی بەشداریی بکەم و فریای ئەو دوو کارەش بەیەکەوە نەدەکەوتم لەیەک کاتدا”.
– مەرجی بەشداریی کردنی (نەرمین کاوانی) لە کارێکی درامی دا بۆ هەر دەرهێنەرێک چیە..؟
نەرمین : “مەرجی من تەنها ئەوەیە تا سیناریۆ نەبینم بڕیاری بەشداریی کردن نادەم، چونکە ئەوە مافێکی سروشتی خۆمە بزانم بەرجەستە کردنی ئەو کەسایەتیە کە من رۆڵی تێدا دەبینم، ئەوەیان لەلای من زۆر گرنگە”.
– ئەی لە رووی مادیەوە هیچ مافێک بۆ خۆت دیار ناکەی، هەروەک بیستوومانە زۆر جار ئەکتەر لە گەڵ دەرهێنەرەکان لەسەر لایەنی مادی تاڕادیەک کێشە دروست دەبێت لە نێوانیاندا..؟
نەرمین : “من تائێستاکە ئەو بڕپارەی کە وەک پاداشت یاخوود بەناوی پاداشت بۆم دانراوە پێ ی رازی بووم، ئیتر نەم گوتووە نایکەم یاخوود کەمە، چونکە ئێمە تازە خەریکە ئەو لایەنە پەیڕەو دەبێت لەناوماندا، کە دەتوانین بڵین لەسەرەتاداین، بەڵام ئەگەر هەر دەرهێنەرێک یاخوود گروپێک لە رێگەی کارێکی درامی دا دەم گەینێتە سەر هەوریش من ئامادەم دابەزمەوە، ئەگەر مافم نەپارێزن، چونکە منێک وەک ئافرەتێک جاری واهەبووە لەماوەی مانگێک یاخوود (40) رۆژدا ئەوەندەی لەگەڵ ستافی ئەکتەرو دەرهێنەر بووم ئەوەندە لەگەڵ ماڵ و مناڵی خۆم نەبووم، چوونە دەرەوەی هەر ئافرەتێک بۆ خۆی گەورەییە، من هونەر ئەئەنجام دەدەم بە ئارەزووی خۆشم ئەو بوارەم هەڵبژاردووە، بەداخەوە زۆر جار دەرهێنەرەکان ئەوەندە مافی پیاوەکان دەدەن مافی ئافرەتەکان نادەن، چونکە لێیان ئەترسن و ناتوانن مافی ئەوان بخۆن”.
– لەکامە درامادا ئەو مافەت بەتەواوی نەپارێزاراوە..؟
نەرمین : “لە درامای (ئارەزوو)ـدا، لە هەندێکیشان دڵگرانم هەر لەسەر ئەوەی مافی من لەو درامایەدا نەپارێزراو بەتەواوی دابین نەکرا، چونکە من لەکاری وێنەگرتنی ئەو درامایەدا زۆر ماندوو بووم، کاتێک زۆر دەماوە لەگەڵ ستافەکە بەتایبەتی لەکاتی وێنەگرتن، بەداخەوە لەوێدا بۆم دەرکەوت مافی پیاوەکان زیاتر دابینکرا، هەرچەندە من داوای مافی زیاتر ناکەم لە پیاو بەڵام بەقەدەر خۆم و شەخسیەتی کاراکتەرەکەم دەبوایە مافم پێ بدەن، نەک لەرووی پارەدان بەڵکو لە رووی ناوەرۆکی ئەنجامدانی کارەکەش من هەستم پێکردووە، بۆیە جارێکی تر زەحمەتە بڕیار بدەم لەگەڵ ئەو ستافە کاری هونەری ئەنجام بدەم”.
– بەو پێیەی تۆ لەکاری (شانۆ)ـوە دەستت پێکردووە، ئەی ئەگەر کارێکی شانۆ و درامی بەیەکەوە هاتە بەردەستت بۆ ئەوەی رۆڵی تێدا ببینی، کامیان هەڵدەبژێری..؟
نەرمین : “من وەک وەفایەک بۆ شانۆ و کاری شانۆیی، تا کارێکی شانۆیی هەبێت بەشداریی لە هیچ کارێکی درامی دا ناکەم، کە دەستم خاڵی بوو کاری شانۆی نەبوو ئینجا بڕیاری ئەوە دەدەم بەشداری لەکاری درامادا بکەم، چونکە کاتێک لەسەر شانۆ نواندن ئەو کاتە زۆر ئاسوودەم، حەزی کاری هونەرییم زیاتر لە شانۆدا دەبینمەوە”.
– هەر لەسەر شانۆ دەمەوێ ئەوە لە تۆ بپرسم، تۆ وەک هونەرمەندێکی شانۆکار، کاتێک بەشداری لە کارێکی درامی دا دەکەیت، هەمان کاریگەری شانۆ بەسەرتەوە دەمێنێت و وەک ئەوەی لەسەر شانۆ بیت ئاوا نواندن دەکەیت بۆچی..؟
نەرمین : “ئەوەیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی ئەکتەرەکان، کە لە بواری نواندن کار دەکەین لە رێگەی تەختەی (شانۆ)ـوە، هاتینە نێو کاری (درام)ـی، هیچێک لە ئێمە ئەزموونێکمان نیە دەربارەی چۆنیەتی نواندن لەبەردەم کامێرادا، من خۆم یەکێکم لەوانەی زۆرجار لەبەردەم کامێردا زیاد لە پێویست دەستم بەرز کردۆتەوە، هاوارم کردووە جوڵەی زیاترم کردووە و زۆر شتی تر، دووبارەشم کردۆتەوە بۆ ئەوەی شێوازی شانۆی نەگرێتە خۆی، بەڵام ئەو کاریگەرییە هەردەمێنێ، ئەوەشیان تاوانی ئێمە نیە چونکە ئێمە نەمان خوێندووە بۆ ئەوەی چۆن لە درامادا نواندن بکەین، بەڵکو خوێندنی ئێمە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بۆ کاری شانۆیی بووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێمە هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی رەوتی دراما بەرەو پێش بچێت، دیارە شێوازی نواندنی شانۆیی و درامی دوو کاری لێک جیاوازن”.
– یەکێک لەو کارە درامیانەی بەشدارییت تێدا کرد،زنجیرە درامای “ئارەزوو” بوو، بەرجەستە کردنی رۆڵی کارکتەری (سەباو) دوای نیشاندانی لە تەلفزیۆن چ کارادنەوەیەکی هەبوو بۆ (نەرمین کاوانی)…؟
نەرمین : “من دوای ئەوەی لە هەر کارێکی شانۆیی و یاخوود درامیی دا بەشداریی دەکەم، دەگەڕێمەوە بۆ لای راو بۆچوونی خەڵک، لە رێگەی خەڵکەوە دەیبستم تا چ ئاستێک توانیوومە رۆڵی ئەو کەسایەتیە بگەینمە بینەر، چونکە ئێمەی ئەکتەر پردی نێوان ئەو کارکتەرانە و دیاردەکانین بۆ بینەر، رۆڵی کەسایەتی “سەباو” زۆرترین دەستخۆشی و سەرکەوتنی بە من بەخشیووە”.
– ئەگەر سیناریۆیەکی تر بێتە بەردەستت چەند دیاردەیەک لە خۆی بگرێت، ئەگەر لە رۆڵی کەسایەتی “سەباو” زیاتر لە خۆی بگرێت ئامادەی رۆڵێکی لەو جۆرە بەرجەستە بکەیت، کە ئافرەتانی بواری نواندن نەیاتوانی بێت رۆڵی لەو جۆرە ببینن..؟
نەرمین : “بەدڵنیایەوە بەڵام دەبێ دیسان دەگەڕێمەوە بۆ لای خەڵک، من پێم وانەبوو شۆرشێکم کردبێ لە دونیای درامای کوردی، بەڵام کاتێک جەماوەر و بینەری دراماکانم دەبینم لەئەوانەوە چەندیین جار دەستخۆشیان لێکردووم و پێم دەڵێن تۆ دیوارێکی گەورەت شکاندووە، ئەوەشیان بۆ خۆشەویستی و هاوکاری بەردەوامی (دانەر)ـی ئازیزی هاوسەرم دەگەڕێنمەوە، چونکە هیچ ئافرەتێک ئەگەر پیاوێکی لە پشت نەبێت ناتوانێ بەردەوامی بدات بەکاری هونەری و بەهرەو تواناکانی، بۆیە من بۆ مێژوو دەیڵێم ئەگەر هاوسەرەکەم نەبوایە نەمدەتوانی بەرنگاری زۆر شت ببمەوە، لەمەو دواش بەهاوکاری و پاڵپشتی ئەو من بەردەوام دەبم بۆ نیشاندانی ئازار و مەینەتیەکانی ئافرەتی و کورد و رەوتی هونەری درامای کوردی”.
– باشە ئەگەر هاتوو رۆڵێک بوو تارادەیەکی زۆر دوور بوو لە کەلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگا ئێمە، ئەی باشە ئەگەر ئەو کاتە کۆمەڵگا بە جۆرێکی تر وەری گرت، ئەو کات چی..؟
نەرمین : “من پێشتر ئەو بەو قۆناغەدا رۆیشتم، بۆ نموونە کاتێک بەرجستەی کاراکتەری “سەباو”ـم بەرجەستە کرد، زۆر ئەترسام لە رووبەروو بوونەوەی کۆمەڵگا و کەس و کاریشم، ئیتر من ئەو قۆناغە ئەزانم چۆنە و بەچ شێوەیەکیش بڕیاڕ لە سەر کارەکە دەدەم، جگە لەوانەش هونەرمەند پێویستە وەک هەویرە وابێت کاتێک دەرهێنەر بیوێت هەر جۆرە پەیکەرێکی لێ دروست بکات، دەبێ ئەوەی لێدروست بێت، بۆیە من پێناسەیەکم بۆ هونەرەکەم کردۆتە ئامانج ئەویش ئەوەیە هونەرەکەم لە پێش ترس و چاوی کۆمەڵگاکەم داناوە، واتە من هونەرکەم زیاتر بەلاوە گرنگە”.
پێت وایە دەرهێنەرەکان توانیویانە درک بەهەموو ئەو بابەت و کێشانە بدەن، کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونیان هەیە و نەیان توانیووە بە زمانی دراما نیشانی بدەن..؟
نەرمین : “بەڵێ بەداخەوە وایە، منیش پێم وایە دەرهێنەرەکان لەم بارەیەوە کەم تەرخمیان پێوە دیارە، ئەکەتەرەکان ماندوو دەبن و حەز بەکار کردن دەکەن، بەڵام دەرهێنەرەکان بیر لەکەمو کورییەکان ناکەنەوە، بەڵکو بیر لەوە دەکەنەوە چ ئەکتەرێک هاوڕێیانە چ ئەکتەرێک خزمیانە هەوڵدەن بۆ لایەنی مادی بیانهێنن بەشداری کارێکی درامیان پێ بکەن و رۆڵێکی بەرچاوی پێبدەن، ناگەڕێن بەدوای کێشە و گرفتی زۆر زەق و بەرچاو هەروەها ناگەڕێن بەدوای ئەکتەری لێهاتوو بەتوانا، بۆیە زۆر جار دراماکان بە شێوەیەکی لاواز دێنە بوون هەر لەرووی سینارۆ تا دەگاتە بەرجەستە کردنی رۆڵی کارکتەرەکانیش”.
– لەزنجیرە درامای (ژیلەمۆ)ـدا یەکێک لە رۆڵە سەرەکییەکان بەرجەستە کردووە، تا چەند لەو درامایە ئاسوودە بوویت..؟
نەرمین : “درامای (ژیلەمۆ و ئارەزوو) کە لەیەک ساڵدا کاری بەرهەم هێنانی ئەنجام درا، من شانازی بە هەردوو دراماکە دەکەم، چونکە زۆر شتی لێ فێربووم، دیارە زنجیرە درامای (ژیلەمۆ) قۆناغێکی تازە بوو لە ژیانی هونەری من، زۆر سوپاسی دەرهێنەرەکەی هونەرمەند (بەکر رەشید) دەکەم، کە من بە دەرهێنەرێکی زۆر سەرکەوتووی ئەزانم لەکارەکانی دا، کاری ئەوم زۆر بەدڵە چۆنیەتی بەرهەم هێنانی ئەو درامایەش بە شێوازێکی زۆر چاک بە ئەنجام گەیاند، ئاسوودەیی من لەو درامایەدا ئەوە بوو کاتێک دەم بیست کە توانیومە سەرکەوتووبم لە بینینی رۆڵی کارەکتەرەکەمدا”.
– دەڵێن لە درامای (ژیلەمۆ)ـدا حەزت بە رۆڵێکی تر بووە وایە..؟
نەرمین : “بەڵێ حەزم لە بەرجەستە کردنی رۆڵی کچەکەم بوو، کە ناوی (تریفە) بوو لە درامەکەدا، بەڵام دیار بوو ئەو رۆڵە بۆمن دانرابوو خۆشبەخاتانە توانیم بەرجەستەی بکەم”.
– لە دوای نیشاندانی ئەو دوو درامایە بە کام ناو زیاتر بانگ دەکرێت، کە لە دوو درامایە رۆڵەکانیانت بەرجەستە کردووە..؟
نەرمین : “زیاتر بەناوی (سەباو) بانگ دەکرێم بەتایبەتی لەلایەن خەڵکەوە، دیارە پێم ناخۆش نیە، چونکە دیارە من کارێکم کردووە، ناوی خۆمی رەش کردۆتەوە و ناوێکی تری بەمنەوە لکاندووە.
– لەوتەی چوویتە نێو ژیانی هاوسەرییەوە، چ کاریگەرییەکی هەبووە بۆ بەشداریی بوونت لەکارە هونەرییەکانت، ئایا نەبۆتە هۆکارێک بۆ دابِرانت لە هەندێک کار..؟
نەرمین : “نەخێر چونکە من لە نێو خانەوادەیەک بووم، هونەرمەندمان تێدا نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی من شووم کرد بە (دانەر) زیاتر هەنگاوی جدی تر و هاوێشت، چونکە ئەو بووە پاڵپشت و هەوێنی هاتنە پێشەوەی من بۆ ناو کاری هونەری بە شێوەیەکی باشتر وەک لەسەردەمی کچێنی و بێ هاوسەرییم”.
– ئەگەر هاوسەرەکەت وەک باسی لێوەدەکەیت بەو شێوەیە نەبوایە، وازت لەکاری هونەری دەهێنا…؟
: “بەدڵنیایەوە هەروەک زۆرێک لەو کچانەی کە ساڵانە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بروانامە بەدەست دێنن، پاشان وون دەبن دەبوایە منیش وازبهێنم، من دەتوانم بڵێم لە ناو هەموو ئەو کچانەی کە لەگەڵ من بوون لە پەیمانگا تەنها منم و تاقە ئافرەتم بەردەوامم و کاری هونەری ئەنجام دەدەم، چونکە یان شووی کردووە یان بووە بەمامۆستا لە لادێیەکی دوور، ئیتر نەیاتوانیووە بێنە پێشەوەو کار بکەن”.
– ژیانی هاوسەریتان بە خۆشەویستی پێکهێنا یاخوود بە رێکەوت بوو..؟
نەرمین : “بەڵی بە خۆشەویستی بوو، لە پەیمانگا یەکترمان ناسی و لە قۆناغی پێنجەمدا ژیانی هاوسەرییمان پێکهێنا.
– تۆ غیرەی لێ ئەکیت یاخوود ئەو لەکاتێکدا تۆ کاری هونەری ئەنجام دەدەیت..؟
نەرمین : “هاوسەرەکەم غیرەم لێناکات و کەسێکی دڵ پاکە، جگە لەوەش ئەو کەسێکی زۆر هێمن و تێگەیشتووە، بەڵام من غیرەی لێدەکەم، ئەگەر بزانم کەسێکی تری خۆشدەوێت غیرەی لێ دەکەم، چونکە زۆرم خۆشدەوێت، کەسێک کەسێکی خۆشبوێت غیرەی لێدەکات، چونکە حەز دەکەم تەنیا بۆ من بێ، بروابکەن زۆرجار حەز ئەکەم تورە بێت تورە نابێت، بەڵام من زۆر تورەم و بەڵام زوو سارد دەبمەوە”.
– کابانێکی چۆنی و شارەزاییت چۆنە لە دروستکردنی خواردندا..؟
نەرمین : “نەبێتە پیاهەڵدان بۆ خۆم، لە دروستکردنی دۆڵمە و شێخ مەحشی زۆر شارزام”.
– جگە لەکارە درامییەکان بەشداریی چەند کاری شانۆییت کردووە….؟
نەرمین : “تا ئێستا بەشداری نزیکەی (20) کاری شانۆییم کردووە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا