مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “بێ ههموو شتێک” لە دەرهێنانی “موحسین قەرایی” و بە ڕۆڵ بینینی “هەدیە تێهرانی” ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران، ڕۆژی پێنجشهمه ٢١ی جوولای ٢٠٢٢ لە سینەمای “ئێمپایێر”ی فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر نمایش دەکرێت.
نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “بێ ههموو شتێک” (بی همە چیز) لە دەرهێنانی “موحسین قەرایی” و لە بەرهەمهێنانی “جەواد نەورۆزبەیگی” ڕۆژی پێنجشهمه ٢١ی جوولای ٢٠٢٢ له سێ سانسی جیاوازدا لهوانه: کاتژمێر ٧ی ئێوارێ، ٨:٣٠ و ٩:٤٥ی شهو لە سینەمای “ئێمپایێر”ی فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر دەست پێدەکات.
هەروەها نمایشی تایبەتی ئەم بەرهەمە سینەماییە، به ئامادهبوونی ژمارهیهک لە میوانانی تایبهت و هەروەها هەندێک لە هونهرمهندانی ههرێمی کوردستان، کاتژمێر 6ی ئێوارێی ئهمڕۆ چوارشەمە 20ی جوولای 2022 لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
له فیلمی “بێ ههموو شتێک” لە نووسینی هاوبەشی سیناریۆی “موحسین قەرایی” و “محەمەد داوودی” هەندێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: هەدیە تێهرانی، پەرویز پەرەستوویی، هادی حیجازیفەڕ، باران کەوسەری، مەهتاب نەسیرپوور، پێدڕام شەریفی، لاله مەرزبان، بابەک کەریمی، فەرید سەجادی حوسێنی، زوهەیر یاری و … تیایدا ڕۆڵیان بینیوه.
ئەم فیلمە کە بە گێڕانەوەیەکی سەربەست لە شانۆنامەی ناوداری “دیدار لەگەڵ خاتوونێکی بەساڵاچوو” Der Besuch der alten Dame بەرهەمی هەرمانی “فڕێدریش دۆرنمات” Friedrich Dürrenmatt سازکراوە، یەکەمین جار لە سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نماشکرا و کاندیدی 15 سیمورغی بلوورین بوو کە لە کۆتاییدا توانی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین سیناریۆی وەرگیراو، خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین مۆنتاژ، خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین مۆسیقا، خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین دیزاینی جلووبەرگ و هەروەها خەڵاتی سیمورغی بلوورینی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەدەستهێنا.
لە پوختەی چیرۆکی ئەم فیلمەدا هاتووە: لە گوندێکی پێش شۆڕشی ئێران، کەسێکی بەگزادە بە ناوی “ئەمیر” وەکوو حاکمێکی خۆماڵی لە دێیەکەدا چالاکی دەکات و بە هۆی مێژوویەکی باش کە بوویەتی، خەڵکی متمانەی تەواویان پێیەتی. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، یەکێک لە خەڵکانی ئاوایی بە ناوی “لی لی” کە بە هۆی تانەوتەشەری خەڵکی بە داوێنپیسی لە گوندەکە ڕۆیشتووە، بە سەروەت و سامانێکی زۆرەوە گەڕاوەتەوە بۆ نێو ئاوایی و بە خەڵکی پێشنیار دەدات کە ئەگەر ئەمیر بکووژن پارەیەکی زۆریان پێدەدات و … .
Discussion about this post