وشیار ئەحمەد ئەسوەد: ھیچ بوارێکی ھونەری نمایشکاری ناکەوێتە دەرەوەی جووڵەوە، واتە ھونەرمەند ناتوانێ تەنیا لە دەنگیدا نمایشکاریمان پێ ببەخشێت و لەو دەمەدا تەنیا دەبێتە گۆرانی، گۆرانیش بەھەرە کۆنترین ھونەرەکان ھەژمار دەکرێ لە دوای سەماوە، واتە سەما وەک دەربڕینێک بۆ لاساییکردنەوەی شتەکان کەوتووەتە پێشی تەواوی ھونەرەکانی ترەوە.. سەمای ئاگر.. سەمای درەخت.. سەمای گوڵ و سەرجەم لاساییکردنەوەکانی تر کە لە سەرەتاکانی بوونی مرۆڤدا بەشێوەی سەما بەرجەستەی کردوون..
مەبەستم نییە باس لە مێژووی دروستبوونی سەما بکەم، بگرە ئەوەی بەلامەوە جێی بایەخە، ئەم ھونەرە کە لە زۆرترین ژمارەی وڵاتانی دنیا و بەتایبەتیش وڵاتە پێشکەوتووەکان و دەسەڵاتە عەلمانییەکاندا زۆرترین بایەخی پێ دەدرێت، لای ئێمە کەمتر کەوتووەتە بەر بایەخ، ئەوەی تا ئێستەش ئاوڕی لێ دەدرێتەوە ھونەرە میللییەکانە.. ڕەنگە ئەوەش ڕاست بێ کە ھونەرە میللییەکان جیا لە گێڕانەوەی داوونەریتە کۆنەکان و دەربڕینیان بەدەنگ، سەمایش ڕۆِڵی کاریگەری تێدا دەبینێت، بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ ھونەری نمایشکاری، بایەخدانیەتی بەفۆلکلۆر وەک تەنیا دیوێکی ھونەرەکە، ئەمەش نەک کورد، ھەموو میللەتانی دنیا ئەو بایەخەیان بۆ فۆلکلۆرەکەیان وەرگرتووە، بەڵام لە زۆر شوێندا نەکراوەتە ھونەری مۆدێرن، واتە ھونەرێک زۆربەی میللەتان بەکاری بێنن و کۆک بن لەسەری کە وایدەبینمەوە لێرەوە ئەو ھونەرە دەبێتە نمایشکاری، بێگومان دوای ئەوەی زۆرترین جووڵانەوەکان دەکەونە بەر سەماوە.. واتە ھونەری نمایشکاری ئەوەندەی پێوەستە بەجووڵە ھونەرییەکانەوە “سەما”، کەمتر دەکەوێتە بەر دەنگەوە، ئەمە نەک بەو واتایەی ھەموو دەنگێک بەھونەری نمایشکاری بوێرێ، چونکە پسپۆڕان لەوێشدا دەنگ و تواناکان جیا دەکەنەوە کە دەنگی نمایشی ھەڵگری خاسیەتی خۆیەتی.
ھونەرە میللییەکان لە مێژە لە ھونەری کوردیدا کەوتووەتە بەر بایەخەوە، بەڵام نمایشکاری لای ئێمە نوێیە، مەبەستیشم نییە بەزۆری زۆرداری ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر بخزێنمە بابەتێکەوە لە تایبەتمەندییەکانی دوور بێت.. بەڵام ئەگەر تۆزێک ویژدانمان ڕاچڵەکێنین، ھەڵکەوت یەکەمین کەس بووە نمایشکاریی ھێناوەتە ناو ھونەری کوردییەوە، ڕەنگە ئەو کارە نمایشییانەی ئەو ھونەرمەندە بۆ کەسانی وەک دەشنێ و ناسلی و ئەوانی تری کردووە، پڕ بەواتای نمایشکاری نەبن، واتە ئەوە نەبن کە خۆی ویستوونی، چونکە نمایشکاریش کەرەستەی تایبەتی خۆی پێویستە و ڕەنگە تا ئێستە لە کوردستاندا بەردەست نەبێ، بەڵام ئەوەی گرنگە و بۆ داھاتوویەکی دووریش مێژوو باسی دەکات، ھەڵکەوت یەکەمین کەس بووە لە کوردا بیری لە دروستکردنی ئەم ھونەرە کردووەتەوە و پێش ئەو کەسی تر پەی پێ نەبردووە.. من لەبارەی ئەم ھونەرەوە سەردانی ھەڵکەوت زاھیرم کرد و دیمانەیەکی تایبەتم لەسەر ئەم ھونەرە لەگەڵ بەڕێزیاندا ئەنجام دا و لە ئاژانسی (ئاکانیوز) بڵاوم کردەوە، ڕاستە ھونەری نمایشکاریش ئەمە بۆ یەکەمین جارە لە ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانیی ھونەریی کوردیدا قسەی لەبارەوە دەکرێت و منیش شانازم کە یەکەمین کەسم بابەتەکەم ورووژاندووە، بەڵام لەو دیمانەیەدا ئەو ھونەرمەندە جیا لە ھونەری نمایشکاری، بابەتێکی تری زۆر ھەستەوەری ھونەریی ورووژاند کە دەھێنێ قەڵەمبەدەستانی ئەم بوارە بەھەندی وەربگرن.. ئەویش “فەوازیری کوردی”یە، بۆیە لەم کورتە نووسینەمدا پێم باش بوو بەشێک لە لێدوان و بۆچوونەکانی ھەڵکەوتی تێدا دووبارە بکەمەوە.
لەبارەی حەزەکانی ئەو بۆ نمایشکاری، ھەڵکەوت دەڵێت من خۆم یەک لەوانەم حەز لە ھونەری نمایشکاری دەکەم و سەرسامم بەو ھونەرە، نمایشکاری کۆمەڵێک نمایش و موزیک و دەنگ و تابلۆی تێدا بەرجەستە دەبێت، بەبۆچوونی منیش لە ھونەری کوردیدا ھیچ مێژوویەک بۆ نمایشکاری نابینم، ئەوەی پێشتر ھەبووە تەنیا خۆی لە تابلۆکانی ھونەرە میللییەکان بینیوەتەوە، ئەویش تایبەتە بەفۆلکلۆر و جیاوازە لە ھونەری نمایشکاریی سەردەمانە، لە کوردستاندا ئەو تابلۆیانە ھەبووە کە بەکۆمەڵێک گۆرانیی فۆلکلۆریی وەک “دروونە و شەنەبا” و ئەوانی تر گوتراون، ئەمەش تەنیا دەچێتە بۆتەی ھونەرە میللییەکانەوە. دەتوانم بڵێم لە کوردستاندا پێشتر ئەم ھونەرە نەبووە، تا ئەو کاتەی من ھەوڵم دا لە بواری کلیپدا لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی گەنج ئەو کارە بکەم، بێگومان نەک بەو جۆرەی تەواوی ڕوانگەکانی ھونەری نمایشکاری لەخۆ بگرێت، چونکە تا ئێستە ئەو دەرفەتەمان نەبووە. من ھەوڵم دا لە گۆرانیدا سیناریۆ دابنێم بەچەند جۆرێکی سەما، وەک ئەوەی لە گۆرانیی “شیکە واوا”ی دەشنێدا دەبینرێت، ئەویش بەمیلۆدی و دەنگ و موزیک و ڕیتم، ھەروەھا سەمای دەشنێ و ئەو گرووپەش کە سەمای لەگەڵدا دەکەن، کۆمەڵێک جووڵەی لە یەکتر نێزیک بەئاوێتەبوونی شێوازی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، تەنانەت لەگەڵ گۆڕینی ڕیتمەکاندا جلوبەرگیش گۆڕانکاریی تێ دەکەوێت، بۆیە دەکرێ بڵێین زۆربەی ئەو گۆرانییانەی بۆ دەشنێ و ناسلی کردوومن، فۆڕمی نواندنکارین، جیاوازن لەو گۆرانییانەی بۆ لۆکە و میرا و ھانی و ئەوانی تر کارم تێدا کردوون.
ھەڵکەوت لەبارەی ئەوەی تا چەند دەتوانێ ئەوەی مەبەستیەتی لەم ھونەرەدا و بەو ژمارە ھونەرمەندەی لە بەردەستیدان بەرجەستەی بکات، دەڵێت من تەنیا ھەوڵی ئەوەم داوە بەپێی ئاستی کۆمەڵگەکەم ئەو کارە بکەم، دیارە نەک تەنیا ناسلی و دەشنێ، تەنانەت ئەو ھونەرمەندانەی تریش کە کارم بۆ کردوون، ھەوڵم داوە فۆڕمێکی نمایشکارییان پێ ببەخشم، بۆ نموونە لە کلیپی گۆرانیی “مەکە”ی لۆکە، لەوێدا کۆمەڵێک جووڵە دەبینرێ کە پێشتر لە گۆرانیی کوردیدا نەبووە، ئەمانە جیا لەوەی ئەستەمە تۆ بتەوێ لە ھونەری نمایشکاریدا ئەوەی مەبەستت بێ لە ڕۆژێکدا دەری بخەی و پێشانی بدەیت، ڕەنگە میللەت ھەموو ئەو بیرۆکانەت بەجارێک لێ قبووڵ نەکات، ھەروەھا ئەوانەش کە تا ئێستە من کردوومن بەئاسان قبووڵ نەکراون، بۆیە ببینە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا چەندان ڕەخنەم لەوبارەیەوە ڕووبەڕوو کراونەتەوە، بەڵام وێڕای ئەوەش ھەر بەردەوام دەبم و زۆریش زیاترم ئامادە کردووە بۆ داھاتوو بیکەم، بۆ نموونە لە ھەوڵی ئەوەدام “فەوازیر” لە ھونەری کوردیدا دروست بکەم.
ھەڵکەوت باسی فەوازیر دەکات، من وایدەبینمەوە فەوازیر لە ھونەری کوردیدا ئەستەم بێت، بێگومان لەبەرئەوەی پێویستیی بەگرووپی سەماکار دەبێت، بۆ ئەمەشیان ئەو دەڵێت پێم وانییە ئەو کێشەیەم بۆ دروست بێت، چونکە ئەگەر من ستۆدیۆ و کەناڵی تەلەڤزیۆنیی تایبەت بەخۆم ھەبێ، تێیدا فێرگە دروست دەکەم، دەبێ ئەوانەی کارم لەگەڵدا دەکەن شارەزایییان لە موزیک ھەبێ، بەجۆرێک لەو ستۆدیۆیەدا کەسانی سەماکار دروست بن، پێشتریش کەسانی ئەو بوارە لەناو ھونەرە میللییەکان و شوێنی تردا ھەبوون، ھەروەھا وەک سەرەتا دەتوانین لە دەرەوەی کوردستانەوە سوود لە کەسانی شارەزای ئەو بوارە ببینین، بۆ نموونە وەک کامێرای سینەمایی و دەرھێنەر و ڕاھێنەری پڕۆفیشناڵ، ھاوکات دەکرێ سەماکاری باشیش بانگھێشت بکەین و خەڵکمان لە ستایلە جیاجیاکانی سەما بۆ فێر بکەن.
لێرەوە مەبەستمە ئاماژە بەوە بدەم کە ھونەری کوردی بەدەر لە ھونەری مۆدێرن لە بەردەرکی ماڵەکانمان جیا نابێتەوە، واتە ناتوانین بگەینە ئاستی میللەتانی تر ئەگەر ھونەر تەنیا لە دەرکی ماڵەکانماندا بھێڵینەوە، ئەوەی ھەڵکەوتیش باسی دەکات لە ھونەری فەوازیر، ھونەرێکی گەورە و کارێکی ئەستەمیشە، بەڵام ئەگەر حکوومەتی کوردی بتوانێ ھەرسی بکات، دەھێنێ پشتگیرییەکی تەواوی بۆ فەراھەم بکات.
ئاخر ویژدانتان بێ، خۆشتر و جوانتر نییە لە جیاتی (نیللی و شەریھان) و ھونەرمەندە عەرەبەکانی تر، بڕوانینە خاتوونە کوردەکانی خۆمان و بەفەوازیر شادمان بکەن؟