كارۆخ مەلائەسعەد: (نیلیسا) یەكێكە لەو گۆرانیبێژانەی پێشتر چاوپێكەوتن و هەواڵی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاو كراوەتەوە و وەكوو گۆرانیبێژێكی سەركەوتوویش ناوی هاتووە.
لەم دیمانەیەی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا ئەو گۆرانیبێژە باسی بەرهەمە تازەكەی خۆی دەكات، كە بە نیازە لەگەڵ ئاوازدانەر (هەڵكەوت زاهیر)ـدا بەرهەمی بهێنن.
* لە كۆی ئەو بەرهەمانەی بڵاوت كردوونەتەوە، پێتوایە چەندە توانیوتە سەركەوتوو بی؟
ـ بەختەوەرانە سەركەوتنێكی باشم بە دەست هێناوە. بەوە خۆشحاڵم كە جەماوەرەكەم لە بەرهەمەكانم ڕازین، بۆیە لە داهاتوودا هەنگاوی باشتر و هونەرییانەتر دەهاوێم.
*هەندێك لە میدیاكان وەكو پێویست گرینگی بە كارەكانتان نادەن، پێت وایە هۆكاری چییە؟
ـ بەداخەوە نا دادپەروەرییەكی زۆر لە ناو میدیاكاندا هەیە، كە نەدەبووایە وابێت.
نەدەبووایە بڵاوكردنەوەی بەرهەمی هونەری ببێتە میزاجی چەند كەسێك و زۆر بە زەقی دژایەتی بكرێن، بەڵام بینەریش هەستی كردووە كە نوقستانی و بۆشاییەك لە میدیاكاندا هەیە، بۆیە دڵنیام بەردەوامبوونیان بەوشێوەیە بەسەریاندا دەشكێتەوە.
* هۆكار چییە كە تا ئێستا گوێمان لە گۆرانییەكی تۆ نەبووە، كە بە ڕیتمێكی خێرابێت؟
ـ وەك خۆم زیاتر كارەكانم ستایلی (لاتینۆ ڕۆمانتیك)ـن، لەگەڵ ئەوەیشدا چەند ستایلێكی وەك (تەكنۆ) و (پۆپم) هەیە، بەڵام زیاتر لە (ڕۆمانتیك)ـەوە نزیكم.
* لە چ وڵاتێك دەژێی و ئاخۆ بەدەر لە كاری هونەری، كاری دیكە دەكەی؟
ـ لە بەریتانیا نیشتەجێم و لەگەڵ بەردەوامبوونم لە كاری هونەریدا، سەرقاڵی درێژەدان بە خوێندنم.
* بەم زووانە بەرهەمی تازەت دەبێت؟
ـ ئێستا لەگەڵ (هەڵكەوت زاهیر)ی مامۆستامدا خەریكی دروستكرنی چەند بیرۆكەیەكی تازەین كە بە نیازین لە ئاییندەیەكی نزیكدا بەرهەمی بێنین.