دیـــــدار نانەکەلی: دەرونناس و کۆمەڵناسەکان وەھا مەزەندە دەکەن کە بونیاتی سایکۆلۆژی ھەر مرۆڤێک لەگەڵ ئەو ناوە گەشەدەکات و دروست دەبێت کە لەگەڵ بوونیەوە پێیەوە دەلکێنن..
بەڵام مەزەندەی دروست ئەوەیە کە ناو ھیچ کاریگەریەکی ئەوتۆ لەسەر ژیانی ئێمەدا دروست نەکردووە، بەڵکو کەسایەتی دروست دەتوانێت واتا بخاتە بەر ھەر ناوێک و جوانی بکات.
ئەگینا بەشێک لەوانەی ئەمڕۆ ناویان شاخەوانە بە ھەڵکەوتیش لە شاخێک نزیک نەکەوتوونەتەوە و بۆ ھەڵگەران و رکابەری شاخیش ئەوا گرد و تەپۆڵکەی پێ چیای قەندیــلە.
کابرا ناوی ئەمینە, خودا نەکا درھەمێکت بە ئامانەت لەلای دانابێت. لە راستگۆش ھەر مەپرسن زمانی بکاتەوە دونیا پڕ لە تەپ و تۆز دەکات.
کاک ھێمن خەڵکی شارەکەمانە لەبەر بۆڵەبۆڵی دراوسێ نەماوە لەگەرەک لەدەستی رای نەکردبێ. سەلامیش بەوە ناسراوە بەلاتدا رەت بێت زەبرێکی لێوەشاندووی، باجی بەھاریش لەوەتەی ھەیە چوارجاران نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجامداوە و بەھیچیان نەگەیشتۆتە بەھار،
لە ژیار و زیرەک مەپرسن بەچوار ساڵ جارێک پۆلێکی خوێندن دەبڕن،
ئەگەر لە شوانیش دەپرسی بەھەموو تەمەنی ماستی مەڕی نەخواردووە،
وەرن بۆ دیدەنی ئازا و بەھێز و جوامێر ئەوەی لێی دەترسن خەسو و خێزان و خەنجەرە. کاک پۆڵا ھاورێی منداڵیمە تەلەفۆنم بۆی کردبێ لە نۆرینگەی پزیشکی وەڵامی داوەتەوە و نەخۆشە. فریشتە و پاکیزە خان تۆراون و لەماڵی خاڵیانن،چونکە براکانی گومانیان لێدەکەن لە رێگای قوتابخانە ھەر رۆژەو لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک سەرکەوتبن, کاکە نێچیریش بناسن ھەر بۆخۆی راوچیەکە و نەکەوتۆتە تەڵەی کەس .مەلا و سەید و شیخ ناویش ھەن رکعاتێک نوێژیان بۆ خوا نەکردووە و نوشتە و دوعا بۆ ئاغا و میر و سوڵتانەکانیان دەکەن.
بۆیە رام وایە کە مرۆڤە واتا دەخاتە بەر ھەر ناوێک.دەتوانی جوانی بکات و ئەوەندەش ناشرینی بکات کە کەس نەوێرێت توخنی کەوێت. بۆیە لە بنەرەتدا ناو بێ واتایە تا خۆمان پێیەوە نەبەستینەوە..