دیــــدار نانەکەلی: ھاوڕێیەکی دێرینم ھەیە،ماوەیەکە توشی گرفتی کەم خەوی بۆتەوە. بۆ ئەو مەبەستە سەردانی پزیشکی دەروونی کردبوو،پاش روونکردنەوەی دۆخی نالەباری خۆی، پزیشکەکە پێی گوتبوو: رۆژانە دەیان کەس بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دەکەن، بەڵام لە راستیدا بۆ تاکی ئەو ووڵاتە نەخەوتن و نەبوونی
ئاسایش و ئارامی شتێکی نوێ نیە و نابێتە کێشە،تەنانەت پزیشکەکە خۆشی شەوانە خەو ناچێتە چاوانیەوە.
ئەو رۆژە تەواوی بیرکردنەوەم ببوە کێشەی کەم خەوی تاکی کورد.ھەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە کە ھۆکاری ئەو نەخۆشیە و ئاڵۆزی دەروونی ئەو خەڵکە دەبێت چی بێت؟
بۆیە ئەو شەوە لە ترسی تێوەگڵان لە وەھا گیروگرفتێک زووتر خۆم خزاندە نێو جێگاکەم، کەوتمە نێو خەوێکی قــــول.
منیش وەکو زۆرینەی خەڵک ،لەکاتی خەو بینیندا ھەست دەکەم کە ئەوەی لەبەر چاومە خەونە،وەلێ ئەو شەوە ھەستم دەکرد زۆر لە ھەقیقەت نزیکم
لە خەونەکەمدا خۆم لەنێو ھۆڵی کۆبونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بینیەوە. ھەرچەند حەزی قەرەباڵغی و گفتوگۆی فەرمیم نیە، بەڵام ئەو جارە ناچار بە چارەنوس سازترین گفتوگۆکرام.
لەنێو ئامادەبوەکان،دیپلۆمات و رۆژنامەنوسی بیانی و نوێنەری ووڵاتان دەبینران، گفتوگۆکە دەستی پێکرد و یەکێک گووتی :
بەخێربێیت.
– سوپاستان دەکەم
– دەمانەوێ لە تۆوە ئاگاداری بارودۆخی ووڵاتەکەت بین
گوتم : فەرموو بپرسن.ئامادەم وەڵامتان بدەمەوە
– ووڵاتی ئێوە لە ووڵاتە دواکەوتوەکانە، راستـــــە؟
– ھەستم کرد خۆم خستۆتە نێو گێژاوێکی قوڵ، بارێکی قورسم خستۆتە سەرشانم، خۆ ئەگەر دەلێم ئەرێ وەڵڵا تا سەرئێستقان دواکەوتووە، ئەوە شوورەییە و لەپێش بێگانەکان باسی خراپەی خۆم دەکەم،دواتر ئەوە یەکەم فرسەتی خزمەتکردنی ووڵاتەکەمە چۆن دەبێت لە دەستی بدەم، لە نەریتی ئێمەشدا نەبووە لە پێش بێگانەکان بە خراپە باسی ووڵاتەکەی خۆت بکەی.ئەوە تاوان و گوناھە. ئێستا ناچاربووم درۆ بکەم،
– ئەوەندە تاقەتم ھەبوو دەنگم بەرزکردەوە
کێ ئەمەی گوتووە؟ ئەوەی ئەو قسەی گوتووە نیازیەتی راستی بشێوێنێت.
لەسەیرکردنی یەکتردا زانیم کە تێگەیشتن دەبێت روونتر پرسیارەکانیان بکەن بۆ ئەوەی ناچار بە نــــاراستی نەبم.
یەکێکی تر پرسی : راستە کێشەی کــارەباتان بە بەردەوامی ھەیە، ئێستا کێشەی سوتەمەنی و بەنزینیشی ھاتۆتە سەر؟
– ئەگەر دەڵێم ئەرێ وەڵلا دەلێی لە ئەشکەوت دەژیــن ئەوە ناھەقیم بەرامبەر ووڵاتەکەی خۆم کردووە و لە کەسایەتی خۆم کەمکردۆتەوە، بۆیە ناچار گوتم : کارەبا کێشەی نیــە و بۆ بەنزین و سوتەمەنیش شتێکی کاتیە و چارەسەر دەبێت.
– ئەی بۆ دەڵێن پارەی کارەبا زۆرە و خەڵک گلەیی لە زۆری خەرجی کارەبا دەکەن؟
براینە کارەبا لای ئێمە ھەر بەلاشــــە.
– زۆر باشـــە
کەیف خۆش بووم کە لەبەردەم بێگانەکاندا بەباشی باسی ووڵاتی خۆم کرد
– ئەی راستە دەلێن، کرێی خانوو گرانە و قەیرانی نیشتەجێبونتان ھەیە و فەرمانبەر موچەکەی تەنھا بەشی کرێی خانوو دەکات؟
– ئەوجارە ھێزێک لە ناوەوە ھانی دەدام راستی بڵێم،بەڵام ھاتەوە بیرم کە ئەوە خەونە،با بۆ خاتری ئابرووی ووڵاتەکەم ھەندێ شت پەردەپۆش کەم، بۆیە گوتم: بەڕێزینە ئێمە دوژمنی زۆرمان ھەیە ،ئێمەیان خۆشناوێت ، ھەر بۆیە ئەو درۆیانەمان بۆ ھەڵدەبەستـــن.
کەواتە کێشەی نیشتەجێبونتان نیە؟
– نەخێـــر قوربان، برۆن لە رۆژنامەکان بڵاوی بکەنەوە
ئەی راستە دەڵێن ژیـــان لای ئێوە زەحمەتە، چینی ناوەنجیتان نەماوە، جیاوازی چیانەیتی زۆر زەق بۆتەوە؟
– گوێگرن بەرێزینە، ئێمە ئۆپۆزسیۆنێکمان ھەیە زمانی راگەیاندنی بۆ زیادکردنی دەنگەکانی لە ھەڵبژاردن وەک چەقۆ تیژە، ئەوان ئەو قسانە دەکەن ئەگینا ھەموو لە کەیف و خۆشی جۆرجیا و تورکیاین
وەھامان بیستووە کە رێژەی بێکاریتان بەرزە. دەستی کاری بیانیتان خستۆتە پێش دەستی کاری خۆماڵی،تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیشتان کەمە. رەنگە ئەوە راست بێت. وایە؟
– ئێوە باوەڕ بە من دەکەن یان دوژمنان؟
حەتمەن ئەوە گوێمان لە تــۆ راگرتووە؟
–
دە کەواتە باش گوێگرن. دەرچووی زانکۆکانی ئێمە تەنھا کێشەیان ئەوەیە نازانن لە کەرتی گشتی کاربکەن یان کەرتی تایبەت. ھێندە دەرگا والایە. دەرەقەت نایەن، ھەربۆیە کرێکاری بەنگلادیشی و فارس و تورکیایی دێنن تا کارە تەواو نەکراوەکان راپەرێنن.
پرسیـــان:
ئەی حاڵی پەروەردە چۆنە؟ راستە رێژەی نەخوێنەواریتان بەرزە؟
– نەخێر. ئەوەندە خوێندەوار لە ووڵاتی من زۆرن خەریکە خەڵکەکە لە نوسین و خوێندنەوە بێزار دەبــن. ھێندە قوتابخانەمان زۆرن، وەختێک حکومەت دەیەوێت بازار یان ھۆتێلێک دروست بکات بە ئاسانی قوتابخانەیەک دەروخێنێت و زەویەکەی دەکات بە مۆڵ.
– ئەی بۆ رێگاو بان دەڵێی چی، دەلێن رێگاکانتان کەم و خراپن،بۆیە رووداوی ھاتوچۆتان زۆرە؟
– بەھەڵە تێگەیشتنێک ھەیە ، ئەوەی ھەیە قەزار و قەدەری خودایــە. ئێمە بڕوادارین، بروامان وەیە کە ھەموو ئەوانە چارەنوسی نوسراوی ئێمەن.
– بە ئێمە بڵێ، چین بەرھەمە خۆماڵیەکانتان؟ چەند کارگەی بەرھەمھێنەری پیشەسازی ناوەخۆیتان ھەیە،بازرگانی بەچی دەکەن؟
– ئارەقەی شەرمەزاری نغرۆی کردم.ئاخۆ ئینسان دەبێت بە چ زمانێک لەو دۆخەدا خۆی دەرباز بکات.ئەوەی دڵخۆشی کردم کە ھەموو ئەو روو زەردیە لە خەوندا بوو. وەڵامم نەبوو، ھەر ئەوەندە زارم بزوا بڵێم، بەرھەم ھەیە و ھەمووش ھەر بازرگانــــــــــن.
پرسیاریان کرد، کاکە برا بــا ماندوت نەکەیـن، دۆخی ئازادی و یاسا لە ووڵاتی ئێوە چۆنە، چەندە لێی رازیـــن؟
– ھەیە ، زۆریش ھەیە، پریەتی لە ئازادی
ئازادیتان ھەیە؟
– کام ئازادی؟
ئازادی رۆژنامەگەری؟
ئازادی زۆرمان ھەیە، لێی بێزاریـــن
– چۆن ئازادیەکتان ھەیە ، لەھەر کوچەیەکی ووڵاتەکەت، لەسەر ھەڵمالینی گەندەڵیەک، درکاندنی ھەقیقەتێک، رۆژنامەنوسێکتان تیرۆر کراوە؟
– نازانم چەند کەوتوونەتە کابوسەوە؟ مەگەر تاڵتر ھەیە لە وەھا دۆخێک، چۆن لەبەرامبەر ئەو غەریبانە قورسایی بۆ وەھا وڵاتێک دروست بکەم کە زمانی بەرگریکردنی لێ زنجیــر کردووم؟
لە کۆتایدا بۆ ئەوە چیتر شەرمەزار و روو زەرد نەبم دوعا خوازیم لێکردن، ئیزنی رۆیشتنم کرد،
گوتیــــان:
بەر لەوەی بڕۆی با شتێکت پێ بلێین.ئێمە بۆیە لێرە کۆبوینەتەوە تا ئەگەر ئێوە وەکو نەتەوەیەکی مەزلوم و خاوەن مێژوو لە قوربانیدان و ژێر دەستەیی کێشە و گرفتێکتان ھەبێت بۆتان چارەسەر کەین و ھاوکاریتان بکەیــن بۆ ئەوەی بەخەونی سەربەخۆیی بگەن، بەڵام وەکو دەبینین شوکر زۆر بەھێزن، پاڵپشتیتان ناوێت و باشترە خۆتان بیر لە چارەنوسی خۆتان بکەنەوە و بەرنامەی بۆ دارێژن.
ئیتر بۆم روون بۆوە، کە مــن بوومە ھۆی لەدەستدانی یەکەم ھەلی بەدەوڵەت بوونی نەتەوەکەم.