یاسین برایم
ئازیزم ! باڵا چنار
دوور یان نزیک ،
مردنی تاڵ
منیش دەخاتە چاڵ
حەزم لێیە بەر لەتۆ بمرم
ھەرنەبێت تێر بۆم دەگری
لەوانەیە دەرفەتت بۆ بگونجێ
بە مردویش ماچم بکەیت
وێنەم لە ئامێز بگری
لەوانەیە بە گریانت ، شارم بھەژێنی
سێیەم رۆژی پرسەش ـ
چەپکێک گوڵ بۆ سەر گۆڕم بھێنی
بەڵام من بۆ تۆ،
ھیچم پێناکرێت ھیچ !
نە لە شەرمان بۆم ھەیە بگریێم
ماچ و وێنەو ناوھێنانت…
بڤەیە لێم
نە دەکرێ چاوم بە تۆ بکەوێ
لە ترسانیش ناوێرم
لە دوای مەڕگیشت ،
بیدرکێنم :
تۆم خۆش ئەوێ !
لە دوای تۆ ، ھەموو رۆژێکم دەبێتە پرسە
خەمی خەمی تۆش ،
دونیام لێدەکاتە ڕەشپۆش
ئەی خودایە !
بەھەشتی بم ، یان دۆزەخی
رازیم ..
جا گرنگ نییە ،
چ دەبێت پاداشت و سزام
بەس بێنیە دێ ،
پاڕانەوە نزام
خوایە ! حەزم لێیە بەر لە ئەو بمرم !
گوڵم ! حەزم لێیە بەر لە تۆ بمرم !