پاراستنی مافی بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندان بووەتە باس و خواسی سەرجەم هونەرمەندانی کورد، بە تایبەتی بەرهەمی گۆرانیی هونەرمەندان کاتێک لە دوو توێی ئەلبومێکدا بڵاو دەبێتەوە، ئیتر هونەرمەندەکە ئەوەندەی خەفەت بۆ کۆپینەکردنی بەرهەمەکەی دەخوات، باوەڕناکەم ئەوەندە خەمهەڵگری گۆرانییەکانی بووبێت لەکاتی ئامادەکردنی تێکست و ئاواز و کاری میوزیک و تا دەگاتە ستۆدیۆیش.
بەهەرحاڵ، نەبوونی ئەو یاسایە بۆ پاراستنی مافی بەرهەمی هونەرمەندان وای کردووە، چەند کۆمپانیایەک بەیەکجاری پاشەکشە لە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی گۆرانیی هونەرمەندان بکەن، بۆ نموونە هەریەک لە کۆمپانیاکانی (کۆڕەک میوزیک، بەشی هونەریی رادیۆی نەوا و کۆمپانیای چوار چرا) کە ئەمەی دواییان بەر لەوەی خاوەنەکەی (عیرفان زەنگەنە) کۆچی دوایی بکات، تا ڕاددەیەک لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندان هەڵوەستەی کردبوو، بەڵام ناوە ناوە ئەلبوومێکی بڵاو دەکردەوە، لە دوای ماڵئاوایی یەکجارەکی لە دنیا، ئیدی ئەوەندە تروسکاییەیش بۆ هونەرمەندان نەما.
ئەوەی من گەرەکمە لەم نووسینەمدا ئاماژەی بۆ بکەم، بابەتێکە سەرەنجی راکێشاوم و لە لای من بووەتە جێگەی سەرسوڕمان! لەم رۆژانە (نوخشەخان)ـی پورزام، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوای هەواڵپرسین و باس و خواسێک، کە هەمیشە قسەکانی ئەو باسکردنە لە کتێبێک، کە تازە بە چاپ گەییشتبێ و هەروەها بڵاو بوونەوەی بەرهەمێکی تازەی هونەری، ئیتر پێی وتم زانیوتە (بەخیتار عەلی) رۆمانێکی تازەی دەرچووە؟ خوێندووتەتەوە ؟ منیش وتم زانیومە، بەڵام جارێ نەم خوێندووەتەوە.
بە هەر حاڵ ئەو پورزایەم بەردەوام بوو لەسەر چەند بابەتێکی دیکە و وتی: کۆنسێرتەکەی هونەرمەندی ناوداری فارس (شەجەریان)، کە لە سلێمانی سازی کرد، ئێستاکە چاپ کراوە و بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بە نرخێکی گران دەفرۆشێت، منیش پێم سەیر بوو کە وایگوت !.
ئیتر منیش وتم دەی چەند رۆژێکی دیکەیە دەستی کەرەمی کۆپی دەیگاتێ و ئەو شوێنەی بڵاوی کردووەتەوە نابێتە خاوەنی داهاتێکی باش، ئەویش لە وەڵامدا وتی: نەخێر مافەکەی پارێزراوە و لە تۆمارگەکان و نووسینگەی فرۆشتنی سیدییەکاندا بە (15) هەزار دیناری چاپە.
منیش لە دڵی خۆمدا وتم سەیری ئەو رێسا و یاسایە بکەن، بۆ بەرهەمی هونەرمەندێکی فارس چۆن ماف دەپارێزرێت و بە چ شێوەیەک تەنانەت نەیانهێشت ئەو کۆنسێرتە لە تیڤییەکانیش بڵاو بێتەوە، کەچی بۆ بەرهەمی هونەرمەندەکانی لای خۆمان کەس بۆ یەک مانگیش ئامادە نییە ییپارێزێت!.
من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم بەرهەمی هیچ هونەرمەندێکی ناکوردیش کۆپی بکرێت، بۆ هونەرمەند (شەجەریان)ـیش پێم ناخۆش نییە ئەو کارە کراوە، بەڵکوو جێگای دەستخۆشییە، چونکە هاتنی ئەو هونەرمەندە فارسە بۆ کوردستان و سازدانی کۆنسێرت بۆ جەماوەرەکەی لە کوردستان، مافێکی سروشتیی خۆیەتی، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی کاتێک بەرهەمێکی هونەرمەندێکی کورد بڵاو دەکرێتەوە، کەسێک مافەکەی ناپارێزێت، خۆ تا ئێستا هیچ ئەلبوومێکی گۆرانی هونەرمەندێکی کورد نەگەییشتووەتە (10) هەزار دینار!.
هەر لەم رۆژانە خاوەنی ناوەندی بڵاوکراوەی هونەریی “ئارۆ” لە شاری سلێمانی هاتە هەولێر، (سیروان)ـی خاوەنی ئەو ناوەندە هونەرییە وتی: دوو رۆژە لە شاری هەولێر و سلێمانی وێڵم بە دوای ئەوەی مافی بەرهەمەکەی هونەرمەند (عەدنان کەریم) بپارێزم، دەچمە هەر نووسینگەیەکی سیدیفرۆشتن، گاڵتەی بە قسەکانم دێت، لە کاتێکدا لەگەڵ ئاساییش و دەزگەکانی ئەمنی، بەردەوام لە گفتوگۆدام بۆ ئەو بابەتە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیارکراویش ئەو مافەمان بۆ بپارێزن مەمنوونیان دەبین!.
ئێوارەیەکیان لەو شاری هەولێرە سەردانی (رەوەند کۆیی)ـم کرد، کە خاوەندی سەنتەری “رۆتانا”ـیە، ئەو کەسێکی شارەزا و هونەردۆستە یەکێکە لەو کەسانەی کە هەمیشە لەلای من دەڵێت بە داخەوە بۆ ماندووبوونی هونەرمەندانی کورد، کە لەو بازاڕانە بە هەدەر دەڕوات، لەو قسانەدا بووین، گەنجێکی کورد هاتە ژوورەوە، داوای ئەلبوومێکی گۆرانیبێژی عێراقی (حوسام ڕەسام)ـی کرد، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ئەو گەنجە داوای “ئۆرجیناڵ”ـی کرد، ئەو خاوەن سەنتەرەیش پێی وت، چەند دانەیەکم ماوە، لەوانەیە خۆم پێویستم پێی هەبێت، بەڵام ئەو گەنجە زۆر پێداگیریی کرد لەسەر ئەوەی نووسخەی ئەسڵەکەی پێ بفرۆشێت، ئەوە بوو بە نرخێکی گرانیش پێی فرۆشت، منیش پرسیم ئایا بە ڕاستی خەڵکی ئێمە ئەوەندە حەز بە نوسخەی ئۆرجیناڵ دەکەن؟!، لە وەڵامدا خاوەنی رۆتانا وتی: نەخێر ئەوە تەنیا بۆ هونەرمەندانی بیانی ئاوان، بڕوا بکە ئێستاکە بەرهەمێکی تازەی (ئیبراهیم تاتڵیساس، کازم ساهیر، موعین ئەسفەهانی) یا هەر گۆرانیبێژێکی بیانی بێتە ئەو بازاڕە، گوێگرانی کورد زۆر پێداگیری لە سەر داواکردنی ئۆرجیناڵەکانیان دەکەن، بە چارەکی ئەوەندە داوای کۆپییەکانیان ناکەن!.
سەیرە بە ڕاستی سەیرە! ئەرێ من تێ ناگەم ئێمە بۆچی ئەوەندە رێز لە بێگانە دەگرین؟!، کەچی بۆ خۆمان ئەوەندە دەستوپێ سپین، ئاخر هونەرمەندانی ئێمە چ جیاوازییەکیان هەیە لەگەڵ هونەرمەندانی بیانی؟!، ئەگەر هاتوو رێز لە بەرهەمەکانیان بگرین و بەچاوی رێزەوە کاتێک ئەلبوومێکی گۆرانییان هاتە بازاڕەوە، ئەلبوومێکی ئۆرجیناڵ بکڕین، ئیتر ئەو ئەلبوومە تەواوی زانیارییەکان لە خاوەنی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکان و ئامادەکاری کاری موزیک دەستمان دەکەوێت.
سەیرم دێت، ئەگەر ئێواران سەیری قاوەخانە و رێستۆرانتەکانی ئەم وڵاتەی خۆمان بکەین، دەبینین دەیان گەنج خەریکی خواردنی نێرگەلەیە، کە نرخی دانەیەکی لە (10) هەزار دینار کەمتر نییە، خۆ ئەگەر قاوەیەک یا نیسکافەیەک یان چایەک بخواتەوە ئەوە دانیشتنێکیان لەوانەیە بچێتە سەرووی (20) هەزار دینار، کە دەکاتە پارەی (5) ئەلبوومی گۆرانی، بەڵام کە دەیەوێ گوێ بۆ ئەلبوومێکی گۆرانی بگرێت، ئامادە نییە نووسخەیەکی ئەسڵی بە (4) هەزار دینار بکڕێت، کە ناکاتە نیوەی پارەی نێرگەلەکەی!.
من دەمێکە وتومە تا خۆمان رێز لە یەکتر نەگرین، ئیتر نابێ گلەیی لە بێگانەکانمان بکەین، چونکە هەر وڵاتێک ئەگەر توانی رێز لە بابەتە جوانەکانی خۆی بگرێت، ئەوە پێشکەوتن و ئاستبەرزی لە کاردا دەچێتە قۆناغێکی ئاسانترەوە.
بۆیە هیوادارم ئەوەندەی نیوەی نرخی ئەلبوومێکی کۆنسێرەتەکەی (محەمەد ڕەزا شەجەریان) رێز لەبەرهەمێکی تازەی هونەرمەندانی خۆشمان بگرین.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا