عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی:لە وڵاتە شارستانی و دیموکراسیەکاندا لە ماوەی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا، هەر پارتێكیان جوانترین و دڵسۆزترین لایەنەکانی خۆی پیشان دەدات،
هەتا باشترین و زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت. ئەوان هەمیشە بەپەرۆشەوە بەرەوپیری ئەو ڕۆژە دەڕۆن و خۆیان ئامادە دەکەن. ئەو ماوەیە بۆ ئەوان دڵخۆشترین کاتەو بە کردارە جوانەکانیان سەرنجی زۆرترین دەنگدەر بۆ خۆیان ڕادەکێشن. بەڵام مەخابن لە کوردستاندا بە پێچەوانەوە، ئەو ماوەیەی کە تەرخانکراوە بۆ پارتەکان هەتا جوانترین لایەنی خۆیان پێشکەش بکەن و بڕوای خۆیان بەدەستبهێنن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و دواڕۆژی میللەتەکەمان سەقامگیر بکەن، دەبینین کە هەندێك لە لایەنگرانی پارتەکان چۆن پارتەکانیان ناشرین و پێشکەش دەکەن، خەڵکی کوردستان نائارام دەکەن و دڵەڕاوکێ لە ناو خەڵکدا دروست دەکەن و دەرەنجامێکی ترسناك پیشان دەدەن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەمان ئەوەندەی ترسی نزیکبوونەوەمان لە هەڵبژاردنەکان هەیە ئەوەندە پەرۆشی هەڵبژاردنەکان نین. هیوادارین و لە خوای گەورە داواکارین کە هەموو لایەنەکان لە هەوڵی پێشخستنی میللەتەکەیان و لە پێناو گەڕانەوەی ئارامیدا واز لە ناشرینکردنی یەکتر بهێنن، لە دیموکراسیەت لانەدەن لەکاتێکدا هەموو پارتەکان بەناوی دیموکراسیەوە کاردەکەن. ئارامی و ئاسودەی بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێننەوە. هەر تاکێك مافی خۆیەتی کە پڕوپاگەندەیەکی ئەرێنی و هێمن و شارستانی بکات و سەربەستە کە دەنگ بەوە بدات کە دەزانێ لە بەرژەوەندی خۆی و گەلەکەیدایە. ئەوەش تا ڕادەیەك ئاساییە کە بەریەککەوتن دروست ئەبێ لەنیوان تاکەکاندا لەکاتێکدا بیرو بۆچوونەکان جیاوازن، بەتایبەت لەو قەرەباڵغیانەدا مەترسی بەریەککەوتن زۆر زیاترە. هەروەك لێکۆڵینەوەکانی بواری بەریەککەوتن دەریان خستووە کە لەهەر شوێنێکدا گروپێك کە گەشتە تەنها سێ کەسیش مەترسی بەریەککەوتن زیاتر ئەبێ، ئەویش بەهۆی جیاوازی لە بیرو ڕادا. بەڵام باشتر وایە کە خۆمان لەو بەریەککەوتنانە بەدوور بگرین لەکاتێکدا دەزانیت کە بێجگە لە زیانێکی جەستەیی و دەروونی هیچیترمان دەستکەوت نابێ. هەروەها بەهۆی شەڕەنگێزی دەنگدانەوە کەس لەدەنگەکەی خۆی پاشگەز نابێتەوە کە بەکێی دەدات، بگرە زیاتر سور دەبێ لەسەر دەنگدانی.
سەرکەوتوبن