زانا دڵشاد دزەیى :هونەرمەند مەلەک رۆژهات، کچە گۆرانیبێژى کوردستانى باکوور، لەگەڵ بڵاوبوونەوەى یەکەم ئەلبوومى بە ناوى “دووریا ئەڤینێ”. داوەتکراوە لە چەند وڵاتێک کۆنسێرت ساز بکات، بەڵام داواکەى کەناڵى trt6 رەتکردەوە.
مەلەک رۆژهات، کە دوو مانگە ئەلبوومەکەى لە کوردستانى باشوور بڵاوکردۆتەوە، کە خۆى لەرێژەى فرۆشتنەکەى دڵخۆش و رازییە، کە پێشوازیەکى باشى لێکرا، بەڵام مەلەک دەڵێت “لەبەرئەوەى ئەلبوومەکەم تەنیا دوو مانگە بڵاوبۆتەوە، بۆیە هێشتا زووە بزانین ئەلبوومەکەم تەواو سەرکەوتوو بووە یان نا”. هەفتەى رابردوو ئەلبوومەکەى مەلەک لە باکورى کوردستانیش بڵاکرایەوە، مەلەک بۆ (سڤیل) گوتى “بەڵام ئەلبوومەکەم لە تورکیا هەر زوو کەوتە سەر ئینتەرنێت و کۆپى کرا، ئەو هەواڵە زۆر ئازاریدام و زۆر عاجزبووم، چونکە من بە تەنیا ئەلبوومەکەم بەرهەمهێنا و کەس هاوکارى نەکردم، 10 دەفتەر دۆلارم تێدا خەرج کرد”. مەلەک گوتیشى “گروپێکى فرۆڤیشناڵ لە بوارى کلیپسازى، لە وڵاتى تورکیا هاتوونەتە کوردستان، بڕیارمدا گۆرانییەکم لەگەڵ ئەوان کلیپ بکەم، ئینشاڵڵا لەو رۆژانە دەچمە دهۆک، کلیپەکە دەکەم و سەفەرى تورکیا دەکەم، لەوێش دەچم بۆ ئەڵمانیا، کە بەبۆنەى جەژنى قوربان کۆنسێرتم ساز دەکەم”. مەلەک رۆژهات کە لەلایەن کەناڵى trt6 لەتورکیا داوەتکراوە بەرنامەى بۆ بکەن، بەڵام مەلەک دەڵێت “ئامادە نەیم بچمە کەناڵى trt6 ئەوانە گوایە بەناوى کورد لە تورکیا کار دەکەن، بەڵام خۆهەڵخەلەتاندنە، ئەوە بۆ کورد نییە، یەک نموونەى بچووک ئەگەر ئەو تەلەفزیۆنە راستە بۆ کوردە چۆن دەبێت لە سەرەتاى بەرنامەکانى مارشى نەتەوەى تورکى پەخش بکات، باجارێکیش مارشى نەتەوەیى کورد پەخش بکەن، بەداخەوە ئەوانە خزمەتى کەلتوورى ئێمە ناکەن”.