سەدیق سەعید ڕواندزی
لە ژمارە ھەفتی گۆڤاری سەنگینی (دیوان) دا، ( سەعید عەبدوڵا) وتارێکی لە بارەی ڕۆمانی کچانی دووکەڵ و ئاگر، بە ناوی(وتارێکی بێ ناونیشان) نووسیوە. خوێنەر کە وتارەکە دەبینێت، بیری بۆ ئەوە دەچێت کە ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی وردو ھەمەلایەنەیە لە بارەی ئەو ڕۆمانەوە، کەچی کاتێ وتارەکە دەخوێنێتەوە، بەرشتێکی پێچەوانە دەکەوێت و دەبینێت کە سێ بەشی وتارەکەی ھیچ پەیوەندی بەو ڕۆمانەوە نییە و بەشێکی پەسندانی خۆیەتی و بەشەکەی تریشی، باسکردنە لە چەند نووسەرێک، کە دوورو نزیک پەیوەندییان بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە نییە. ھەڵبەتە، من ئەو ڕۆمانەم نەخوێندۆتەوە، چونکە ھێشتا نۆرەی خوێنەوەی لەگەڵ دەیان کتێبی دیکە نەھاتووە، بۆیە لە بارەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە ھیچ ناڵێین، تەنھا لە بارەی ئەو چەند سەرنجە کورت و ڕاگوزەرانەی نووسەری وتارەکە ئیستێک دەکەین، کە گوایا بە تێگەیشتنی ئەو، چەند ھەڵەیەکن لە ڕۆمانەکەدا ھەن و بە سەر وەرگێڕی ڕۆمانەکە تێپەڕیون. بەرلەوەی باس لەو سەرنجانە بکەم، دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە وەرگێڕی ئەو ڕۆمانە، یەکێکە لە وەرگێڕە کارامە و جواننووسەکانی ئێمە و منیش پێشتر لە بارەی وەرگێڕانەکانییەوە، سەرنج و دیدگای خۆم خستۆتە ڕوو، بەڵام نایشارمەوە زۆربەی ئەو بە ناو ڕەخنانەی لە کارەکانی ئەو وەرگێڕە دەگیرێن ( کە من پێشتریش وەڵامی ھەندێکییانم داوەتەوە) لە ڕاستیدا ڕەخنە نین، بەڵکو تێنەگەیشتە لە زمانی وەرگێڕان و ڕەھەندی واتاییانەی وشە و زمان لە کاری وەرگێڕاندا. زمانی کوردی، لە جۆری ئەو زمانانەیە، کە ناتوانرێت فۆڕمێکی جێگیریی واتاییانەی پێ بدەیت و دەشێ وشەیەک زۆرتر لە ڕەھەند و مانایەکی ھەبێت، یان میتافۆر بێت بۆ شتێک، بۆیە دەبێ ھەمیشە دیوێکی دیکەی واتاییانەی ئەو زمانە ببینین، کە دیوێکی ناڕاستەوخۆیی واتاییانە و ئاماژەییانەی زمانە، لە گوزارشتکردن و دەربڕیندا، ئێستاش دێینە سەر سەرنجەکانی ئەوبەڕێزە، لە بارەی وەرگێڕانی ڕۆمانەکەوە.
* نووسەر نووسیویەتی:_( نازانم بۆچی وەرگێڕ وشەی باڵیۆزی بەکار ھێناوە، چونکە باڵیۆز تەنھا بۆ دەوڵەتان و بۆ بوارێکی دیاریکراوە، وەک باڵیۆزی ئاشتی، باڵیۆزی پەنابەران) پرسیار ئەوەیە، تۆ بڵێی وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە، نەزانێت باڵیۆز وشەیەکی سیاسییە؟ لە ڕاستیدا، باڵیۆز لێرەدا ئاماژەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو نرخاندن و پێزانین و پایەدارکردنی کارێکە کە نموونەییە. ئەمە پەیوەندی بە دیوێکی دیکەی واتاییانەی زمانەوە ھەیە. لە زمانی کوردیدا، دەیان نموونەی لەو شێوەیە ھەن، دەتوانم بڵێم ناڕاستەو خۆ، ئاماژەیەکی دیکەی واتاییانە بەدەر لە واتا بنەڕەتییەکانییان دەگەیەنن. بۆ نموونە دەگوترێت:_(لە چاوێ شێری ناگەڕێتەوە) بەڵام ئایا کەس ھەیە لە شێر نەترسێت؟ ئایا شێر لێرەدا ھەمان ئەو شێرەی نێو جەنگەڵەکانە؟ یاخود دەگوترێت ( دەڵێی بەھەشتە) کەس بەھەشتی بینیوە، تا وەسفی شوێنێک بە بەھەشت بکات؟ یان دەگوترێت ( لە سەر سەرمت دادەنێم) ئایا دەتوانین مرۆڤ لە سەر سەرمان دابنێین؟ بۆیە وشەی باڵیۆز ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نیییە و پتر نرخاندنی کارێکە نەک ڕەھەندێکی سیاسی ھەبێت. دواتر دەنووسێت (نوێنەرمان ھەیە و کەسیش دانی پێدا نانێت) ئەگەر ئەم بۆچوونەی نووسەر ڕاست بێت، من نازانم ئەو ھەموو نوێنەرایەتییەی حکومەت، لە دەیان وڵاتی دنیادا چی دەکەن؟ ئەی بۆچی فەرمانگەیەک ھەیە بە ناوی پەیوەندییەکانی دەرەوە؟
* نووسەر نووسیویەتی:_( وشەی دێمنیشای لە جیاتی خەڵەفان بەکار ھێناوە، دەبووایا بنووسێت ئاستی ئاگایی دابەزیوە) ئەگەر کەسێک خەڵەفا و واتا تووشی (زەھایمەر) بووبێت، ئاگایی دەمێنێت؟ ئەگەر ئەو کەسانە، ئاگاییان بە پێی ئاست ھەڵبکشێ و دابکشێ ، ئەوا دواتر کە ئاگایان بەرزبووەوە دەگەڕێنەوە باری ئاساییانەی ژیانی خۆیان و کار و ڕەفتارییان زۆر ھزرییانە دەبێت. بۆ زانیاریی نووسەر، ئەوانەی تووشی نەخۆشی لە بیرچوونەوە دەبن، ئاگاییان وردە وردە و بە خێرایی نامێنێت، چونکە خانەکانی مێشک دەمرن، بۆیە دابەزین و ھەستانەوە لە ئاگایی و مێشکیی مرۆڤێک کە تووشی نەخۆشی (خەڵەفاوی _ زەھایمەر) بووبێت نییە. ، خۆ مێشک فشاری خوێن نییە، تا بەرزبێتەوە و نزم بێتەوە. تاکو ئێستاش چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە. بۆیە کەسانی خەڵەفاو، ئاگاییان نامێنێت و بە نەمانیشی، جارێکی تر نایەنەوە دۆخی ئاسایان، چونکە خانەکانی مێشک، تاکە خانەن لە لەشی مرۆڤدا کە مردن، وەک خانەکانی دیکەی لەش جارێکی تر دروست نابنەوە. بۆیە ئەو سەرنجەی پتر ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکەیە، نەک ڕەخنەگرتن.
* نووسەر نووسیویەتی:_( وەرگێر وشەی یەخچاڵی بۆ بەفرگر بەکار ھێناوە کە تورکییە و ئێمە وشەی بەفرگرمان ھەیە) بێگومان، وەک نووسەر دەڵێت وشەی ( یەخچاڵ) تورکییە، بەڵام بەفرگر، ھاوواتای یەخچاڵ و (سەلاجە) نییە بۆ زانیاریی نووسەر، بەڵکو لە زمانی کوردی، بە فرگر لە بەرامبەر وشەی (موجەمیدە) بەکاردێت، چونکە دیارە ئەمەیان، لە یەخچاڵ یەکجار ساردترە و بەفری زۆرتر دەگرێت. بە پێچەوانەوە یەخچاڵ، بە شێکی کەمی کە (فرێزەرەکەیتی) بە فر دەگرێت. بۆیە بەفرگر، ھاوتای یەخچاڵ نییە، گەلێک جار ساردکەرەوە بەکاردێت، کە ئەمەیان بە بڕوای من گونجاوترە.
* نووسەر نووسیویەتی:_ ڕستەی ( چونکە گوتی ئەو ناتوانێ متمانە بەو قەحپەیە بکات) دەبوو بەو جۆرە بێت (چونکە ئەو ناتوانێ متمانە بەو قەحپەیە بکات). بێگومان ئەم دوو ڕستەیە، لە ڕووی ئاماژەو لایەنی ڕێزمانیشەوە جیان لە یەکتری، چونکە لەڕستەی یەکەم جەختکردنەوە لە گوتنێک ھەیە، بە پێچەوانەی ڕستەی دووەم.
وێرای ئەمانەش، نووسەری وتارەکە، گەرچی ڕەخنە لە زمانی دەربڕین و گوزارشتکردن لە ڕۆمانەکە دەگرێت، بەڵام ئەو خۆشی لە وتارەکەیدا ئەو ھەڵانەی کردووە. بۆ نموونە نووسیویەتی:_(ئەوان لە بەرو پشتدا ئازاریان ھەیە و نۆ مانگ کۆرپەیەکییان ھەڵگرت) مەبەستی نووسەری وتارەکە لە کۆرپە، ئەو منداڵەیە کە لە نێو ڕەحم و سگی ژن دایە، بەڵام دەربڕینەکەی ھەڵەیە، ئەگەر بە پێی دەبڕینەکەی ئەو بێت، ئەوا کۆرپەکە لە ئامێز ھەڵگیراوە، جگە لەمەش (کۆرپەکان) دروستترە، چونکە ژنەکان کۆنە! لە شوێنێکی دیکەش نووسیویەتی:_( سەربار لە ژێر بار گرانترە) ئەم ئیدیۆمە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بە کاردێت بەو شێوەیەیە ( سەربار لە بن بارگرانترە) واتا سەربار و بن بارەکە، لە سەر پشتی وڵاغەکەیە (بارەبەرەکان) ئەگەر بە پێی دەربرینەکەی نووسەربێت، لێرەدا (سەربار و بن بار) ھەیە و ژێرەوە، واتا ژێرەوەی بارەکە ھەمووی. خۆ زمانزان و کەسانی پێشوو لە خۆوە نەیانگووتووە (بن بار) ئەم وردەکارییانە، زۆرجار دەبنە ھۆکاری گۆڕینی ماناکانی زمان و دەربڕین، کە دەشێ واتایەکی تر و ئاماژەیەکی تر بگەیەنن. دواجار دەڵێم خۆزگە نووسەری وتارەکە، ھەر سەدو شەست و سێ ھەڵەکەی بڵاو دەکردەوە، بۆ ئەوەی خوێنەران بەرچاو ڕوونییان زیاتر بێت و بزانن ڕەخنەکان چین!
ئەم بابەتە لە ژمارە(٩) ی گۆڤاری دیوان، شوباتی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.