رێبین رەمزی بەشی راگەیاندنی یانەی ھەولێر : دوای ئەوەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەستەی ناوبژیوانی یارییەکی ھەولێر و زەورا دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی رۆژی پێنجەشممە ئەم یارییە گرنگە بەرێوە ببن، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی بریاری دا ناوبژیوانی ناوەڕاستی یارییەکە بگۆرێت.
کاتێک بڕیار بوو ناوبژیوان غەنی جەبوری یارییەکە بەرێوەببات، بەڵام ئەم ناوبژیوانە بۆ ناوبژیوان فەلاح عەبد گۆرا و یاریدەدەری ناوبژیوانەکان وەک خۆی مایەوە. جێگەی باسە رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر (٤)ی ئێوارە یانەی ھەولێر لە نێو یاریگەی شەھید فرانسۆ ھەریری لە شاری ھەولێر میوانداری یانەی زەورا دەکات لە چوارچێوەی یارییەکانی ھەفتەی چواردەھەمی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی، ئەم یارییە ھەریەکە لە ناوبژیوانان فەلاح عەبد ناوبژیوانی ناوەڕاست و مەحمود خەلەف یاریدەدەری یەکەم و واسق مدلل یاریدەدەری دووەم و ناجی حەسەن ناوبژیوانی چوارەم یارییەکە بەرێوە دەبن و سامی ناجی سەرپەرشتیاری یارییەکە و عادل قەساب سەرپەرشتیاری ناوبژیوانەکە.
یانەی ھەولێر بە کۆکردنەوەی ٢٤ خاڵ لە پلەی پێنجەمی خولی نایابی عێراق دێت و یارییەکی دواخراوی بەرانبەر یانەی مەسافی ماوە و یانەی زەورا بە کۆکردنەوەی ١٩ خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولەکە دێت.
بەفەرمی یانەی قوە جەوییە ئیدانەی رووداوەکانی یارییەکی بەرانبەر ھەولێر کرد
رێبین رەمزی – بەشی راگەیاندنی یانەی ھەولێر
دوای ئەم رووداوانەی، کە لە یارییەکی نێوان ھەردوو یانەی ھەولێر و قوە جەوییە، کە لە یاریگەی قوە جەوییە بەرێوەچوو روویدا، چەندین لێکدانەوەی لەسەر ھۆکاری ئەم رووداوانە باس کرا، بەڵام رۆژی دووشەممە دەستەی کارگێری یانەی قوە جەوییە لە بەیانامەیەکدا بەفەرمی ئیدانەی ئەم رووداوانەی کرد، و تەئکیدی لەوە کردووە، کە پەیوەندی نێوان ھەردوو یانە زۆر بەھێزە و ئەم جۆرە رووداوانە نابێتە رێگر بۆ تێکچوونی پەیوەندی نێوان ھەردوو یانە.
ئەمەش دەقی بەیانامەکەیە
دەستەی کارگێری یانەی قوە جەوییە ئیدانەی ئەم رووداوانە دەکەین، کە لە یارییەکی نێوان ھەردوو یانەی ھەولێر و قوە جەوییە روویدا و ھەروەھا ئیدانەی کاردانەوەی رووداوەکانیش دەکەین، چونکە مێژووی ھەردوو یانە و ھاندەران زۆر لەرووداوەکان گەورەترە و بڕیارمان دا بەھیچ شێوەیەک رێگە نەدەین ئەم کەسانەی، بڕیارمان دا چیتر رێگە بەم جەماوەرە نەدرێت، کە بوونە ھۆکاری دروستبوونی ئەم گرژیە بێنە نێو یاریگەی یانەی قوە جەوییە و ئەم چەند کەسە ھاندەری راستەقینەی یانەکە نییە، چونکە ھاندەرانی یانەکەمان ھەردەم پێشوازی لە یانەکان دەکەن و ئاژاوە دروست ناکەن.
پەیوەندی نێوان ھەردوو یانەی ھەولێر و قوە جەوییە زۆر بەھێزە و پەیوەندییەکی برایانە لە نێوان دەستەی کارگێری و جەماوەر و یاریزانانی ھەردوو یانە ھەیە و ئەم جۆرە رووداوانە نابێتە ھۆکاری تێکچوونی ئەم پەیوەندییە بەھێزە.
لە کۆتاییدا تەئکید لەوە دەکەینەوە، ھەر کاتێک یانەی ھەولێر سەردانی شاری بەغدا بکات ئەوە دەستەی کارگێری و ھاندەرانی یانەکەمان لە پێشوازی یانەی ھەولێر دەبن و یاریگەی یانەکەمان ھەردەم کراوە دەبێت بۆ یانەی ھەولێر بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی خۆیان.