سەدیق سەعید ڕواندزی
بە پێی ئاماری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بێت، ئەگەر ھەڵە نەبم، چەند ھەزار ڕۆژنامەنووس لەو ھەرێمە بچووکەی ئێمە ھەیە. لە مانە، چەندیان پیشەیانە کاردەکەن و ڕەچاوی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن و شارەزایان لە ھەواڵ و ڕاپۆرت و بە دواداچوونی ڕۆژنامەنووسی ھەیە، ئەگەر لە بێژینگیان بدەین ھەر سەد ڕۆژنامەنووسێک دەمێنێتەوە و ئەوانیتر ھیچ شارەزایان نییە. بگرە زۆرینەیان، بڕوا ناکەم لە ساڵێکدا، دوو کتێب لە بوارەکەی خۆیان بخوێننەوە. بۆیە کە ھەواڵێک ڕووماڵ دەکەن، دیمانە لەگەڵ بەرپرسێکی گەندەڵ دەکەن، کە لە پەخشێکی ڕاستەوحۆ دا چاڵاکییەک ڕووماڵ دەکەن، دەپروزێن و قسەیەک لەمسەر و قسەیەک لەوسەر دەھێنن و ھەرچۆنێک بێت، بە پینە و پەرۆیەک گوێگر و بینەر ڕازی دەکەن. ئەوانیش زۆرینەیان چونکە ئاستی ھوشیاریان نزمەو ھاوکات ڕاھاتوونە تەنھا گوزەرانە ببینن وبخوێننەوە، ئیدی بەلایانەوە گرنگ نییە ئەو ھەواڵە چەندە لە ڕووی زمان و داڕشتن و گەیاندنەوە، دروست و لە جێی خۆی دایە. بێگومان ئەم واقیعە، دەرەنجامی ئەو تێڕوانینەیە، کە ئێستا بۆ بواری ڕۆژنامەنووسی لە نێو ئێمە دروست بووە و کولتوورێکی ھێناوەتە ئاراوە، کە مایک بە دەست و ڕۆژنامەنووس تێکەڵ کراون و ھەموو سمێڵ سوورێک بۆتە ھەمزە ئاغا! بە ھۆی زۆربوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چاپ وبڵاوکردنەوەوە تیڤییە لۆکالییەکان، زەمینە و بوار بۆ لەشکرێک نەخوێندەوار ڕەخساوە، کە خۆیان وەک ڕۆژنامەنووس بناسێنن و لەوبوارە ھەستیار و گرنگەی کۆمەڵدا کاربکەن، کە زۆرینەی ھەرە زۆریان، بەوانەشی کەخۆیان پێ یەکەمی بێ ڕکابەرە، بە شێوە پرۆفیشناڵیەکەی، نازانن کار و ئیتکی کاری ڕۆژنامەنووسی چییە و ھەواڵ چۆن دادەڕێژرێت و دیمانەی ڕۆژنامەوانی چۆن دەکرێت و چی ھەواڵی بەپەلەیە و ئەمانە و چەندین ئاریشەی تریش. ھەڵبەتە پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێت:( کە زۆرھات قەواڵە بەتاڵە) دروست کاری ڕۆژنامەنووسیش لە نێو ئێمە وای لێھاتووە، کە ھەرچی مایکێکی بەدەستەوە گرت، پێشکەشکار بوو، بێژەر بوو، دەبێ وەک ڕۆژنامەنووس بناسێنرێت، لە کاتێکدا کاری ھەریەک لەوانەو بەرپرسیاریەتییەکان، بە پێی ئەرکەکەیان دەگۆڕێت.کاری کامیرامانێک وەک کاری پەیامنێرێک نییە و کاری موحەررێکی ھەواڵ، وەک کاری پێشکەشکارێک نییە و ئەمانە بە پێی کار و ئەرکیان ڕۆڵەکەیان دەگۆڕێت. بەگشتی کاری ڕۆژنامەنووسی لە نێوئێمەدا، تا ڕادەیەکی زۆرجێگەی ڕەخنە وھەڵوەستەو ڕاستکردنەوەیە، بە ئاراستەی گێڕانەوەی ئەو بوارە، بۆ مەداری ڕاستەقینەی خۆی. بەڵام لە ھەڵومەرجێکدا، کە سەدەھا دەزگای ڕاگەیاندن ھەبن، بێگومان ئەم ئەرکە نزیکە لە مەحاڵ، بە تایبەتیش کە سەکۆکانی چاپ و بڵاوکردنەوە ھێندە زۆرن لە ژماردن نایەن. لێرەدا، ئاماژە بە چەند کەموکورتییەکی ئەو بوارە دەکەین، کە دەریدەخات بەشێکی زۆری ئەوانەی بە ناوی ڕۆژنامەنووسییەوە لەو بوارەدا کاردەکەن و ھاوکات دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش، وەک پێویست و پرۆفیشناڵانە لە کاری ڕۆژنامەنووسی نەگەیشتوون.
یەکەم:_ داڕشتن و گەیاندنی ھەواڵ.
لەو سەردەمە خێرایەدا، کە ھەموو شتێک بۆتە بینینی ڕاگوزەرانە، بێگومان ئێمە دەزانین داڕشتنی ھەواڵێکی چڕ و پڕ، ڕەنگە کات و ساتی بووێت و ھاوکات بەلای گوێگران و بینەرانیشەوە زۆر جێی بایەخ نەبێت، بەڵکو ھەواڵ دەبێت کوررت و پوخت بێت و لە ماوەی چەند خولەکێکی کەم بخوێنرێتەوە، بەڵام ئایا ئەمە بۆ ھەموو ڕووداوێک و ھەواڵێک دەگونجێت؟ ئایا لێرەدا دەبێ تەنھا ئەویتری وەرگر بکرێتە پێوەر، بان بنەما زمانەوانی و ھەواڵ و گەیاندنەکانیش لە بەرچاو بگیرێن؟ بەو مانایەی کە ھەواڵە دەنووسرێت، چۆن و بو کام ناوەڕۆکەوە لە ڕووی ڕێزمانییەوە بڵاو دەکرێتەوە و دەگەیێنرێتە وەرگ. گەر لەم ڕووەوە سەرنج لە بونیادی ھەواڵ لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕەکان بدەین، شتی وەھا دەبینین، سەربە قوڕ دینێتە پێکەنین، چونکە بە جۆرێک ئەو ھەواڵە نووسراوە، یان داڕێژراوە کە ھیچ لایەنێکی زمانەوانی و واتایی ڕەچاو نەکراوە، بۆ نموونە:_
* ماڵپەڕی بی ئێم سی، لە ھەواڵێکدا ڕۆژی ١٦/٣ نووسیویەتی:_( دوو کەس لە ڕووداوێکی ھاتووچۆدا گیانیان لە دەستدا، کە کوڕ و باوکی یەکترین). سەرنج لەو شێوازە داڕشتنە و ناوەڕۆکی ھەواڵەکە بدەن. ئەگەر بەو پێوەرە بێت، ئەو دوو کەسە لە یەک کاتدا کوری یەکتری و باوکی یەکترین !
* زۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەکان، لە ھەواڵێکدا ئێوارەی ١٦/٣ نووسیبوویان:_( بومەلەرزەیەک سلێمانی ھەژاند) وەک ئەوەی سلێمانی دار بێت و بۆمەلەرزەش مرۆڤ بێت، تا دارەکە بھەژێنێت! ھیچ گومانی تێدا نییە ئەم شێوازە لە داڕشتنی ھەواڵ لە ئەلفەوە بۆ یای ھەمووی ھەڵەیە، شێوازە دروستەکە ئەوەیە بنووسرێت:_( بومەلەرزەیەک بە پێوەری ئەوەندە لە سلێمانی ڕوویدا). بەھەمان شێوە دەنووسن شەپۆلێکی خۆڵبارین ھەرێمی گرتۆتەوە، وەک ئەوەی ئاسمان زەریا بێت و خۆڵبارینیش شەپۆل.
* ڕۆژنامەی خەبات، لە ژمارەی ڕۆژی ١٣/٢ دا، لە ڕاپۆڕتە ھەواڵێکدا نووسیویەتی:_( ئەفەریفا ئەو کیشوەرەی توانای بە خێوکردنی نۆ ملیار کەسی ھەیە) سەرنج بدەن، جیھان ھەمووی ھەفت ملیار کەسە، ئیدی نازانم ئەو دووە چییە بۆیان زیاد کردووە؟ گریمان ئەگەر ئەمە مەزندەکردن بێت، ئەوا لە ژمارەی دانیشتووان ئەو مەزندە دروست نییە، چونکە لەلایەکەوە پەیوەستە بە ئامارەوە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەوە بە ڕەھایی یەکلایی بۆتەوە کە جیھان ھەفت ملیار کەسە، ئیدی نۆ ملیارەکە ھیچ ھیچ بنەمایەکی ڕۆژنامەوانی، زانستی و ئاماری نییە و ئەمە ھەڵەیە.
* ڕۆژنامەی ھەولێر لە ژمارەی ڕۆژی ١٣ /٢ دا نووسیویەتی:_(چوار بەنداو بە توانای کۆگاکردنی سی ملیۆن مەتر سێجا تەواو کراون) ئەگەر بە پێی ناوەڕۆکی ئەم ھەواڵە بێت، ئەوا ئاویش وەک ھەر کەرستەیەکی دیکە، دەبێ کۆگا بکرێت و لە کۆگا ھەڵبگیرێت، چونکە دەربڕینی کۆگاکردن، مانای وایە شتێک دەبردرێتە کۆگاو ھەڵدەگیرێت. لە کاتێکدا دەبوو بنووسرێت (گڵ دەدرێتەوە) واتا دەپوونگێتەوە چونکە ئاو شلەیە.
* ماڵپەڕی شارپرێس، لە ھەواڵێکیا ڕۆژی ٢٦/٣ نووسیبووی:_ ( حکومەتی ھەرێم بڕیارێک لە بەرژەوەندی فەرمانبەران دەردەکات) کاتێ چوومە نێو وردەکاری ھەواڵەکە، ئەوا ھەواڵەکە کەمکردنەوەی یەک کاتژمێر دەوامی فەرمانبەران بوو، بە ھۆی مانگی ڕەمەزانەوە) گومان دەکەم بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە، بە دروستی بزانن بەرژەوەندی گشتی فەرمانبەران چییە؟ چونکە ئەمەی وەک بەرژەوەندی گشتی نووسیویانە، ڕۆتینێکی کارگێڕییە و پەیوەندی بەو مانگەوە ھەیە و دوای ڕەمەزان، دەوام وەکو پێشووتری لێ دێتەوە. کەواتا بەرژەوەندی گشتی فەرمانبەران لە کوێ دایە؟ بێگومان بەرژەوەندی فەرمانبەران ئەوەیە، حکومەت مووچە پاشەکەوتکراوەکانییان بۆ بگێڕێتەوە، بەرژەوەندی فەرمانبەران ئەوەیە، سەروو مووچە دەست پێ بکاتەوە کە دە ساڵە ڕاگیراوە، بەرژەوەندی فەرمانبەران ئەوەیە، مووچەی ئاسایی خۆیان لە کاتی دیاریکراودا پێ بدرێت، لە ڕاستیدا ئەم بڕیارانە لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانن، نەک ئەوەی ئەو ماڵپەڕە تێی گەیشتووە!.
* ماڵپەڕی وشە لە ھەواڵێکدا ڕۆژی ٦/٤ نووسیبووی:_(چەند بڕیارێک بۆ مریشک دەرچوون) ئەگەر بە پێی داڕشتنی ھەواڵەکەوە بێت، ئەوا بڕیارەکان بۆ مریشکەکان دەرچوون، لە کاتێکدا ناوەڕۆکە دروستەکەی ئەوەیە وشەی نرخ بۆ ڕستەکە زیاد بکرێت و بکرێتە:_( چەند بڕیارێک لە بارەی نرخی مریشکەوە دەرکران). ھەتا ئێستا دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، جیاوازی لە نێوان ھەواڵێک کە پەیوەندی بە ھەرێمەوە ھەبێت، لەگەڵ عێراقدا ناکەن، بۆ نموونە دەنووسن:_( دوو ڕۆژ پشوو ڕاگەیاندرا) یاخود ( دوو ھەزار مامۆستا دادەمەزرێن) یانیش (مووچەی مانگی چوار دابەش دەکرێت) ئەم ھەواڵانە و شێوازی داڕشتنیان لە ھەموو ماڵپەڕەکان، بە داخەوە تێکدانی ھزر و سایکۆلۆژیای مرۆڤی کوردە، چونکە بە ھەزارەھا دەرچووی زانکۆ بە ئاواتی دامەزراندنە، کاتێ سەردێڕی ھەواڵێکی لەو شێوەیە دەبینێت، شاگەشکە دەبێت، بەڵام کە دەچێتە نێوەڕۆکەکەی، لەو سەرییەوە بە نائومێدی دێتە دەرەوە، بۆیە دەبێ میدیاکامنی ئێمە، بە تایبەتیش نووسراو و زانیاری ئەوەیان ھەبێت کە دەبێ پەیوەندی واتایی لە نێوان ناونیشان و ناوەڕۆکی ھەواڵ ھەبێت.
بێگومان ئێمە ئەمانەمان، وەک نموونە وەرگرتوون، دەنا ماڵپەڕ و بڵاوکراوەکانی دیکەش، بەدەر نین لەو جۆرە ھەواڵانە و شێواز و چۆنییەتی داڕشتنی ھەواڵ. مەرج نییە میدیایەک ئەگەر سەد ڕۆژنامەنووسی ھەبوو، ئەوا کارەکانی باشتر و سەرکەوتووتر بەڕێوە ببردرێن، بە پێچەوانەوە دەشێ دە ڕۆژنامەنووسی شارەزاو لێھاتوو ئەزموونکار، لە لەشکرێک بە ناو ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەست و مایک بەدەست، لە کار و ئەرک و ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسی بگەن.
دووەم:_ ھەواڵی بەپەلە یان لە سەرخۆ؟!
بڕوام وایە، ھیچ کام لە تیڤیی و کەناڵە ئاسمانییەکانی ئێمە، ھەتا ئێستاش لە ماھییەت و ئاماژەکانی ھەواڵی بەپەلە نەگەیشتوون و نازانن، ھەواڵی بە پەلە چییە؟ چونکە ھەر ھەواڵ و شتێک مەبەستیان بێت، لە پەیامی بەرپرسێکەوە تا دەگاتە مردنی دایکی بەرپرسێکی گەندەڵ ئەوان بە ھەواڵی بە پەلە تێی گەیشتوون. کەم خولەک ھەیە، مرۆڤ بە دیار ئەو کەناڵانەوە بێت و چاوی بە شریتێکی سوور بە ناوی (خێرا _ ھات _ ئێستا _ بلەز _ بە پەلە _ گەیشت _نھا _ڕوویدا) نەکەوێت، کە ھەریەکەیان، واتایەکی زمانەوانی و فەرھەنگی خۆی ھەیە. کاتێ سەیری ناوەڕۆکی ھەواڵەکەش دەکەین، نەک ھەر بە پەلە نین، بەڵکو شیاوی ئەوەش نین بکرێنە ھەواڵ. بۆ نموونە: کەناڵی ڕووداو، کە خۆی پێ یەکەمی بێ ڕکابەرە، لە ھەواڵێکی بە پەلەیدا ئێوارەی ڕۆژی ٢٧/ ٣ نووسیبووی :_( بەپەلە : نەتەنیاھۆ دەڵێت کەمینەیەکی توندڕە و دەیەوێت ئیسرائیلیەکان بکاتە دوو بەش) ئەم ھەواڵە، ھیچ پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە؟ لەوە دیارتریش کوێوەی ئەم ھەواڵە بە پەلەیە؟ دیارە ڕووداو، لە ھەواڵی بە پەلەدا دەیەوێت لاسای جەزیرە و حەدەسی عەرەبی بکاتەوە و ھەواڵەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، بکاتە ھەواڵی بە پەلەو خێرا، بێ ئاگا لەوەی ئەو دوو کەناڵە عەرەبین و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە عەرەب و فەلەستینەوە ھەیە. بە ھەمان شێوە کەناڵی کوردستان بیست و چواریش، ئێوارەی ھەمان ڕۆژ ھەواڵێکی بە پەلەی نووسیوەو تیایدا ھاتووە:_( ھەنگاریا ئەندامبوونی فینلەندای لە ناتۆ پەسند کرد).ھەڵبەتە، نە ھەنگاریا، نە فینلەند و ئەندامبوونی لە ناتۆ، ھیچ پەیوەندییەکییان بە کوردەوە نییە. ئەم ھەواڵە نەک ھەر بەپەلە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا ھەواڵیش نییە، چ جای ئەوەی وەک ھەواڵێکی خێراو گرنگ بخرێتە بەردیدەی بینەری کورد. ھەر ئەم کەناڵە لە ھەواڵێکی دیکەی بە پەلەیدا، ڕۆژی ٢/٤ و لە کاتژمێر یانزە و چل و سێ خولەکی نیوەڕۆدا، نووسیویەتی بەپەلە ( باڵاخانەیەک لە بەغدا ڕووخا) بێگومان ئەم دوو کەناڵە، بە سەدان ڕۆژنامەنووسیان ھەیە و بودجەیەکی خەیاڵی و گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێت، بۆیە دەبێت شارەزایەکی گەورە و قووڵییان لە ھەواڵ و بنەماکانی ھەواڵ و لە نێویشیاندا ھەواڵی بە پەلە ھەبێت. چونکە مەرج نییە ھەر شتێک لە مۆزەنبیق ڕوویدا، کەناڵەکانی ئێمە بە ھەواڵی بە پەلە تێی بگەن. ھەواڵی خێرا، دوو خەسڵەتی دیاری ھەیە ئەوانیش ڕووداوێک کاریگەریەتی گەورەی جیھانی لێ بکەوێتەوە، یاخود پەیوندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە ھەبێت. بۆ نموونە: وەستانی شەڕی ئۆکرانییا و ڕووسیا، ھەواڵێکی بە پەلەیە چونکە مرۆڤ لە شەڕ و ئاشووب ڕزگار دەکات، مردنی سەرۆکی ئەمەریکا ھەواڵێکی بە پەلەیە، چونکە ئەمەریکا ئەمڕۆ ھێزێکە جیھان ئاراستە دەکات. دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ھەواڵی بە پەلەیە، چونکە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە ھەیە، دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن ھەواڵی بە پەلەیە، بەڵام پرسە و پەیامی بەرپرسێک، با پۆستێکی باڵاشی ھەبێت، ھەواڵی بە پەلە نین. چووونی وەڤدی پارتی بۆ سلێمانی و ھی یەکێتی بۆ ھەولێر ھەواڵی بە پەلە نین، مەگەر نابێ حزبی سیاسی دیدار و گەنگەشە لە بارەی کێشە و گرفتە نێو خۆیەکانەوە بکەن؟ بۆیە ھەموو ھەواڵێک خەسڵەتی بە پەلەی تێدا نییە وەک ئەوەی کەناڵەکانی ئێمە تێی گەیشتوون. زۆرجار کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە ڕووی ھەواڵ و شڕۆڤی ھەواڵیشەوە، دەکەونە ھەڵەی زەقی واتایەوە کە خۆشیان ھەستی پێ ناکەن. ئێن ئار تی، کە یەکێکە لە باشترین و دیارترین و پڕ بینەرترین کەناڵە ئاسمانیە کوردییەکان، لە ھەواڵەکانی کاتژمێر ھەشتی شەودا دەنووسێت:_( گەرمە ھەواڵ) ئەگەر دژ واتایی ئەم وشەیە بنووسین، ئەوا دەبێ بڵێین (ساردە ھەواڵ) بۆیە گەرمە ھەواڵ ھیچ مانایەکی ھەیە؟ دیارە مەبەستی ئەوان لێرەدا ئەوەیە کە ھەواڵەکانییان گەرما و گەرم و دەست بەجێن، بەڵام ھەواڵ ھەیە دوو ھەفتەی بە سەردا تێپەڕیوە، کەچی ئەوان لە کەناڵەکەیان و بە ھەمان تایتلی گەرمە ھەواڵەوە پێشکەشی دەکەن، وەک ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم. ئیدی نازانم ھەواڵێک ئەگەر بۆ دوو ھەفتە و دە ڕۆژ، لە کەناڵێکی ڕاگەیاندن گوترایەوە، سیفەتی گەرمی دەمێنێت؟ ئەمە وێرای ئەوەی کە (ھەواڵی گەرماو گەرم) دروستترە نەک (گەرمە ھەواڵ ) وەک ئەوەی ئەوان دەینووسن. بە ھەمان شێوەی ئەو کەناڵە، کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی، لە مانگی ڕەمەزاندا، بەرنامەیەکی بە ناوی (ڕەمەزانی کوردستان) ھەبوو، ئەگەر بە تێگەیشتنی ئەوان بێت بۆ ڕەمەزان، ئەوا دەبێت ڕەمەزانی موریتانیا و کوێت و ئەردەن و ئێرانیش و سەدان ڕەمەزانی دیکەش ھەبێت، لە کاتێکدا ڕەمەزان، یەک ناو و شوناسە و لەو سەری دنیا بۆ ئەم سەری دنیا و لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا ھەر تەنھا ڕەمەزانە. لێرەدا, گرفتی نەزانین لە زمان و چۆنیەتی داڕشتنی تایتل و ڕستە دەردەکەوێت. چونکە ڕەمەزانی کوردستان، مانای وایە ئەو ڕەمەزانە ھی کوردەکانە بە تەنیا، بۆیە شێوە دروستەکەی ئەوەیە بنووسرێت:_( مانگی ڕەمەزان لە کوردستاندا) چونکە بە بڕوای من، ڕەمەزان چونکە وەک ناویش لە کولتووری کوردی بۆ ناو لێنانی ڕەگەزی نێر بە کار دێت، ئەوا دیسانەوە بە بێ ھاوەڵکاری مانگ، مانایەکی ناتەواو دەدات.
• کۆنفرانس و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی !
پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێت:_(خەنە کە زۆربوو لە گونانیش دەنرێت) دروست دۆخی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیش لە دنیای ڕۆژنامەنووسی ئێمەدا بەو شێوەیەیە. ئاخر کەسێک ژنەکەی تەلاق دەدات، دەیان بە ناو ڕۆژنامەنووس لە بەردەم دادگادا، دەوری دەدەن و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی بۆ ساز دەکەن. تێبینەری ئەوقافی قەزایەکە، کەی ئارەزووی کرد کۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسی ساز دەکات. دزێکی بەستەزمانی نەوجەوان دەگرن، چەندین پۆلیس و ئەفسەر، وەک ئەوەی گەورەترین باندی تاوانکاریان گرتبێت، دەوری دەدەن و دەیان مایک لە پێشی خۆیان ڕێز دەکەن. وای لێھاتووە ھەر کەسێک ئەگەر کارێکی زۆر بێ ئەرزش و سادە و پلەیەکی ئاساییشی ھەبێت، کۆنگەری ڕۆژنامەنووسی ساز دەکات. بگرە کەسانێک ھەن، وەک مافیا ھەڵدەکوتنە سەر خەڵکی و داوای سەرانەی لێ دەکەن، کەچی بە داخەوە دەکرێتە پاڵەوان و سەدان مایکی بۆ کۆدەکرێتەوە و ئەویش بە ئارەزووی خۆی، وەعز بۆ کەناڵەکان دەدات و فێری ئەلف و بێی ھەواڵ و ڕاپۆرتیان دەکات. تا ئێستاش زۆربەی ھەرە زۆری بە ناو ڕۆژنامەنووسانی ئێمە لە گرنگی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی نەگەیشتوون و نازانن دەبێ کێ بۆی ساز بکرێت. بێگومان ھەموو کار و کردەیەک، ھی ئەوە نییە بکرێتە ھەواڵێکی گرنگ و بکەرەکەشی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی بۆ ساز بکرێت. لە دنیادا، جگە لەوانەی پێگەیەکی سیاسی و سیادیان ھەیە، یاخود ڕووداوێکی گەورەری مرۆیی و سرووشتی ھەیە و پێویست بەوەدەکات ئەو لایەنانەی پەیوەستن بەو کارە دەبێ لە کۆنگەرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بیخاتە ڕوو، کەسیتر لە ھەر پۆست و پلەیەک دابێت، بۆی نییە خۆی بکاتە پاڵەوانی شاشەکان. گرتنی دزێک و شەڕکەرێک و منداڵێکی نێو جەوان، کە کارێکی نەشیاوی کردووە، ھی ئەوە نین ئەفسەرێکی پۆلیس سەدان مایکی بۆ کۆ بکاتەوە و ئەویش قسەی تێدا بکات. لە ویلایەتێکی وەک لۆس ئەنجلۆس، ڕۆژانە بە ھەزارەھا تاوانی گەورە و بچووک دەکرێن، کێ بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو شارەی ( مەگەر پێویست بکاو بە دەگمەن نەبێت) بینیوە ھەموو ڕۆژ کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ساز بکات. بە درێژایی دوو ساڵی تەنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستاندا، وەزیری ناوخۆ ڕوونکردنەوەکانی دەدا، لە کاتێکدا قسەکردن لە سەر پرسێکی تەندروستی، کاری وەزیری پەیوەندیدار بەو لایەنەوەیە کە وەزیری تەندروستییە. لەم ڕووەوە بەداخەوە گەرەلاوژێیەکی زۆر ھەیە و دەبێ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کارەکانی خۆیان ھێندە بێ ئەرزش و بەھا نەکەن، کە چی و چۆن و ھەر کاتێک کەسێک ویستی، ڕۆژنامەنووسێکی بە مایکێکەوە بۆ ساز و ئامادە بکرێت. بگرە ئەوان دەبێ زۆرباش ئەو ڕاستییە بزانن، کە ھەندێک کار و ڕوودا و ھەواڵ ھەن، شیاوی ئەوە نین ھەر باس بکرێن. ماوەیەک لەمەوبەر، کچێکی ھەرزەکار لە سۆران، بە داخەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا. کەناڵی ڕووداو لە بەرنامەی (بەرپرسیار) دا، کە ھەموو ئێوارەیەک پێشکەش دەکرێت، بۆ قسەکردن لەسەر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، بانگھێشتی قایمقامی سۆرانی کردبوو. ھەر کەسێک کەمێک شارەزایی لە دنیای ڕۆژنامەنووسی ھەبێت، نە ک گوایا یەکەمی بێ ڕکابەر بێت، ھاوکات لە دنیای تاوان وکردەی تاون ھەبێت، دەبێ زۆرباش ئەوە بزانێت کە قسەکردن لەسەر تاوان، کاری پۆلیس و لایەنی دادوەرییە نەک بەرپرسی یەکەی کارگێڕی شارێک. ئەم ناپسپۆرییە، بۆ قسەکردن لە سەر ھەر ڕووداوێک، جۆرێک لە بێ ئاگایی و نەزانین دەگەیەنێت، ئەمە وێرای ئەوەی ھەر نابێت کردەی خۆکوژی مرۆڤەکان بکرێتە گەنگەشە و بابەتی میدیایی، بەڵکو دەبێ وەک ھەواڵێکی ڕاگوزەر سەیر بکرێت، چونکە تا مرۆڤایەتی ماوە خۆکوشتنیش بوونی دەبێت، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، خستنەڕووی وردەکاری تاوانێک و کردەیەکی کوشتن و خۆکوشتن، وێرای ئەوەی لە ڕووە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکەوە فشار و ئاڵۆزی دەروونی لای بینەرەکان دروست دەکات، ھاوکات وەک جۆرە پیشاندانێکی ڕۆتینیشی لێ دێت و ڕەنگە کاریگەریەتی بە سەر تێگەیشتنی منداڵ و نەوجەوانان ھەبێت. چەند ساڵێک لەمەو بەر، چەندین درامای کۆڕی، بە دیمەنی شەڕ و شمشێر و سیپکەرو پیشان دەدران، لە ژێر کاریگەریەتی ئەو درامایانەدا، بەشێکی زۆری منداڵان بە داخەوە فێرە شەڕی ڕم و شیر و قەڵغان و شەڕکردن بوو. لە پرسی کردەی تاونکاریدا، تەنێ پۆلیس و دادگاکان، دەبێ سەرپشک بکرێن زۆر بە نھێنی و ھێورییەوە لێکۆڵینەوە بکەن، لە کۆتایی ھەموو شتێکدا، دەرەنجامەکان بخرێنە ڕوو. جارێکییان قەزافی ڕابەڕی پێشووی لیبیا سەردانی ئیسپانیا دەکات و داوای ئەوە لە پاشای ئەو وڵاتە دەکات، کە ھاونیشتمانییەکی لیبی کە لەوێ زیندانییە، ئازاد بکات، ئەویش لەوەڵامدا پێی دەڵێت کە ئەوە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە و دادگاکان لەو بارەوە بڕیاری خۆیان دەدەن و نازانێت ئەو ھاووڵاتییە کێیە و بۆ گیراوە. بۆیە دەبێ دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، لەم ڕووەوە ھوشیار بن و ئەرک و کاری پسپۆڕیانەی خۆیان لە بوارێکدا پیشان بدەن کە ھی خۆیانە. من گەلێک جار، وا ڕێک دەکەوێت (چونکە سەیری کەناڵە کوردییەکان جگە لە ئێن ئاڕتی ناکەم) بە دیار بەرنامەی بەرپرسیاری کەناڵی ڕووداو دانیشتووم، سات وابووە میوانداری دوو لایەنی ناکۆک و پێکھەڵپژاو کراوە، کە نزیک بوونەتەوە لەوەی لە سەر شاشە و بەرانبەر سەدان ھەزار کەس، شەڕ بکەن و تۆمەت ئاراستەی یەکتری بکەن، بەمەش بەرنامەکە، لە جەوھەری ڕاستەقینەی خۆی کە بەرپرسیاریەتییە بە داخەوە دووردەکەوێتەوە. لێرەەش دەبێت ھاوگونجاندن لە نێوان ناوەڕۆک و تایتل و دروشم و گوتاری ئاراستەکراوی بەرنامەیەک ھەبێت. ھەڵبەتە، مەرج نییە لەو کەموکورتییانە بەرپرسی یەکەمی دامەزراوە میدیایەکە ئاگادار و کەمتەرخەم بێت (ھەرچەنە دەبێ بە وردی ئاگادار بێت) چونکە کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن، بە پێی جۆر و پیشە و ئەرک دەگۆڕێت، بەو مانایەی داڕشتنی ھەواڵ لە ئەستۆی نووسەری ھەواڵ و بەرپرسی ژووری ھەواڵە، ڕێکخستنی بەرنامەیەک، لە ئەستۆی بەرپرسی بەرنامەکانە، دیاریکردنی تەوەرەیەک بۆ گەنگەشەکردن، کاری ئەوانەیە کە بڕگەی بەرنامەکان دیاری دەکەن، بەڵام ئەمە لە نێو ئێمەدا بە شێوەی گۆشت بۆ نانەوا، نان بۆ قەسابە. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە من ڕۆژنامەنووس نیم، سەروکاریشم لەگەڵ دنیای ڕۆژنامەنووسی نییە، ئەگەرچی بۆساڵانێکیش سەرنووسەر و ستافی چەند بڵاوکراوەیەک بوومە، بەڵام لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ ئەوبوارە، لە ڕۆژ ڕۆژنامەگەری کوریدا ڕەخنە دەگرین، گرنگ نییە ڕەخنەکان شوێنی خۆیان دەگرن یان نا، ئەوە گرنگە میدیای کوری پێی وانەبێت، ئەوەی ئاراستەی بینەری دەکات، ھەمووی دروست و برێفێکتە، بە پێچەوانەوە ھێشتا پێویستیان بە خۆدەوڵەمەندکردن و ئاشناکردنە لە بنەماکانی کاری ڕۆژنامەنووسی، بۆ ئەوەی باشتر لەو بوارەی دنیای ڕۆشنبیری بگەن!
Discussion about this post