مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی”، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێونەتەوەیی لە حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “زاگڕێب داکس” لە وڵاتی کڕۆواسیا نمایش دەکرێت.
بەڵگەفیلمی “نانی پیرۆز” Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie؛ لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێونەتەوەیی حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “زاگڕێب داکس” ZagrebDox لە وڵاتی کڕۆواسیا نمایش دەکرێت و بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتەی فێستیڤاڵ، لەگەڵ 17 بەڵگەفیلمی دیکە لە وڵاتانی پۆڵەندا، ڕووسیا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، پورتوگاڵ، بەلژیکا، دانیماڕک، فەڕەنسا، ئەمەریکا، ئەڕژەنتین، سویسڕا، جۆڕجیا، ئۆکڕاینا، لیتوانی، شیلی، هۆڵەندا، ئیسپانیا، کۆماری چیک، نیجریا و ئیسلۆڤاکیا ڕکابەری دەکات.
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.
ئەندامانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێونەتەوەیی حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “زاگڕێب داکس” بریتین لە: “ڕاجکۆ گڕلیچ” Rajko Grlić نووسەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی کڕۆواسیا، “ئیلیا پۆڤۆلۆتسکێی” Ilya Povolotskiy دەرهێنەر، مونتێر و بەڕێوەبەری ڕیکلام لە وڵاتی ڕووسیا و “وێسنا بیلجان پۆشیچ” Vesna Biljan Pušić نووسەر و مۆنتێر لە وڵاتی کڕۆواسیا.
حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “زاگڕێب داکس” بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی و بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: “شەوی نووسەر ـ “ڕاجکۆ گڕلیچ”، نمایشی “تایبەتی زاگڕێب داکس”، بەشی “نمایشی تایبەت” و هەروەها چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی 13 تا 20ی جوونی 2021 لە شاری زاگڕێب پێتەختی وڵاتی کڕۆواسیا بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://zagrebdox.net/en/2021/programme/official_competition/international_competition
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز”.