مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی”، خەڵاتی زێڕین و خەڵاتی ئاشتی و مافی مرۆڤی لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” شەست و نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترێنتۆ” لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا.
بەڵگەفیلمی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie؛ لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترێنتۆ” Trento لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش کرا و توانی دوو خەڵاتی گەورە و گرینگی ئەم ڕووداوە پڕبایخە سینەماییە و کۆنترین فێستیڤاڵی ئەورووپا بە ناوەرۆکی فەرهەنگی شاخ، سروشت و ڕووداویی سەرنجڕاکێش، لەوانە: خەڵاتی زێڕینی 3 هەزار یۆرۆیی باشترین فیلم لە پەیوەندیی لەگەڵ کوێستاندا Golden Gentian واتە “ژیان لە کوێستان و خەڵکی لە کوێستان” و هەروەها خەڵاتی 500 یۆرۆیی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاشتی و مافی مرۆڤی پارێزگای ترێنتۆی پێبەخشرا.
“نانی پیرۆز” بۆ وەدەست خستنی ئەم خەڵاتە گرینگانە، لەگەڵ 13 فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: فەڕەنسا، مەغریب، سویسڕا، ئیتاڵیا، ئۆڕۆگۆئە، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئۆکڕاین، نەمسا، ئەمەریکا، پۆڵەندا، هەنگاریا، گرینلەند، چین و بەلژیکا لە ڕکابەریدا بوو.
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترێنتۆ” بریتی بوون لە: خاتوو “ئانە دێلسێت” Anne Delset بەڕێوەبەریی هونەری لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو “سینزیا ئانجێلینی” Cinzia Angelini دەرهێنەری ئەنیمەیشن لە وڵاتی ئیتاڵیا، خاتوو “ماورا دێلپێڕۆ” Maura Delpero دەرهێنەر لە وڵاتی ئیتاڵیا، “ئمیل هرتلینگ پڕۆنارد” Emile Hertling Péronard بەهەمهێنەر لە وڵاتی دانیماڕک و هەروەها “ناهۆئیل ئۆریا” Nahuel Uria بەهەمهێنەر و بەڕێوەبەریی هونەری لە وڵاتی ئاڕژانتین.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترێنتۆ” کە کۆنترین فێستیڤاڵی ڕووداوی سینەمایی ئەورووپا بە ناوەرۆکی فەرهەنگی شاخ، سروشت، ڕووداویی سەرنجڕاکێش و دۆزینەوە دێتەئەژمار؛ شەست و نۆیەمین خولی بە نمایشی 100 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە هەشت بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکی بەڵگەفیلمە بڵیند و کورتە فیلمەکان”، بەشی “نمایشی تایبەت”، بەشی “نیشتمانە بڵیندەکان”، بەشی “فیلمە سینەماییەکان”، بەشی “داهاتووی خەڵکی لە نیشتمانە کوێستانییەکان”، بەشی “چیرۆکەکان و نووسەران”، بەشی “بەڵگەفیلمەکانی ژینگە پارێزی و گۆڕانکاریی کەشووهەوا” و هەروەها بەشی “شەێنی گەیشتنی گرینلەند” لە ڕۆژانی 9 تا 16ی مایی 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری تڕێنتۆ لە باکووری وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://trentofestival.it/en/2021-edition/program/movies/holy-bread/
https://trentofestival.it/en/2021-edition/all-news-edition/
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز”.