دوای کارە یەک لە دوا یەکەکانی گۆرانیبێژی لاو ”بەژدار واحید”، ئێستاکە ناوبراو یەکەم ئەلبوومی خۆی بەناوی ”نامەی ڕەش” بەپشتیوانی کۆمپانیای ”ڤین پڕۆدێکشن” بڵاوکردەوەو لە بازاڕەکانی کوردستان بە دەست دەکەوێت.
ئەلبوومی نامەی ڕەش کە ٨ تراکەو لە نێوان چەندین ستایلی جیاواز خۆی دەبینێتەوە، هەریەک لە هۆزانڤانان ”شاڵاو، ڕێدار سابیر، هێمن کارێزەیی و تاهیر یەحییا” ئەرکی ئامادەکردنی تێکستەکانیان گرتۆتە ئەستۆ و هەریەک لە موزیکژەنان ”زانا ئەنوەر، سەید ئەحمەد ڕەواندوزی، موحەمەد یاسین، شیاو کەمال”ـو چەندین موزیکژەنی بەتوانای دیکە بەشداریان لەم بەرهەمەی گۆرانیبێژ بەژدار کردووە.
لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەل ناوبراو لەسەر یەکەمین و دواهەمین ئەلبوومی خۆی هاتە ئاخاوتن و گووتی:” لە ڕاستیدا ئەلبوومی نامەی ڕەش من وەک یەکەمین کۆرپەی خۆمی ناوزەرد دەکەم و دڵم زۆر پێی خۆش، هەڵبەت ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە ئەم ئەلبوومە لە هەموو لایەنێکیەوە بە دڵسۆزانە کاری بۆکراوە، من لەم ڕێگەیەوە دەست خۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئەرکیان لەگەڵمدا کێشاوەو هیواخوازیشم کە ئەم ئەلبوومە بە دڵی گشت تاکێکی کورد بێت و جێگای خۆی لە نێو ماڵەکاندا بکاتەوە.”
جێگای باسە گۆرانیبێژی لاو بەژدار هەوڵیداوە کار لەسەر فۆلکلۆری کوردی بکات و هەریەک لە گۆرانی ”دانە دانە”ــی هونەرمەند ”حوسێن عەلی” و گۆرانی فۆلکلۆری ”یارا مین” کە بە زاراوەی کرمانجییە، توانویەتی بە شێوازێکی نوێ نوێکاریان بۆ بکات.
ئامادەکردنی بابەت:
هێڤی نووری
نەرویژ